مارسێل ڕانسکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە مارسێل رانسکیەوە ڕەوانە کراوە)
مارسێل ڕایش رانسکی

لەدایکبوون2ی حوزه‌یران ١٩٢٣
وڵۆكله‌ویك Wloclawek، پۆڵه‌ندا
مەرگ١٨ی ئاب ٢٠١٣ ٩٣ساڵی مردووە
پیشەڕەخنەی ئەدەبی
ھاوسەرتۆیفیلا

مارسێل ڕایش رانسکی به‌ (ئینگلیزی: Marcel Reich-Ranicki ) نوسه‌ر و بیرمه‌ند ئه‌ڵمانی , له‌ناو ئاسمانی ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانیادا، ئه‌ستێره‌یه‌کی پرشنگدار و مه‌زنبووه‌. ئه‌و هه‌میشه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر کتێب و ئه‌ده‌ب كردووه‌، خه‌ڵكی فێری خوێندنه‌وه‌و عه‌شقی نووسین و جیهانی بێگه‌ردی ئه‌ده‌ب كردووه‌.

ژیانی[دەستکاری]

مارسێل رانسکی له‌ 2ی حوزه‌یران ١٩٢٣ له‌ شارۆچکه‌ی وڵۆكله‌ویك Wloclawek له‌ پۆڵه‌ندا، له‌ خێزانێکی جوله‌که‌ی "پۆڵه‌ندی- ئه‌ڵمانی" له‌دایک بووه‌. ساڵی ١٩٢٩ بنه‌ماڵه‌که‌ی بۆ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا کۆچ ده‌که‌ن. له‌ساڵی ١٩٣٨ بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی به‌ده‌ستده‌هێنێت. به‌ڵام له‌وکاته‌دا نازیه‌کان حوکمی ئه‌ڵمانیا ده‌که‌ن ، له‌به‌رئه‌وه‌ی جوله‌که‌یه‌، ناهێڵن بچێت له‌ زانکۆ بخوێنێت. له‌ ئۆکتۆبه‌ری هه‌مانساڵدا ناچار ده‌بێت ئه‌ڵمانیا به‌جێبهێڵێت. له‌ ساڵی ١٩٤٠ ه‌وه‌ به‌ ناچاری له‌ناوچه‌ی گیتو له‌ وارساو وه‌کو ده‌ستبه‌سه‌رێک ده‌ژی. ئه‌م شوێنه‌ نازیه‌کان وه‌کو ئوردوگایه‌ک بۆ جوله‌که‌ پۆڵه‌ندی و ئه‌ڵمانییه‌کان دایانبوو. ساڵی ١٩٤٣ به‌شداری ڕێکخراوی نهێنی جوله‌که‌کان ده‌کات که‌ دژ به‌ نازیه‌کان دایانمه‌زراندبوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ناخۆشیانه‌ش ، له‌ مانگی ته‌مموز ١٩٤٢ له‌گه‌ڵ "تۆیفیلا" خێزان پێکده‌هێنێت. له‌ شوباتی ١٩٤٣ دا، هه‌لێکی ده‌ستده‌که‌وێت بۆئه‌وه‌ی خۆیی و "تۆیفیلا"ی خێزانی ڕابکه‌ن، به‌م شێوه‌یه‌ش ته‌مه‌نێکی نوێی بۆ دروست ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ی که‌ مه‌کینه‌ی هۆلۆکۆس قووتی نه‌داوه‌ و ماوه‌ته‌وه‌. ته‌واوی خێزانه‌که‌ی له‌ هۆلۆکۆس له‌ده‌ستداوه‌. ( باوکی ، دایکی، براکانی خه‌زوری) له‌ ده‌ستداوه‌.

