نەخۆشیی کووڤەید

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

نەخۆشی کووڤەید، کە پێشی دەووترێت سکپڕیی سۆزداری، وا دادەنرێت کە حاڵەتێکە تیایدا، مێرد ئەزموونی ئەو نیشانانە دەکات کە لە ژنە سکپڕەکەیدا پێشبینیی دەکرێت ڕووبدات. دیارترین نیشانەکان بریتیین لە زیادبوونێکی کەمی کێش، گۆڕانی ڕێژەی هۆرمۆنەکان، هێڵنجی بەیانیان لەگەڵ تێکچوونی سووڕی نووستن. لە حاڵەتە زۆر قورسەکاندا، نیشانەکان لەوانەیە ژانی منداڵبوون، خەمۆکیی دوای منداڵبوون و خوێنپژانی لووت لەخۆبگرن. ژانی منداڵبوون زیاتر ناسراوە بە ئازاری هاوسۆزی.

نەخۆشی کووڤەید تا ئێستا بە نەخۆشییەکی ڕاستی دانەنراوە لە لایەن زۆرێک لە پزیشکانەوە. هەتا ئێستاش دیبەیتی لەسەرە. هەندێک پێیان وایە کە حاڵتێکی دەروونی-جەستەییە (سایکۆسۆماتیک)، بەڵام هەندێکی تریان ڕایان وایە کە لەوانەیە هۆکارێکی بایۆلۆجی هەبێت لە پشتی گۆڕانی ڕێژەی هۆرمۆنەکانەوە.

نیشانەکان[دەستکاری]

نیشانەکان کە لە مێردی ژنی سکپڕدا ڕوودەدات بریتین لە ئازاری گەدە، پشتئێشە، هەرسنەکردن، گۆڕان لە ئارەزووکردنی خواردن، زیادبوونی کێش، زیپکە، سکچوون، قەبزی، سەرئێشە، ددانئێشە، سۆزداریی بوون، هێڵنج، گەورەبوونی مەمک، وشکبوونی ناوک، ڕەقبوونی سەری گۆی مەمک، زیادبوونی مۆمی گوێ و خەولێنەکەوتن. لێکۆڵینەوەیەکی جۆرەکی لیستی ٣٥ نیشانەی نەخۆشی کووڤەیدی دیاریکردووە، لەوانە نیشانەکانی کۆئەندامی هەرس، میز و زاووزێ، هەناسە، دەم و ددان، ڕەقبوونی سمت، ئازاری دیارینەکراوی هەموو لەش و چەند نیشانەیەکی تر.