توانا ئەمین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
توانا جەبار حەمەئەمین
لەدایکبوون (١٩٨١-١١-0١) ١ی تشرینی دووەمی ١٩٨١ (تەمەن ٣٧)
سلێمانی-گەرەکی خەبات
نیشتەجێسوید-ستۆکھۆڵم
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترتوانا ئەمین
پەروەردەھای سکولان
پیشەنووسەر، چیرۆکنووس، وەرگێڕ
ساڵانی چالاکی١٩٩٩-ئێستا
منداڵەکانھەرمێ
خەڵاتەکان٨ خەڵات لە بوارە جیاجیاکاندا
ماڵپەڕ
https://www.facebook.com/PageTwanaAmin/?ref=hl

توانا ئەمین لەدایکبووی ساڵی (١٩٨١ لە شاری سلێمانیچیرۆکنووس و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕە. لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تێکست بووە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، لە ساڵانی ٢٠٠٥–٢٠٠٧ سەرپەرشتیاری گشتیی بەرنامە فەرھەنگییەکانی ڕادیۆ نەوا بووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ سەرپەرشتیاری ھەفتەنامەی فەرھەنگیی- کلتووری پەیک بووە و خەڵاتی باشترین چیرۆکی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە بەشی زمان لە رۆژنامەی ئاوێنە کاریکردووە و لە ھەمان ساڵدا خەڵاتی باشترین چیرۆکنووسانی سلێمانی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠١٠ خەڵاتی یەکەمی باشترین چیرۆکی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە سلێمانی وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠١١ خەڵاتی باشترین لاوی ساڵی بۆ (چیرۆک) لە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە ھەولێر وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠١١ بۆ جاری سێیەم و لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ جاری چوارەم و لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ جاری پێنجەم خەڵاتی باشترین چیرۆکی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٩٩وە بەردەوام لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕە کوردی و فارسییە جدییە ئەدەبیی و ھونەرییەکاندا لێکۆڵینەوە و وتار و خوێندنەوە و چیرۆکی نوسیووە و ئێستایش ئەندامی کارای فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی جیھانیی و بەڕێوبەری نووسینی گۆڤاری کۆنسێپتـە کە وەرزەگۆڤارێکی ڕەخنەیی فیکرییە.[١]

بەرھەمەکانی توانا ئەمین[دەستکاری]

پتر لە ٢٠ کتێبی لە بوارەکانی چیرۆک، لێکۆڵێنەوە و وەرگێرانی ھەیە و ئەمانەی لای خوارەوە نموونەیەک لە کتێبە چاپکراوەکانێتی:

وێنەی بەشێک لە بەرھەمە چاپکراوەکانی توانا ئەمین

خودا لە سەری مرۆڤدا[دەستکاری]

«خودا لە سەری مرۆڤدا» ناوی کتێبێکی توانا ئەمینـە کە ساڵی ٢٠١٢ چاپ بووە و بریتییە لە چەند وتووێژکی فیکریی لەمەڕ ھەستیارترین و پڕ پرۆبلەماتیکترین کێشەی فەلسەفیی لە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتیدا کە: خودایە.. خودا کێیە.. ؟ خودا چییە.. ؟ خودا لە کوێیە.. ؟ کێ ئەم کۆنسێپتە پێناسە دەکات و چیی ڕۆڵی دەداتێ و چۆن بوو بە خودا؟ ئینسان دەتوانێ بێ جەبەڕووتی ئەم چەمکە، ئەخلاقیانە مامەڵەی خۆی و مامەڵەی جیھان و مامەڵەییەکتر بکات؟ کتێبەکە دەیەوێت دەستیکەم بەرسڤی ئەم پرسیارانەی چنگ بخات بە لێکۆڵینەوە و پێشەکییەکی درێژ و گفتۆگۆی چەندین تیۆلۆگ و ڕوناکبیری ئاینی و ئاتیست و پسپۆڕی فیزکیی و تەنانەت قەشە و مەلاش.

لەسەر بەرگی دواوەی کتێبەکە ھاتووە: (لە کۆتاییدا ئەم کتێبە ناتوانێ ئیمانی کەس بە بوونی (خودا) دامەزرێنێ یان ڕەتی بکاتەوە، ئەمە کتێبی دوودڵییە و کۆمەکی دڵنیایی بە کەس ناکات. ھەرکەسێک پێی وا بێت؛ دەتوانێت لەناو ئەم کاغەزانەی بەردەستی دا (خودا) بدۆزێتەوە یان ونی بکات، باشتر وایە زەحمەتی خوێندنەوەی ئەم کتێبە نەخاتە بەر خۆی!)[٢]

سەگێک لە ئاوێنەدا[دەستکاری]

