چەمک

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

چەمک یان تێگەیشتە یەکەی ناسینە لە واتادابیرۆکەیەکی دەرھەست یان ھێمایەکی زەینییە کە ھەندێجار وەکوو "یەکەی زانین" پێناسە دەکرێ و خۆی لە ژمارەیەک یەکەی دیکە دروست بووە کە پیان دەوترێ تایبەتمەندییەکان یان خسڵەتەکانی چەمک. چەمک ئەوەیە کە مرۆڤ لە وشە تێدەگا، بۆیە ھەندێجار پێی دەوترێ تێگەیشتە یان تێگەھ.

بەو ناوەی کە بۆ دەستنیشانکردنی چەمکێک بەکار دەچێ (مۆرکی لکاو بە چەمکەوە) دەوترێ زاراوە. بۆ نموونە، وشەی "سەگ" زاراوەیەکە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو چەمکەی کە سەگێک ئەوەیە، ھەموو ئەو شتانەی کەسێک لەبارەی سەگێکەوە دەزانێ دەبێتە چەمکی زاراوەی سەگ. لەوانەیە چەند زاراوەی جیاواز ئاماژە بە یەک چەمک بکەن، بۆ نموونە، ترێ و ھەنگوور ھەردوو ئاماژە بە یەک چەمک دەکەن. لە ھەر زماندا بۆ ھەر چەمکێک زاراوەیەک بوونی ھەیە (یان، ھەروا کە وترا، چەند زاراوە)، ئەگەر نەبێ، ئەوا زمان ھەوڵ دەدا بۆی بتاشێ یان لە زمانەکانی ترەوە بۆی قەرز بکا.