ئەمێتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەمێتی ئەوەیە کە بە دامەزراوی لە شتێکدا ھەیە و شتەکە دەکاتە ئەم شتە تاک و تایبەتە و، چی دیکەش داناشکێتەوە. زاراوەکە لە فەلسەفەی سکۆلاستیکی سەدەکانی ناوەڕاستدا و، لە لایەن ھەندێ لە شوێنکەوتووانی دانس سکەوتوس -ی فەیلەسووفەوە ڕۆ نراوە. گوایە چەمکەکە لە ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمێتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازییە کە کەسێ یا شتێ بە «تاک» دەکا، بۆ وێنە، ئەو جیاوازییە کە لە نێوان چەمکەکانی «پیاوێک» و «شێرکۆ بێکەس»دا ھەیە.

لە ھەندێ لە فەرھەنگەکاندا، ئەمێتی وەک زات پێناسە کراوە، یا تەنانەت وەک ھاومانای چییەتی. بەڵام، بەکارچوونیان لە فەلسەفەدا جیاوازە و تەنانەت ماناشیان دژی یەکە. ئەمێتی دەچێتەوە سەر ئەو دیمەنانە و ئەو لایەنانە کە لە شتێکدا ھەن و دەیکەن بە شتێکی تاک و تایبەت. چییەتی دەچێتەوە سەر ئەو چۆنایەتییانە کە شتێ بە شەریکی لەگەڵ شتانی تردا ھەیەتی، یانی ھەم لەم شتەدا ھەن ھەم لە شتانی ھاوجنس و ھاوجۆریشیدا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

Haecceity