نایەکسانی
لە ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
لە بیرکاریدا، نایەکسانی دەربڕینێکە سەبارەت بە قەوارە یان پلەی دوو شت بەگوێرەی یەکتر، یان سەبارەت بە وەکوو یەک بوون یان نەبوونی دوو شت (یەکسانی ژی ببینە).
- a < b واتە a بچووکترە لە b.
- a > b واتە a گەورەترە لە b.
- a ≠ b واتە a یەکسان بە (یان یەکسان لەگەڵ) b نییە، بەڵام ناڵێت کە یەکێک لە ئەوی دیکە گەورەترە یان تەنانەت لە قەوارەدا بۆیان ھەیە بەراورد بکرێن.
لە ھەر کام لە دەربڕینەکانی سەرەوەدا، a یەکسان نییە بە b (یان لەگەڵ b). پێوەندیگەلێک لەم چەشنە بە "نایەکسانیی مسۆگەر" یان "نایەکسانی ئاشکرا" ناسراون. a < b دەکرێ ئاوەھاش بخوێنرێتەوە: a بەئاشکرا بچووکترە لە b.
لە بەرامبەر نایەکسانیی ئاشکرادا، دوو جۆری دەربڕینی نایەکسانی ھەن کە ئاشکرا (مسۆگەر) نین:
- a ≤ b واتە a بچووکتر یان یەکسانە بە b (یان، بە چەشنی ھاوسەنگ، ناگەورەترە لە b)
- a ≥ b واتە a گەورەتر یان یەکسانە بە b (یان، بە چەشنی ھاوسەنگ، نابچووکترە لە b)
جگە لەوانە، بۆ نیشاندانی ئەوەی کە بڕێک لە بڕێکی تر "زۆر" گەورەترە نیشانەی تریشمان ھەیە:
- a ≪ b واتە a زۆر بچووکترە لە b.
- a ≫ b واتە a زۆر گەورەترە لە b.