ئەم کتێبە سەرجەمی چیرۆک و تێکستەکانی توانا ئەمینی لە خۆی گرتووە ساڵی ٢٠١٢ چاپ بووە و چیرۆکنووس شێرزاد حەسەن پێشەکی بۆ نوسیووە، لە بەشێکی ئەو پێشەکییەدا ھاتووە: (من لە ئەدەبی کوردیدا جاروبار لاساییکەرەوەم ناسیوەتەوە، جا چ لاسایی نووسەرانی بیانی بووبێت لە ڕۆژھەڵات یان نووسەرانی خۆمان، وەلێ توانا خاوەن پەنجەمۆری خۆیەتی، ئەو ھەمیشە کەڵک لە ئەزموونە زۆر تایبەتییەکانی خۆی وەردەگرێت و دەقی ناوازەیان لێ دەسازێنێت، گەشتەکانی ڕووەو وڵاتانی دیکە، ڕۆحێکی دیکەی پێ بەخشیووە کە کەم نووسەری کورد وا خێرا دەرەقەتی نووسینەوەی دەکەوێت، توانا ئەمین بۆ من لە نەوەی نوێدا نووسەرێکی تازەگەرە، بە دونیایەکم دەناسێنێت کە من دەیبینم و ھەستی پێ دەکەم، وەلێ ھەرگیز بەر لەو چیرۆکانە نەمتوانیووە بەو شێوەیە لەسەری ڕابمێنم).

ئەم کتێبە بە دیزاین و بەرگسازییەکی نوێ و بە کوالێکتێکی بەرزەوە لە کۆمپانیایەکی چاپی ئێرانیی بە سپۆنسەری ئاسیاسێڵ چاپکراوە.[٣]

فڕین لە قەفەسێکی کراوەدا[دەستکاری]

ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی ڕێکخراوی کۆنسێپت بۆ پەرەپێدانی کلتورییـە و ساڵی ٢٠١٢ چاپ بووە، بریتییە لە کۆمەڵێ وتار و لێکۆڵینەوە وەک ڕەشنووسی چەند کارێکی ئەدەبیی لەمەڕ: ھیومانیزم، جوانیی، ئاوێنە، خۆکوشتن، ماسک، غەمگینی، فڕین،... و چەند تەوەرێکی تر دەدوێت، لەسەر بەرگی دواوەی کتێبەکە نوسراوە: (پێچەوانەی باوەڕی باو، من غەمگینیی وەک مەقامێکی ڕۆحیی سەیر دەکەم؛ غەمگینیی ڕاستەقینە، تاریکی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ئیشراق.. نورێکە تێکەڵ بە عیرفان.. لە غەمگینییدا چاونەترسییەکی کۆسمۆیی و بێ باکییەکی سەرسوڕھێنەر بەرامبەر بە ژیان و مەرگ ھەیە.. ئەم وا دەکات سنگ بنێیت بە دونیاوە و باکت بە ھیچ نەبێ... بونیام دەبێ عومرێک خەرجبدا تا دەتوانێ لەم پاژە قووڵ و ناوەکییەی ناو وجودی خۆی کۆمەک وەربگرێت. ھێشتا زووە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە سەختەی؛ کە ئایا ژیان لە ئازاری پەتییدا گەیشتنە بە کەماڵ یان نا؟ لێ دواجار بە باوەڕی چکۆلانەی من؛ ئەمە کورت ترین، بەڵام زەحمەت ترین، ڕێی گەیشتنی ئینسانە بە خۆی و بە خوداش..)[٤]

کچی ناو تابلۆکە[دەستکاری]

ئەم کتێبە کۆمەڵە چیرۆکێکی ١٣٠ لاپەڕەیی توانا ئەمینـە و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩دا یانەی قەڵەم لە سلێمانی بەچاپی گەیاندووە و ڕۆشنبیر و رۆماننووس کاروان عومەر کاکەسور پێشەکیی بۆ نوسیووە، لە بەشێکی ئەو پێشەکییەدا ھاتووە:

(نووسین دروسکردنی دنیا نییە، بەڵکو ھەوڵێکە بۆ تێکشکاندنی ئەم دنیایە، ئەمە باوەڕێکە پێموایە لە ئەنجامی خویندنەوەیەکی ئەدەبی نەوەی دووەمی دوای ڕاپەڕینەوە پێیدەگەین کە توانا ئەمین یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی، ئەو چیرۆکنووسە ئەوەندەی مەبەستێتی دنیای خۆی وێران بکات، ئەوەندە لە ھەوڵی دروستکردنیدا نییە.. !)[٥]

مەنفا و خوێندنەوە[دەستکاری]

ئەم کتێبە ھەوڵێکی تری توانا ئەمینـە و قەبارەی ٣٨٧ لاپەڕەیە و لەلایەن (ڕەخنەی چاودێر) ـەوە ساڵی ٢٠٠٨ چاپ بووە، لە دوو توێی ئەم کتێبەدا گفتوگۆی ڕوناکبیر و نووسەرە گەورەکانی کورد لەمەڕ مەنفا، قەیرانی خوێندنەوە، کێشەی ڕۆمانی کوردی، پەیوەندی نێوان مێژوو و ئەدەب و چەند باسێکی تری زیندووی دونیای ئەدەبی کوردی دەخوێنیتەوە. لەو رۆشنبیرە کوردانەی لەم کتێبەدا بەشدارن: شێرکۆ بێکەس، ھیوا قادر، ئازاد حەمە، مەریوان وریا قانع، جەمال غەمبار، دلاوەر قەرەداغی، د. ئەحمەدی مەلا، رەوف بێگەرد، لەتیف ھەڵمەت، ئارام کاکەی فەلاح و چەندین نووسەری ترن.[٦]

