ژنی پیاوێکی تر و مێردێک لەژێر جێگادا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ژنی پیاوێکی تر و مێردێک لەژێر جێگادا (بە ڕووسی: Чужая жена и муж под кроватью) کورتە چیرۆکێکی نووسەری ڕووسی فیۆدۆر دۆستۆیەڤسکییە. [١] چیرۆکەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٤٨ بڵاوکرایەوە، لە بنەڕەتدا دوو چیرۆکی جیاواز بوو، یەکەمیان ناوی "ژنی پیاوێکی تر" و ئەوەی دیکەیان ناوی "مێردێکی ئیرەییبەر" بوو، ئەو دوو چیرۆکە بە جیا لە ساڵی ١٨٤٨ لە «بیرەوەرییەکانی نیشتیمان» (Отечественные записки) بڵاوکرانەوە. لە کاتی ئامادەکردنی کۆمەڵە بەرھەمە تەواوەکەی دۆستۆیڤسکی لە ساڵی ١٨٥٩دا، دۆستۆیڤسکی ئەو دوو چیرۆکەی لەژێر ناونیشانێکی نوێدا بە ناوی "ژنی پیاوێکی تر و مێردێک لە ژێر جێگادا" کۆکردەوە و کردی بە یەک چیرۆک، دۆستۆیەڤسکی لە چیرۆکی یەکەمدا، “ژنی پیاوێکی تر”، جگە لە چەند دێڕێک، زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نەکرد، سەبارەت بە چیرۆکی دووەم، “مێردێکی ئیرەییبەر”، دووبارە نووسەر بەشێکی زۆری لێ نووسییەوە، و ناونیشانەکەی گۆڕی. لە چیرۆکەکەدا دۆستۆیەڤسکی ھەندێک لە تەکنیکەکانی ڤۆدێڤیلی بەکارھێناوە کە جۆرێکە لە شانۆگەری، بە تایبەت سەبارەت بە وتووێژ و دەستکاریکردنی زارەکی. وا دیارە دۆستۆیەڤسکی ناونیشانی چیرۆکەکەی بە ھاوشێوەی ناونیشانی شانۆنامەکانی ڤۆدڤیل داناوە، بۆ نموونە شانۆنامەی فیۆدۆر کۆنی "مێرد لە ئاگرە لە کاتێکدا ژنەکە لە سەرداندایە". دۆستۆیەڤسکی دواتر لە بەرھەمەکانی داھاتوودا ئەم شێوازەی بەکارھێناوە، وەک: " خەونی مام "، ھەروەھا لە " مێردی ھەمیشەیی "، بەڵام لەگەڵ لێکدانەوەیەکی دەروونی قووڵدا، بە پێچەوانەی شانۆنامە باو و سادەکانی ڤۆدێڤیلی بوو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "زانیاری دەربارەی ژنی پیاوێکی تر و مێردێک لەژێر جێگادا لە ماڵپەڕی viaf.org". viaf.org.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]