پاش ئه‌وه‌ی سوپای سوری سۆڤێتی پۆڵه‌ندا له‌ ده‌ستی ئه‌ڵمانیا ڕزگارده‌کات، له‌ ئه‌یلوولی ١٩٤٤دا خۆبه‌خشانه‌ ناوی خۆی بۆ سوپای پۆڵه‌ندی ده‌نووسێت و ده‌بێته‌ سه‌ربازێکی خۆبه‌خشی ئه‌و سوپایه‌ و له‌دژی نازیه‌کان خه‌بات ده‌کات. ساڵی ١٩٤٦ ده‌بێته‌ ئه‌ندامێکی چالاکی (پارتی کۆمۆنیستی پۆڵه‌ندی)، پاشان چه‌ند پۆستێکی سه‌ربازی وه‌رده‌گرێت. ساڵی ١٩٤٦ ده‌بێته‌ نوێنه‌ری پۆڵه‌ندا له‌ لیژنه‌ی سه‌ربازی سوپای پۆڵه‌ندی له‌ به‌رلین. له‌ ساڵی ١٩٤٧ ده‌بێته‌ ئه‌ندامی (ده‌زگای هه‌واڵگری پۆڵه‌ندا) له‌هه‌مانکاتیشدا کار بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی پۆڵه‌ندا ده‌کات. له‌ساڵی ١٩٤٨/١٩٤٩ ده‌بێته‌ کۆنسوڵ له‌ سه‌فاره‌تی پۆڵه‌ندی له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا، پاشان ناوی خۆی بۆ " مارسێل رانسکی " ده‌گۆڕێت، چونکه‌ ناوی " ڕایش" تۆنێکی ئه‌ڵمانی هه‌بووه‌.

له‌ پایزی ساڵی ١٩٥٩ ، له‌به‌ر هۆکاری سیاسی وازی له‌ هه‌موو پۆست و پله‌یه‌کی سه‌ربازی و سیاسی ده‌هێنێ، هه‌ر له‌و ساڵه‌شه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناو دوو جیهانی تایبه‌ت به‌ خۆی ، ئه‌وانیش " ئه‌ده‌ب و ئه‌ڵمانیا " بوون. ئه‌م دوو شوێنه‌، جێگایه‌کی گه‌وره‌ی له‌ ژیانی ئه‌ودا داگیرکردبوو، هه‌ربۆیه‌ وازهێنان لێی و له‌بیرکردنی، کارێکی ئاسته‌م و زه‌حمه‌ت بوو.

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا و جیهانی ئه‌ده‌ب=[دەستکاری]

پاش ئه‌وه‌ی وازی له‌ ژیانی سیاسی و سه‌ربازی هێنا، ساڵی ١٩٥٩ بڕیارێکی گرینگیدا ، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌ بوو بۆ ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا، کاتێک گه‌ڕایه‌وه‌ چه‌ند هاورێیه‌کی دێرینی خۆی دۆزیه‌وه‌، له‌وانه‌ : ( هاینریش بۆڵ و سیگفرید لێنز). ئه‌مان زۆر یارمه‌تییان داو هانیاندا که‌له‌ ئه‌ڵمانیا بژی. ئه‌م یارمه‌تییه‌ی ئه‌وان زۆرباشبوو. له‌ماوه‌یه‌کی ئێجگار کورتدا، رانسکی بوو به‌ ناوێکی ئه‌ده‌بی ناسراو له‌ناو ئه‌ڵمانیای رۆژئاوادا.جێگه‌ی گوتنه‌ ، له‌پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ر " کۆماری ڕۆژئاوا، کۆماری رۆژهه‌ڵات" دابه‌شبوو.

ئه‌و یه‌کێک بوو له‌ گروپی ٤٢ ، که‌ گروپێکی ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانی بوو له‌پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م دروستبوو، بانگه‌شه‌ی گۆڕانکاری له‌ ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانیدا ده‌کرد ، ئەم گروپە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەدەبی مۆدێرنی ئەڵمانییەوە هەیە. پاش ماوەیەک به‌رلین به‌جێده‌هێڵێت و ده‌چێت بۆ شاری فرانکفۆرت و پاشان ده‌چێته‌ شاری هامبورگ.