پەیکەری فەرھاد[دەستکاری]

کتێبێکی ١٩٢ لاپەڕەییە دەزگای ئاراس ساڵی ٢٠٠٩ بە چاپی گەیاندووە، ئەم ڕۆمانە لە نوسینی رۆماننووسی ھاوچەرخی فارس عەباس مەعرووفییە، ئەو ڕۆماننووسە بە یەکێک لە پر خوێنەرترین نوسەرانی ئێرانی دەژمێردرێت، ئەم رۆمانەی پەیکەری فەرھاد بەڕای رۆشنبیرانی ئێرانی خۆیانەوە سەختترین کارێتی… توانا ئەمین ئەم رۆمانەی لە فارسی-یەوە وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و ڕۆماننووس و ڕوناکبیری خۆرھەڵاتی کوردستانی عەتا نەھایی پێیداچۆتەوەو لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری لەسەر نوسیووە کە ھەر لەگەڵ کتێبەکەدا چاپ ببووە، لەو لێکۆڵینەوەیەدا ھاتووە:

(بێگومان وەرگێڕانی ڕۆمانێکی وەک پەیکەری فەرھاد کە تاکبێژییەکی دەروونی و گێڕانەوەویەکی پچرپچڕی زھنییە، بۆ ھەموو وەرگێڕێک کارێکی گران و ریسکێکی گەورەیە، زمانی ئەم بەرھەمە کارکردێکی شیعری ھەیە و بەپێچەوانەی زمانی ئینشایی زۆر چیرۆک و رۆمانی ترەوەو کە تەنیا ئەرکی ڕاگوێزانی مانا و پەیامی لە ئەستۆیە، خۆی داھێنەری ماناو پەیامیشە، بەشی زۆری رووداوەکانی ئەم جۆرە چیرۆک و ڕۆمانانە وەک شیعر ڕووداوێکن کە لە زمانی نووسەرەکانیاندا ڕوودەدەن و کەم وەڕگێڕ دەتوانێ بە تەواوی و بە تێرو تەسەلی لە زمانێکی تردا دووبارەیان بکاتەوە، من دڵنیام کە توانا ئەمین ئاگای لەم ڕاستیانەوە لە ترسناکی کارەکەی بووە، بەڵام وەک وەڕگێڕێکی بوێر بەوپەڕی جیدییەتەوە ھەوڵی داوەو بەقەد توانای خۆی و مەجالی خۆبەدەستەوەدانی ڕۆمانەکە بۆ بوون بە کوردی لە ڕیسکی کارەکەی کەمکردۆتەوە، ئەو ماندوو نەبێ و خوێنەرێش سوود لە کارەکە وەربگرێت)[٧]

پیاسەیەک پێکەوە.. پیاسەیەک بەتەنیا[دەستکاری]

کتێبێکی ٢٠٠ لاپەڕەیی توانا ئەمینـە و پرۆژەی کتێبی یانەی قەڵەم ساڵی ٢٠٠٨ بە چاپی گەیاندووە، ئەم کتێبە بەشێک لەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئەدەبیی-سۆسیۆلۆژیانەیە کە لەو ساڵانەی دوایدا نووسەر پێیان ڕاگەیشتووە و نوسیوونی.. ئاوات محەممەدی نوسەر لە خوێندنەوەیەکیدا بۆ ئەو کتێبە لە ڕۆژنامەی کوردستان راپۆرتدا نوسیوێتی: (ئەم کتێبە لە خوێندنەوەی ئەفسانەوە تاسەر لیکۆڵینەوەی کۆمەڵناسیانە لەوێوە بۆ دەقی ئەندێشەیی و سەردان لە فەلسەفەو ڕامان لە دونیای کلاسیکە، ئەم کتێبە وەک ئەوە وایە پێکەوە پیاسە بکەین و لەسەر بابەتێک رێکنەکەوین بۆ گفتوگۆ).

لەو کتێبەدا لەبارەی پەیوەندی نێوان خۆتەقاندنەوەو جوانی، مەحوی و کوفر، وێکچوون لە نێوان شارو لەشفروشدا، پێکەنین و گێڕانەوە و گەلێک بابەتی دییەوە خوێندنەوەی نامیتۆدییانە دەخوێنیتەوە. لەسەر بەرگی کتێبەکە نووسراوە:(خوێنەری خۆشەویست.. من تـۆ بام ئەم کتێبەم نەدەخوێندەوە.. ئەم بەیاز و دەستنووسانە ھیچ نین.. ! جگە لە ڕوانینێکی سەرپێیی من بۆ تۆێژەڵگەلێکی ژیان و ھەندێ دیاردە و دەرکەوتە و چەمکی ناو ئەو شێواییە، ئەوەی لەبەردەستتدایە؛ کتێبی ڕاڤە و شیکارییە میتۆدییەکان نییە، ھێندەی گواستنەوەیەکی تیژتێپەڕی نیگای سوژەیەکە لەمەڕ ئۆبژێکتگەلێک لە چاوەوە بۆ کاغەز)[٨]

