سینووزیت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سینووزیت یا ساینوسایتس بریتییە لە ھەڵمسان و ھەو کردنی ناوپۆشی ھەر کام لە سینووسەکانی دۆراندۆری لووت.

وێنەی تیشکی ئیکس لە سینووسەکان

سینووسەکان ھڵۆڵییەکانی نێو ئێسکی سەرو کەپۆڵن. کە بە ھۆی پڕ بوون و گیرانەوە تووشی ھەو کردن و ئاییسان دەبن. ھەڵامەت، ھەستۆکی یان لاری سپینی لووت لە گرنگترین ھۆکارەکانی سینووزیتە. ئێش، یاوی کەم، لینجاوی پشت قوڕگ بە تایبەت لە بەیاناندا لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشیەیە. سەرئێشەی بەیانان، پاش ھەستان لە خەو، ڕاستەوخۆ ئاماژە بە تێکچوونی سینووسەکان دەکا. ھەروەھا ئێشی توێڵ لە کاتی دەست لێداندا، ئێشی شەویلکە و ددانەکانی لای سەروو، ئێش لە ناوچەی گۆناکان، ھەڵمسان و ئێشی شانەکانی دەور لووت و چاو، تێکچوونی بۆن بیستن و کپ بوونی لووت لە نیشانەکانی تری ئەم نەخۆشیەیە.

ھەروەھا ئازارێ کە بە ھۆی جگەرە کێشانەوە تووشی مژۆڵە وردەکانی ناو لووت و قوڕگ دەبێت و ژیان لە ژینگەیەکی ھەوایی پیسدا، دەبێتە ھۆی وشک بوونەوەی ناوپۆشی لووت و سینووسەکان و سەرھەڵدانی چڵک کردنی سینووسەکان. مەلە بەتایبەتی خۆ لووردانە نێو ئاو لە مەلەوانگە پیسەکاندا کە ئاو بە تەوژمەوە دەچێتە نێو ھڵۆڵایی سینووسەکانەوە، دەتوانێ ببێتە ھۆی چڵک کردنی سینووسەکان.

سینووزیتی ھەوایی دوابەدوای گۆڕانی پاڵەپەستۆی ھەوا لە فڕینی زۆر بەرزدا (سەفەر بە فڕۆکە)، بە ھۆی کپ بوونی کونی سینووسەکان لە کاتی پەستانی پێچەوانە و لینج ڕژانی سینووسەکان، بەدی دێت. زۆر جار لەوانەیە سینووزیتی ئالیرجی و سینووزیتی چڵکی بە ھەڵە پێکەوە تێکەڵ بکرێت، بەم بۆنەوە پزیشکان بە سینووزیتی ئالیرجی، ڕینیت ئالیرجیک دەڵێن و بۆ ئەم مەبەستە ناوی سینووزیت بەکار ناھێنن. ھەروەھا بڕێجار میگرەین و سەرئێشەی سینووزیتیش پێکەوە تێکەڵ دەکرێن.

پۆلێنی سینووزیت[دەستکاری]

بەپێی شوێن[دەستکاری]

ھەر لایەکی دەموچاو ٤ سینووسی ھەیە کە بریتین لە:

  1. سینووسی شەویلاک (maxillary sinuses): کەوتۆتە نێو ئێسکی گۆنا لە ژێر چاودا. سینووزیتی شەویلاک دەبێتە ھۆی ئێش و ئازار لە گۆناکاندا (ددان ئێشە و سەرئێشە).
  2. سینووسی توێڵ (ھەنیە) (frontal sinuses): کەوتۆتە سەر چاو لە نێو ئێسکی توێڵدا. ئەم سینووسانە تا تەمەنی حەفت ساڵان پێک نایەن. سینووزیتی ھەنیە دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ئێش و گوشار لە توێڵدا (سەر ئێشە)
  3. سینووسی ئیتمۆید (ethmoid sinuses): لە نێوان چاو و لووتدا و لە نێو ئێسکی ئیتمۆیددایە. سینووسەکانی ئیتمۆید و شەویلاک لە یەکەم ڕۆژی ژیانەوە بوونیان ھەیە و تا تەمەنی ١٨ ساڵان گەشە دەکەن.
  4. سینووسی سفنۆید (sphenoid sinuses): کەوتۆتە پشت سینووسی ئیتمۆید و چاو و لە ناوەڕاستی سەردا، لە ژێر ڕژێنی ھایپۆفیز دایە. ئەم سینووسانە لە تەمەنی پێگەیشتندا دەردەکەون و چڵک کردنیان دەبێتە ھۆی ئێش و گوشاری پشت چاو.

بەپێی ماوە[دەستکاری]

سینووزیت بەپێی ماوەی نەخۆشی بە سێ جۆر دابەش دەبێت: تووش (کەمتر لە ٤ حەفتە)، ژێر تووش (زۆرتر لە ٨ حەفتە) و کۆن (زۆرتر لە ٨ حەفتە).

سینووزیتی تووش[دەستکاری]

ڕەوت و ھۆکارەکانی نەخۆشی[دەستکاری]

ڕیشەی چڵکی تووشی سینووسەکان وەک چڵکی گوێیە. لە دۆخی ئاساییدا گوێی ناوەڕاست و سینووسەکان پاکژ و ستریلن، بەڵام بە پەنایانەوە لە دەم و لووتدا بەکتریای جۆراوجۆر دەژین، لە دۆخی ئاساییدا، مژۆڵە وردەکان لینجاوەکانی ناو لووت و ھەناسەڕێکان ڕاوەدەنێن. ئەم مژۆڵە وردانە بە جووڵەیێکی ڕیتمیک، وەک گەسکێکی مایکرۆسکۆپی، میکرۆبەکان، تەپ و تۆز و گەردیلەکانی ھەوا ڕادەگرن و بەرەو کونی لووت یان پشت قوڕگیان ڕاوەدەنێن. کاتێک ئەم مژۆڵانە باش کار ناکەن، چڵک دەتوانێ کۆ ببێتەوە. لەوانەیە دوای ھەڵامەتێکی ئاسایی، کەم کاری مژۆڵەکان ڕێ بە بەکتریاکان بدا کە ناوپۆشی سینووسەکان داگیر بکەن و سینووسەکان تووشی چڵک بکەن.

