ئانتۆن ماکارینکۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ئانتۆن سیمیۆنۆڤیچ ماکارینکۆ
لەدایکبوونАнтон Семенович Макаренко
(١٨٨٨-0١-١٣) ١٣ی کانوونی دووەمی ١٨٨٨
بێلەپۆلێ, ئیمپراتۆری ڕووسیا
مردن١ی نیسانی ١٩٣٩(١٩٣٩-04-0١) (٥١ ساڵ ژیاوە)
گۆلیستینۆ، ڕووسیای سۆسیالیست، یەکێتیی سۆڤیەت
پیشەڕاهێنەر، نووسەر
زمانڕووسی[١][٢]
ھاووڵاتیئیمپراتۆری ڕووسیا, سۆڤیەت

ئانتۆن سیمیۆنۆڤیچ ماکارینکۆ (بە ڕووسی: Анто́н Семёнович Мака́ренко) نووسەر، ڕاھێنەر و ئاریکاریی کۆمەڵایەتی بەناوبانگی یەکێتیی سۆڤیەتە.[٣] کارەکانی ماکارینکۆ لە پەروەردە و فێرکاریی مناڵان و بەتایبەت مناڵانی بێسەرپەرستدا بەناوبانگن.[٤]

ژیان[دەستکاری]

لە ۱۳ی مارتی ساڵی ۱٨٨٨ لە شاری (بێلەپۆلێ) لە ئۆکرانیا لە دایکێکی هەژار لەدایک بوو. باوکیشی کرێکارێکی سادەی یەکێک لە کارگەکانی هێڵی شەمەنەفەر بووە . ماکارینکۆ گەلێک ڕەوشت و خوی بەرزی وەک دەست پاکی و پشت بە خۆ بەستن و ڕاگرتنی ئەرکی بەرپرسیارێتی لە دایک و باوکەوە بۆ مابووەوە بۆیە لەسەرەتای ژیانییەوە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست پێ گەیشتووە و لە تەمەنی پێنج ساڵاندا فێری خوێندنەوە و نوسین بووە . ماکارینکۆ لە ساڵی ۱۹۱٤ چووە ئەنیستیتووتی پەروەرشت لە (پۆڵتاڤا) بۆ ئەوەی لەوێ بخوێنێت تا ببێت بە مامۆستای قوتابخانەی ئامادەی بە هۆی فرەزانی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە زۆرەکانییەوە لە مەیدانی گیروگرفتەکانی پەروەرشت هەر بە قوتابییەتی گەلێک وانەی گرنگی لەناو قوتابیاندا بڵاوبووەوە و دەنگی دایەوە ، کاتێکیش خوێندن تەواو دەکات بووە بە مامۆستا لە قوتابخانەی مناڵانی کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەر (کریۆکۆڤ) و لە ساڵی ۱۹۱۷ کرا بە سەرپەرشتیاری یەکێک لە قوتابخانە ئامادەییەکان ، لە هەمان ساڵیشدا ئاگری شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر هەڵگیرسا ئا لەم کاتەشدا ماکارینکۆ کە کاتێکی هەستیار بوو لە مێژووی ڕوسیادا گەلێک جۆر و شێوەی پەروەرشتی داهێنا لە مێژووی ڕوسیادا .

ئاوایی گۆرکی[دەستکاری]

کۆلۆنیی گۆرکی یا ئاوایی گۆرکی لە پایزی ساڵی ۱۹۲۰ لەلایەن بەڕێوبەری گشتی خوێندنی ئەو سەردەمە ماکارینکۆ ڕاسپێردرا کە ئاواییەک بۆ منداڵە دەربەدەر و بێلانەکان دروست بکا و ناوی (گۆرکێ) ی لێ نرا ، نزیکەی دوو سەد دۆنم لە نزیک شاری پۆرتاڤا کە چەند خانوویەکی وێرانی تێدا بوو بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکرا ، یەکەم تیپی منداڵانی لە ڕێ لادراو بێ سەرپەرشت لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا گەیشتنە ئەم ئاواییە ، ماکارینکۆ تێگەیشت کە هێنانەوە سەر ڕێی ئەم منداڵە لە ڕێ لادراوانە کە خویان بە سەرپێچی و تاوانەوە گرتووە کارێکی ئاسان نییە و بەڵکو کاتی دەوێت !

وردە وردە دەستی کرد بە کار هەنگاوی یەکەم ئەوەبوو گیانی هاوکاری و هەرەوەزی لە دڵی دانیشتوانی ئاواییەکەدا چاند چاکترینیانی کۆ کردەوە و تیپێکی لێ پێک هێنان کردنی بە چاودێری دارستان تا پارێزگاری لە درەختەکان بکەن لەوانەیکە بە ناهەق درەختەکانی دارستان ئەبڕنەوەو زیان بە ژینگە ئەگەیەنن ، ماکارینکۆ دەرباری ئەمە دەڵێت "پاسەوانێتی دارستانەکانی دەوڵەت هۆیەکی کاریگەر بوو وای لێ کردین هەست بە نرخی خۆمان بکەین ، هەروەها کارێکی خۆش و پڕ چێژ بوو جگە لەوەش قازانجی هەبوو "

