بۆ ناوەڕۆک بازبدە

دەروازە:زمان/دەستپێک/١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

زمان کۆمەڵێک نیشانەی بڕیاردراوی ڕێسامەندە لە دەنگەکان یا نیشانەکانی گوتن و نووسین، کە لە لایەن کۆمەڵێک مرۆڤی سەر بە تاقمێکی کۆمەڵایەتی یا فەرھەنگییەوە بە مەبەستی دامەزراندنی پێوەندی (تێگەیاندن و تێگەیشتن) بەکار دێت. ئەرکی زمان پەیوەندیگرتنە و دەربڕینی ڕا و ھەستی دەروون. ئەکرێ بڵێین زمان سیستەمێکی ئاڵۆزە کە مرۆڤ بۆ ڕاگەیێنی بەکاری ئەبا. بەو زمانەی کە مرۆڤ پێ قسە ئەکا ئەوترێ زمانی سروشتی. ئەمڕۆکە نزیکەی سێ تا شەش ھەزار زمانی سروشتی بوونی ھەیە، بەڵام نیوەیان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە. ھەروەھا، کۆدەکان و جۆرەکانی تری زمانگەلی دەستکار، وەکوو ئەوانەی وا بۆ بەرنامەسازیی کۆمپیوتەر بەکار دێن ژی، پیان ئەوترێ زمان. زمان لەم ڕاستێنەیەدا، سیستەمێکە پێکھاتوو لە نیشانەکان بۆ بەکۆدکردن و لەکۆددەرھێنانی زانیارییەکان. لە کوردیدا، وشەی "زمان" بۆ ئاماژە بەو ئەندامە گۆشتییە بزۆزەی ناو دەمیش بەکار دەبردرێ کە لە زۆربەی بڕبڕەداراندا ئەرکی ناسینەوەی تامگەلی جۆراوجۆری لە ئەستۆیە و دەوری سەرەکیی ھەیە لە قسەکردندا (زمان (ئەندام) ببینە). ئەم پێوەندییە خوازەیییە لە زۆربەی زمانەکاندا ھەیە (بۆ نموونە، وشەی languageی زمانی ئینگلیزی لە وشەی linguaی لاتینەوە گیراوە کە بە مانای زمانی ناو دەمە)، و بەڵگەی گرنگایەتیی مێژوییی زمانی زارەکییە زیاتر ....