کەرەپان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کەرەپان یا کەرەپەن، ناوی چینێک لە پیا ئایینییەکانی ئایینی دەئوە یەسنایە کە لەگەڵ بیروڕای زەردەشت دژایەتیان دەکرد. لە ئەستوورەکانی زەردەشتی ھاتووە کە کەرپانەکان لە دەورەی کیانیان دژ بە زەردەشت ڕاپەڕیون. ئەم توێژە لە پێشەوا ئایینییەکان بەرپرسی جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمەکان و نەریتە ئایینییەکان بە شێوەیەکی ئاڵۆز بۆ خەڵکە شوێنکەوتووەکەیان بوون و جگە لە داھاتەکانی ئێجگار زۆر، ھێزێکی بەرچەوێکیشیان ھەبووە. کەرپانەکان سەر بە پەرگاڵی ھزریی کیانیان بوون و لەسەر ئەو باوەڕە دژایەتیان لەگەڵ باوەڕەکانی زەردەشت دەکرد، چۆنکە ئەو بیروڕایانەیان لەگەڵ ئایینی خۆیان ناکۆک دەبینی. ھەروەھا کە زەردەشت لە گاتاکان نووسیوە بەرامبەر بە کەرپانەکان لە بیروڕای خۆی بەرگریی کردووە. لە گاتاکان ئاماژە بە ناوی ئۆسیج، کەڤی و بەندۆ وەکوو سێ کەرپان کراوە ک ڕوون نییە ئەمانە ناوی کەسایەتیین یان بنەماڵەیەکن لە کەرپانەکان. ئەو سێیانە بیروڕای زەردەشتیان قەبووڵ نەکردووە و لە بەرامبەری ئەو ڕاوەستابوون، بەڵام زەردەشت دەیتووانیوە بۆ خۆی پەیرەوانێک بدۆزێتەوە و ئایینی خۆی بە ناوی مەزدە یەسنا دابمەزرینێت.[١]

لە مێژووی سەردەمی کۆن ناوی موغ بۆ ئاماژەکردن بە پیائایینییەکانی چەند ئایینێکی جیاواز بە کارھاتووە. موغە مادییەکان و موغە مەجووسەکان لەگەڵ موغە میترایییەکان جیاواز بوون. لە گاتاکان بە موغە میترایییەکان «کەرەپان» گوتراوە. کەرەپانەکان ھەر ئەو موغە میترایییەکانن کە ھەندێک کەس پێیوایە بەدوای ئیسلام ھزری گنۆسییان تێکەڵی عیرفانی پاش لە ئیسلام کردووە.[٢]

وشە[دەستکاری]

وشەی «کەرەپان/کەرەپەن» چووەتە نێوی زمانی عەرەبی و بە واتای «خەڵات کردنی خوێن بۆ خواکان» بەشێوەی «قوربان» و «قوربانی کردن» ھەتا ئێستاکە بەکار دەچێت.

ھەروەھا ئەم وشە چووەتە نێوی زمانی مەنگۆلی و بە شێوەی «قورمێنج» دەرھاتووە و لەو زمانەش تێکەڵی زمانی قرغیزی بووە و بە شێوەی «کورمان» (Курман) دەرھاتووە. ھەندێک کەس پێیوایە وشەی کوردیی «کورمانج» لەگەڵ ئەم وشانە پەیوەندیی ھەیە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ اوشیدری، جھانگیر، ١٣٧١، دانشنامەی مزدیسنا (بە فارسی)، پ ٣٩٠.
  2. ^ رضی، ھاشم، ١٣٨٤، دین و فرھنگ ایرانی پیش از عصر زرتشت (بە فارسی)، پ ١٨٧.

کتێبناسی[دەستکاری]

  • رضی، ھاشم، دین و فرھنگ ایرانی پیش از عصر زرتشت (بە کوردی: ئایین و چاندی ئێرانی بەر لە سەردەمی زەردەشت)، تھران: سخن، ١٣٨٤[=٢٠٠٥].
  • اوشیدری، جھانگیر، دانشنامەی مزدیسنا: واژەنامەی توضیحی آیین زرتشت (بە کوردی: زانستنامەی مەزدە یەسنا: فەرھەنگۆکی شیکردنەوەییی ئایینی زەردەشت)، تھران: مرکز، ١٣٧١[=١٩٩٢].