ئیڤانی چوارەم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئیڤانی چوارەم

ئیڤانی چوارەم ناسراوە بە ئیڤانی ترسناک (ماوەی ژیان٢٥ی ئابی ١٥٣٠ تاکوو ١٨ی ئازاری ١٥٨٤)، شای مۆسکۆ و قەیسەری ھەموو ڕوسیا بووە، لە ساڵی ١٥٣٣ لەتەمەنی ٣ ساڵیدا کراوە بە شای مۆسکۆ، لەساڵی ١٥٤٧ لەتەمەنی ١٦ ساڵیدا کراوە بە قەیسەری ڕووسیا، لەبەر ئەوەی تەمەنی منداڵبووە چەند ڕاوێژکارێکی توانا و شارەزا یارمەتیانداوە لەبەڕێوەبردنی وڵات. لەمێژووی ڕووسیا ئیڤانی چوارەم یەکەم کەس بووە بۆتە قەیسەری ڕوسیا و سیاسەتی ناوەندی دەسەڵاتی پەیڕەوکردووە، لە سەردەمی ئەودا تاتارستان و سیبیریا فەتحکراوە و ڕوسیا بۆتە وڵاتێکی فرە نەتەوە، لەساڵی ١٥٣٠ بۆ ساڵی ١٥٨٤ چەند جەنگێکی بەرپاکردووە و چەند ناوچەیەکی دیکەی خستۆتە سەر روسیا و ڕوسیای کردووە بە ئیمبڕاتۆڕییەت. ئیڤانی چوارەم لەتەمەنی ٣ ساڵیدا بۆتە شای مەملەکەتی مۆسکۆڤیا بەڵام ئەنجومەنی خاوەن پێگەکان کاروباری وڵاتیان دەبردەڕێوە تاکو لەساڵی ١٥٤٤ بەشێوەیەکی ڕەسمی دەسەڵاتی وڵاتی گرتە دەست و لەدوای ٣ ساڵی دیکە بووە بە قەیسەر کە بۆ یەکەم جاربوو ڕوسیا قەیسەر بەخۆیەوە ببینێت. ئیڤانی چوارەم بەترسناک ناسرابوو چونکە بەتوندوتیژی و بەبێبەزاییانە ئەو شۆڕشانەی سەرکوتدەکرد کە دژی بەرپایان کردووە، بەڵام ھەڵەیە ئەگەر بە سەرکردەیەکی دڕندە و ھەمەجی باسبکرێت، چونکە ڕۆشنبیر بووە و ھانی ھونەری داوە و بازرگانیشی پتەوکردووە و پەیمانێکی بازرگانیشی لەگەڵ ئەلیزابێسی یەکەمی شاژنی ئینگلیزدا بەستووە و دەستی کردووە بە جوانکردن و نۆژەنکردنەوەی شاری مۆسکۆ. ئیڤانی چوارەم دوای ئەوەی دووچاری نەخۆشیەکی سەیربۆتەوە و جەستەی ئاوسانووە و بۆنێکی ناخۆش لە جەستەیەوە دەرچووە لە ١٨ ی ئازاری ساڵی ١٥٨٤ کۆچی دوایی کردووە.

سەرچاوە[دەستکاری]