بۆ ناوەڕۆک بازبدە

مۆنتێر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مۆنتێر
لقیفیلمساز، director، film crew member
بەشێکە لەدەستەی فیلم
بواری پیشەدەستکاریی فیلم، video editing
مۆنتێرێک لە کاتی ئامادەکردنی فیلم ساڵی ١٩٤٦

مۆنتێر[١] (بە فەڕەنسی: Monteur) و (بە ئینگلیزی: Film Editor) دەخوێنرێتەوە، بە کەسێک دەوترێت کە مۆنتاژی فیلم دەکات، مۆنتێر بەرپرسیاری ھەڵبژاردن، کات و ڕیکخستنی گرتکە و دیمەنەکانە لە فیلمدا، کارەکانی بەپێی تایبەتمەندیی چیرۆکی فیلمەکە و جۆری فیلمەکە و ھەروەھا شێوازی دیزاینی بینراوی فیلمسازەکە ئەنجام دەدات. مۆنتێر کەسێکە کە بە دەرھێنەری دووەم ناسراوە لەڕێگای ڕووناکی و بەیەکەوەلکانی شووەتەکان دەبێتە میدیۆمێک لەنێوان دەرھێنەر و بینەر کە کۆتا گێرانەوەی چیرۆکەکە پێشکەش دەکات.

مۆنتاژ

[دەستکاری]

دوا قۆناغی بەرھەمھێنانی فیلمە و دوای تەواوکردنی وێنەگرتنی فیلمەکە دەست دەکرێت بە مۆنتاژ لێرە دا گرتە و دیمەن بۆ فیلمەکە ھەڵدەبژێردرێت، دەرھێنەر لەگەڵ مۆنتێر ڕەف کەت دەکەن واتە دیمەکان لەتەنیشت یەکتر دادەنێن بۆ بینینی فیلمەکە بەشێوەیەکی گشتی.

مۆنتاژ بەو کارە تەکنیکیانە دەوترێت کە لەکاتی کارکردن لە دروستکردنی فلیمێکدا یان ڤیدۆیەکدا دەکرێت، وەک بڕین، کورتکردنەوە، دەستکاریکردن لە کاتدا و وشەکە بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردێت و بۆ یەکەم جار لە سینەمادا لەلایەن سێرگەی ئایزنستاین[٢] بەکارھاتووە.

مۆنتاژ بریتییە لە ھونەری ڕێکخستن یان کۆکردنەوەو پێکھێنانی (گرتەکانی کامێرا) ئەمەش بەپێی:

  1. ڕوانینی دەرھێنەر
  2. سکرێپت یان سیناریۆ
  3. سروشتی بابەتەکە

مۆنتێر دەبێت ئاشنا بێت بە لایەنەکانی بەرھەمھێنان، وەک دەرھێنان، فۆتۆگرافی، دەنگ. بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشی ھەڵەکان چاکسازی بکات لە کاتی مۆنتاژکردندا. مۆنتێری لێھاتوو کەسێکە کە زانیاری مەعریفی باشی ھەبێت لە باری کارەکەی خۆی و بە باشی ئاگاداری لایەنە جوان ناسییەکانی فیلم دروستکردن بێت.

تایبەتمەندییەکانی مۆنتێر

[دەستکاری]
  1. دەبێت توانای داھێنانی ھەبێت لەیارمەتیدانی دەرھێنەر لە جێبەجێکردندا.
  2. دەبێت شارەزایی ھەبێت لەسەر ئامێر و بەرنامە نوێکان و توانا ھونەرییەکان.
  3. خاوەن خێرایییەکی زۆر بێت لە کاردا، بەڵام لەسەر بنەمای وردی و دروستی.
  4. خاوەن ڕوانینێکی ھونەری بەرز بێت، بەتایبەت لە دەنگ و وێنە.[٣]

شێوازەکانی گواستنەوەی وێنە

[دەستکاری]

لە پڕۆسەی مۆنتاژ، شێوازەکانی گواستنەوەی وێنە بەچەند جۆرێک دەبێت وەک:

  • بڕین (Cut): گواستنەوەی ڕاستەوخۆیییە لە دیمەنێکەوە بۆ دیمەنێکی تر.
  • تێکەڵکردن (Dissolve): گواستنەوەی دیمەنێکە بۆ دیمەنێکی تر بە شێوەی تێکەڵکردن.
  • ونبوون (Fade): گواستنەوەی دیمەنێکە بۆ دیمەنێکی تر بە شێوەی ونبوون و دیارنەمان.
  • سڕینەوە (Wipe): ھاتنی دیمەنی دووەمە بەشێوەی سڕینەوە بۆ سەر دیمەنی یەکەم، یان سڕینەوەی دیمەنی یەکەم.

یاریدەدەری مۆنتێر

[دەستکاری]

ئیشی یاریدەردەری مۆنتێر بریتییە لە دانان و تەواوکردنی ھەموو لایەنەکانی چاکردن و ڕێکخستنی فیلم. بە یارمەتی مۆنتێر ھەموو دەنگ و وێنەکان، پێکەوە بەستنی گرتەکان ئەنجام دەدات.

مۆنتێری دەنگ

[دەستکاری]

ئیشی مۆنتێری دەنگ بریتییە لە ڕێکخستنی دەنگ لەگەڵ وێنەکان، دانانەی ئیفێکتی دەنگی، ڕێکخستنی بەرزی و نزمی دەنگەکان و ھەر جوانکارییەک لە دەرەوەی ئەو دەنگانەی کە لە کاتی وێنەگرتنی فیلمێک تۆمارکراون. مۆنتێری دەنگ بەپێی ناوەڕۆکی چیرۆکەکە و خەیاڵ کردن بۆ باشتر کردنی دەنگەکانی فیلمێک چەندەھا ئیفێکتی دەنگی بە کار دەھێنێت.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «تدوین فیلم»، ویکیپدیا، دانشنامھٔ آزاد (بە فارسی)، ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٣ ھێنراوە
  2. «Sergei Eisenstein»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، ١٢ی ئازاری ٢٠٢٣، لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٣ ھێنراوە
  3. دیار (١٣ی ئابی ٢٠٢٢). «مۆنتاژ چییە؟». شارەزوور نیوز. لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٣ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]