رانسکی له‌پاش ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ شاری هامبۆرگ ، ده‌بێته‌ نووسه‌رێکی به‌رده‌وامی رۆژنامه‌ی " "Die Zeit دی تسایت" . ئەم رۆژنامەیە زیاتر لە فکر " پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانییەوە" نزیک بوو. له‌ ساڵی ١٩٦٠ تا ساڵی ١٩٧٣ ، له‌م ڕۆژنامه‌یه‌دا کارده‌کات و هه‌فتانه‌ ئه‌و کتێبه ئه‌ده‌بییانه‌، به‌تایبه‌تی " رۆمان و چیرۆک و شیعر" له‌باره‌یانه‌وه‌ده‌نووسێت، کتێبی نوێ به‌ خوێنه‌ران ده‌ناسێنێت. جگه‌ له‌وه‌ش به‌ شێوازێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و کتێبانه‌ ده‌کات .

پاشان واز له‌ دی تسایت ده‌هێنێت و شاری هامبۆرگ به‌جێده‌هێڵێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاری فرانکفۆرت. له‌و ساڵه‌شه‌وه‌ واته‌ ١٩٧٣ هه‌تاوه‌کو ساڵی ١٩٨٨ له‌ رۆژنامه‌ی " فرانکفۆرته‌ ئه‌لگه‌ماینده‌ تسایتونگ " کار ده‌کات . ده‌بێته‌ به‌رپرسی لاپه‌ره‌ی ئه‌ده‌بی و کلتوری ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌، جێگە گوتنە ئەم رۆژنامەیە ، زیاتر رۆژنامەیەکی ڕاست و لیبڕاڵەکانی ئەڵمانیایە، لێرەشەوە گۆرانکاری گەورە لە فکری سیاسی رانسکی دەکرێت، دەچێتە بەرەی ڕاستەکانەوە.

له‌ساڵی ١٩٨٨ واز له‌ کاری رۆژنامه‌وانی ده‌هێنێت. به‌ڵام له‌ ئه‌ده‌ب ناوه‌ستێت. هه‌ر له‌هه‌مانساڵدا، ده‌چێته‌ که‌ناڵی دوی ئه‌ڵمانیا ZDF، به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی هه‌فتانه‌ به‌ناوی "Das Literarische Quartett" پێشکه‌ش ده‌کات . ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ هه‌تاوه‌کو ساڵی ٢٠٠١ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ بوو به‌ سه‌کۆیه‌کی ڕاگه‌یاندنیی گرینگ ، بۆ هاندانی ئه‌ڵمانیه‌کان بۆ خوێندنه‌وه‌ی کتێب، له‌هه‌مانکاتیشدا بۆ ناساندنی نووسه‌ران به‌ خه‌ڵكی، دیاره‌ رانسکی بازنه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی تایبه‌ت به‌ خۆی دانابوو، که‌ بریتیی بوون له‌ سێ که‌س که‌ ئه‌وانیش "هێلموت کاراسک، ئیریش رادیش Iris Radisch ، Hellmuth Karasek" که‌ ئه‌م دوانه‌ش دوو خوێنه‌ری گه‌وره‌و و ره‌خنه‌گری ئه‌ڵمانین.

به‌ڵام ساڵی ٢٠٠١ پاش ئه‌وه‌ی ٧٧ به‌رنامه‌ پێشکه‌ش ده‌کات و نزیکه‌ی ٤٠٠ گفتوگۆ له‌باره‌ی کتێبه‌وه‌ سازده‌کات ، واز له‌م به‌رنامه‌یه‌ ده‌هێنێت، به‌ڵام هه‌تاوه‌کو ساڵی ٢٠٠٦ جارجار له‌م که‌ناڵه‌وه‌ به‌رنامه‌ی تایبه‌تی ئه‌ده‌بی سازده‌کرد، ڕانسکی هه‌فتانه‌ له‌م که‌ناڵه‌وه‌، کتێبه‌کانی شرۆڤه‌ ده‌کرد و پرسگه‌لێکی ئه‌ده‌بی و فکری له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌دیبێکی ئه‌ڵمانیدا باس ده‌کرد.

بیره‌وه‌رییه‌کانی[دەستکاری]

له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ڵمانیدا دوو کتێبی بیره‌وه‌ری له‌ جیهاندا ناسراون، یه‌کێکیان کتێبه‌که‌ی هیتله‌ره‌ " Mein Kampf خه‌باتم " که‌له‌ جیهاندا ژماره‌یه‌کی زۆری لێ بڵاوبۆته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م کتێبه‌ له‌ ڕوی فکری و سیاسییه‌وه‌، کتێبێکی تابڵێیت قێزه‌ون و دژه‌ مرۆییه‌.

