تاپۆ و بوومەلێڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

تاپۆ و بوومەلێڵ سەردێری زنجیرە بەرنامەیەکی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی بوو کە ساڵی ١٩٧٢ سەرەتا لە ڕادیۆ تاران و دواتر لە ڕادیۆ کرماشان و ڕادیۆ مەھاباد بڵاو بۆوە. ئەم بەرنامەیە پتر لە ٦٠ ئەڵقە بوو کە سوارە ئیلخانیزادە[١] نووسینەکەی لە ئەستۆ بوو و ناوەرۆکەکەی تاوتوێی ژیانی کوردەواری، شی کردنەوەی ئەدەب و فلکلۆری کوردی، ڕێنوێنی شاعیران و نووسرانی تازەکار، وڵام دانەوەی پرسیاری بەردەنگان و گێڕانەوەی چیرۆک بوو کە لە لایەین خۆی و وێژەرێکی ژنەوە پێشکەش دەکرا. ساڵی ١٩٦٧ کاتێک کاک سوارە لە بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دامەزرا، زۆرێک لە ڕووناکبیران بەھۆی ئەوەیکە ئەم ناوەندە لەژێر چاوەدێری چڕی حوکمەتدا بوو، ڕەخنەیان لێ گرت. ئیلخانیزادە سەرەڕای ئەوەیکە ناوەرۆکی بەرنامەکانی دەنگ و ڕەنگی ئێرانی لە لا پەسەند نەبوو، قەبووڵی کرد لەوێ دەست بەکار بکا و ئەم ھەلەی قۆزتەوە تاوەکوو لە سەردەمێک کە کەم کەس کوردی دەنووسی و بە دزییەوە دەخوێندراوە، بیر و باوەڕی سیاسی خۆی لە قاڵبێکی نوێ پەخشاندا لە بڵینگۆی دوژمن بڵاو کاتەوە.[٢] تاپۆ و بوومەلێڵ بە یارمەتی عومەر ئیلخانیزادە، محەممەد بەھرەوەر، ئەحمەد شەریفی و مەلا عومەر خوسرەوی کە ھەرکامیان بەشێکیان لە لای خۆیان پاراستبوو، کۆ کراوە و لە چاپ درا.[٣][٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ بیرئانینەوەیەکی سوارە ئیلخانیزداە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ڕزگار ئازەوانی، ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ بڵاو کراوەتەوە.
  2. ^ سوارە و پەخشانی کوردی، محەممەد بەھرەوەر
  3. ^ شەنگەسوار، سلێمانی، ناوەندی غەزلنووس، ۲۰۱٤ (ئەم بەرھەمە پێشتر بە ناوی زەمزەمەی زوڵاڵ و بە ھەندێک جیاوازییەوە بڵاو کراوەتەوە)
  4. ^ تاپۆ و بوومەلێڵ، تاران، چاپەمەنی پانیز، ۱۳۷۹ (٢٠٠٠)

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]