عەلی شوون ھەڵگر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

عەلی عەبدوڵڵا ناسراو بە عەلی شوون ھەڵگر لێکۆڵەر و شوێن ھەڵگر و بلیمەتێکی دەشتی ھەولێر بوو، کە لە ڕێی زیرەکی و لێھاتوویی و خۆی و بە وردبوونە لە شێواز و چۆنییەتی ڕوودانی تاوانەکان و پاشماوە و شوێن پێیەکانیان توانیویەتی ئەنجامدەران و تاوانباران بدۆزێتەوە و پێ بە پێ (ھەنگاو بە ھەنگاو) بە دوایان بکەوێت و ئاشکرایان بکات و ڕادەستی تاوانلێکراوانیان بکاتەوە و بەم شێوەیەش لە دەڤەرەکەدا ناسرا و بووە جێی متمانەی خەڵکی و بۆ ھەموو تاوانێک خەڵکی دەڤەرەکە دەیاننارد بە دوای عەلی شوون ھەڵگر بۆ ئەوەی بێت و شوێن پێی تاوانباران بدۆزێتەوە و بیانگرێت.

ژیانی[دەستکاری]

ناوی تەواوی (عەلی عەبدوڵڵا قوربانی)یە، لە ھۆزی (گەڵاڵی)یە؛ بە (عەلی شوون ھەڵگر) ناسراو بوو لە ھەولێر و دەوروبەری کە بە مانای (شوێن ھەڵگر) دێت [لە بنشێوەزاری ھەولێریدا بە (شوێن) دەگوترێت (شوون)]. لە ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی (گردیش)ی سەر بە شارەدێی (قوشتەپە)ی سەر بە پارێزگای ھەولێر لەدایکبووە و لە ١٩٦٩/١/٣١ لە ھەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی (براغ) بە خاک سپێردراوە.

برایەکی ھەبووە بە ناوی (حەسەن) لەگەڵ دوو خوشک بە ناوەکانی (ھەیبەت) و (فاتمە)، دایکی ناوی (بەلقیسا) بووە و ھاوسەرەکەشی ناوی (ئەسمەر محەممەد کابایز)ە، دوو کوڕی ھەبووە بە ناوی (محەممەد) کە مردووە و ھەروەھا (شەریف) کە ئەویش لە ژیان نەماوە لەگەڵ کچێک بە ناوی (ئەستی) کە لە ژیاندا نەماوە.

لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا گوندی (گردیش) جێ دێڵێ و دێتە گوندی (بنەسڵاوەی گچکە) کە ئێستا سەر بە شارەدێی (قوشتەپە)یە، دواتر لە ساڵانی سییەکانی سەدەی بیست لە ژێر زەبر و زۆری ئاغاکانی ئەو ناوچەیە ناچار دەبێت ماڵەکەی بار بکات (بگوازێتەوە) بۆ ھەولێر و لە گەڕەکی (ئەربیل ئولا) کە بە گەڕەکی (تەعجیل ئیسلام) دەناسرا نیشتەجێ بووە. کە ئێستا دابەش بووە لە نێوان بازاڕ و گەڕەکی (تەعجیل) و دەکەوێتە بەشی پشتەوەی بازاڕی نیشتیمان. دواتر ھاتۆتە گەڕەکی (خانەقا) و ئینجا بار دەکات بۆ گەڕەکی (سەیداوە) و لە ساڵی ١٩٦٣ دووچاری ستەمی (حەرەس قەومی)یەکان دەبێتەوە و ناچار دەبێت جارێکی تر بگوازێتەوە بۆ گەڕەکی پشت (ھۆڵی گەل) کە دواجار ھەر لەوێش کۆچی دوایی کرد.

عەلی عەبدوڵڵا لەسەر ڕەزامەندی (موتەسەڕیف)ی ھەولێر (پارێزگاری ھەولێر)ی ئەوکات بە نووسراوی ١٦٩٦٣ لە ١٩٠٩/١٠/١١ لە فەرمانگەی سەرژمێری ھەولێر بە ناونیشانی (معقب الاثار - شوون ھەڵگر) مۆڵەتی ژمارە (٨٠)ی لە ساڵی ١٩٠٩ی چەک ھەڵگرتنی دراوەتێ، ھەروەھا لە نیسانی ساڵی ١٩٦٢ سەفەری حەجی ماڵی خوای کردووە.