دووه‌م کتێبی بیره‌وه‌ری ده‌توانین بیره‌وه‌رییه‌کانی رانسکی دابنێین . " "Mein Leben ژیانم " که‌له‌ ساڵی ١٩٩٩ دا بڵاویکردۆته‌وه‌، نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن و ٢٠٠ هه‌زار نوسخه‌ی لێفرۆشراوه‌. رانسکی له‌م کتێبه‌یدا ، باسی کاروانی ئه‌ده‌بی و سیاسی و فکری خۆی ده‌کات، چیرۆکی گرتن و ڕاونانی له‌سه‌رده‌می نازیه‌تی ئه‌ڵمانیدا، هۆلۆکۆس و کوشتنی جوله‌که‌کان له‌ ئه‌ڵمانیا و ئه‌ووپادا، پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا و تێکه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ جیهانی ئه‌ده‌بی . جێگه‌ی گوتنه‌ پاشتر ئه‌م کتێبه‌ی کرایه‌ فیلم.

رانسکی و گوینته‌ر گراس[دەستکاری]

زۆرجار یەکەم بینین کاریگەری زۆری دەبێت بۆ پەیوەندی نێوان دووکەس، یەکەم فلاش ، هەمیشە لەبەرچاوی ئەوکەسانە دەمێنێتەوە. مارسێل رایش رانسکی و گوینتەر گراس ، هەردووکیان ئەڵمانی خەڵکی پۆڵه‌ندان، هەردووکیشیان یەک نەوەی ئەدەبین. بەڵام پەیوەندی نێوان ئەم دوانە هەمیشە کێشەداربووە. رانسکی لە بیرەوەرییەکانیدا لەبارەی گراسەوە دەڵێت : ( یەکەمجار کە گراسم بینی، لە ئایاری ١٩٥٨ لە شاری وارساو بوو، دوانیوەرۆیەکی ئێجگار ناخۆش و بێ تامم لەگەڵ پیاوێکی وشک وبرینگ و عەبوسم بەسەر برد. چیرۆکی پیاوێکی ئەلکحولی بۆ گێرامەوە، کە ئەمەش یەکێک بووە لە کارەکانی کە هێشتا تەواوی نەکردبوو). دیارە ئەمەش چیرۆکێکی رۆمانێکی مەزنی گراسە،کە پاشتر بە جیهانی ناسی ، ئەویش رۆمانی Die Blechtrommel.

بەڵام دووەم بینیان پۆزەتیف تر بووە، ئەویش لە ئۆکتۆبەری هەمانساڵدا لە دیدارکی گروپی ٤٧ دا یەکتر دەبیننەوە. لەم ئێوارەیەدا، گراس دوو پارچە لە هەمان رۆمانی دەخوێنێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە پێچەوانەی دیداری یەکەمەوە، گراسی بە دڵ دەبێت و پەیوەندییان بەهێزتر و گەرم وگورتر دەبێت. پاشتر رانسکی لەسەر کتێبەکانی دەنووسێت. ئەو زیاتر حەزی بە رۆمانی " پشیلە و مشک" . بەڵام رەخنە لەسەر رۆمانی " ساڵی سەگەکان" دەگرێت.

بەڵام سەرەتای شەڕی سەرەکی ئەم دوانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٤ کاتێک گوینتەر گراس رۆمانی " کێڵگەیەکی دوور" دەنووسێت ، کە رۆمانێکی قەبارە گەورەیە. رانسکی نامەیەکی بۆ دەنووسێت پاشان بڵاوی دەکاتەوە. تێیدا بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم رۆمانەوە دەڵێت : ئێوە لەکاتی باسکردنی ئەو دیدارەی " ئوڤە یونسۆن Uwe Johnson" بەڕاستی زۆر بە جوانی وەسفتان کردووە، ئەمە کەس ناتوانێت وەکو ئێوە وەسفی بکات . بەڵام ئەمە تەنها ٥ لاپەرەن لە ٧٨١ لاپەرە، لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستم بۆتان ، مارسێل ڕاش ڕانسکی ."

