مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە نەتەوە یەکگرتووەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

گفتووگۆ دەربارەی مافەکانی کۆمەڵەی (ھاورەگخوازی مێ، ھاوڕەگەزخوازی نێر، دووڕەگەزخواز و ڕەگەزگۆراو - LGBT) چەندین بڕیار و لێدوانی ھاوبەشی لەخۆگرتووە لە (ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان) و (ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان - UNHRC) ھەروەھا وەرگرتنی بۆچوون و ڕاوێژ لە کەسانی زانستی شارەزا.

لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٤٥ نەتەوە یەکگرتووەکان ھەڵنەستابوو بە گفتووگۆکردن لەسەر مافەکانی کۆمەڵەی (LGBT) ھەتا ساڵی ١٩٩٤ لە دۆسیەی (تۆنین بەرامبەر وڵاتی ئوستراڵیا) کە دۆسیەکە لەلایەن (ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان - UNHRC)ەوە جووڵێنرا و دواتر بووە ھۆکاری ھاتنەکایەی (ڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان) کە ئەم ڕێکەوتنامەیە ھەر یاسایەکی دژی ھاوڕەگەزخوازی بە سەرپێچی بۆ مافەکانی مرۆڤ دادەنێت. چالاکەوانی ھاوڕەگەزخوازی مێی باشووری ئەفریقا (بێڤەرلی پالیسیا دیتسی) بووە یەکەمین ھاوڕەگەزخوازی مێ کە بەشێوەیەکی ئاشکرا ھەستێت بە باسکردنی کێشەکانی کۆمەڵەی (LGBT) لە نەتەوە یەکگرتووەکان و داوای لە وڵاتان کرد کە ھەستن بە جێبەجێ کردنی ئەو ڕێکەوتنامانەی دان دەنێت بە ھەمەجۆری ڕەگەزیی دا.

لە مانگی نیسانی ٢٠٠٣دا، وڵاتی بەڕازیل پرۆژەیاسایەکی پێشەکەشکرد بە (کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان) کە ڕەشنووسەکە ھەڵدەستدا بە قەدەغەکردنی جیاکاری لەسەر بنەمای خواستی ڕەگەزی (سێکسی). بەڵام بەھۆی توندی و گەرمی گفتووگۆکانەوە دەربارەی بابەتەکە، بەزۆرینەی دەنگی کۆمیسیۆنەکە کۆبوونەوەکانی ڕەشنووسەکە دواخران بۆ سآڵی ٢٠٠٤.

لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٦دا گفتووگۆ و کۆبوونەوەکان فراوانکران کە بابەتی ناسنامەی ڕەگەزێتی لەخۆدەگرت کاتێک وڵاتی نەرویج نووسراوێکی ھاوبەشی بە نوێنەرایەتی ٥٤ وڵات پێشکەشکرد بە (کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان) دەربارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەسەر بنەمای خواست و ناسنامەی ڕەگەزیی. دوابەدوای ئەم نووسراوە، لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ دا نووسراوێکی ھاوبەشی دیکەش لەلایەن وڵاتی ئەرجینتیناوە بە نوێنەرایەتی ٦٦ وڵات پێشەکەش بە (ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان) کرا. ئەم نووسرا و بڵاوکراونە بووە ھۆی ھاتنەکایەی نوسراوێکی دیکەوە لەلایەن (کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی) و (ڕێکخراوی ھاوکاریی ئیسلامی - OIC)ەوە کە دژی مافەکانی کۆمەڵەی (LGBT) بوون.

لە ساڵی ٢٠١٦ دا، (UNHRC) کۆمەڵە یاسایەکی پەسەندکرد بۆ دەستبەکاربوونی (پسپۆری شارەزای سەربەخۆ) بەمەبەستی بەدواداچوون و دۆزینەوەی ئەو ھۆکارانەی وا دەکات توندوتیژی و جیاکاری ئەنجامبدرێت لەسەر بنەمای ناسنامەی ڕەگەزیی و خواستی سێکسی و دواتر ئەنجامدانی گفتووگۆ لەگەڵ حکوومەتەکان دا بۆ چۆنییەتی پاراستن و بەرگریکردن لەو کەسانە. ئەم بڕیارە دوور مەودایەی (نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان - OHCHR) بە «ئاشکراترین دەربڕینی مافەکانی ھاوڕەگخوازی» نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت.[١]

دژایەتیکردن[دەستکاری]

لە سەرەتادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی بوو لەگەڵ ڕووسیا، چین، ڤاتیکان و وڵاتانی ئەندام لە (ڕێکخراوی ھاوکاریی ئیسلامی - OIC). بەڵام دواتر لە مانگی شوباتی ٢٠٠٩ دا، کابینەکەی سەرۆکی ئەمریکا (باراک ئۆباما) ھەڵوێستی وڵاتەکەی گۆری و پشتگیری بۆ ڕێکەوتنامەکە دەربڕی. بۆیە لە وەڵام دا، نووسراوێکی جێگرەوە و وەڵامدەرەوە لەلایەن نوێنەری وڵاتی سووریاوە بۆ (ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان) خوێنرایەوە کە لەلایەن ٢٧ وڵاتی ئەندامەوە پشتگیری دەکرا. نووسراوەکە ئەو بیرۆکەیەی ڕەت دەکردەوە کە خواستی ڕەگەزیی پەیوەندی بەسەر (پەرلەی بۆماوەیی -کۆدیی جیینی)ەوە ھەیە و بانگەشەیان دەکرد کە ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنامەکە دەبێتە ھەڕەشە بۆ سەر ڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ و پێیان وابوو کە «ڕێکەوتنامەکە دەست لەو بابەتانە تێوەردەدات کە دەکەونە چوارچێوەی دەسەڵاتی ناوخۆیی وڵاتانەوە» و ئەگەری ئاسایی کردنەوەی چەندین کاری نەشیاوی ھەیە (وەک منداڵبازی).[٢]

لە کۆمڵە بڕیارێک دا کە لەلایەن وڵاتی سویدەوە ئامادەکرابوو دەربارەی سەرگۆنەکردنی کردەی (لەسێدارەدانی ڕاستەوخۆ بەبێ دادگای کردن)، (ڕێکخراوی ھاوکاریی ئیسلامی - OIC) لە ھەوڵێکی دا شکستی ھێنا بۆ سڕینەوەی دەستەواژەی (خواستی ڕەگەزیی – ئاراستەی سێکسی - Sexual Orientation) لە نووسراوی بڕیارەکان دا. ھەرچەندە لەم ساڵانەی کۆتایی دا بە زۆرینەی دەنگ (٧٩ دەنگ بەرامبەر بە ٧٠ دەنگ) دەستەواژەکە لابرا بەڵام دواتر بە زۆرینەی دەنگ (٩٣ دەنگ بەرامبەر بە ٥٥ دەنگ) دەستەواژەکە خرایەوە ناو بڕیارەکان.[٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Discriminatory laws and practices and acts of violence against individuals based on their sexual orientation and gender identity, A.HRC/19/41
  2. ^ "UN Acknowledges Human Rights Violation Against LGBT Community". M.voanews.com. 2016-06-14. Retrieved 2016-07-05.
  3. ^ "United Nations: General assembly to address sexual orientation and gender identity – Statement affirms promise of Universal Declaration of Human Rights" (Press release). Amnesty International. 12 December 2008. Retrieved 20 March 2009.[بەستەری مردووی ھەمیشەیی]