پیشەی[دەستکاری]

عەلی عەبدوڵڵا ھەرچەندە نەخوێندەوار بووە بەڵام پیاوێکی ڕۆشنبیر و بەھرەمەند و بەغیرەت و چاو نەترس و بەسەلیقە و زۆر وردبین بیر فراوان بە دڵ بووە لە زوڵم ستەمی دەرەبەگ و ئاغاکانی سەدەی ڕابردوو ھەرگیز سڵی نەکردووە ملی بۆیان کەچ نەکردووە بەڵام زۆر وریا و دلێرانە بەرگری لە خۆی کردووە توانیویەتی شوێنی خۆی دیار بکات لەناو کۆمەڵی ئەوسای کوردەواری کە سەرتاپای نەزانی و ھەژاری و دواکەوتوویی بوو.

دەسەڵاتداران ھەژارانیان کاری نابەجێشیان بەرانبەر دەکردن، بۆ مەرامە گڵاوەکانیان خزمەتکارە بەکرێ گیراوەکانیان دەناردە سەر ئەو خەڵکە ھەژارانە تاکو دزیان لێ بکەن و بیان ڕووتێننەوە لەو لاشەوە لەلایەن پیاوانی پۆلیس و میری (حکومەت) ھیچ داوا و مافێکیان وەرنەدەگیرایەوە چونکە لایەن گیری ئاغاکانیان دەکرد بەم جۆرە دەردی ئەم خەڵکە زیاتر دەبوو.

بە وردبوونەوە لە شێوازی ھەڵسوکەوت و چۆنییەتی چوونە ناو بابەتی تاوان و تێبینییە وردەکانی، چەندین خاڵی گرنگمان لا گەڵاڵە دەبێت کە بە بەراورد لەگەڵ توانای ئەو سەردەم و ئێستادا جیاوازییەکی زۆر ھەیە، ئەگەر ژیانی ٦٠ ساڵ لەمەوبەری ئەم دەڤەرەی ھەولێر و کوردستان و عێراق بەگشتی بێنینە بەرچاو ئینجا توانا و شکۆمەندی ئەم پیاوەمان بۆ دەردەکەوێت، ھەر لە نەخوێندەواری و ھەژاری و دواکەوتوویی کۆمەڵ بگرە تا ئەو ستەم و زۆرداری و کۆڵەمەرگییەی کە لە سایەی ڕژێمی ئەو کات کە لە ئارادابوو پێیەوە دەیناڵاند.

کۆلێژ و پەیمانگەی عەلی عەبدوڵڵا تەنیا بیری ورد و ژیری و ئەزموونی ژیانی بووە، نە کۆمپیوتەر و فاکس و نە کامێرای دیجیتاڵی ھەبووە، نە پشکنینی ترشی ناوەکی DNA و RNA، نە تیشکی ژێر سووری لەبەر دەست بووە، ئەم پیاوە پەرتووک و بیردۆزەکانی مارکس و گاندی و ئەرستۆ و فۆکۆیاما و ...ھتد نەخوێندبۆوە، بەڵام چاکسازێکی کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆی بووە، سەردەمی ژیانی پڕ لە ژێردەستەیی و ھەژاری و دەرەبەگایەتی بووە، ھەرگیز تەرازووی ھێز و ململانێ لە بەرژەوەندی چینی زەحمەتکێش و جوتیار و کرێکار و نەدار نەبووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عەلی عەبدوڵڵا بەو بێ پشتیوانی و ھەژارییوە نمونەی بەرگری و ململانێی ئازادیخوازی وخۆڕاگری بووە و ستەمکارەکانی ڕووشکێن و شەرمەزار کردووە و خەڵکی لە کردەوە ناشیرینەکانیان ئاگادار کردۆتەوە.

