دەروازە:ئابووری/دەستپێک/١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئابوور یا ئابووری (بە ئینگلیزی: Economy) بریتییە لە بەرھەمھێنان، بەشینەوە یان گۆڕێنەوە و، بەکاربردنی شمەک و ڕاژە لە ناوچەیەکی جوگرافی. لەم پێناسەیەدا، شمەک و ڕاژە ڕادەدارن و، ئەو کارانەی کە لەسەریان دەکرێت (بەرھەمھێنان، بەشێنەوە، گۆڕێنەوە و، بەکاربردن) لەلایەن بریکارانی جیاجیاوە دەکرێن. بریکار دەتوانێت تاکەکەس بێت، ڕێکخراوە بێت، کاسبییەکی تایبەت بێت، یا تەنانەت حکوومەت بێت. ئابووری وڵاتان زور جار لە دوو کەرتی گشتی و کەرتی خۆوەندی پێکدێت لە ڕابردوو، وا دەزانرا کە تەنیا سەرچاوەگەلی سروشتی، کار و سەرمایە سنووری ئابوور دیاری دەکەن. لە وەھا ڕوانگەیەک تەکنۆلۆژیا (کە دەتوانێت پرۆسەکان ئۆتۆماتیک و خێراتر بکاتەوە و، ئەو بڕە پارەیە کە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان خەرج دەکرێت داشکێنێت) و نوێکاری (بەرھەمگەلی نوێ، بازاڕگەلی نوێ) لەبەرچاو نەگیرابوون. ئابووری ھەر ناوچەیەک ئاکامی کۆمەڵێک پێواژۆیە و بەستراوەتەوە بە چاند، مێژوو، پەروەردە، گەشەی تەکنۆلۆژیایی، ڕێکخراویی کۆمەڵایەتی، پێکھاتەی سیاسی و، سیستەمی یاساییی ناوچەکەوە، ھەروەھا جوگرافیا، سەرچاوە سروشتییەکان و، ژینگەناسیش لە ھۆکارگەلی سەرەکین. کۆی ئەم ھۆکارانە پێکھێنەری ئەو بەستێن و ھەلومەرجەن کە ئابوور تێیدا کار دەکات.