ھەڵبژاردەی سێکسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھەڵبژاردەی سێکسی بوارێکە لە بوارەکانی ھەڵبژاردەی سروشتی کە ئەندامەکانی سەر بە ڕەگەزێکی زیندەیی سێکسی ھەڵدەستن بە دەستنیشانکردنی تاکێک لە ڕەگەزە سێکسییەکەی بەرامبەریان بەمەبەستی ئەنجامدانی ھاوسەرگیری و ھەروەھا کێبرکێ کردن لەگەڵ ئەندامانای ھەمان ڕەگەزی سێکسی خۆیان دا بۆ گەیشتن بە ئەندامانی ڕەگەزی سێکسی بەرامبەر. ئەم دوو جۆرە لە ھەڵبژاردن ئەوە دەگەیەنێت کە ھەندێک لە تاکەکان خاوەنی سەرکەوتووییەکەی زیاترن لە ڕووی زاوزێ کردنەوە بە بەراورد بە تاکەکانی دیکەی ھەمان کۆمەڵە بەھۆی ئەوەی خاوەنی ڕووخسارێکی سەرنجڕاکێشترن یان ھاوسەری سەرنجڕاکێشیان لەلا پەسەندە بۆ خستنەوەی وەچە.[١][٢]

بۆ نموونە، لە وەرزی زۆربوون دا ھەڵبژاردنی سێکسی ڕوودەدات لە بۆقەکان دا کە بۆقە ڕەگەز نێرەکان لە لێواری ئاوەکە کۆدەبنەوە و دەنگی جووتبوون (قیرە قیر) دەردەکەن. دواتر بۆقە ڕەگەز مێیەکان دەگەن و ئەو نێرانە ھەڵدەبژێرن کە خاوەنی دەنگێکی بەھێز و بەرز و باشترین ناوچەن. بەشێوەیەکی گشتی نێرەکان سوودوەردەگرن لە کردەی جووتبوونی بەردەوام و قۆرخکردنی گەیشتن بە کۆمەڵە مێیەکی بەپیت وە چونکە مێیەکانیش دەتوانن ژمارەیەکی دیاریکراو لە وەچە بخەنەوە ئەوا بەم ھۆیەوە ھەڵدەستن بە زیادکردنی پاشەکەوتکردنی ئەو وزەیەی بەکاریدەبەن لە کردەی زاوزێکردن دا.

بۆ یەکەمین جار چەمکەکە لەلایەن (چارڵز داروین) و (ئەلفرێد ڕەسل واڵس)ەوە ڕوونکراوەتەوە و ناساندوویانە بە پاڵنەری خۆگونجاندنی جۆرەکان کە چەندین زیندەوەر خاوەنی خەسڵەتی زیانبەخش بوون بەڵام دواتر لەم ڕێیەوە پەرەیاسەندووە.[٣] لە سەرەتای سەدەی بیستەم دا چەمکەکە زیاتر پەرەی پێ دراوە لەلایەن رۆناڵد فیشەرەوە.

ھەڵبژاردەی سێکسی دەکرێت پاڵ بە نێرەکانەوە بنێت زۆرترین و بەھێزترین ھەوڵبدەن لە پیشاندانی لەباریی جەستەیی بە بەمەبستی دەستنیشانکردنیان لەلایەن مێیەکانەوە. ئەم دیاردەی ھەوڵدانە زۆر و توندە دەبێتە ھاتنە کایەی (جیاوازی ڕووخسار لە ڕەگەزەکان دا - Sexual Dimorphism) لە ماوەی خەسڵەتی سێکسی دووەم (باڵغبوونی دووەم) بۆ نموونە: چینی پەڕی جیاواز لە باڵندەی تاووس، شاخەکانی ئاسک و مووی شێر. ھەموو ئەمانە ڕوودەدات بەھۆی ڕێکاری وەڵامدانەوەی ئەرێنی بە ناوی (ھەڵبژاردەی فیشیریەن - Fisherian runaway) کە ئەم کردەیە بەرپرسیارە لە پەرەسەندنی ڕازاندنەوەی زیندەیی ڕەگەزی نێر بە ڕادەیەکی زۆر لەڕێی ھەڵبژاردنی بەردەوام و ئاراستەکەر لەلایەن ڕەگەزی مێووە. ھەروەھا گریمانەی کوڕی سەرنجڕاکێش پیشاندەری ئەوەیە کە مێیەکان وەچەی نێریان لا پەسەندترە بە بەراورد بە وەچەی مێ و کردەی ھەڵبژاردەی سێکسی بە ھەمان شێوە لە ڕووەک و کەڕووەکانیش دا بوونی ھەیە.[٤][٥]

کێبرکی لە نێوان ڕەگەزی نێرەکان دا[دەستکاری]