عەلی عەبدوڵڵا لەسەر تاوانێکی سووکی وەک دزینی ئێسترێک یان دزینی ھیزەڕۆنێک (گۆزەی ڕۆن) یان مافوورێک کە ھۆکارەکەی نەداری و برسیەتی و بێکاری بووە و تەنھا بۆ سک تێر کردن بووە نەک بە مەبەستی تاوانکاری، چاوی پۆشیوە و کێشەکانی ھەر لە شوێنی ڕووداو چارەسەر کردووە و لێنەگەڕاوە ڕووداوەکە گەورەتر ببێت، واتاھەردەم ئاوی بە ئاگر داکردووە بەڵام لە ھەمان کاتیشدا لە تاوانی گەورەی وەک کوشتن و ھەتک (ئەتک) و دزی گەورە ...ھتد ھەرگیز چاوپۆشی نەکردووە نەفەس درێژی و ماندوو نەبوون و سووربوونی لەسەر دۆزینەوەی تاوانباران کە شێوازی سەیریان بەکارھێناوە لە تاوانەکانیان تاکو ئاشکرا نەبن زیرەکی و بە سەلیقەیی و ھێمنی و ورەدەکاری ئەم پیاوە دەردەخەن، بە دەیان و بگرە سەدان کیلۆمەتر رێگای بە پێی و لەژێر ھەتاو و سەرما و باران و تۆز و بادا بڕیوە و نەترساوە و بوێرانە بەرەنگاری چەندین کۆسپ و تەگەر بۆتەوە وەک شارەزایەکی دەرونناسی ھەڵسوکەوتی لەگەڵ گومان لێکراوەکان کردووە، جاری وا بووە ھەر بە سەیر کردنیان یەکسەر ڕووخاون و دانیان بە تاوانەکانیان ناوە وە جاری واش ھەبووە دزێک لە جارێک زیارتر ھەڵساوە بەم تاوانە ڕێ و شوێنی ئەم جۆرە دزانەی زۆر بە ئاسانی دیار دەکرد و ئاشکرای دەکردن، یەکێک لە سیفەتە ھەرە گرنگەکانی ئەوە بووە کە زۆر پرسیاری کردووە لەبارەی تاوانەکە لە منداڵ و لاو و پیر و ئافرەت وە وازی لێیان نەدەھێنا تا تە تەواوی باوەڕی نەھێنابایە کە ئەو کەسە ھیچ نازانێت و ھیچ سەرەداوێکی تاوانەکەی لا نیە، لە بری مەرەکەب و کاغەزی تایبەتی پەنجەمۆر و پێوانە و وێنەگرتن ئەو گێچی (گەچ)ی بەکارھێناوە بۆ دیاری کردن و زانینی پێوانەی (پێ)ی تاوان باران گەچەکەی لەسەر زەوی ڕوو کردووە و داوای لە گومان لێکراوان کردووە بێن بە پێی خواسی (خاوس) لەسەر گەچەکە بوەستن و بە بەراود لەگەڵ ئەندازەی پێیەکانیان ئاشکرای کردوون.

بەقسەی ھەموو ئەوانەی ناسیویانە و بینیویانە چاوی تیژ بووە بەجۆرێک ڕادەی بینینی چاوەکانی لەوەدا بوو کە (لەسەر بەرد) شوێن پێی مرۆڤ و گیاندارانی دیار کردووە ھەروەھا لەسەر شەقامی قیڕتاویش شوێن پێی تاوانبارانی دۆزیوەتەوە، جاری وا ھەبووە تاوانبار لبادی (ڕایەخ-بەڕ)ی لە پێی خۆی ئاڵاندووە و لەسەر بەرد ڕۆیشتووە بەڵام ئەو ھەر شوێن پێی دۆزیوەتەوە.

عەلی عەبدوڵڵا تێبینی و ورد و زانیاری باشی ھەبووە لەبارەی قورسایی و کێشی ھەر کەسێک یان گیاندارێک بە بار یان بێ بار بووبێ زۆر گرنگی داوە بە شێوەی پێڵاو و پێوانەکەی و پاشپانی (پاژنە) و بزماردار و لووس و زبر بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی تاوان، ھەروەھا زۆر سوودی لە سروشت وەرگرتووە وەک ئاو و خاک و دار و گژوگیا و ئاڕاستەی با و ڕووبار و بەرزی و نزمی خاک و بەرد و کەستەک[١] و ...ھتد.

ئەو پیاوە دانایە زۆر ھاوکار و گوێڕایەڵی قسە و فەرمانەکانی ئەو پۆلیس و کەسانە بووە کە لەگەڵیدا بوون، لە کاتی بە دواداچوونی تاوانەکاندا زۆر ھێمن و بەئۆقرە بووە ئەو دڵی ماندووان برسی و ماڵدزراو و زۆرلێکراوانی داوەتەوە کە ھاوڕێی گەڕانەکانی بوون ئەوانەی کە یاوەر و یارمەتی دەری بوون زۆر ڕێزیان گرتووە و متمانەی تەواویان پێکردووە بە جۆرێک کە مسۆگەر بوون کە تاوانەکە ئاشکرا دەکات ئەگەر کاتەکەش درێژە بکێشێت بۆیە ھەر جارە و بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە لەگەڵیدا کاریان دەکرد.