بەرگری[دەستکاری]

بۆ بەرگری لە نەخۆشی سینووزیت لە کاتی ھەڵامەت یان ھەڵمەتە ئالیرجییەکان، دەبێ لە پەستا سینووسەکان پاک بکرێتەوە:

  • کەڵک وەرگرتن لە دەرمانەکانی دژەکپی خۆراکی و تنۆکە یان سپرەی کپی لووت (بۆ ماوەیەکی کورت)
  • دالووشین و پاک کردنەوەی لووت
  • خواردنەوەی ئاو لە ڕێژەیەکی زۆردا بۆ تراو کردنەوەی لینجاوەکانی لووت
  • پارێز لە سەفەری ھەوایی لە کاتی ھەلامەت و ئالیرجیدا
  • پارێز لە ماکە ئالیرجیزاکان لە کاتی ئالیرجی و سوود وەرگرتن لە ئانتی ھیستامین و سپرەی لووت بۆ ڕاگرتنی ئالیرجی

ڕەچاو کردنی ئەم خاڵانەش:

  • شێدار کردنی ھەوای ناو ماڵ
  • بە کار ھێنانی ئەو گەسکانەی کە فیلتەری ھەوایان ھەیە
  • ڕانەگرتنی ئاژەڵی ناوماڵی
  • ئەگەر نەخۆشییەکی ئالێرجیلە ئارادایە، خولێکی دەرمانی ئالیرجی بە شێوەی وەشاندن
  • نەکێشانی جگەرە
  • بەکار نەھێنانی ئەلکول
  • بەکار ھێنانی سپرەی کپی لووت پێش مەلە کردن

نیشانەکان[دەستکاری]

نیشانە ھاوبەشەکان بریتین لە: سەرئێشە، ئێشی دەموچاو و تا دوبەدوای نەخۆشی ڤایرووسی کۆئەندامی ھەناسە (سەروو).

لە پشکنینی فیزیکیدا: یاو، لینجاو ڕژانی لووت و ھەستۆکی سینووسەکان بەرچاو دەکەوێت. پشکنین بە تیشکی ئیکس لە سینووسەکان (water's view)و کشتی لینجاوی سینووسەکان ئەنجامەکان پشت ڕاست دەکاتەوە.

چارەسەری[دەستکاری]

بۆ چارەسەری سینووزیتی تووش دەبێ لە پێشدا بە دەرمانی دژەچڵکی سیستەمیک وەک پێنسیلین، چڵکی سینووسەکان لەناو برێن، ئەمجار ڕێکانی ھەناسە بۆ دەرکردنی لینجاوەکان بە دەرمانی دژەکپ(vasoconstrictor) ھەراو بکرێن. ئەگەر چڵک لە سینووسەکان ڕیشەکەن نەبوو، پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بچووکە بە ناوی لاواژا (lavage)، کە لەودا سینووسەکان بە ئاو یان خوێواو دەشۆردرێنەوە.

سینووزیتی کۆن[دەستکاری]

ڕەوت و ھۆکارەکانی نەخۆشی[دەستکاری]

ئەم جۆرە سینووزیتە لەوانەیە بە شوێن ھەڵمەتە لەسەریەکەکانی سینووزیت ڕووبدات، بەتایبەتی لە کەموکووڕییەکانی کۆئەندامی ھەناسە یان گیرانی ڕێکان بە ھۆی پولیپەوە.

بەرگری[دەستکاری]

چارەسەرییەکانی سینووزیتی تووش، باشترین شێوەی بەرگرییە لە سینووزیتی کۆن.

نیشانەکان[دەستکاری]

نیشانەکانی سینووزیتی کۆنبوو بریتییە لە: ھەڵامەت باری، چڵمی چڵکاوی لووت، کێشەی ھەناسەیی، تێکچوونی ھەستی بۆن و جاربەجاریش سەرئێشە.

چارەسەری[دەستکاری]

بۆ چارەسەری سینووزیتی کۆنبوو لە پێشدا دەرمانی دژەچڵک (وەک کواموکسی کڵاو) و کشتی وردەئۆرگانیزمەکان بەکار دەھێنین و ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو نەشتەرگەری لاواژ وەک دوامین بژاردە ھەڵدەبژێرین.

چارەسەری لە پزیشکی کۆندا[دەستکاری]

  1. تکاندنی ڕۆنی وەنەوشە یان ڕەشکە (سسیاوڵە) یان تێکەڵاوی (ھەنگوین و ئارەقی نەعنا) لە لووت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، ڕۆژێ دوو تنۆکە (ھەڵبەت نەختێ ئێش و کزەی ھەیە!)
  2. ھەڵسوانی ڕۆنی وەنەوشە یان ڕەشکە یان بایەمی تاڵ یان ڕۆنی زەیتوون لە پێستی سەر سینووسەکان
  3. بغوردی نەعنا و ئۆکالیپتووس و ھەزبۆ
  4. سێو ڕۆژێ سێ دەنک
  5. دۆژی گشتی+ دۆژی سینووسەکان (حەجامەت)
  6. بەکار ھێنانی زەروو

سەرچاوە[دەستکاری]

[[١]]