کێبرکێی نێوان نێر-نێر ڕوودەدات لە کاتێک دا دوو تاکی نێری ھەمان جۆر کێبرکێ دەکەن لەسەر دەرفەتی ھاوسەر پەیداکردن لەگەڵ مێیەک دا. لە ململانێی نێوان نێر-نێردا خەسڵەتە سێکسییە گۆراوەکان، قەبارە، ڕێژەی سێکسی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی کاریگەرییان ھەیە لەسەر سەرکەتوویی نێرێک لە دۆزینەوەی ھاوسەرێکی مێ دا. نێرە قەبارە گەورەترەکان ھەلێکی زیاتریان ھەیە لە بردنەوەی ململانێیە نێر-نێرەکان بەھۆی زۆری ھێزیان و توانایان لە دوورخستنەوەی نێرەکانی دیکە لە مێیەکە. بۆ نموونە لە مێرووی باڵداری جۆری (Dryomyza Anilis) دا قەبارە بە توندی پەیوەستە بە ئەنجامی ململانێیەکانی نێوان نێر-نێر لەسەر سەرچاوە، ناوچە و مێیەکان.[٦]

بەھای سەرچاوە و ڕیزبەندی کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

یەکێکی تر لەو ھۆکارانەی دەکرێت کار بکاتە سەر کێبرکێی نێوان نێر-نێر بەھای سەرچاوەکانە لای کێبرکێکاران. ململانێی نێوان نێر-نێر دەکرێت چەندەھا مەترسی بخاتە سەر لەباریی و شیاویی جەستەیی نێرەکە وەک بەکاربردنی وزەیەکی زۆر، برینداری جەستەیی، دابەزینی ئاستی باشێتی تۆوەکان و لەدەستدانی باوکایەتی. لەبەر ئەم ھۆکارانە دەبێت مەترسی ئەنجامدانی کێبرکێیەکە شایستەی بەھای سەرچاوەکە بێت کە ململانێی لەسەر دەکات و ھەروەھا ئەگەری زیاتر ھەیە نێرێک بچێتە کێبرکێیەکەوە کە دەکرێت بەھای سەرچاوەکە زیاتر بێت و سەرکەوتووی ھاوسەرگرتن و زاوزێی زیادبکات. ھەرچەندە دەکرێت کێبرکێی نێوان نێر-نێر ڕووبدات لە ئامادەبوون یان نەبوونی مێ دا بەڵام کێبڕکێیەکان زیاتر ڕوودەدەن بە ئامادەبوون مێ. ئامادەبوون و بوونی مێیەکان ڕاستەوخۆ بەھای سەرچاوەیەکی وەک ناوچە یان پەناگە زیاددەکەن بۆیە ئەگەرێکی زیاتر ھەیە نێرەکان بەردەوام بن لەسەر کردەی کێبرکێیەکە سەرەڕای بوونی مەترسییە باسکراوەکان.[٧] بەھۆی ڕێژەی زیاتری مەترسی بۆ سەر نێرە بچووکەکان ئەوا بە ڕێژەیەکی کەمتر بەژداری دەکەن لە ململانێیەکان دا و لە ئەنجامیش دا کەمتر ھاوسەرگیری و زاوزێ دەکەن بە بەراورد بە نێرە گەورە و زاڵەکان.[٨]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Cecie Starr (2013). Biology: The Unity & Diversity of Life (Ralph Taggart, Christine Evers, Lisa Starr ed.). Cengage Learning. p. 281.
  2. ^ Vogt, Yngve (January 29, 2014). "Large testicles are linked to infidelity". Phys.org. Archived from the original on January 31, 2014. Retrieved January 31, 2014.
  3. ^ Darwin, Charles; A. R. Wallace (1858). "On the Tendency of Species to form Varieties; and on the Perpetuation of Varieties and Species by Natural Means of Selection" (PDF). Journal of the Proceedings of the Linnean Society of London. Zoology. 3 (9): 46–50. doi:10.1111/j.1096-3642.1858.tb02500.x. Archived (PDF) from the original on 2012-10-22.
  4. ^ Moore, Jamie C.; Pannell, John R. (2011). "Sexual selection in plants". Current Biology. 21 (5): R176–R182. doi:10.1016/j.cub.2010.12.035. PMID 21377091.
  5. ^ Nieuwenhuis, B.P.S.; Aanen, D.K. (2012). "Sexual selection in fungi". Journal of Evolutionary Biology. 25 (12): 2397–2411. doi:10.1111/jeb.12017. PMID 23163326.
  6. ^ Wallace, Alfred Russel (1892). "Note on Sexual Selection (S459: 1892)". Smith, Charles. Archived from the original on 17 February 2017. Retrieved 13 January 2017.
  7. ^ Bateman, A.J. (1948). "Intra-sexual selection in Drosophila". Heredity. 2 (Pt. 3): 349–368. doi:10.1038/hdy.1948.21. PMID 18103134.
  8. ^ Dawkins, Richard (1996). The Blind Watchmaker: Why the Evidence of Evolution Reveals a Universe Without Design. Norton. pp. Chapter 8, Explosions and Spirals. ISBN 978-0-393-31570-7.