ھەینی (فیلمی ١٩٩٥)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھەینی
پۆستەری بڵاوبوونەوەی سینەمایی
دەرھێنەرئێف. گاری گرەی
بەرھەمھێنەرپەتریشا چاربۆنێت[١]
نووسەرئایس کیووب
دی جەی پوو
ئەکتەران
مۆسیقافرانک فیتزپاتریک
ھیدن فەیسس
وێنەگری سینەماییجێری لیڤڵی[١]
مۆنتاژجۆن کارتەر[١]
بڵاوکردنەوەنیو ڵاین سینەما[١]
دەرچوون
  • ٢٦ی نیسانی ١٩٩٥ (1995-04-26)
ماوەی فیلم٩١ خولەک[٢][٣]
وڵاتویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
زمانئینگلیزی
تێچوون٣٬٥ ملیۆن دۆلار[٣]
داھات٢٧٬٤ ملیۆن دۆلار[٣]

ھەینی فیلمێکی کۆمێدیی ھاوڕێییی ئەمریکیی ساڵی ١٩٩٥ە کە لە دەرھێنانی ئێف. گاری گرەی و لە نووسینی ئایس کیووب و دی جەی پووە. یەکەم فیلمە لە سیانەی ھەینی، و ئایس کیووب، کریس تەکەر، نایا ڵۆنگ، تاینی «زووس» لیستەر جونییەر، ڕێجینا کینگ، ئانا ماریا ھۆرسفۆرد، بێرنی ماک، و جۆن ویدەرسپون ڕۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن. فیلمەکە لە باشووری ناوەڕاستی لۆس ئانجلەس ڕوودەدات، و باس لە دوو ھاوڕێی بێکار دەکات بە ناوەکانی کرەیگ جۆنز و سمۆکی، کە تووشی کێشە دەبن دوای ئەوەی قەرزاری بەنگفرۆشێکی ناوخۆیی دەبن لەکاتێکدا دژایەتیی مڵھوڕێکی گەڕەکەکەیان دەکەن.

لەکاتی پەرەپێدانی فیلمەکەدا، ئایس کیووب و دی جەی پوو ناڕەزایی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە بەرجەستەکردنی چەتە لە فیلمدا، کە بە توندوتیژ و ھەڕەشەئامێز دەیانبینی. لە ئەنجامدا، ویستیان بەرپەچی ئەمە بدەنەوە، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونە کەسییەکانیان لە کاتی داڕشتنی کەسایەتییەکان و چیرۆکەکەیدا. ئامادەکارییەکان بۆ فیلمەکە دەستیپێکرد دوای ئەوەی دووانەکە توانیان بوودجە لە نیو ڵاین سینەماوە دەستەبەر بکەن. نیو ڵاین سینەما بڕیاریان دا کە پارەکەیان بۆ دابین بکەن لە بەرامبەر کۆمیدیانێکی بەئەزموون لە یەکێک لە ڕۆڵە سەرەکییەکاندا؛ ئایس کیووب و دی جەی پوو بە خێرایی تەکەریان ھەڵبژارد لە کاتی ھەڵبژاردنی ئەکتەرەکاندا، بەھۆی ئەم ڕۆڵەیەوە تەکەر ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد. ئەم فیلمە یەکەم کاری دەرھێنەریی فیلمیی گرەیە، کە پێشتر بە دەرھێنەری ڤیدیۆکلیپ ناسرابوو.

ھەینی لە ٢٦ی نیسانی ١٩٩٥دا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا لە سینەماکندا نمایشکرا. لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێداچوونەوەی ئەرێنیی وەرگرت، کە زۆرێکیان ستایشی بەشە کۆمیدییەکان، نووسین، و نواندنەکانیان کرد. فیلمەکە سەرکەوتنێکی بازرگانیی باشی بەدەستھێنا، و توانی داھاتی ٢٧ ملیۆن دۆلار لە سەرانسەری جیھاندا بەدەست بھێنێت. پاشان شوێنکەوتەیەکی گەورەی کەڵتی بەدەستھێنا، کە بووە ھۆی دروستبوونی میمی ئینتەرنێت و ئاماژەی کولتووری بەناوبانگ. زنجیرەیەک دروست بوو بە پاشھاتەکانی ھەینیی داھاتوو (٢٠٠٠) و ھەینیی داھاتووتر (٢٠٠٢).

