ئیسماعیل بێشکچی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئیسماعیل بێشکچی
Sarı Hoca
لێدوان=
لەدایکبوون٧ی کانوونی دووەمی ١٩٣٩ز[١]
ئیسکسلیپ، چۆروم، تورکیا
نیشتەجێتورکیا
نەتەوەتورک
بواری زانستیکۆمەڵناسی، کۆمەڵناس، پارێزرەی ماف، بیرمەند و فیلۆسۆف
شوێنی کاردەرکرا لە زانکۆی ئەتاتورک لە ئەرزەڕۆم
شوێنی بڕوانامەزانستی سیاسی، زانکۆی ئەنقەرە
تێز(توێژینەوەیەک لەسەر عەشیرەتی ئالیکان) - (دکتۆرای فەخری)[٢]
ناسراو بە ھۆیپشتیوانی لە دۆزی کوردان.پشتیوانی لە دۆزی کوردان.
خەڵاتەکانیپاڵێوراو بۆ خەڵاتی نۆبڵ (١٩٨٧)، مەدالیای بارزانی[٣]، دکتۆرای فەخری زانکۆی بۆغازئیچی (١٢٫١٢٫٢٠١٣)[٢]

ئیسماعیل بێشکچی لەدایکبووی ٧ی کانوونی دووەمی ١٩٣٩یە، لە ناوچەی ئیسکسلیپی لە نزیک پارێزگای کۆرم سەر بە چۆرووم لە خێزانێکی تورک و بە دین حەنەفی لەدایکبووە.[١] کەسایەتی کۆمەڵناسی تورکە کە ماوەیەکی زۆر تەنھا غەیرە کوردێک بوو کە ھەموو ژیانی تەرخان کردوە بۆ پشتیوانی لە دۆزی کورد لە تورکیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ھەر بۆیە نازناوی "ساری ھۆجا" بە تورکی لێنراوە، بە مانای "مامۆستا قژ زەردەکە"[٤] دێت. بێشکچی ئەندامی فەخری دامەزراوەی PENە[٥]

ژیان و خوێندن[دەستکاری]

کۆمەڵناس و فیلۆسۆفی بە رەگەز تورک بێشکچی کوڕی "حوسنی" ناوێکە کە لەسەردەمی عوسمانیەکاندا خەریکی بەقاڵی بوە (١٨٩٩-١٩٧٨). دایکیشی ناوی "زاھیدە"یە (١٨٩٨-١٩٨٧). کوڕی بچوکی ماڵە و دوو برای گەورەتری بە ناوەکانی موحیەدین و وەسفی ھەیە و خوشکێکیشی بە ناوی ساتی.[١]

لەساڵی ١٩٦٢ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی تەواو کردووە لە زانکۆی ئانکارا، دوایی لە زانکۆی ھونەر و ئەدەبی سەر بە زانکۆی ئەتاتورک لە ئەرزەڕووم وەک یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە کۆمەڵناسی کاری کردووە. ئیسماعیل بێشکچی بە یەکێک لەو تورکانە دادەنرێت ھەمیشە لەگەڵ بەدەستھێنانی مافی کورد بووە و بە دۆستێکی کوردیش دادەنرێت[٣][٦] تەنانەت لەسەر وتارەکانیشی لەسەر کورد براوە بۆ دادگا[٧]

یەکەم تێزی لەسەر عەشیرەتێکی کۆچەری کوردی بە ناوی "عەلیکان" پێشکەش بە زانکۆی ئەنقەرە ئەکات کە دوای چەندین ساڵ لە زیندانی لەلایەن زانکۆی بۆغازئیچی ئەستەنبوڵەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا دکتۆرای فەخری لەسەر وەر ئەگرێت.[٢]

پشتیوانی لە دۆزی کورد[دەستکاری]

سەرەتای ناسینی دۆزی کورد لەلایەن بێشکچیەوە، وەک خۆی ئەگێڕێتەوە لەو سیمینارەدا لە ھەولێر بۆی ڕێکخرا، ئەگەڕێەوە بۆ کاتی سەربازی و لە ساڵی ١٩٦٣دا کاتێک سەربازەکانی کە لەگەڵیدا ئەبن لەگەڵ پێشمەرگە کە لە کوردستانی باشورەوە ھاتوون لێی ئەپرسن کە ئەگەر ئەو بیەوێت ئەمان ئەتوانن لەگەڵ پێشمەرگەکان قسە بکەن. زۆر لای سەیر ئەبێت چونکە ئەو وا فێر کرابوە کە کوردی زمانێک نیە خەڵک لە یەکدی حاڵی بن پێی و زمانێک نیە بە ناوی کوردی.[٣] ھەر لە سەردەمی سەربازیدا کە لە بیتلیس و ھەکاری بەسەری بردوە بە عەشرەتی عەلیکان ئاشنا ئەبێت و یەکەم تێزی گرنگی لەسەر ئەوان ئەنوسێت.

