دڕی، ئاوەڵفرمان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دڕی (بە ئینگلیزی: Aggression) پەلامماردانی کەسی بەرانبەرە بە مەبەستی ئازاردانی خۆی، دۆستان و خزمانی، ماڵ و سامانی ئەو کەسە، ھەروەھا بۆ چاوشکێنی، سووک کردن و ڕووشاندنی کەسایەتی مرۆڤەکەیە، بە نیازێکی نەیارانە زەوت کردنی سامان، ئازادی و پێگەی جڤاکییانە.

پێناسەی جیاواز[دەستکاری]

دڕی، لە ھەلومەرجی جیاوازدا، بە شێوازی جیاواز دێتە پێناسین. لە بەرھەمی دەروونناسی و بایۆلۆژیدا نێزیکە ٢٥٠ پێناسەی جیاواز بۆ چەمکی دڕی ھەیە. لە زمانی ئەمریکایی (ئینگلیزیی ئەمریکایی) ڕۆژانەدا وشەی دڕی تەنانەت بە واتەی ویستی پێشکەوتن و ھەڵمەتی پێشڕەوتانەش بەکار دێت. ئەم واتەیە لە ڕێی وەرزش و دەرمانسازییەوە خۆی خزاندۆتە زمانی سوێدییەوە، بۆ نموونە لە وەرزشی سکی (بەفرگەردی) دا دەڵێ: «شێوازێکی دڕ» ی ھەیە مەبەستیشی ئازایانە و بوێرانەیە. بۆ دەرمانیش دێت و مەبەستی مێتودی پەڕگیرە.

دەربڕینی جیاواز[دەستکاری]

دڕی لای مرۆڤ و لای گیانەوەران ڕەفتارێکە لە بارودۆخی جیاوازدا بۆ مەبەستی جیاواز دەربڕینی جیاوازی دەگرێتە خۆی، بۆ نموونە ڕەفتاری جیاوازی لەم بابەتانە: دەگرێتە وەک پاراستنی بوار، میکانیزمی خۆپاراستن، تۆڵە کردنەوە‌، سزادان، دڕیی دادگەیی و ئاکارەکی، قەرز، شەرمەزاری و پەشێوی (کە جۆرێکن لە دڕی دژ بە خۆ)، توندوتیژیی بۆنە و ڕێوڕەسمی تایبەت، ڕەوتی بە ھەڵەداوان، گەمە و کێبەرکێ، چەپاندن و ڕاوەدوونان، دڕی سێکسی (ماسۆشیزم و سادیزم)، تێکدەری و ھەروەھا توندوتیژیی بە مەبەستی ڕابواردن و سەرگەرمی و ... ھتد.

نۆرەی هۆرمۆن[دەستکاری]

لای گیانەورانی بڕبڕەدار Vertebrate ھۆرمۆن نۆرەیەکی گرینگیان ھەیە لە ڕێکخستنی پرۆسەکانی نێو سیستەمی لیمبی Limbic system (بەشێکە لە مێشک) و توێژاڵی مێشکین Cerebral cortex کە شێوازی بەرتەکی دڕندانە ڕێک دەخەن و لە ھەستی کەمتازۆر ئاڵۆزدا خۆ دەنوێنن. ھەر بۆ نموونە ئەندرۆژین Androgen (ھۆرمۆنی زایەنی نێرینە)، بە تایبەتی تێستۆستێرۆن Testosterone، کا‌ریگەریی زۆریان ھەیە لەسەر ڕەفتاری بوارپارێزی و خۆسەپاندن. جار ھەیە ئەو وەرزشکارانەی ئانابۆلا ستێرۆید Anabolic steroid بەکار دەبەن تووشی لەخۆ دەرچوونی شەڕەنگێزانە دەبەن. ھۆرمۆنی زایەندی مێینە، ئەسترۆژین Estrogen ھەڵمەتی دڕندانەی لای گیانەوەری مێینە خەفە دەکات (بەڵام لای مرۆڤی مێینە ئەم ھۆرمۆنە ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر ڕەفتاری دڕندانە نییە).

ئەو ھۆرمۆنەی لە ھیفۆزین (Pituitary gland (Hypophysis ـەوە دەزێت و ھۆرمۆنی زایەنی ژنانە Luteinizing hormone (LH - Lutropin/Lutrophin) وێکڕا لەتەک ھۆرمۆنی ژنانەدا سیستەمی مێشک دنە دەدەن و ئامادەی دەکەن بۆ پاراستنی بوار و پێگەی خۆی. لە ڕووی دەردناسی (پاتۆلۆژی) Pathology یەوە، دڕی ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری ھەیە. زۆر جار ھەستی دڕی بە پەرژیندرای و خۆدزینەوە Dissociation مەودا لە ڕەفتاری دڕندانە دەگرێت. ڕاستە ھەستەکە ڕێبەست کراوە بەڵام دیسان شەڕەنگێزیی لێ دەزێتەوە. نموونەی وەک سادیزم، ماسۆشیزم، تێکدەری و خۆبڕینەوە Autotomi [گیانەوەر ھەیە بۆ خۆ ڕزگار کردنی لە دەست ھێرشبەر، بەشێک لە لەشی خۆی، دەست و پێ...ی خۆی دەبڕێتەوە و بەجێی دەھێڵی بۆ خڵەفاندنی ھێرشبەر) جۆرێکن لە دەربڕینی دەردناسانەی دڕێ (پاتۆلۆژیی دڕی].

