دەروازە:پۆڵەندا/دەستپێک/١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پۆڵەندا یان پۆڵۆنیا، بە فەرمی کۆماری پۆڵەندا (بە زمانی پۆڵەندی: Rzeczpospolita Polska) وڵاتێکە لە ناوەڕاستی ئەورووپا.لەگەڵ ئەڵمانیا، چیک، سلۆڤاکیا، ئوکراینا، بیلاڕووس و لیتوانیا ھاوسنوورە. ڕووبەری پۆڵەندا ٣١٢،٦٧٩ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و دانیشتووانی پۆڵەندا زیاتر لە ٣٨،٠٠٠،٠٠٠ کەسن. ناوی ئەم وڵاتە لە ناوی نەتەوەکەیانەوە گیراوە کە لە زمانی خۆیاندا بە تاکێکی نەتەوەکەیان دەڵێن Polak و بە کۆ دەڵێن Polacy. لە بڕێک لە زمانەکاندا وەک فارسی ناوی ئەم وڵاتە لە نەتەوەی Lechici وەرگیراوە کە لە ڕابردوودا لەو ناوچەیەدا نیشتەجێ بوونە. لە فارسیدا بەم وڵاتە «لھستان» (لەھستان) دەڵێن. لە ساڵی ١٠٢٥ خرۆبەری (Chrobry) وەک یەکەم پاشای وڵات، دەسەڵاتی پۆڵەندای گرتەدەست، زۆرینەی بەشەکانی پۆڵەندا لە ساڵی ١١٦٣ خرایە سەر ئیمپراتۆریەتی پیرۆزی ڕۆمان، ساڵی ١٢٤١ ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی دوژمنکارییەکی سەخت بووەوە کە ئەویش ھێرشی مەغۆلەکان بوو بۆ سەر پۆڵەندا بە سەرکردایەتی باتۆخان، مەغۆلەکان میرنشینەکانی باشووریان خاپوورکرد. ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ئەڵمانی - پۆڵەندی لەگەڵ مەغۆلەکان سوودی نەبوو لەشەڕی لیکنیتچادا، دوای ئەو کێشانەی کە پۆڵەندا تووشی بوو، لەسەدەی پانزەھەم ھەوڵی یەکخستنەوەی ئەم وڵاتە درا. ساڵی ١٤٤٧ پۆڵەندا لەگەڵ لیتوانیا یەکیگرت. پۆڵەندا سێجار دابەشکراوە، ئەویش لەساڵانی ١٧٧٢ و ١٧٩٣ و ١٧٩٥، دوای ئەوەی ناپلیۆن شکستی ھێنا دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگ کە نەمسا، پرووسیا و ڕووسیا بوون لە ساڵی ١٨١٥ ڕێکەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆڵەندا، بەم شێوەیە پۆڵەندییەکان بوونە قوربانی و بە بێ دەوڵەت مانەوە تا ساڵی ١٩١٦ شانشینی پۆڵەندا ڕاگەیەنرا.