کەوتن[دەستکاری]

ئەم کتیبە لە نوووسینی نووسەری فرەنسی و براوەی خەڵاتی نۆبێڵ (ئەلبێر کامۆ)یە و توانا ئەمین وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و بەیان سەلمان پێداچۆتەوە و بەراوردی کردووە بە دەقە فرانسییەکەی، لە ڕوبەرگی کوردی کتێبەکەدا ھاتووە:(ئینسان بوونەوەرێکی تەنیایە… ئینسان بوونەوەرێکی گوناھبارە… کورتەی مانفێستی گشتی کامۆیە لەم کتێبەدا، بەیادخستنەوەی ئەوەی گوناھباری لەم کارەی کامۆدا، شتێک نییە ھێزێکی میتافیزیکی دابێتی بەشانیدا وەک ئەوەی لە ئەفسانەی سیزیفدا وێنای دەکات، بە پێچەوانەوە لەم کارەدا مرۆڤ خۆی تاوان لە کۆڵی خۆی و ھاوچەشنەکانی دەنێت، بەجۆرێ لە کۆتاییدا ھەموومان پێش زەمینەین بۆ تاوانی کەسێکی تر و بەم جۆرە لە ڕوودانی ھەر تاوانێکدا دەستی ھەموومان وەکو ھێڵێکی مائیل ھەیە)

ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی ناوەندی ئاوێرە و ساڵی ٢٠١٣ چاپ بووە.[٩]

کوندەپەپوی کوێر[دەستکاری]

(کوندەپەپووی کوێر) لە نووسینی نووسەری بەناوبانگی ئێرانی (سادق ھیدایەت) ـە و توانا ئەمین وەریگێڕاوە، ئەم ڕۆمانە سوریالی و کورت، بەڵام قووڵ و قژەژە، لە ئەدەبیاتی فارسیدا وەک شاکارێکی سەدەی بیستی خۆیان دەیناسێنن؛ ئەندرێ بریتۆن، باوکی ڕۆحیی سوریالیزم گوتبوی: (ئەگەر شتێک ھەبێت بوێرین ناوی شاکاری لێ بنێین؛ ئەوە ئەم کتێبەیە)... ڕۆمانەکە گێڕانەوەیەکی تاکبێژی پچڕپچڕی کەسێکە لە دۆخێکی ڕۆحیی ماندوودا؛ کەسێک کە ڕۆحی بریندارە و بەردەوام لە ئازاردا دەژی؛ لەو ئازارانەی ھەروەک خۆی دەڵێت: "ناتوانی لەلای کەس باسی بکەیت"! ئەوەی خوێ دەکاتە برینی ئەم پیاوەوە؛ بینینی چاوانی ئەفسوناویی کچێکە لە ئێوارەیەکی مانگی گوڵاندا… ئەم چاوانە؛ ژیانی کاراکتەرەکە سەرەوژێر ھەڵدەگێڕێتەوە.

جێی یادھێنانەوەیە کە بڵێین ئەم ڕۆمانە بۆ زمانەکانی: عەرەبی، تورکی، ڕووسی، ئینگلیزی، فرەنسی، ئیسپانی و چەند زمانێکی تر وەرگێڕدراوە و بەبایەخەوە مشتومڕی گەورەی ئەدەبی ناوەتەوە، تەنانەت دەزگای بڵاوکراوە ئینگلیزییەکەی لەسەر بەرگی کتێبەکە نووسیوێتی: (مەزنترین ڕۆمانی ئەدەبی فارسی سەدەی بیست). لە پێشەکی کوردی ئەم کتێبەیشدا وەرگێڕ نووسیویەتی: (وەرگێڕانی ئەم کارە بۆ من؛ یەکێک بوو لە پرۆژە نیوەناچڵەکانی کوردستان کە لەگەڵ خۆمدا ھێنابووم، مانگی ڕابردوو کە پشووی خوێندن بوو، ھەلی دامێ؛ شێتانە کارەکە تەواو بکەم… ڕەنگە بیرکردنەوە لە تەواوکردنی ئەم ئیشە پەیوەندی بەو دۆخە ھیدایەتییەوە ھەبێ، کە ھەمیشە خۆم تێیدا دەژیم… ھیوادارم ھەرچی زووە ئەم کتێبە نایابە، وەک شاکارێکی ئێرانی و وەک ھەوڵێکی بچووکی بەندە، بگاتە دەست خوێنەرانی کورد).[١٠]

مینای شین[دەستکاری]

کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە ئەدەبیی و ئیستاتیکیی توانا ئەمین‌ـە، کە توێژەری فەلسەفە بەکر عەلی، پێشەکی بۆ نووسیوە، لەو ناساندنەی نێو ئەم پێشەکییەدا لەبارەی ئەم کتێبەوە، نووسراوە: "ئەم چەند وتارەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدایە؛ ھەوڵنووسینێکە بۆ دۆزینەوەی ئەخلاقێکی ئیستاتیکی کە تا دێت مرۆڤی مۆدێرنە ونتری دەکات. بێھۆ نییە زۆرجار نووسەرەکەی وەک ڕەشبین و غەمگین ناسێنراوە، لەراستیشدا ئەدەبیاتی غەمگین؛ ھیچ کات بریتی نەبووە لە ئەدەبیاتی تێکشکێنەر و نیھلیستی ژیان، بەپێچەوانەوە غەمگینەکان ئەو کەسانەن، کە ھەڵگری پەژارەیەکی قووڵترن بۆ شادبوونی مرۆڤ". بەکر عەلی لەبارەی توانا ئەمین دەڵێت "توانا ئەمین، یەکێک لەو مەشقکارە غەمگینانەیە وەک شۆپنھاوەر و سیۆران، بەڵام لە نێوبەندییەکی فەرھەنگییانەی جیاوازدا. یەکێک لە تەکنیکەکانی واڵاکردنەوەی واقیع بریتییە؛ لە خەیاڵ، چونکە لەکوێدا ریال ھەبێت لەوێدا پێشتر خەیاڵ ھەبووە، بۆیە رێکەوت نییە زۆرینەی ھەوڵەکانی نێو ئەم کتێبە، بۆ ناسینەوەی (خەیاڵ) و بیرھێنانەوەمانە وەک شتێکی فەرامۆشکراو". مینای شین، لە قەبارەیەکی گەورە و لە دوتوێی ٤٨٠ لاپەڕەدا بە بەرگی رەق و لە چاپێکی نایابدا، ناوەندی ئاوێر چاپی کردووە.[١١]

پەیامبەر[دەستکاری]

ئەم کتێبە لە بڵاوەکراوەکانی ماڵی وەفایی‌ـە، لە نووسینی جوبران خەلیل جوبران و وەرگێڕانی توانا ئەمینە، پێک ھاتووە لە ٢٨ گوتار، دەرباری ژیان و خوشەویستی و ھاوسەرێتی و منداڵ و سامان و بەخشین، کتێبێکە لەسەر ئاستی فۆرم و تەکنیک سادە و لە ئاستی ناوەڕۆکدا قووڵ و قژقژە، خوێندنەوەی بۆ ھەموو کەسێک دەشێت لە ھەر تەمەنێکدا بێت و سەر بە ھەر ئاینێک بێت. ئەم کتیبە لە لیستی پڕفرۆشترین کتێبەکانی سەدەی بیست بووە، بەجۆرێک پاش یەک سەدە لەچاپ بوونی، ھەتا ئێستا ھەفتانە ٥٠٠٠ ھەزار نوسخەی لە سەرانسەری جیھاندا لێ دەفرۆشرێت و بۆ زیاتر لە ٥٠ زمانی جیھانی وەرگێڕدراوە.[١٢]

گەردانەی تەم[دەستکاری]

ئەم کتێبە ھەڵبژاردەیەکە لە ژیان و شیعر و نامەکانی شاعیری ئێرانی سوھراب سپێھری، بە وەرگێڕانی توانا ئەمین. لەبەشێکی ئەم کتێبەدا ھاتووە: (خەڵک بەرانبەر ژیان ناوەستن تا بەجوانیی بیبینن، ھەر بۆیە قسەکانیشیان نانیشن بەدڵەوە، ھەر لەبەر ئەوەیە شیعرەکانی ئێستا تامیان تێدا نییە، لەتابلۆکاندا گەرموگوڕی ژیان ون بووە. باشە بۆ من بۆم نەبێ بڵێم؛ دەنگی بۆقێکم لەزۆربەی زۆری گۆرانییەکان پێ خۆشترە؟!). ئەم کتێبە لەلایەن ناوەندی ئاوێرەوە ساڵی ٢٠١٦ چاپ و بڵاوکراوەتەوە.[١٣]

تریفەی مانگ[دەستکاری]

ئەم کتێبە ھەڵبژاردەیەکە لە چیرۆکە نایابەکانی نووسەری فەرەنسی گێ. دو. مۆپاسان کە توانا ئەمین کردویەتی بە کوردی و ڕۆمانووس بەیان سەلمان وەرگێڕانەکەی بەراوردکردووە بە دەقە ئۆرگیناڵەکەی. ئەم کتێبە لە قەبارەیەکی مامناوەندیدا و لە دووتوێی ٣٥٠ لاپەڕەدا لەلایەن ناوەندی ئاوێرەوە، چاپ و بڵاوکراوەتەوە.[١٤]

ماڵی یار[دەستکاری]

ماڵی یار ھەڵبژاردەیەکی نوێیە لە شیعرەکانی (سوھراب سپھری) ـە و توانا ئەمین وەریگێڕاوە، ئەم ھەڵبژاردەیە یەکەمجارە بکرێن بە کوردی، بەشێکن لە پرۆژەی (ھەشت کتێب) کە کۆکاری سوھرابە و وەرگێڕ خەریکی کارکردنە لەسەری تا ھەمووی لە ئایندەدا بە کوردی بخاتە بەردەست خوێنەری کورد.[١٥]

ژوولیا و دەستنووسەکەی مەولانا[دەستکاری]

