مەتەڵ

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

مەتەڵ (بە ئینگلیسی: Riddle ، بە عەرەبی:لغز ) بە واتای گرێ کوێرە و شتی ئەستەم و ئاماژەیه‌ بە وتەیەکی ھۆنراو کە مەبەست و واتایەکی شاراوەی تێدایە و ڕادەی بیرتیژی، وریایی، زیرەکی و ژیری مرۆڤ ھەڵدەسەنگێنێ.

وشە ھاوتاکان[دەستکاری]

لە زمانی کوردیدا بۆ وشەی مەتەڵ ئەم وشانەش بەکار دێن:ھەتەڵ، مەیل، ھەڵێنە، چەوچە، مامک، تێدەرخستۆک، تشتانۆک، دەناچییە، لیچار، چمام، قاف، پەردەک، چێ کە چێ کە

لێکدانەوەی مەتەڵ[دەستکاری]

لێکدانەوەی مەتەڵ زۆر شتی نادیار و شاراوەمان بۆ دەردەخات؛ جگە لەوەی ڕادەی بیرتیژی، ژیری و وریایی نەتەوەییمان بۆ دەردەخات، زۆر زاراوە و وشەی تایبەتی ئەو زمانەش لە تیاچوون دەپارێزێت . لە زمانی کوردیدا بە ھۆی فرەدیالێکتیکی و زاراوەی جۆراوجۆر، ھەر ناوچەیەک مەتەڵی تایبەت بە خۆی ھەیە و ئەمە دەبێتە ھۆی دەوڵەمەند بوونی مەتەڵەکان.

فرەدیالێکتیکی[دەستکاری]

  • کرمانجی باکوور:

«دەسرۆکەکا گول گولی، تژی سێڤێت سۆر کری» (ئاسمان و ئەستێرە)

«چار برایە، جا دیارە، یەکی گەرمە، یەکی سارە، یەکی بارە» ( ھاڤین، زڤسان، بەھار، پاییز)

  • کرمانجی ناوەڕاست:

«حەوزە قووڵە، دەوری تووڵە» (چاو)

  • کەلھوڕی:

«ئەگەر فام دیر فامد لە ھۆزە، کام لەی مەلیلە، وەھار وەشیرە» ( شەمشەمە کوێرە)

  • گۆران:

«نانوو شەوێ رۆنە بڕیو، پانزە ڕوێ جا وریۆ» (مانگ) و...

جۆرەکانی مەتەڵ[دەستکاری]

  • زۆرێک لە مەتەڵەکان زەینی بێ وێنەی خەڵک دروستیان کردووە، لە سەرەتادا زۆر سەرسووڕھێنەر و دوور لە زەینن، جاری واھەیە وشەیەک بۆ سەرلێشێوانە و مرۆڤ بە ھەڵەدا دەبات و لە وەڵامی دروستی مەتەڵەکە دووری دەخاتەوە وەک:

« ملی ھەیە و سەری نییە، باسکی ھەیە و دەستی نییە» (کراس)

  • جاری وایە بڕێ لە وشەکان بۆ ئاھەنگین کردنی و ڕازاندنەوەی مەتەڵەکە دێن و ھیچ مانایەکیان نییە وەک:

« ھەلاران و مەلاران، ھێلکە دەکەن لە داران، بۆ فەقیر و ھەژاران» دوو وشەی ھەلاران و مەلاران بۆ ڕازاندنەوەی مەتەڵەکە ھاتوون

  • زۆرێک لە مەتەڵەکان بۆ بەر لە ئیسلام دەگەڕێنەوە و لە گەڵ پەندی پێشینیاندا کۆنترین دەقی پەخشانی کوردی پێک دەھێنن، وەک:
    • «ڕەقە بە ڕەق دەکەوێ، سوورە بە نەرمی دەکەوێ» (ئەستێ و پووش)
    • چوومە سەر بەردێ، ڕوانیم لە زەردێ، دارێ بە چەپۆک، بەر بوو لە بەردێ» (ئاشی ئاو)
    • «زەوی لافاوە، شارێک لە سەر ئاوە، ھەموو زیندەوەرێکی لە ناوە» (گەمیەکەی نووح)
  • بەشێک لە مەتەڵەکان بابەتی ئیسلامییان تێدایە و سەر بە سەردەمی ئیسلامین وەک:

«پیاوێ نوێژی ئەکرد، سڵام لای ڕاستی داوە نوێژەکەی بەتاڵ بوو، سڵام لای چەپی داوە تەڵاقی کەوت، سەری ھەڵبڕی ڕۆژووەکەی شکا»

  • بەشێک لە مەتەڵەکان دەچێتەوە سەر ئامێر و کەرەستەی نوێی ئەمڕۆ، وەک:

«ئەوە چییە بەرزی ئەکەیتەو یەک پای ھەیە، دای ئەنی سێ پای ھەیە» (فەرخون)

  • بڕێک لە مەتەڵەکان گاڵتە و گەپ و پێکەنینیان تێدایە و ھەندێکی تریان جنێو، قسەی تاڵ و ترش و جاری واشە بابەتی شیرین و خۆشی تێدایە، وەک:

«دەمی تاقە، چاوی زاقە» (کڵاو)

«سەری یەکە و بنی دوو، بە باو باپیرتا چوو» (شواڵ)

«بنی دەگڵی، قەدی دەکەرێ، سەر دەتوو، ئەگەر نەزانی چاوت دەرێ)» (کەنگر)

«بە شەوا قسرە و بە ڕۆژا ئاوس» (پێڵاو)

  • و...