دەرکران و زیندان[دەستکاری]

ئەوترێت کەوا لە ژیانیدا تەواوی ١٧ ساڵ لە زینداندا بووە لەسەر نوسینەکانی و ھەروەھا کۆی ١٠٠ ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێنراوە لە بەدادگادانی جیاوازدا لە تورکیا.[٤] لە دوای بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەسەر خۆپیشاندانێک لە ساڵی ١٩٦٧دا بابەتێک ئەنوسێت بە ناوی (شیکاری خۆپیشاندانەکەی ڕۆژھەڵات کوردستانی تورکیا) و دواتریش لە ساڵی ١٩٦٩دا یەکەم بەرھەمی کۆمەڵناسی بە ناوی (ڕۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ - بنەما کۆمەڵناسی و ئابوریە ڕەگەزیەکانی) بڵاو ئەکاتەوە. ئیتر لە دوای کودەتای ساڵی ١٩٧١دا و لەسەر دەستی سەرۆک بەشەکەی بەناوی ئۆرھان تورکدۆغان بۆ یەکەمجار ئەکەوێتە بەردەم دادگای تورکیاو ١٣ ساڵ زیندانی بەسەردا ئەسەپێنرێت لەسەر "جیاخوازی لە نەتەوەی تورکدا" و بەر لێبوردنی گشتی ئەکەوێت و ساڵی ١٩٧٤ بەر ئەبێت.

دوای بەربوونی داوای ئیش ئەکاتەوە لە زانکۆی ئەنقەرە، کە پێش گیرانەکەی ئامادەبوون وەک مامۆستا وەری بگرن بەڵام سەرکەوتوو نابێت و لە دوای ئەوەوە ھیچ ئیشێکی ئەکادیمی دەست ناکەوێت و ناچار ئەبێت لە دۆخێکی سەختی ئابوریدا وەک توێژەرێکی سەربەخۆ بەردەوام بێت لە پشتیوانی لە دۆزی کورد و توێژینەوەکانی.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

لە کۆی ٣٦ بەرھەمی بێشکچی، ٣٢ بەرھەمیان لە تورکیادا یاساغ بوون.

  • شیکاری کۆبوونەوەکەی ڕۆژھەڵات، ١٩٦٧
  • گۆڕانکاریە کۆمەڵگاییەکانی عەشیرەتە کۆچەریە کوردەکانی ڕۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ، ١٩٦٨
  • کێشە پێکھاتەیی و کۆمەڵگاییەکانی ڕۆژھەڵات، ١٩٦٩
  • ڕۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ - بنەما کۆمەڵناسی و ئابوریە ڕەگەزیەکانی، ١٩٦٩ چاپی ٢

وەرگێڕاوەکانی بۆ سۆرانی[دەستکاری]

لانی کەم دوو لە کتێبەکانی وەرگێڕدراون بۆ کوردی سۆرانی کە ئەمانەن:[٨]

  • کوردستان کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی - وەرگێڕانی حەمە ڕەشید. ئەو کتێبە یەکێکە لە ھەرە ناسراوترین کارەکانی بێشکچی.
  • تێزی تورک بۆ مێژوو، تیۆری زمانی خۆر و کێشەی کورد - وەرگێڕانی ئاسۆس ھەردی

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب ژیاننامەی لە دەزگای بێشکچی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، دەزگای خێرخوازی بێشکچی، ژیاننامە. دوا سەردان ١٥٫١٢٫٢٠١٣
  2. ^ ئ ا ب زانکۆی بۆغاز ئیچی، ڕۆژنامەی حوڕیەت، ڕۆژی ١٢٫١٢٫٢٠١٣، دوا سەردان ١٤٫١٢٫٢٠١٣
  3. ^ ئ ا ب "دۆزی کورد و بێشکچی"[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]، پەیامنێر، دوا سەردان ١٤٫١٢٫٢٠١٣
  4. ^ ئ ا چاوپێکەوتن لەگەڵ زەمان ١٦ی ئابی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، بڵاگی تایبەت، دوا سەردان ١٥٫١٢٫٢٠١٣
  5. ^ International PEN. "Nedim Şener and Ahmet Şık become." Archived from the original on 2ی Juneی 2015. Retrieved December 14, 2013. {{cite web}}: Check date values in: |archivedate= (help)
  6. ^ "بێشکچی و کورد" ٤ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  7. ^ "دادگا" ٤ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  8. ^ کتێبخانەی کوردی ٢٠ی نیسانی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ئیسماعیل بێشکچی. دوا سەردان ٣٠٫١٢٫٢٠١٣

سەرچاوەکان[دەستکاری]