فائیق کاکەمین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فائیق کاکەمین :(١٨٩٧-١٩٥٥) ئەفسەر و نووسەر

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

فائیق كاكەمین

فایەق کوڕی کاکەمین کوڕی عەبدولکەریم کوڕی حاجی عەباسی سیوەیلییە، ساڵی ١٨٩٧ لە سلێمانی لەدایک بووە. قوتابخانەی ڕوشدییەی عەسکەریی سلێمانی و ئەعدادیی عەسکەریی بەغدا و پاشان مەکتەبی حەربییەی ئەستانەی لە ١٩١٤دا تەواوکردووە.[١][٢]

خولی سەربازی[دەستکاری]

براوەتە لیوای ٧٨ی چەناق قەلعە و بەشداری شەڕەکانی بووە. ئەمجا بەشداریی لە چەند خولێکی مەشقی قوتابخانەی گوللەپژێنی قورس و سووک (الرشاشات الثقیلە والخفیفە) و قوتابخانەی بۆمبای گڕگرتوو (المائعات المشتعلە) و قوتابخانەی فڕۆکەوانیدا کردووە لە ئەیاستەفانۆس و بە ئەفسەری فڕۆکەوان دەرچووە. گواستراوەتەوە بۆ فەوجی دووەمی ھێرشبردن.[١][٢]

بەشداری لە جەنگدا[دەستکاری]

بەشداری شەڕەکانی ڕۆما و بوخاریست بووە و بریندار کراوە. چەند مەدالیایەکی لەسەر ئازایەتی وەرگرتووە و کراوە بە مولازمی یەکەم.[١][٢]

ئەفسەر ناو حکوومەتی کوردستان[دەستکاری]

کۆتاییی جەنگ ھاتووەتەوە بۆ وڵات، بووە بە ئەفسەرێکی ناو حکوومەتی کوردستان بە پلەی مولحەقی قوماندانی عەسکەری کوردستان، تا ١٩٢٣ ماوەتەوە.[١][٢]

چەند خولێکی سەربازی دیكە[دەستکاری]

پاشتر چووەتە ناو سپای عیراق. لە قوتابخانەی یاریدەدەرانی تایبەت بە ئەفسەراندا بە ئیمتیاز دەرچووە. بەشداریی لە چەند خولێکی گوللەپژێن و پیادە و دەستڕێژکردن و ھەواڵگری و فڕۆکەوانی و قوتابخانەی پێشکەوتووانی تایبەت بە فەرماندەکانی کولێجی ئەرکاندا کردووە و بە پلەی ئیمتیاز سەرکەوتووە. دوا پایەی لە سوپادا سەرھەنگ (عقید) بووە. ١٩٤١ خانەنشین کراوە.[١][٢]

کۆمەڵی پشتیوانی کوردان[دەستکاری]

١٩٢٧ بە ئەندامێکی (کۆمەڵی پشتیوانی کوردان) ھەڵبژێردراوە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

لە ١٩٤٦ بەدواوە خەریکی بازرگانی بووە. ساڵی ١٩٥٥ کۆچی دواییی کردووە.[١][٢]

نووسینەكانی[دەستکاری]

نووسینی بڵاوکراوەی لە گۆڤاری "گەلاوێژ" و "دەنگی گێتیی تازە"دا ھەیە.[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8154-8155
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح عبدالمجيد فهمي حسن، دليل تاريخ مشاهير الألوية العراقية، ج1 لواء السليمانية، 1946، ص143-144؛  ڕۆژنامەکانی سەردەمی حوکمی شێخ مەحموود، ("ڕۆژی کوردستان"، ژمارە ١٢، ١٠/٢/¬١٣٣٨، ل٣)؛ احمد خواجە، چیم دی، ب٣، سلێمانی، ١٩٧٠، ل٢٩-٣٢؛ چەند زانیارییەکی خاتوو "نازدار کامیل کاکەمین"ی برازای فایەق کاکەمین.