تۆماس ئەکویناس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
تۆماس ئەکویناس
Super libros de generatione et corruptione

چۆنیەتی پێکەوە گرێدانی مەسیحییەت و فەلسەفە لای توماس ئەکویناس. تێگەیشتنی وی لە توانای سروشتیانەی ناسین لای مرۆڤ.

١ـ لە سەدەکانی یازدە و دوازدەی زاییندا بەرھەمەکانی ئەرەستو لە ئەوروپای رۆژئاوادا ناسران. لە راستیدا لای بیرمەندان ئەوەندەی‌ لێک گریدانی ئەفلاتون بە بیری مەسیحیەوە ئاسان دەینواند، لێک گرێدانی ئەرەستو ئاسان نەیدەنواند. ھۆکاری ئەمە بە دەرەجەی یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە ئەرەستو لە سێ بواردا لە گەڵ روانگەی مەسیحی ناتەبا بوو‌: ئەلف) ئەرەستو پێی وابوو کە جیھان بوونێکی ئەزەلی و ئەبەدییە، واتە کەس نەیخوڵقاندووە‌. ب) رۆح لە گەڵ جەستە دەمرێ. واتە رۆح لە دوای مردنی جەستە ناتوانێ بژی. پ) ئەو خودایەی کە ئەرەستو باوەڕی پێی ھەیە بە دوورە لە وێنای خودایەکی خوڵقێنەر و خودایەک کە دەتوانێ لە دەرەوەی جیھان بوونی ھەبێ.

سەبارەت بە روانگەی یەکەم ئەکویناس دەڵێ کە ناتوانین بە شێوەی فەلسەفی تێی‌ بگەین، بەڵام سەبارەت بە دوو روانگەکەی دیکە ھەوڵ دەدا کە بە گوێرەی بۆچوونی مەسیحیانە لێکیان بداتەوە.


٢ـ نەمریی رۆح: ئەرەستو پێی وایە کە فۆرم و تۆز لای مرۆ بریتین لە رۆح و جەستە. بەڵام فۆرم ناتوانێ سەربەخۆ بوونی ھەبێ. کەواتە رۆح فۆرمێکی نەمر نیە. ئەرەستو ھەروەھا توانا رۆحیە جۆربەجۆرەکان لە رووەک و ئاژەڵ و مرۆدا لێک دەداتەوەو پێی وایە ھەر کامیان لە توانای رۆحیی تایبەت بە خۆیان بەھرەمەندن. ئەرەستو پێی وایە کە ھەر توانایەکی رۆحی لە گەڵ ئەو بەشەی جەستەدا دەگونجێ کە پێکەوە دێنەوە (بۆ وێنە دیتن کە توانایەکی رۆحیە تایبەتە بە ئۆرگانی چاو).

ھەروەھا بە بۆچوونی ئەو بیرکردنەوەش توانایەکی رۆحی وابەستە بە ئۆرگانێکی جەستەیە. بابەت و مەتریالەکانی بیرکردنەوە لە رێگای ھەستەوە دەستەبەر دەکرێن (ھوشیاری لە بنەڕەتدا و لە خاڵی دەستپێکی خۆیدا وەک تەختە رەشێکە ھیچی لە سەر نەنووسرابێت)، بەڵام ھەر لەو کاتەدا ئەرەستو باس لەوە دەکا کە رەنگە فۆرمێک بۆ بیرکردنەوە ھەبێ، کە مەبەستیشی لەمە ئەو توانایەیە کە دەبێتە ھۆی بیرکردنەوە (ھۆکاری بیرکردنەوە). بە رای وی "ھۆکاری بیر" نەمر و ئەبەدییە. زۆربەی راڤەکاران پێیان وایە کە مەبەستی ئەرەستو ئەوەیە کە ئەمە لە نێوان مرۆڤەکاندا ھاوبەشە و دیاردەیەکی تاکە کەسی نیە. مەسیحیەت بڕوای بەوە‌یە کە رۆحی تاکەکەس نەمرە. لێرەدا ئەکویناس ئەم بۆچوونەی ئەرەستو وا لێک دەداتەوە کە "ھۆکاری بیر" تاکەکەسیە و بەڵام ھەر لەو کاتەدا ئەبەدی و نەمرە. واتە ئەگەرچی لای ئەرەستو "ھۆکاری بیر" تاکەکەسی نەبوو، بەڵام ئەکویناس خەسڵەتی تاکەکەسیانەی پێ دەبەخشێ. لای ئەرەستو بە مردنی مرۆ ھەم جەستە و ھەم رۆح دەمرن، بەڵام لای ئەکویناس رۆح چونکە پەیوەندی بە "ھۆکاری رۆح"ەوە ھەیە، سەرەڕای تاکەکەسی بوونی، نامرێ.