چیرۆک[دەستکاری]

کرەیگ جۆنز، کوڕێکی تەمەڵی کە بەم دوایییە لە کارەکەی دەرکراوە، و لە باشووری ناوەڕاستی لۆس ئانجلەس دەژی، ھەینییەک لەگەڵ ھاوڕێی نزیکی، سمۆکی، بەسەر دەبات، کە جاروبار ماددەی ھۆشبەر دەفرۆشێت. دووانەکە جگەرەیەکی ماریوانا دەکێشن، کە درابوو بە سمۆکی لەلایەن بیگ وۆرمی دابینکەری ماددەی ھۆشبەرەوە تاکوو بیفرۆشێت.

بیگ وۆرم ھەوڵدەدات پارەکەی لە سمۆکی وەربگرێت، کاتێک سمۆکی دەڵێت کە لە ئێستادا پارەکەی پێ نییە، بە ھەڵە کرەیگیش تێوە دەگلێنێت، لە ئەنجامدا بیگ وۆرم دوایین جار ئاگاداریان دەکاتەوە: ئەگەر تا کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەو ٢٠٠ دۆلاری نەدەنێ، کرەیگ و سمۆکی دەکوژرێن.

کرەیگ ھەوڵدەدات پارە لە چەند کەسێک قەرز بکات، لەوانە بێتیی دایکی، دەینای خوشکی، و خۆشەویستە بەخیلەکەی جۆی. لەکاتێکدا جۆی ڕازی دەبێت کە پارەکەی بداتێ فێلیشا لەوێوە تێپەڕ دەبێت، جۆی وادەزانێت کە کرەیگ ناپاکیی لەگەڵ کردووە لەگەڵ فێلیشای ئالوودەبوو و دێبیدا، بۆیە پارەکەی پێ نادات. کرەیگ دەمانچەیەک دەردەھێنێت بۆ ئەوەی سمۆکی بە پێ بباتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام ویڵیی باوکی پێی دەڵێت کە پێویستە لەبری چەک دەستەکانی بەکاربھێنێت بۆ ئەوەی یارمەتیی خۆی بدات.

سمۆکی ھەندێک ماددەی ھۆشبەر دەفرۆشێت بە ھێکتۆر، کە ھاوڕێیەکی پێشووی کێشانییەتی، لەکاتێکدا دیبۆ، مڵھوڕی گەڕەکەکە، سمۆکی ناچار دەکات کە لەگەڵی بچێتە ناو ماڵی ستانلیی دراوسێیانەوە بۆ ئەوەی دزی بکەن و ٢٠٠ دۆلار دەدزن دیبۆ بڕیار دەدات کە ھەمووی بۆ خۆی بھێڵێتەوە.

سمۆکی ھەوڵدەدات پارەکە لە دیبۆ بدزێت، کە لەگەڵ فێلیشادا لە ماڵەکەیدا خەوتووە، بەڵام بەھۆی دەستتێوەردانی ئیزاڵی بەرچاوتەنگەوە شکست دەھێنێت. دوای بینینی دیبۆ بەئاگایی، کرەیگ و سمۆکی ئۆتۆمبێلێک دەبینن کە بە ھێواشی لێدەخوڕێت و، بە گومانی تەقەکردن لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلەکەوە، بۆ ئێوارەکەی لە ژووری کرەیگدا خۆیان دەشارنەوە. دوای ھەوڵدانی سمۆکی لە پەیوەندیکردن بە بیگ وۆرم و شکستھێنانی، و نزیکبوونەوە لە کاتژمێر ١٠، دەچنەوە دەرەوە، بەڵام ناچار دەبن خۆیان لە پیاوەکانی بیگ وۆرم بپارێزن چونکە لەناو ڤانێکی ڕەشدا دانیشتوون و گڵۆپەکانی کوژاوەتەوە، و دەست بە تەقەکردن دەکەن.