مرۆڤی شیزۆفرێندار ڕەفتاری دڕندانە دەنوێنێت بەرانبەر کەسێک بیھەوێت پەیوەندی لەتەک بگرێت، چونکە پەیوەندی گرتن دەبێتە مایەی تێکدانی ئەو مەودایە شیزۆفریندار ڕایدەگرێت لە نێوان خۆی و دەوروبەردا.

ڕەفتارگەرایی How does aggression develop(Behaviours)[دەستکاری]

یەک لە تیۆرییەکانی سەربە ڕەفتارگەرایی Behaviorism دەربارەی دڕی بە گریمانەی ناکامی-دڕی Frustration–aggression hypothesis نێوزەدە‌، ساڵی ١٩٣٩ لە لایەن زانا John Dollard (1900-1980) و ھاوکارانییەوە Neal Miller, Doob, Mowrer & Sears ھاتە داڕشتن. بە دیدی ئەم زانایانە ڕەفتاری دڕندانە زادەی ناکامییە (شکەست و دڵشکان). بەڵام Albert Bandura (1963-) بەرپەرچی ئەم تیۆرییە دەداتەوە زۆر ئەو گریمانەیە پێی وایە دڕی بەرھەمێکی «دەستنەچێن» ی ناکامییە. Bandura لە تیۆریی «دەستچێنی جڤاکی» Social cognitive theory دا دەڵێ: ئێمە خوو بەو ڕەفتارەوە دەگرین کە بۆمان دەردەکەوێت سوودبەخشە. کەواتە ناکامی نابێتە سەرچاوەیەکی پێویست بۆ دەستچێنی بەرتەکی دڕندانە. شێواز، چڕی و ھەروەھا ئاڕاستەی دڕندایەتی، بە دیدی Bandura، دەستچێنی جڤاکییە.

ئەلفرێد ئادلەر[دەستکاری]

ئەلفرێد ئادلەر Alfred Adler (1870- 1937) ساڵی ١٩٠٨ تیۆرییەکی بداڕشت تێیدا دەڵێ دڕی ھێزێکی زگماکە و کاریگەریی گرینگی ھەیە لەسەر پێڤاژۆ (پرۆسە) ی فراژووتنی مرۆڤ. سیگموند فروید Sigmund Freud (1856–1939) لە سەرەتادا دژی ئەم تیۆرییە وەستا بەڵام دەوروبەری ساڵانی ١٩٢٠ ڕای گۆڕی و گوتی گشت ڕەفتارێکی ڕووخێنەر دەربڕینە لە «دنەی مەرگ‌» ی بنەڕەتی کە پارسەنگە بەرانبەر Eros ی «دنەی ژین». ھەرچی «دنەی ژین» پێکەوەی دەنێت بۆ ھەڵبەستنی زیندەڵ، «دنەی مەرگ» وردوخاشی دەکات. ئەم وەزەیە ھەم ڕووخێنەرە ھەم خۆ-ڕووخێنەر. پاشان لە تیۆریی دەرووندینامیک Psychodynamics دا زانیان ھاتنە سەر وردبوونەوە لە دەرھاویشتەکانی خەفە کردنی دڕی. مرۆڤ کە دەروەستی دڕی نایەت، پەنا دەباتە بەر ترس و دوورەپەرێزی بۆ جڵەو گرتنی ئەو دڕییە.

دەروونناسیی دەرککار Cognitive Psychology[دەستکاری]

دەروونناسیی دەرککار Cognitive Psychology بۆ شرۆڤەی ڕەفتار و بەرتەک ورد دەبێتەوە لە دەرکی مرۆڤ بۆ ھەلومەرج و پێشھات. بۆ نموونە ھەیە فڵانە ھەلومەرج بە ناڕەوا تێدەگات، ھەیە بە نادروست، بە یاسابەدەر یان بە بێڕەوشتی لێک دەداتەوە. ئەم پێڤاژۆ دەرککارەیە دەبێتە ھۆکاری تووڕەیی و ئەمیش بە گوێرەی دەرکی ئەو مرۆڤە بە بارودۆخ و توانای خۆی، دەبێتە مایەی ڕەفتاری دڕندانە.

سەرچاوە[دەستکاری]

تەرجەمە لە Natur och Kulturs Psykologilexikon. Henry Egidius. 1994