یاسوناری کاواباتا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
یاسوناری کاواباتا

یاسۆناری کاواباتا (ماوەی ژیان:١١ی حوزەیرانی ١٨٩٩ تاکوو ١٦ی نیسانی ١٩٧٢)چیرۆک نووسێکی ژاپۆنی بووە و یەکەم ئەدیبی ژاپۆنیش بووەخەڵاتی نۆبێل لە ئەدەبدا وەربگرێت، لە ١٤ یۆنیۆی ساڵی ١٨٩٩ لە ئۆساکا لەژاپۆن لەدایک بووە، کەتەمەنی گەیشتۆتە دوو ساڵ دایک و باوکی گیانیان لەدەستداوە و لەماڵ باپیرەی پەروەردەکراوە کەتەمەنی گەیشتۆتە ٧ ساڵان باپیرەی کۆچی دوایی کردووە لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا داپیرەش کۆچی دوایی کردووە و بەم جۆرە بەبێ کەس ماوەتەوە. کاواباتا لەساڵی ١٩١٦ چۆتە قوتابخانەی ناوەندی و لەنزیک قوتابخانەکەشەوە ژورێکی بەکرێ گرتووە لەساڵی ١٩١٧ قۆناغی ناوەندی بڕیوە و ڕۆشتووە بۆ تۆکیۆ، دوای ئەوەی لەتاقیکردنەوەکان سەرکەوتوبووە چۆتە زانکۆ و بەشی زمانی ئینگلیزی ھەڵبژاردووە، لەساڵی ١٩٢٠ لەزانکۆی ئیمبراتۆڕیەتی تۆکیۆ درێژەی بەخوێندن داوە، سەرەڕای نووسینی چیرۆک وەکو پەیامنێری دوو ڕۆژنامەی ژاپۆنیش کاری کردووە، لەساڵی ١٩٢٤ زانکۆی تەواوکردووە، ھەر لەھەمان ساڵ لەگەڵ ژمارەیەک لەنووسەران و ڕۆشنبیران ڕۆژنامەیەکی ئەدەبیان بەناوی سەردەمی ئەدەب بڵاوکردۆتەوە. کاواباتا لەسەرەتادا کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی نووسیوە و لە ساڵی ١٩٢٦ لەکورتە چیرۆکدا ناوبانگی دەرکردووە و دواتر دەستی کردووە بە ڕۆمان نووسینیش تاکو بۆتە یەکێک لەدیارترین نووسەرەکانی ژاپۆن، لەدوای کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانی دووەمیشەوە کارەکانی بەردەوام لەسەرکەوتندا بووە و وەکو سەرۆکی یەکگرتووی پێنووسی نێودەوڵەتی کاری کردووە و ھەوڵێکی بێ وچانی داوە بۆ وەرگێڕانی ئەدەبی ژاپۆنی بۆ زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە، لەساڵی ١٩٦٨خەڵاتی نۆبێلی لە ئەدەبدا وەرگرتووە و یەکەم ئەدیبی ژاپۆن بووە کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت. یاسۆناری کاواباتا لە ١٦ ئەپریلی ساڵی ١٩٧٢ بەغاز خۆی خنکاندووە و گیانی لەدەستداوە

سەرچاوە[دەستکاری]