جەللاد (شیعر)
ڕواڵەت
جەللاد پارچە شیعرێک لە عەلی حەسەنیانییە کە لە ساڵی ۱۹٥۹ نووسراوە. لەم شیعرە وەکوو یەکەم شیعری ئازاد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ناو براوەتەوە.[١] ھەلومەرجی ژیانی شاعیر، خوێندن لە تاران، تێکەڵ بوون لەگەڵ ڕووناکبیران و چالاکانی کورد، ھەروەھا ئاشنا بوون لەگەڵ شیعری نوێی کوردی، بوون بە ھەوێنی خوڵقانی ئەم بەرھەمە.[٢]
- وەرە جەللاد!
- وەرە گیانم ھەموو لەت لەت بکە تاکوو بزانی چۆنە ئیمانم
- ئەتۆ جەللاد!
- ئەگەر دەربێنی ئێسکانم
- ئەگەر لەبەر چاوم بکووژی گشت عەزیزانم
- بە وەڵڵاھی
- بە خاکی پاکی کوردستان
- ئەمن کوردم، قەتیش ناڵێم پەشیمانم…
- وەرە جەللاد!
- وەرە ئەی خوێنمژی بەدکار!
- دەتوانی بیخەیە ئەستۆم گوریسی دار
- ئەوە شانازییە بۆ من
- بەوەی ناکووژی ئیمانم، ئەوە سەربەزییە بۆ من…
- وەرە جەللاد!
- وەرە ئەی دوژمن، ئەی بێداد!
- لەبەر چی مەعتەلی، ئەی بۆچی نامکووژی؟
- بە زیندوویی لە گۆڕا بۆچی نامنێژی؟
- قەسەم بەو کۆت و زنجیرە
- بە ھەرچی دیل و یەخسیرە
- بە ئاواتم
- بە ئیمانم
- بە ئامانجم
- بە پەیمانم
- بە خوێنی پاکی ئەو کوردەی لە ڕێی ئاواتی کوژراوە
- قەسەم بەم خاکە خوێنینە :قەسەم بەم ژینە شێواوە
- ئەگەر دەربێنی چاوانم
- ئەگەر بشکێنی ئێسکانم
- بە وەڵڵاھی
- بە خاکی پاکی کوردستان
- ئەمن کوردم، قەتیش ناڵێم پەشیمانم…
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ کێ ڕەچەی شکاند؟ ڤەژینبوکس
- ^ ھاوار (عەلی حەسەنیانی )، خاک تیڤی، زاھیر لەتیف کەریم، ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٩ بڵاو کراوەتەوە.
- ^ جەللاد، ڤەژینبوکس
- دیوانی گوناە، چاپی یەکەم، ھاوینی ١٣٩٦، چاپەمەنی مانگ