دوای تەقەکردنەکە، دراوسێکان بە بیستنی دەنگی تەقەکان لە ماڵەکانیان دێنە دەرەوە. دێبی ڕووبەڕووی دیبۆ دەبێتەوە بەھۆی ئەوەی لە فێلیشای داوە، چونکە وای زانیوە کە فێلیشا لە پشت ھەوڵی دزییەکەی سمۆکییەوە بووە. لەگەڵ ھاتنی کرەیگ و سمۆکی، دیبۆ بە تووڕەیییەوە بۆکسێک لە دێبی دەدات، و دەیخاتە سەر زەوی، ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی شەڕێکی جەستەیی لە نێوان ئەو و کرەیگ، و کرەیگ براوە دەبێت. سمۆکیش ٢٠٠ دۆلارەکەی لە دیبۆ دەدزێت، کە لە زەوییەکەدا بووراوەتەوە.

ڕێد و ئێزێڵ کەلوپەلە دزراوەکانیان وەردەگرنەوە. دێبی عاشقی کرەیگ دەبێت، ئەمەش وا لە کرەیگ دەکات بە تەلەفۆن لە جۆی جیاببێتەوە لەکاتێکدا باوکی ئاگاداری دەکاتەوە کە سەرپەرشتیاری پێشووی کارەکەی پەیوەندیی پێوە کردووە و دەیەوێت سبەی بیبینێت.

سمۆکی قەرزەکەی لەگەڵ بیگ وۆرم یەکلایی دەکاتەوە و پێی دەڵێت کە چیتر ماددە ھۆشبەرەکان نافرۆشێت و بڕیارە تەرکی بدات. پاشان سمۆکی جگەرەیەکی ماریوانا دەکێشێت و کۆتایی بە فیلمەکە دەھێنێت بە سەیرکردنی کامێراکە و وتنی "لەخۆمەوە وام وت! و تۆ ئەمە دەزانیت!"

کاست[دەستکاری]

لاواندا پەیج ڕۆڵێکی کامیۆی ھەیە وەک شایەدێکی یەھووە کە کرەیگ دەرگاکەی لەسەر دادەخات. مایکڵ کڵارک دەنکن بە ڕۆڵێکی ئاماژەپێنەدراو وەک یاریزانێکی کراپس دەردەکەوێت؛ ئەمە یەکەم دەرکەوتنی فیلمییەتی. مۆسیقاژەنی ڕاپ دەبلیوو سی وەکوو یەکێک لە تەقەکەرەکانی بیگ وۆرم بەشدارە.

بڵاوبوونەوە[دەستکاری]

ھەینی لە ٢٦ی نیسانی ١٩٩٥ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٥ لە بەڕیتانیا، و ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٥ لە ئوسترالیا بڵاوکرایەوە. فیلمەکە لە ٢٠ی نیسانی ٢٠١٥دا، تەنھا بۆ یەک شەو نمایشکرایەوە بە شێوەیەکی سنووردار وەک ڕێزلێنانێک بۆ ساڵیادی ٢٠ ساڵەی.[٤]

میدیای ماڵەوە[دەستکاری]

فیلمەکە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٥دا لەسەر ڤی ئێچ ئێس، و لە ٢ی ئازاری ١٩٩٩دا لەسەر دی ڤی دی، و لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٩دا لەسەر بلو-ڕەی بە بڕینی دەرھێنەر (٩٧ خولەک) بڵاوکرایەوە. وەشانی دی ڤی دییەکەی ترەیڵەرێکی سینەمایی، کورتەفیلمێک لەسەر فیلمەکە، و چاوپێکەوتن لەگەڵ کاستەکە تێدایە.

پێشوازی[دەستکاری]

ھەینی لە کۆتاییی ھەفتەی یەکەمدا ٦٬٥٨٩٬٣٤١ دۆلاری بەدەستھێنا و بۆ یەکەمجار لە پلەی دووەمی بۆکس ئۆفیسی ٨٦٥ سینەمادا دەرکەوت، بە تێکڕای ٧٬٦١٧ دۆلار بۆ ھەر سینەمایەک.[٥] فیلمەکە لە ئەمریکای باکوور ٢٧٬٤٦٧٬٥٦٤ دۆلاری بەدەستھێنا،[٣] لە بەرامبەر بوودجەی ٣٬٥ ملیۆن دۆلاردا.