٣ـ بوونی خودا: ئەرەستو لە سەر "جوڵێنەری بێ جوڵە" قسە دەکا، کە دەستەواژەیەکی گەلێک ناڕوونە. بەڵام ئەرەستو مەبەستی پتر لەمە ئەو وزەیە کە شتێک دەخاتە جوڵە و حەرەکەت لە زنجیرەیەک رووداودا کە ھەرکامیان دەشێ ھۆکاری ئەوی دیکەیان بێت. ئەکویناس ئەم بۆچوونە وا لێک دەداتەوە کە ئەمە ئێمە دەباتەوە سەر یەکەمین جوڵێنەر، واتە ئەو بوونەوەرەی کە یەکەمین ھۆکاری ھەموو جیھانە‌. لە درێژەی ئەمەدا دەڵێ کە ئەمە رێک ئەو پرسیارەیە کە باسی خوڵقێنەری سروشت دەھێنێتە ئاراوە. ئەکویناس پێی وایە کە ئەرەستو وێنایەکی لە سەر خودا وەک یەکەمین ھۆکاری ھەموو شتێک ھەیە، واتە ئەو وێنایەی کە لە گەڵ خودای مەسیحیدا دێتەوە.


٤ـ تێگەیشتنی توماس لە توانا سروشتیەکانی ناسین لای مرۆ: توانای سروشتیانەی ناسین لای مرۆ لەم دوو بەشە پێک ھاتووە: ھەست و بیر. توماس وەک ئەرەستو پێی وایە کە وشیاری مرۆ سەرەتا دەبێ سەرچاوەی زانیاریەکانی خۆی لە ھەستەکانەوە دەستەبەر بکا. بە بێ ھەستەکان مرۆ ھیچی بۆ بیرکردنەوە پێ نیە. وشیاری بە بێ ھەست تەختەرەشەیەکە کە ھیچی لە سەر نەنووسرابێ. وشیاری ئەگەرچی بە بێ شتە بەرھەستەکان ھیچی نیە، بەڵام شتە بەرھەستەکان تەنیا کەرەسەی خاون بۆ بیرکردنەوە. وشیاریی مرۆ ئەم کەرەسە خاوانە دەکا بەو وێنایانەی کە خەسڵەتی وشیاریان دەخرێتە پاڵ. واتە وشیاری مرۆ دەتوانێ ئەمانە لە وێنا ھەستیەکانەوە بەرەو ئەو وشە و دەستەواژە گشتیانە راگوێزێ کە پێکھێنەری پرۆسە و رەوتی بیری ئابستراکتیانەن‌. لێرەدا ئیدی مرۆ لە رێگای ئەبستراکتەوە فۆرم لە تۆز جیا دەکاتەوە.


بە کورتی: ئەکویناس بە پشت بەستن بە دەقێکی ئەرەستو پێی وایە کە رۆح نەمر و ئەنەدییە. ئەو پێی وایە کە "جوڵێنەری بێ جوڵە"ی ئەرستو، یەکەمین ھۆکار یاخود خوڵقێنەری ھەموو جیھانە و ئەم دەستە واژەیە لە گەڵ خودای مەسیحی دەگونجێنێ. توانا سروشتیەکانی ناسین لای مرۆ بریتین لە ھەست و عەقڵ. عەقڵ لە سەر ئەو کەرەسە خاوانە کار دەکا کە ھەست پێی دەدا و دواتر دەتوانێ وشە و دەستەواژە گشتیەکانی لە سەر بنیات بنێ. وێنا عەقڵیەکان تەواو جیاوازن لە وێنا ھەستیەکان.


سەرچاوە[دەستکاری]

Repitisjonsoversikt for filosofihistorie og vitenskapshistorie...av Anfinn Stigen Cappelen Akademisk Forlag