ئیتر لێرەوە ئاگری شەڕێکی توند لەگەڵ گراس دەست پێ دەکات. کاتێکیش ساڵی ١٩٩٩ گراس خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب پێ دەبەخشرت ، راسنکی بەمە خۆشحاڵ نابێت و بگرە زۆر توندیش هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت. لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانی، لەبارەی خەڵاتکردنی گراسەوە دەڵێت :

" هەر دەبوایە پاش ئەو هەموو ساڵە ، نووسەرکی ئەڵمانی خەڵاتی نۆبڵی پێ ببەخشرایە. بەڵام با شتێکتان پێ بڵێم ، گەر ئەم خەڵاتە بدرایە بە مارتین ڤاسلەر، ئەوا من بە تەواوی تێکدەچوم ، یان گەر بدرایە بە دەبەنگێكی وەکو پیتەر هاندکە، ئەوە کارەسات بوو. بەڵام دەڵێیت چی ئەم بڕیارانە لە ئەکادیمی ستۆکهۆڵم چاوەڕنکراوە."

جێگەی گوتنە مارتین ڤاسلەر و پیتەر هاندکە، دوو رۆماننووسی گەورەی ئەڵمانین، بەڵام رانسکی لەگەڵ ئەم دوو کەڵە رۆمانووسەش کێشەی هەبوو.

هەرچەندە پاشان دەڵێت : ( گراس لە دونیای ئەمرۆی ئەدەبی ئەڵمانیماندا، شایستەترین کەسە کە خەڵاتی نۆبڵی پێ ببەخشرێت .)

دیاره ڕاستە ‌ رانسکی و گراس ،ئه‌وان پێکه‌وه‌ سه‌ر به‌ گروپی ٤٧ بوون ، به‌ڵام هەمیشە پەیوەندییەکی خراپ و کێشەداریان هەبووە. لەلایەکی تریشەوە سیاسه‌ت، هێندەی تر ، ئه‌م دوو که‌ڵه‌ نووسه‌ره‌ی له‌ یه‌کتری جیاکرده‌وه‌. گراس ئه‌ندامێکی چالاکی پارتی سۆسیال دیموکرات بوو، له‌هه‌مانکاتیشدا زۆر دژایه‌تی ئیسرائیل و ئه‌مریکای ده‌کرد. کاتێک له‌مساڵانه‌دا گراس له‌ رۆژنامه‌ی " سوید دۆیتچه‌ تسایتونگ" شیعرێکی له‌دژی ئیسرائیل بڵاوکرده‌وه‌، هه‌رایه‌کی گه‌وره‌ی له‌ناو میدیای ئه‌ڵمانی و ئوروپی و ئیسرائیلی دروستکرد. راسنکی به‌ توندی ره‌خنه‌ی لێگرت و شیعره‌که‌شی " به‌ قێزه‌ونترین شیعر " وه‌سفکرد. له‌هه‌مانکاتیشدا گراسی به‌ که‌سێکی ئه‌نتی سیمیت" دژه‌ جووله‌که‌ " وه‌سفکرد.

بەرهەمەکانی[دەستکاری]

رانسکی تەواوی ژیانی بۆ خوێندنەوەی ئەدەبی کۆن و نوێی ئەڵمانی تەرخانکرد، لەم بوارەشدا چەندین کتێبی گرینگی بە چاپگەیاندووە، لەوانە : Die Anwälte der Literatur, Mehr als ein Dichter/Herz, Arzt und Literatur/ Literatur der kleinen Schritte.

مردن[دەستکاری]

ڵه‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ پرۆستاتی هه‌بوو به‌ڵام ڵه‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ته‌مه‌نی هه‌بوو ، دواجار له‌ ١٨ی ئاب ٢٠١٣ له‌ ته‌مه‌نی ٩٣ساڵی له‌ شاری فرانکفورت کۆچی دوایی ده‌کات .

سه‌رچاوه‌[دەستکاری]

سایتی ده‌نگه‌کان