ڕاتن تۆمەیتۆز بەپێی ٢٩ پێداچوونەوە، ڕێژەی پەسەندکردنی ٧٦٪ی بە فیلمەکە داوە، بە ھەڵسەنگاندنی ٦٫٤/١٠.[٦] مێتاکریتیک نمرەی ٥٤ لە کۆی ١٠٠ بە فیلمەکە بەخشیوە، بەپێی ٩ پێداچوونەوە، کە «پێداچوونەوەی تێکەڵە یان مامناوەند» بوون.[٧]

دوای بڵاوبوونەوە[دەستکاری]

فیلمەکە لە دوای بڵاوبوونەوەیەوە شوێنکەوتوویەکی گەورەی کەڵتی بەدەستھێناوە. دیمەنێکی فیلمەکە سەرچاوەی میمی ئینتەرنێتیی «خوات لەگەڵ، فێڵیشا»یە—کە دەستەواژەیەکە بۆ دەرکردنی کەسێکی ناگرنگ. جەیمس ھاریسن یاریزانی پێشووی ھێڵی بەرگریی پیتسبێرگ ستیلەرز و دیبۆ ساموێڵی وەرگری فراوانی سان فرانسیسکۆ فۆرتی ناینەرز ھەردووکیان نازناوی دیبۆیان لێندراوە وەک ئاماژەیەک بۆ کەسایەتیی فیلمەکە.[٨]

دەرھێنەر کوێنتن تارانتینۆ ھەینیی یەکێک لە ٢٠ فیلمە دڵخوازەکانی داناوە لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ٢٠٠٩.[٩]

پاشھاتەکان[دەستکاری]

سەرکەوتنی فیلمەکە بووە ھۆی دروستبوونی دوو پاشھات: ھەینیی داھاتوو (٢٠٠٠) و ھەینیی داھاتووتر (٢٠٠٢). بەشی چوارەم، کە بە شێوەیەکی تاقیکاری ناوی دوا ھەینیییە، چەند ساڵێکە لە کارکردندایە. ھەروەھا فیلمەکە ئیلھامبەخش بوو بۆ زنجیرە ئەنیمەیشنێک، بە ناوی ھەینی: زنجیرە ئەنیمەیشنەکە کە لە ھاوینی ٢٠٠٧ پەخشکرا.

پاشھاتی ھەینیی داھاتوو سەرکەوتووترین فیلمی زنجیرەکەیە، کە کۆی ٥٩٬٨ ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیھاندا بەدەستھێناوە.

ساوندتراک[دەستکاری]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ "Friday (1995)". American Film Institute. Retrieved November 10, 2018.
  2. ^ "Friday". British Board of Film Classification. Retrieved November 10, 2018.
  3. ^ ئ ا ب پ "Friday (1995)". Box Office Mojo. June 13, 1995. Retrieved October 8, 2010.
  4. ^ Kory Grow (2015-04-20). "'Friday' Movie: Ice Cube Looks Back on 'Bye, Felicia'". Rolling Stone. Retrieved 2022-03-27.
  5. ^ "Weekend Box Office". Los Angeles Times. May 2, 1995. Retrieved December 3, 2010.
  6. ^ "Friday (1995)". Rotten Tomatoes. Retrieved May 16, 2022.
  7. ^ "Friday". Metacritic. Retrieved October 8, 2010. ٦ی نیسانی ٢٠٠٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  8. ^ McSmash, Steely (September 6, 2008). "Before We Get This Party Started, One Last BTSC Steelers Chat With Jim Wexell". Behind the Steel Curtain. Retrieved August 17, 2012.
  9. ^ Brown, Lane (August 17, 2019). "Team America, Anything Else Among the Best Movies of the Past Seventeen Years, Claims Quentin Tarantino". Vulture. New York Media LLC. Retrieved September 13, 2016.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

داڕێژە:فیلمی ھەینی