کتێبی سەرجەم تێکست و چیرۆکەکانی توانا ئەمین‌ـە. ئەم کتێبە لەلایەن ماڵی وەفایی‌ـەوە بە دیزاین و بەرگسازییەکی نوێ لە قەبارەیەکی مامناوەندیدا و لە دووتوێی ٣٣٠ لاپەڕە لە ساڵی ٢٠١٦ لە تاران چاپ کراوە.[١٦]

دەنگی پێی ئاو و ماچێک بە تامی خۆڵەمێش[دەستکاری]

کۆمەڵێک شیعری فارسی و تورکی و بیانییە توانا ئەمین وەریگێڕاوە بۆ کوردی، قەبارەکەی ٤٠٠ لاپەڕەیە و (دەزگای جەمال عیرفان) ساڵی ٢٠١٥ چاپ و بلاوی کردۆتەوە.[١٧]

تۆ لە پەنھانترین کەلێنی پیرۆزی دڵمدایت[دەستکاری]

ئەم کتێبە گوڵچنێکە لە شیعر و چیرۆک و کورتەی فەلسەفە و گفتوگۆکانی بیرمەند و عاریفی بەنگالی ڕابیندرانات تاگوور بە وەرگێڕانی توانا ئەمین، لە بەشێکی ئەم کتێبەدا ھاتووە: «ھەر کاتێ مرۆڤێک لەنێو خۆیدا؛ ترپەی ژیان و ڕۆحی گشتیی جیھانی ھەست پێ کرد، بە ئازادی گەیشتووە، چونکە دونیا لە خۆشەویستی بووە و بە ئەڤین وێستاوە و ڕووە عەشق دەڕوات، ھەر بە عەشقیش ھەموو ناکۆکییەکانی بوون لەناو دەچێت. تەنھا لە عەشقدایە کە یەک و دوو پێکەوەن… تەنھا لە عەشقدایە جووڵە و وێستان لەتەنیشت یەکن… بردنەوە و دۆڕان یەکێکن… لە عەشقدایە کە ئازادی و بەندایەتی دژی یەک نین، چونکە عەشق خۆی کۆتایی بەندایەتی و کۆتایی ئازادیشە… نھێنی ئەم سنووردارێتییە خودایەک لە ئەستۆی گرتووە کە خۆی عەشقە و کۆتا و ناکۆتا لەودا ھەر یەکێکن.» ئەم کتێبە ساڵی ٢٠١٧ لە دووتوێی ١٩٠ لاپەڕەدا لەلایەم ماڵی وەفایی‌یەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.[١٨]

ئەڤینم خۆش دەوێت، بەڵام لە ژن دەترسم[دەستکاری]

ئەم کتێبە گوڵچنێکە لە ژیان و شیعر و نووسینەکانی شاعیر و ھونەرمەندی ئێرانی حسێن پەناھی، بە وەرگێڕانی توانا ئەمین. کتێبخانەی یادگار ساڵی ٢٠١٧ لە دووتوێی ٢٠٠ لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.[١٩]

شیر و ھەنگوین[دەستکاری]

ئەم کتێبە لەلایەن توانا ئەمین‌ـەوە بۆ یەکەمجار لە زمانی سویدییەوە کراوە بە کوردی و سیامەند ئەحمەد وەرگێڕانەکەی بەراورد بە دەقە ئینگلیزییەکە کردووە. (شیر و ھەنگوین) بە‌رھە‌مێکی بە‌ناوبانگی کچە شاعیری ھیندی_کە‌نە‌دیی «ڕۆپی کۆر» ـە و یە‌کێکە لە ناودارترین و پڕفرۆشترین کتێبە‌کانی ئەمریکایە. بۆ یە‌کە‌م جار لە ساڵی ٢٠١٤ بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کراوە‌تە‌وە، دواتر لە ماوە‌ی چوار ساڵدا بۆ ٢٥ زمانی جیھانیی وە‌رگێڕدراوە و بە زمانی کوردییەوە دەبێت بە ٢٦ زمان. (شیر و ھە‌نگوین) کتێبێکی سادە و دڵگیرە پێکە‌وە، چێژ و ئازارە‌کانی مرۆڤبوون و مێیینە‌بوون، بە زمانێکی شیعریی لە کە‌مترین وشە‌دا بە ھاوئاھە‌نگی چە‌ندان ھێڵکاریی جوان دە‌گێڕێتە‌وە. کتێبخانەی یادگار ساڵی ٢٠١٨ لە دووتوێی ٢٠٠ لاپەڕەدا ئەم کتێبەی چاپ و بڵاو کردۆتەوە.[٢٠]

مرواریی تاقانە[دەستکاری]