ماکارینکۆ لە سەرەتادا مەینەتییەکی زۆری توش بوو دانیشتوانی ئاواییەکە کە هێشتا کەلەڕەق و خۆپەرست بوون زۆر جار ئەو کارەی پێیان ئەسپێردرا نەیان ئەکرد یان دڵیان پڕ لە بەدخووی و سەرەڕۆی بوو ، ماکارینکۆ کۆڵی نەدا و لەسەر کارەکەی بەردەوام بوو تا لە ماوەی سێ ساڵدا توانی ئاواییەکە بەڕاستی بکاتە ئەنیستیتووتێکی نمونەی کۆمەڵەیەکی پەیوەندیدار و ئیشکەر وو بەرهەمهێنی پێکهێنا و کە خێزان بە باشترین شێوە تیایدا ڕێکخرابوو ئاواییەکە بوو بە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو نیشتیمان پەروەر ، منداڵەکان پێک هاتبوون لە هەردوو ڕەگەز لە تەمەنی جیا جیا و بە دەستەو گروپی جیاواز ئەرکیان پێ سپێردرابوو ، هەروەها ماکارینکۆ ئەنجومەنێکی گشتی پێک هێنابوو کە خۆی سەرپەرشتی دەکرد و لە کاتی پاداشت و سزاشدا خۆی کارەکەی جێ بە جێ دەکرد .

مەکسیم گۆرکێ لە وتارێکیدا لە ساڵی ۱۹۲۹ دا بەناونیشانی " ئەوە کێیە کە دەتوانێت سەدان منداڵی کێوی و شێواو کە ژیانیان زەلیل کردووە پەروەردە بکاتەوە ؟ ، ئەوە ماکارینکۆیە کە پەروەردەکارێکی خاوەن بەهرەیە " لە ساڵی ۱۹۲٨ ئەنتۆن ماکارینکۆ بوو بە بەڕێوبەری دەزگای کاری (دزرژنسکی) کە دەزگایەک بوو بۆ داڵدەدانی ئەو منداڵ و لاوانەی ڕێ و شوێنی مانەوەیان نەبوو ، زۆری پێ نەچوو ماکارینکۆ بۆ ئەم دەزگایەش بەرنامەیەکی ڕێک و پێکی دانا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و کاری دەستی و چنین و پێڵاو دوورین و دارتاشی و چەند پیشەیەکی وردی وەک دروستکردنی مایکرۆسکۆب و دووربین و شت و مەکی کارەبای ئەمانە قازانجێکی ئابووری گەورەشیان هەبوو سەرەڕای لایەنە پەروەردەییەکەی.

ڕێبازە پەروەرشتییەکانی ماکارینکۆ[دەستکاری]

ماکارینکۆ باوەڕێکی پتەوی بە کاری هەرەوەزی بە کۆمەڵ هەبووە و لای وابووە بنەڕەتێکی سەرەکی پەروەرشتە (پەروەرشت لە ڕێگای کاری هەرەوەزی بە کۆمەڵ ، پەروەرشت لە پێناوی کاری هەرەوەزی بە کۆمەڵ ) ئەمە بوو ڕێبازی ماکارینکۆ ، لاشی وابوو یەکێک لە پڕ بایەخترین ئەرکەکانی پەروەردە ئەوەیە بڵێسە بە گیانی هاوکاری و ڕێزگرتن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و وریای دەروون و ڕاستگۆی لە گیانی قوتابی سەرلێشێواودا بدات و هەوڵبدات بۆ گۆڕانکاری تیایاندا ، کتێبێکی بۆ باوکان داناوە دەربارەی پەروەردەکردن لە ناو ماڵ و خێزان و یەکێک لە کارە پڕ بایەخەکانیشی دانراوی (ڕێگای ژیان) کە باس لە ئەزموونی خۆی دەکات لە پەروەردەکردندا ، ئەم پیاوە پەیامی پیرۆزی خۆی لە بواری پەروەردەدا گەیاندە گەلێک لە چین و توێژەکانی گۆمەڵگا و تا ئێستاش پرەنسیپ و بەرنامەکانی لە گەلێک ناوەند و کۆمەڵەدا پەیڕەو دەکرێت ...

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Гётц Хиллиг http://makarenko-museum.ru/lib/Science/Hillig/art_cmr_8_160_1989_n_30_1_2180m.pdf К вопросу национального самосознания А. С. Макаренко (ڕووسی)
  2. ^ Макаренко В. С. Мой брат Антон Семёнович. Марбург, 1985 г., с. 79 (ڕووسی)
  3. ^ "Britanica Encyclopedia: Anton Makarenko". 
  4. ^ "Zilberman, V. (1988). Anton Makarenko: Contribution to Soviet Educational Theory. The Journal of Educational Thought (JET)/Revue de la Pensée Educative, 35-45.". 
  • داغستانی من ، نوسینی ڕەسوڵ حەمزاتۆف، لە بڵاوکراوەکای یەکێتی نوسەرانی کورد