ئەم پیاوە ماندوو نەناسە ببووە قەڵغان و سەنگەر لە دژی تاوانکاری بەجۆرێک دز و پیاو خراپان و ئەوانەش کە لە پشتیانەوە بوون سەد حیسابیان دەکرد ھەتا تاوانێکیان ئەنجام دەدا لە ترسی مام عەلی چەندین پیلان نەخشەی جۆراوجۆریان دەگرتە بەر لە ترسی ئەو زۆر جارانیش نەدەوێران ھیچ کارێک ئەنجام بدەن بەم جۆرە ببووە پارێزەر و بەربەستێکی سەخت و قەڵایەکی بەرزی بەرگری لە دژی دیاردەی تاوانکاری لە ناوچەکەدا.

ھەروەھا دەگێڕنەوە کە عەلی عەبدوڵڵا زۆر متمانەی بەخۆی ھەبووە و ئەگەر بیگوتبایە ئەوە دزە تەواو جەختی لەسەر دەکردەوە و پەشیمان نەدەبۆوە کە ئەوە دزەکەیە یان تاوانبارەکەیە، وە دز قوتار بوونیان نەبووە لە دەستی بەڵام زۆر جاران لەبەر زوڵم ستەمی ئاغاکان کە حکومەتی ئەو کات پشتیوانیان بوو و ڕۆژگارەکە بە ویستی ئەوان بوو دەبوایە عەلی پرسیان پێ بکات. ھیچ دزێکیش لە عەلی نەدەبۆوە چونکە زۆر کەم نەبا بەگرتی نەدەدان بەڵکو ماڵە دزیارییەکەی دەدایەوە خاوەنی و کێشەکەی چارەسەر دەکرد و کێشەکە گەورە بێت. ھەروەھا ڕاددەی وردی و بلیمەتی ئەو پیاوە بە جۆرێک بووە کە یەکێکی دەبینی یەکسەر دەیخوێندەوە و دەیزانی ڕەوشت و خوی چۆنە و چ کەسێکە..

وە بۆ بەدوا گەڕانی تاوانبارن و شوون ھەڵگرتنیان زۆر جاران بە ترومبێل (ئۆتۆمبێل) جێ شوونەکەی ھەڵدەگرت و بەدوایدا دەڕۆیی و دەیگووت: بڕۆ....ئەوە ڕۆیی واتا (شوونەکە ڕۆیی). دەرگای ترومبێلەکەی دانەدەخست ھەر بەدەم ڕۆیشتنەوە سەیری سەر زەوی و جێ شوونەکەی دەکرد زۆر جارانیش بە سواری وڵاخ یان بە پێیان (پیادە) چەندین کیلۆمەتری لە بەرزی و نزمی و ناو ئاو و بەرد و تەلان (گردی بچووک) دەبڕی بێ ئەوەی بێزار و ماندوو ببێت.

لە کۆتاییدا ئەو توانایەی کە عەلی شوون ھەڵگر ھەیبووە لە شوون ھەڵگرتن و ئاشکرا کردنی تاوانباران و دۆزینەوەیان بە بەکارھێنانی کەرستەی سەرەتایی وەک گەچ و ئارد وە ھەروەھا نەخوێندەواری و نەداری و خراپی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و دواکەوتوویی ئەو سەردەم و نەبوونی زانستیی سەردەمی، کەچی ئەو پێش سەردەمی خۆی کەوتووە و بە بیری ورد و لێکدانەوەی زانستییانە و بەڵگەداری بۆ ڕووداو و تاوانەکان کردووە، وەکو لێکۆڵەرێکی دەرچووی کۆلێژی پۆلیس و خاوەن بڕوانامە بووە. ھەروەھا وەکو فەرمانبەرێکی فەرمی دەوڵەت و چاکسازێکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی بووە.

بەڵام ئاخۆ ئەگەر ئەم پیاوە لەو سەردەمەی ئێمەدا بووایە لە ئاست فێڵ و پلان و نەخشەی وردی تاوان و ئەو ئامرازە پێشکەوتووانەی ئێستا، ئەو ڕۆڵی دەبوو یاخود تەنیا (پیاوی سەردەمی خۆی بوو)؟.

پەراوێز[دەستکاری]

  1. ^ کەستەک واتا گرمتە خۆڵی توند، یان پارچە خۆڵیک کە بەھۆی باران و تەڕ بوون ڕەق بوو بێت، یان کۆبوونەوەی بەفر بە دەوری یەکدا و دروست کردنی تۆپەڵە بەفرێک.

سەرچاوە[دەستکاری]

  • پەرتووکی (عەلی شوون ھەڵگر)، نووسین و ئامادەکردنی «تەحسین شێروانی».