ئەم کتێبە کۆمەڵێ تێکست و یاداشتە لە نووسینی توانا ئەمین، لە دوو توێی ٤٠٠ لاپەڕەدا کتێبخانەی گۆڵدن بووک لە ساڵی ٢٠١٩دا چاپی کردووە. کتێبەکە تێڕامانێکی فەلسەفیانەیە لە ئینسان و دەوروبەر بەڵام بە زمانێکی سادە و شیعریانە، بە شێوەیەک ھەمووان بتوانن تێی بگەن. نووسەر لە بارەی ئەم بەرھەمەوە بە ڕۆژنامەی ئاوێنەی وتووە: «ئەم کتێبە بۆ دوو ئاست دابەش دەبێ، ئاستێکیان نزیک لە ژیانی ڕۆژانە و خەمە جڤاکی و ئینسانییە گشتییەکانە کە ھەر کەسەمان ھەمانە. بە چاوێکی کونپشکیانەوە دەپرسێ پارە چییە؟ پەیوەندی و خیانەت چین؟ موڵکایەتی چیە؟ خۆشەویستی چییە؟ تەنیایی چییە؟ شار چییە؟ دڵ چییە؟ خوداپەرستی چییە؟ و ھتد… ئاستی دووەم کە بۆ من گرنگترینیانە؛ ئاستێکە بڕێ زیاتر دەڕوات، ئەویش پرسە یونڤێرساڵی و وجودییەکانە وەک ئینسان؛ گاھێ عیرفانی و گاھێ گومانکارانە دەپرسێ: ئێمە بۆ ھەین، لە کوێوە ھاتووین، کێ ئێمەی دروست کردوە، ئەم شتانە بۆ وان، ئەوانەی دەمرن دەچن بۆ کوێ، ئازار بۆ ھەیە؟ ژیان چییە؟ مەرگ بۆ ھەیە؟ و ھتد…» سەرجەمی لاپەڕەکانی ئەم کتێبە لە لایەن ھونەرمەند (چینەر عوسمان) ـەوە نیگارڕێژ کراوە و بۆ ھەر بابەتێک سکێچێکی دروست کردووە، ئەمەیش پتر کتێبەکەی ھەمەڕەنگ و ڕەونەقدارتر کردووە.[٢١]