سوودەکانی مەتەڵ[دەستکاری]

  • بۆ ھەڵسەنگاندنی ھۆش و وریایی
  • کێبەرکێ و کات بەسەر بردن
  • بەھێز بوونی بیر و ھۆش
  • پاراستنی وشەو زاراوەکان
  • لێکدانەوەی باری کۆمەڵناسی، ئابووری، مێژوویی، کەلتووری و ...
  • زانیاری لە مەڕ ژیان و ژیواری ڕابردووان
  • و...

پێکھاتەی مەتەڵ[دەستکاری]

مەتەڵ ڕستە یا دەستەواژەیەکی وەسف کراوە کە توخمی وەسف کراو بەشی بنەڕەتی پێکھاتەکە پێک دێنێ. لە ھەر مەتەڵێکدا لانیکەم بابەتێک ھەیە کە ئاشکرا وەسف دەکرێت(بابەت) و ھەواڵێک سەبارەت بەو بابەتە ئەدرێت( ھەواڵ) وەک:

  • «دارەکەی سەر تەجەرە، ھەر پەلێکی سەد خەنجەرە» (خۆر)

( دارەکەی سەر تەجەرە)بابەت و ( ھەر پەلێکی سەد خەنجەرە)ھەواڵ.

بڕێ مەتەڵ دوو یا چەند بەشی وەسفییان ھەیە ، وەک:

  • «سەوزه‌ وەک خەیار، بەرزە و ەک چنار، ترشە وەک ھەنار» ( ڕێواس)

پۆلێن کردنی مه‌ته‌ڵ به‌ پێی بابه‌ت[دەستکاری]

=== ئایینی===

  • «پێنج فەرزی بێ بیسمیلا»(بانگ)
  • «بیگری مشتێکە، بەری دەی دەشتێکە» (نەوس)
  • « خۆی فەڕزە، نییەتی سونەت» (غوسڵ)
  • «خۆی سونەتە، نییەتی فەرز» (دەسنوێژی مەییەت)
  • «بیبینی لە بەری ناکەی، لە بەری بکەی نابینی» (کفن)

سروشت و ژینگە[دەستکاری]

  • «دەڕوا پێی نییە، دەخورێ گۆشتی نییە» (ئاو)
  • «سەری سپییە و مووی نییە، ھەڵدەپەڕێ و پیی نییە» (تەرزە)

ئەندامەکانی لەش[دەستکاری]

  • «بانێکە و ھەیوانێکە، چوار بزنەو شوانێکە» (پەنجەی دەست)

کەل و پەل[دەستکاری]

  • «ئاغای شەو، خانمی ڕۆژ» (گەسک)
  • «لایێ کوورەیە، لایێ کڕێوە» (یەخەچاڵ/ سەلاجە)
  • «کلکی دارە، ملی خوارە، دەمی ھارە» (داس)

ئامێر و کەرەستە[دەستکاری]

  • «کارت پێ بێفڕەی دەدەی، کارت پێ نەبێ ھەڵیدەگری» (تۆڕی ڕاوەماسی )
  • «ھەتا بایدەی، قورستر دەبێ» (تەشی)
  • «ھەموو زمانێ دەزانێ» (قەڵەم)
  • «سێ یاریزان، دوانزە سەیرکەر» (کاتژمێر)

خۆراک[دەستکاری]

  • «ناوی شارێکە، لە سەر دارێکە» (پرتەقاڵ)
  • «سەری دەبڕی و بۆی دەگری» (پیاز)
  • «بە ساقی مەلا، بە شکاوی حاجی» (ھێلکە)

ئاژەڵ و بەرھەمی ئاژەڵی[دەستکاری]

  • «ئەخوێنێ بولبول نییە، مەلە ئەکا ماسی نییە، ھەڵدەبەزێ کەروێشک نییە» (بۆق)

بیرو ھۆش[دەستکاری]

  • «دە لە دەیان دەرێنی، دەمێنێتەوە دە» (دەسکێش و پەنجەکانی ھەردوو دەست)

و...[دەستکاری]

  • «تا لێی زیاد بێ، کەم دەکا» (تەمەن)
  • «بەڕۆژ لە گەڵتا دەڕوا، بە شەو دادەنیشێ» (سێبەر)

جوانکاری لە مەتەڵدا[دەستکاری]

له‌ مه‌ته‌ڵدا جۆره‌کانی هونه‌ری زمان پاراوی و جوانکاری به‌دی ده‌کرێت، وه‌ک: خوازه‌، چواندن، کینایه‌، دژیه‌کی، تێهه‌ڵکێش، تیل نیشان، کورته‌ و... . زۆربه‌ی زۆری مه‌ته‌ڵه‌کان کێش و سه‌روادارن و بڕگه‌یین، یان به‌ شێوه‌ی په‌خشانێکی ڕازاوه‌ و هۆنراون.

باوای چه‌فت و چێڵ، دایه‌ی سه‌رپانه‌/ کوڕیان شیرینه‌و کوڕه‌زا دێوانه‌

  • باوای چه‌فت و چێڵ: خواستن له‌ دارمێو
    • دایه‌ی سه‌رپانه‌: خواستن له‌ گه‌ڵا
      • کوڕیان شیرینه‌: خواستن له‌ ترێ
        • کوڕه‌زا دێوانه‌: خواستن له‌ مه‌ی

سەرچاوە[دەستکاری]

کتێبی مەتەڵ و موعەمما - ئیبراھیم ئەحمەدی