تەیموور بانیارانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە تەیموورەوە ڕەوانە کراوە)

تەیموور (١٨٣٠ لە بانیاران، کرماشان – ١٨٥٦ لە تاران، ئێران) شاعیر و سەربازێکی کورد بوو.

ژیان[دەستکاری]

تەیموور کوڕی ڕەزای بانیارانییە، لە ساڵی ١٨٣٠ لە گوندی بانیارانی کرماشاندا لەدایکبووە. لە گوندی تووت شامی پێگەیشتووە. خوێندنی سەرەتایی لە بانیاران و دواتری لە تووت شامی بووە، ئینجا چووەتە کرند و لە نزیکەوە ئاشنایەتی لەگەڵ یارسانانی خەڵکی حەق (کاکەیی) پەیدا کردووە، پەرتووکی «سەرئەنجام» و وێژەیەیاتی ئایینیی دیکەیانی خوێندووەتەوە.

لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا تەیموور چووەتە ڕیزی لەشکری مەلک نیازخانی گۆران و بە یەکێ لە سەربازانی ئەو ھەژمار کراوە. لە ساڵی ١٨٥٢ کە تورکمانەکان ھێرشیان بردە سەر شاری تاران و تاڵانیان کرد، ھەواڵ دەگاتە مەلک نیازخان، خێرا بە لەشکرەکەیەوە بەرەو تاران دەکەوێتە ڕێ و لەگەڵ تورکمانەکاندا بەشەڕ دێ و پاشان شکستیان دەدا، و بەم ھۆیەوە ھەموو لەشکرەکەی لەلایەن ناسرەدین شای قاجارەوە خەڵات دەکرێ. بەم جۆرە لەشکرەکە لەسەر داوای شا لە تاران مایەوە و ئیتر تەیموور خەریکی ڕێبەری خەڵکی حەقی یارسانان بوو، بۆ ئەم مەبەستە جموجۆڵییێکی زۆری نواند.

نەیارانی تەیموور کەوتنە بەربەرەکانی و ڕاوەستان لە ڕووی. لە دوای بوختانێکی زۆر، لەلایەن ناسرەدین شاوە فەرمانی دەستگیرکردنی و خرایە بەندیخانەوە. ماوەیەک بە زیندانی لە تاران مایەوە ئینجا گواسترایەوە کرماشان. شەش مانگێک لەو شارەدا لە بەندیخانە مایەوە، ئەوجا بە فەرمانی شا بە تاوانی زندیقی و دەرچوون لە ئایینی ئیسلام لە ساڵی ١٨٥٦ لە سێدارە درا. پاشان پەیڕەوان و یارانی یارسانان جەستەکەی وەردەگرنەوە و لە کرماشان دەینێژن و گۆڕەکەی ئێستا بە ناوی (سەید) ناسراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی چوارەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕە ٥٨٥ تا ٥٨٧، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر – ٢٠٠٤.
  • مێژووی وێژەی کوردی، بەرگی دووەم، سدیق بۆرەکەیی، لاپەڕە ١٧٨ تا ١٨٤، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر – ٢٠٠٨.