سەرچاوە و پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ دوو پرۆگرامی دوو کەناڵی ئاسمانی جیاواز ئەم ژیانامەیە پشت ڕاست دەکەنەوە: https://www.youtube.com/watch?v=2QC40w8yzIY Archived ١٩ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. https://www.youtube.com/watch?v=aHT31jxvGH8 Archived ١٩ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین.
  2. ^ بڕوانە ئەم دوو سەرچاوەیە لەبارەی کتێبی (خودا لە…): http://www.culturemagazine.org/?p=3984 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://kurdipedia.org/default.aspx?q=2012011213205163795&lng=1 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین.
  3. ^ بڕوانە ئەم سەرچاوانە لەبارەی کتێبی (سەگێک لە ئاوێنەدا): http://www.dengekan.info/dengekan/16/13342.html Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://trove.nla.gov.au/work/186835254?q&versionId=203383210 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://endeshe.org/?book=سەگێک-لەئاوێنەدا Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://kurdipedia.org/default.aspx?q=2012031921305564424&lng=1 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین.
  4. ^ بڕوانە ئەم سەرچاوانە لەبارەی کتێبی (فڕین لە قەفەسێکی..): http://www.knwe.org/Direje.aspx?Jimare=10077&Cor=9&Besh=Araste Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://kurdipedia.org/default.aspx?q=2012030420035964368&lng=1 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین.
  5. ^ بڕوانە ئەم سەرچاوانە لەبارەی کتێبی (کچی ناو تابلۆکە): http://www.dengekan.info/dengekan/liteature/chirok/4675.html Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://www.emrro.com/pdf/kicinaw.pdf Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://kurdipedia.org/default.aspx?q=2011032720223521890&lng=1 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین.
  6. ^ بڕوانە ئەم سەرچاوانە لەبارەی کتێبی (مەنفا و خوێندنەوە): http://www.emrro.com/pdf/menfauxiwndinewe.pdf Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://dwarozh.net/view/3/18/5465 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://www.pertwk.com/ktebxane/taxonomy/term/183 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://kurdipedia.org/default.aspx?q=20151019114455127578&lng=1 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین.
  7. ^ بڕوانە ئەم سەرچاوانە لەبارەی کتێبی (پەیکەری فەرھاد) ـەوە: http://www.sulyon.com/Drejey-hawal.aspx?id=2969&LinkID=20 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://kurdipedia.org/default.aspx?lng=1&data=9/N/wVnkDjO0FX/0/n1VqsIsZKwMhiy4wixkrAyGLLjCLGSsDIYsuNowrccDggPvwixkrAyGLLjCLGSsDIYsuMIsZKwMhiy4wixkrAyGLLiXz1qGIdZer5WEU5hzAJAUDsw+PYVdYhxeCoTiaF0zRMIsZKwMhiy4wixkrAyGLLjCLGSsDIYsuNfKMgyW65wxBUzU5myJiLyB6eVdGTwYJmTcoHgoaNtGHqDXKuaz63yHuUe0q9kAM5NkmWXghd4t7+yhs5DSU+hz4ECp9iGp13sqzmbhXrho7xU/Zzbjz0wJsHtJv8NcvwVM1OZsiYi8iFZGbBEMRP0NalvG1lE7IsIsZKwMhiy4wixkrAyGLLjCLGSsDIYsuLomzZT7zgFW4c82gUSuR9WHuUe0q9kAM5NkmWXghd4tv/VCkjHQxJ6UUpr4DQrlzyaTVqw8uB8VwixkrAyGLLjCLGSsDIYsuMIsZKwMhiy4rcoFwloCKtqpIrvjoIUqIMIsZKwMhiy4wixkrAyGLLjCLGSsDIYsuF1Dqe9wiKZ8cBVDGv8LA1hZV9tGNwedOvafNc1qIR3/wixkrAyGLLjCLGSsDIYsuMIsZKwMhiy4nQAJt6Hpbs0rx2HEqQJXIOuAUGzizjtOtUy6TiCNxUey5A9dmTc8S5WEU5hzAJAU5BOUz0GW5Npeivkau+S9SAKh30KpXD8HEH2D6puU0/VIjqRYKOF94cIoDk2RTF8uRsfsO5V/JbBZV9tGNwedOpXorBPW3HCCwixkrAyGLLjCLGSsDIYsuMIsZKwMhiy4wixkrAyGLLjQ0qc6qm6pQ3PgQKn2IanXeyrOZuFeuGjvFT9nNuPPTAmwe0m/w1y/Z8hnjrfrd8PCLGSsDIYsuMIsZKwMhiy4wixkrAyGLLjCLGSsDIYsuFFrKvKBTp+R Archived ٣٠ی تەممووزی ٢٠١٧, لە وەیبەک مەشین.
  8. ^ بڕوانە ئەم سەرچاوانە لەبارەی کتێبی (پیاسەیەک پێکەوە…)ـەوە: http://www.emrro.com/pdf/piyaseyekpekewe.pdf Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://www.kurdipedia.org/?lng=6&library=1&data=VCn1JHCvIW+t6bmAuKvEVEt03ZtxsADzKWw2KVKr1ETiNAW9jbog19JNVerTlYzLOkI5JyDFwjUr04qCBWaOs43O2QqO7j4xlAesqQKV+zuyMOR531b/qJA6S1z1Rxxs0BMp6uRnPyw Archived ٩ی ئازاری ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین.
  9. ^ بڕوانە ئەم سەرچاوانە لەبارەی کتێبی (کەوتن) ـەوە: http://www.xelk.org/dreja.aspx?Jmare=1700&Jor=24 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://kurdipedia.org/default.aspx?q=2014090618195677311&lng=1 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین.
  10. ^ بڕوانە ئەم سەرچاوانە لەبارەی کتێبی (کوندەپەپووی کوێر) ـەوە: http://www.lawan.org/index.php/edeb-w-huner/49-2015-10-11-16-53-37 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://kurdipedia.org/default.aspx?q=20150722132025124887&lng=1 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین.
  11. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ١١ی شوباتی ٢٠١٧. لە ڕێکەوتی ١١ی ئەیلوولی ٢٠١٩ ھێنراوە. 
  12. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ١١ی شوباتی ٢٠١٧. لە ڕێکەوتی ٨ی شوباتی ٢٠١٧ ھێنراوە. 
  13. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٢٢ی شوباتی ٢٠١٧. لە ڕێکەوتی ٢٢ی شوباتی ٢٠١٧ ھێنراوە. 
  14. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ١١ی شوباتی ٢٠١٧. لە ڕێکەوتی ٥ی تەممووزی ٢٠١٦ ھێنراوە. 
  15. ^ بڕوانە ئەم سەرچاوانە لەبارەی کتێبی (ماڵی یار) ـەوە: http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=73768 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://www.karoj.com/news/KN-22775/انتشار_دو_مجموعە_شعر_سھراب_سپھری_بە__زبان_کردی_در_عراق http://kurdipedia.org/default.aspx?q=2015092222084986104&lng=1 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین.
  16. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ١١ی شوباتی ٢٠١٧. لە ڕێکەوتی ٥ی تەممووزی ٢٠١٦ ھێنراوە. 
  17. ^ بڕوانە ئەم سەرچاوانە لەبارەی کتێبی (دەنگی پێی ئاو و…): http://www.xelk.org/dreja.aspx?Jmare=4149&Jor=24 Archived ١٩ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://www.basnews.com/index.php/so/culture-arts/75809 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://kurdipedia.org/default.aspx?q=20141223143319118452&lng=1 Archived ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦, لە وەیبەک مەشین. http://www.mehrnews.com/news/3020245/انتشار-دو-مجموعە-شعر-سھراب-سپھری-بە-زبان-کردی-در-عراق
  18. ^ http://www.awene.com/2017/07/18/50799/
  19. ^ http://www.nrttv.com/NRT2/Detail.aspx?Jimare=28043
  20. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە لە ئەسڵدا لە ٦ی نیسانی ٢٠١٩. لە ڕێکەوتی ٦ی نیسانی ٢٠١٩ ھێنراوە. 
  21. ^ http://www.awene.com/detail?article=2654

ئەو سەرچاوانەی تر کە ئەم ژیاننامەیەیان پێ دەوڵەمەندکراوە[دەستکاری]

چەند ماڵپەڕ و بڵاوکراوەیەکی تر بەم ناونیشانانە: