مافنامه‌ی جیهانیی زارۆکان

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

مافنامە‌ی جیھانیی زارۆکان (بە ئینگلیزی: The United Nations Convention on the Rights of the Child)


پێشە‌کی

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست،

کە،‌ لە‌بە‌ر ڕۆشنایی پرنسیپە‌کانی «بە‌یاننامە‌ی دە‌وڵە‌تانی‌ یە‌کگرتوو»، پێیان وایە‌ سە‌لماندنی باوە‌ڕی سە‌روە‌ریی ڕە‌سە‌ن لای ھە‌موو ئە‌ندامانی مرۆڤایە‌تی و باوە‌ڕی ئە‌وە‌ی مافی ھە‌ر ھە‌موو یە‌کسانە‌ و دە‌ست تێوە‌ردان ھە‌ڵ ناگرێ، بنە‌مایە‌ بۆ ئازادی، دادپە‌روە‌ری و ئاشتی لە‌ جیھاندا،


ڕە‌چاوی دە‌گرن کە‌، گە‌لانی دە‌وڵە‌تانی‌ یە‌کگرتوو UN، لە‌ «بە‌یاننامە» کە‌یانە‌دا، دووپاتی دە‌کە‌نە‌وە‌ کە‌ باوە‌ڕیان ھە‌یە‌ بە‌ مافە بنگە‌ییە‌کانی مرۆڤایە‌تی و بە‌ سە‌روە‌ری و ڕێزی تاکە‌کە‌س و بڕیارە‌ کارئاسانی بکە‌ن ھە‌م بۆ گە‌شانە‌وە‌ی جڤاکی و ھە‌م بۆ سە‌رخستنی ئاستی گوزە‌ران بە‌ ئازادییە‌کی زیاترە‌وە‌،

‌ دە‌یسە‌لمێنن کە‌، سازمانی دە‌وڵە‌تانی‌ یە‌کگرتوو UN، ھە‌م لە‌ «مافنامە‌ی مرۆڤ» («جاڕی گە‌ردوونیی مافی مرۆڤ») و ھە‌م لە‌ »پە‌یماننامە‌ی نێودە‌وڵە‌تیی دە‌ربارە‌ی مافی مرۆڤ» . دا، بە‌یانی کردووە‌ و ھاوڕایە‌ لە‌سە‌ر ئە‌وە‌ی ھە‌موو ئە‌و ئازادی و مافانە‌ی باسیان لە‌وێدا ھاتووە‌ بە‌ ھە‌موو مرۆڤیک ڕە‌وایە‌، بێ ھیچ جۆرە‌ جیاوازییە‌ک، وە‌ک ڕە‌گە‌ز، ڕە‌نگ، زایە‌ند، زمان، دین، بیروڕای سیاسی یان ھە‌ر بابە‌تێکی دیکە‌، بنە‌چە‌ی نە‌تە‌وە‌یی و جڤاکی، سامان، بنە‌ماڵە‌ یان ھە‌ر پێگە‌یە‌ک.


جە‌خت دە‌کە‌ن لە‌سە‌ر ئە‌وە‌ی، سازمانی دە‌وڵە‌تانی‌ یە‌کگرتوو UN، لە‌ «مافنامە‌ی مرۆڤ»– دا بانگی داوە‌ کە‌ زارۆک مافی ھە‌یە‌ لە‌ سە‌رپە‌رشتی و ھاریکاریی تایبە‌تدا.


باوە‌ڕیان ھە‌یە‌ بە‌وە‌ی خێزان . کە‌ پۆلێکی بنگە‌یی جڤاتە‌ و ژینگە‌یە‌کی سروشتییە‌ بۆ گە‌شە‌ کردن و خۆش گوزە‌رانیی ھە‌موو ئە‌ندامانی و بە‌تایبە‌تی زارۆک – دە‌بێ پاراستن و ھاریکاریی پێویستی بۆ تە‌رخان بکرێت بۆ ئە‌وە‌ی ‌بە‌رپرسایە‌تیی تە‌واوی خۆی لە‌ جڤاتدا ببینێت.


دە‌یسە‌لمێنن کە‌ زارۆک، بۆ گە‌شە‌ کردنی تە‌واو و ھاوئاھە‌نگی کە‌سایە‌تی خۆی، لە‌ ژینگە‌ی خێزاندا، پێویستی بە‌ کە‌ژێکی شاد، پڕ خۆشە‌ویستی و دە‌رک کردن ھە‌یە‌.

بڕوایان وایە‌ کە‌ دە‌بێ زارۆک تە‌واو ئامادە‌ بکرێت بۆ ژیانێکی سە‌ربە‌خۆی ناو کۆمە‌ڵگە‌ و لە‌بە‌ر ڕۆشنایی ئە‌و بیرۆکانە‌ی ناو «بە‌یاننامە‌ی دە‌وڵە‌تانی‌ یە‌کگرتوو» بار بھێنرێن، بە‌ تایبە‌تی بیرۆکە‌گە‌لی ئاشتی، سە‌روە‌ری، سنگفرە‌وانی، ئازادی، یە‌کسانی و ھاریکاری.


ڕە‌چاوی دە‌گرن کە‌، پێداویستیی سە‌رپە‌رشتییە‌کی تایبە‌تی زارۆک جێگیرە‌، ھە‌م لە‌‌ «بە‌یاننامە‌ی ژنێڤ – دە‌ربارە‌ی مافی زارۆک» ی ساڵی ١٩٢٤ . دا و ھە‌م لە‌ «بە‌یاننامە‌ی مافی زارۆک» . دا کە‌ ٢٠ ی نۆڤە‌مبە‌ری ١٩٥٩ لە‌ لایە‌ن ئە‌نجومە‌نی گشتییە‌وە‌ بڕیاری درا. پاشان ئە‌م پێداویستییە‌ سە‌لمێندرا لە‌ «مافنامە‌ی مرۆڤ» و لە‌ «پە‌یماننامە‌ی نێودە‌وڵە‌تی دە‌ربارە‌ی مافگە‌لی مە‌دە‌نی و سیاسی» (بە‌ تایبە‌تی لە‌ بە‌ندی ٢٣ و ٢٤ دا) و لە‌ «پە‌یماننامە‌ی نێودە‌وڵە‌تی دە‌ربارە‌ی مافگە‌لی ئابووری، جڤاکی و فە‌رھە‌نگی» (بە‌ تایبە‌تی لە‌ بە‌ندی ١٠ دا) و ھە‌روە‌ھا لە‌ ڕێنامە‌ و ئامرازە‌کانی کۆمە‌ڵە‌ی پە‌یوە‌ندیدارە‌کان و سازمانە‌ نێودە‌وڵە‌تییە‌کانی کار بۆ خۆشگوزە‌رانیی زارۆک دە‌کە‌ن.


ڕە‌چاوی دە‌گرن کە‌، ھە‌روە‌ک لە‌ «بە‌یاننامە‌ی مافی زارۆک» دا ھاتووە‌: «زارۆک، بە‌ ھۆی کاڵیی لە‌شە‌کی و ھۆشە‌کییە‌وە‌ پێویستی بە‌ سە‌رپە‌رشتی و پاراستنی تایبە‌ت ھە‌یە‌ کە‌ داوای پە‌رژینی قانوونی دە‌کات، ھە‌م پێش، ھە‌م پاش زان».


جە‌خت دە‌کە‌ن لە‌سە‌ر ئە‌و پە‌یماننامانە‌ی باس لە‌ پرنسیپە‌‌ جڤاکی و مافە‌کییە‌کان دە‌کە‌ن کە‌ دە‌ربارە‌ی سە‌رپە‌رشتی و پاراستنی زارۆکن.‌ بە‌تایبە‌تی ئە‌وانە‌ی سە‌ربە‌‌‌ دۆزی جێنشین و تە‌بە‌ننیی زارۆکن، لە‌ ھە‌ردوو بواری میللی و نێودە‌وڵە‌تیدا، ڕێساگە‌لی سازمانی دە‌وڵە‌تانی‌ یە‌کگرتوو UN دە‌ربارە‌ی ئاستی ھە‌رە‌ژێری دادپە‌روە‌ری لە‌ مە‌سە‌لە‌ی تاوانی لاوان (ڕێساگە‌لی پە‌کین)، ھە‌روە‌ھا ئە‌و پە‌یماننامانە‌ی دە‌ربارە‌ی پاراستنی ژن و زارۆکن کاتی تە‌نگانە‌ و ناکۆکیی چە‌کدارانە‌.


دە‌یسە‌لمێنن کە‌، لە‌ ھە‌موو وە‌ڵاتانی جیھاندا، زارۆک ھە‌ن‌ لە‌ بارودۆخێکی فرە‌ سە‌ختدا دە‌ژین و ئە‌مانە‌ش پێویستیان بە‌ ئاگا لێ بوونی تایبە‌ت ھە‌یە‌.


گرنگی دە‌دە‌ن بە‌وە‌ی ھە‌ر میللە‌تێک نە‌رێت و بە‌ھای فە‌رھە‌نگیی خۆی ھە‌یە‌ بۆ پاراستن و گە‌شە‌ی ھاوئاھە‌نگانە‌ی زارۆک.


دە‌یسە‌لمێنن کە،‌ گرنگە‌ ھاریکاریی نێودە‌وڵە‌تی ھە‌بێت بۆ پێشخستنی گوزە‌رانی زارۆک لە‌ ھە‌ر وە‌ڵاتێک، بە‌تایبە‌تی لە‌ وە‌ڵاتانی فراژی.


ڕێک کە‌وتن لە‌سە‌ر ئە‌وە‌ی:


بە‌شی یە‌کە‌م[دەستکاری]

بە‌ندی ١

لە‌م مافنامە‌یە‌دا، مە‌بە‌ست لە‌ زارۆک ھە‌موو مرۆڤێکە‌ تە‌مە‌نی ژێر ھە‌ژدە‌ ساڵ بێت، مە‌گە‌ر ئە‌و قانوونە‌ی دە‌یگرێتە‌وە‌ تە‌مە‌نێکی زووتر بۆ ڕسکان دابنێت.


بە‌ندی ٢

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ڕێزی مافە‌کانی ئە‌م پە‌یمانانە‌‌ دە‌گرن و دە‌ستە‌بە‌ریان دە‌کە‌ن‌ بۆ ھە‌ر زارۆکێکی‌ ناوچە‌ی دە‌سە‌ڵاتی قانوونی خۆیان بێ ھیچ جۆرە‌ ھە‌ڵاواردنێک، ھە‌ر چییە‌ک بێت ڕە‌گە‌ز، ڕە‌نگ، زایە‌ند، زمان، دین، بیڕوڕای سیاسی یان ھە‌ر دیدێکی دی‌، بنە‌چە‌ی میللی، نە‌تە‌وە‌یی و جڤاکی، سامان، ھاندیکاپ، بنە‌ماڵە‌ یان ھە‌ر پێگە‌یە‌کی دیکە‌ی زارۆکە‌کە‌، دایکوباوک یا سە‌رپە‌رشتی زارۆک.


٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھە‌موو ھە‌نگاوێکی پێویست دە‌نێن بۆ دە‌ستە‌بە‌ر کردنی پاراستنی زارۆک بە‌رانبە‌ر ھە‌موو جۆرە‌ ھە‌ڵاواردن و سزا دانێک کە‌ پە‌یوە‌ندی بە‌ پێگە‌، چالاکی، بیروڕا دە‌ربڕین و بڕوای دایکوباوک، سە‌رپە‌رشت یان ئە‌ندامێکی خێزانە‌کە‌یە‌وە‌، ھە‌بێت.


بە‌ندی ٣

١. لە‌ ھە‌موو ھە‌ڵوێستێکدا کە‌ پە‌یوە‌ندی بە‌ زارۆکە‌وە‌ ھە‌بێ، لە‌ ھە‌ر مە‌ڵبە‌ندێکی جڤاکیی خۆشگوزە‌ران بێ، چ کە‌سە‌کی چ دە‌وڵە‌تی، دادگە‌، فە‌رمانگە‌ی بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تی یان بنگە‌ی قانوونڕێژ بێ، دە‌بێ بە‌رژە‌وە‌ندی زارۆک لە‌ پلە‌ی یە‌کە‌مدا بێ.

٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست پە‌یمان دە‌دە‌ن ھە‌موو سە‌رپە‌رشتی و پاراستنێکی پێویست بۆ خۆشگوزە‌رانی زارۆک تە‌رخان بکە‌ن، بە‌ ڕە‌چاو گرتنی ئە‌و ماف و ئە‌رکانە‌ی پە‌یدا دە‌بن بۆ دایکوباوک، کە‌سی سە‌رپە‌رشت یان ئە‌وانە‌ی بە‌رپرسایە‌تیی قانوونییان ھە‌یە‌ بە‌رانبە‌ر زارۆکە‌کە‌ و بۆ ئە‌م مە‌بە‌ستە‌ش ھە‌موو ھە‌نگاوێکی پێویستی قانوونی و ڕێبە‌ری دە‌نێن.

٣. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست پە‌یمان دە‌دە‌ن کە‌ ھە‌موو بنگە‌، مە‌ڵبە‌ند و فە‌رمانگە‌یە‌کی بە‌رپرس لە‌‌ پاراستن و سە‌رپە‌رشتی زارۆک‌، پە‌یڕە‌وی ئە‌و ڕێساگە‌لە‌ دە‌کە‌ن کە‌ بنگە‌ی دە‌وڵە‌تی دایڕشتوون، بە‌تایبە‌تی لە‌ بواری ئاسوودە‌یی، تە‌ندروستی، ژمارە‌ی کارمە‌ندان، ژێھاتی و ھە‌روە‌ھا چاودێریی پسپۆڕانە‌.


بە‌ندی ٤

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھە‌موو ھە‌نگاوێکی پێویستی قانوونی، ڕێبە‌ری و ھی دیکە‌ دە‌نێن بۆ جێبە‌جێ کردنی ئە‌و مافانە‌ی لە‌م مافنامە‌یە‌دا ھاتوون. دە‌ربارە‌ی مافگە‌لی ئابووری، جڤاکی و فە‌رھە‌نگی دە‌بێ دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست، ھە‌تا ئە‌وپە‌ڕی توانا کاری بۆ بکە‌ن، گە‌ر پێویستیش بوو ھە‌وڵی ھاریکاریی نێودە‌وڵە‌تی بدە‌ن.


بە‌ندی ٥

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێت ڕێزیان ھە‌بێت بۆ بە‌رپرسایە‌تی و ماف و ئە‌رکە‌کانی دایکوباوک یان، ئە‌گە‌ر وە‌ھا باو بێ، ئە‌ندامانی خێزانی گە‌ورە‌تر یان جڤات بە‌پێی نە‌رێتی ناوچە‌کە‌، یان کە‌سی سە‌رپە‌رشت یان ئە‌وانە‌ی بە‌رپرسایە‌تیی قانوونییان ھە‌یە‌ بە‌رانبە‌ر زارۆکە‌کە، کە‌ بە‌ شێوە‌یە‌کی گونجاو لە‌گە‌ڵ فراژووتنی بە‌ردە‌وامی توانای زارۆکە‌کە‌، ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی ھە‌موار بدە‌ن بە‌ زارۆک لە‌ پیادە‌ کردنی مافە‌کانی ئە‌م مافنامە‌یە‌دا.


بە‌ندی ٦

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ زارۆک مافێکی خۆڕسکی ھە‌یە‌ کە‌ بژی.

٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێ، ھە‌تا ئە‌وپە‌ڕی توانایان، ژیان و فراژووتنی زارۆک دە‌ستە‌بە‌ر بکە‌ن.


بە‌ندی ٧

١. زارۆک، دە‌ستبە‌جێ پاش زانی، دە‌بێ ناونووس بکرێ و ھە‌ر لە‌ کاتی زانیە‌وە‌ مافی ئە‌وە‌ی ھە‌یە‌ ببێتە‌ خاوە‌ن ناو، ببێتە‌ ھاوزێد و، ئە‌وە‌ندە‌ی لە‌ توانادا بێ، دە‌رفە‌تی ھە‌بێ بزانێ دایکوباوکی کێن و لە‌لایە‌ن ئە‌وانە‌وە‌ سە‌رپە‌رشتی بکرێ.


٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێ جێبە‌جێ کردنی ئە‌م مافانە‌ دە‌ستە‌بە‌ر بکە‌ن لە‌ دە‌ستووری میللی و ھە‌ر پە‌یمانێکی‌ نێودە‌وڵە‌تیی لە‌م بوارە‌دا بە‌ستوویانە، بە‌تایبە‌تی لە‌ دۆخێکدا کە‌ نە‌بوونی ئە‌م ھە‌نگاوانە‌ ببنە‌ مایە‌ی بێدە‌وڵە‌تبوونی زارۆک.‌


بە‌ندی ٨

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست پە‌یمان دە‌دە‌ن ڕێزگیر بن لە‌ مافی زارۆک لە‌ پاراستنی ناسنامە‌ی خۆی، کە‌ ھاوزێدە‌تی، ناو، پێوە‌ندی خێزانە‌کی دە‌گرێتە‌وە‌ بە‌وە‌ی بە‌ قانوون جێگیر بێ و ھیچ دە‌ست تێوە‌ردانێکی ناقانوونی تێدا نە‌کرێ.

٢. ‌گە‌ر زارۆکێک ناڕە‌وایانە‌ بە‌شێک یان سە‌رلە‌بە‌ری ڕیشاڵە‌کانی ناسنامە‌کە‌ی لێ زە‌وت کرا ئە‌وا دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھاریکاری و پاراستنی لە‌بار پێشکە‌ش دە‌کە‌ن بۆ ئە‌وە‌ی زوو ناسنامە‌کە‌ی زارۆک جێگیر بێتە‌وە‌.


بە‌ندی ٩

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بنە‌ دە‌ستە‌بە‌ر لە‌وە‌دا کە‌، دژ بە‌ خواستی دایکوباوک، زارۆک لە‌ دایکوباوک جودا نە‌کرێتە‌وە‌ مە‌گە‌ر بڕیاری دە‌زگە‌ی پسپۆڕی وە‌ھای لە‌سە‌ر بێ کە‌ لە‌ ژێر چاودێریی قانوونیدان، ئە‌ویش بە‌ مە‌رجێک قانوونی ھە‌موار و ڕێبازی ھە‌موار ئە‌م جودابوونە‌وە‌یە‌ بە‌ بە‌رژە‌وە‌ندی زارۆکە‌کە‌ بزانێت. دۆخی وە‌ھا ھە‌یە‌ بڕیاری لە‌و بابە‌تە‌ی تێدا پێویستە‌، وە‌ک ئە‌وە‌ی دایکوباوک دە‌ستدرێژی یان بە‌دھە‌ڵوێستی بە‌رانبە‌ر زارۆکە‌کە‌ بکە‌ن، یاخود دایکوباوک لە‌یە‌ک جودا بن و نشیمە‌نی زارۆکە‌کە‌ پێویستی بە‌ بڕیار ھە‌بێ.


٢. لە‌ پرۆسە‌یە‌کی سە‌ربە‌ خاڵی یە‌کە‌می ئە‌م بە‌ندە‌ بێ، دە‌بێ دە‌رفە‌ت بدرێ بە‌ ھە‌موو لایە‌نێکی پە‌یوە‌ندیدار بە‌شداری پرۆسە‌کە‌ بکات و بیروڕای خۆی ڕوون بکاتە‌وە‌.


٣. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ڕێزی مافی ئە‌و زارۆکە‌ دە‌گرن کە‌ لە‌ دایکوباوکی یان لە‌ یە‌کێکیان جیابووبێتە‌وە‌ لە‌وە‌دا کە‌ ماوە‌ماوە‌ و بە‌ردە‌وام پە‌یوە‌ندیی کە‌سە‌کی و دانوستانی ڕاستە‌وخۆی لە‌گە‌ڵ ھە‌م دایک و ھە‌م باوکیدا ھە‌بێت، مە‌گە‌ر ئە‌م کارە‌ دژ بە‌ بە‌رژە‌وە‌ندیی زارۆکە‌کە‌ بێ.


٤. ئە‌گە‌ر ئە‌م جودابوونە‌وە‌یە‌ دە‌رئە‌نجامی کارێک بێ دە‌وڵە‌تی پە‌یمانبە‌ست دە‌ست پێشخە‌ری بێ . بۆ نموونە‌‌، دە‌ستبە‌سە‌ردا گرتن، زیندانی کردن، دە‌وڵە‌تبە‌دە‌ر کردن یان مردن (ھە‌ر مردنێک بێ لە‌ کاتی دە‌ستبە‌سە‌ر گرتندا، ھۆیە‌کە‌ی ھە‌رچییە‌ک بێ) . بە‌رانبە‌ر دایک، باوک یان ھە‌ردووکیان یان زارۆکە‌کە‌ خۆی بێ، ئە‌وا دە‌وڵە‌تی پە‌یمانبە‌ست گە‌ر داوای لێ بکرێ دە‌‌بێ زانیاریی سوودبە‌خش دە‌ربارە‌ی ‌شوێنی ئە‌ندامە‌ ونبووە‌کە‌ی‌ (یان ئە‌ندامانی ونبووی) خێزانە‌کە‌، لە‌ کاتی پێویستدا بداتە‌ دایکوباوک، زارۆک . یان ئە‌گە‌ر پێویست بێ . ھە‌ر ئە‌ندامێکی دیکە‌ی خێزانە‌کە‌، بە‌ مە‌رجێک دانی ئە‌و جۆرە‌ زانیارییانە‌ دژی بە‌رژە‌وە‌ندی زارۆکە‌کە‌ نە‌بێت. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ئە‌وە‌ش دە‌ستە‌بە‌ر دە‌کە‌ن کە‌ داوا کردنی ئە‌م جۆرە‌ زانیارییانە‌ خۆی لە‌ خۆیدا ھیچ ئاکامێکی زیانبە‌خشی نە‌بێ بۆ کە‌س (یان کە‌سانی) پە‌یوە‌ندیدار.

بە‌ندی ١٠

١. ھاوڕێ لە‌گە‌ڵ ئە‌و ئە‌رکە‌ی خاڵی یە‌کە‌می بە‌ندی نۆیە‌م دە‌یخاتە‌ ئە‌ستۆی دە‌وڵە‌‌تانی پە‌یمانبە‌ست، دە‌بێ داواکاریی سە‌فە‌ری زارۆک یان دایکوباوکی زارۆک بۆ ناو یان بۆ دە‌رە‌وە‌ی دە‌وڵە‌تی پە‌یمانبە‌ست، بە‌ مە‌بە‌ستی یە‌ک گرتنە‌وە‌ی خێزان، لە‌لایە‌ن دە‌وڵە‌تی پە‌یمانبە‌ستە‌وە‌ بە‌ شێوە‌یە‌کی ئایانە‌ (پۆزە‌تیڤ)، خێرا و مرۆڤدۆستانە‌ چارە‌ بکرێ. لە‌وە‌ش بترازێ، دە‌بێ، دە‌وڵە‌تی پە‌یمانبە‌ست دە‌ستە‌بە‌ری بکات کە‌ ڕە‌پێش خستنی داواکاریی ئە‌وتۆ‌ ئە‌نجامی نایانە‌ (نێگە‌تیڤ) بۆ داواکار و ئە‌ندامانی خێزانە‌کە‌ی داواکار نە‌بێ.


2. زارۆکێک دایکوباوکی لە‌ دوو دە‌وڵە‌تی جودان‌ بن، مە‌گە‌ر دۆخێکی ڕیزپە‌ڕ بێ، دە‌نا مافی ئە‌وە‌ی ھە‌یە ماوە‌ماوە‌ و بە‌ردە‌وام پە‌یوە‌ندیی کە‌سە‌کی و دانوستانی ڕاستە‌وخۆی بە‌ ھە‌م دایک و ھە‌م باوکییە‌وە‌ ھە‌بێ. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست بۆ ئە‌م مە‌بە‌ستە‌ و ھاوڕێ لە‌گە‌ڵ ئە‌و ئە‌رکە‌ی خاڵی یە‌کە‌می بە‌ندی نۆیە‌م دە‌یخاتە‌ ئە‌ستۆیان، دە‌بێ ڕێزیان ھە‌بێ بۆ داوای زارۆک و دایکوباوک لە‌ دە‌رچوون لە‌ ھە‌ر وە‌ڵاتێک بێ، ‌بە‌ وە‌ڵاتە‌کە‌ی خۆشیانە‌وە‌ و سە‌فە‌ری ناو وە‌ڵاتە‌کە‌ی خۆشیان بکە‌ن. مافی لە‌ وە‌ڵات دە‌رچوون سە‌رفرووی تە‌نھا ئە‌و جۆرە‌ فە‌رمانانە‌یە‌ کە‌‌ قانوون بیان سە‌پێنێ و پێویست بن بۆ پاراستنی ئە‌منییە‌تی دە‌وڵە‌ت، شیرازە‌ی گشتیordre puplic و تە‌ندروستی و نە‌رێتی میللی یان ماف و ئازادیی کە‌سانی دیکە‌ و ھە‌روە‌ھا ڕێک بن لە‌گە‌ڵ مافگە‌لی دیکە‌ی ناو ئە‌م مافنامە‌یە‌.


بە‌ندی ١١

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێ کار بکە‌ن بۆ ڕێ گرتن لە‌ فڕاندن و گل دانە‌وە‌ی ناڕە‌وایانە‌ی زارۆک، بۆ یان‌ لە‌، وە‌ڵاتێکی دیکە‌.

٢. بۆ گە‌یە‌شتن بە‌م مە‌بە‌ستە‌ دە‌بێ، دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست، ڕێ خۆش بکە‌ن بۆ بە‌ستنی پە‌یمانی دوولایە‌نە‌ و فرە‌لایە‌نە‌ یان بچنە‌ ڕیزی ڕێککە‌وتنامە‌ی ئامادە‌وە‌.


بە‌ندی ١٢

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بنە‌ دە‌ستە‌بە‌ری ئە‌وە‌ی گە‌ر زارۆک گە‌یشتە‌ بارێک بیروباوە‌ڕی خۆی ھە‌بێ، مافی ھە‌بێ‌ ئازادانە‌ بۆچوونی خۆی دە‌ربڕێ دە‌ربارە‌ی ھە‌ر باسێک بێت پە‌یوە‌ندی بە‌ زارۆکە‌وە‌ ھە‌بێ، لە‌وە‌شدا، بە‌ ڕە‌چاو گرتنی تە‌مە‌ن و پلە‌ی ڕسکانی زارۆکە‌کە‌، بۆچوونە‌کانی بە‌ ھە‌ند بگیرێن.


٢. بۆ ئە‌م مە‌بە‌ستە‌ دە‌بێ، لە‌ ھە‌موو دۆزێکی سە‌ر بە‌ زارۆک لە‌ دادگە‌ و بنگە‌ی ڕێبە‌ریدا، دە‌رفە‌تی تایبە‌ت بۆ زارۆک تە‌رخان بکرێ کە‌ لێی ببیسترێ، ڕاستە‌وخۆ یان لە‌ ڕێی نوێنە‌رێکە‌وە‌ یان بنگە‌یە‌کی گونجاوە‌وە‌، بە‌ شێوە‌یە‌کی ڕێک بێ لە‌گە‌ڵ ڕێساگە‌لی پرۆسە‌کاریی ناو دە‌ستووری میللی.


بە‌ندی ١٣

١. زارۆک مافی ئازادیی دە‌ربڕینی ھە‌یە‌. ئە‌م مافە‌ ئە‌وە‌ دە‌گر‌ێتە‌وە‌ کە‌ زارۆک، ڕە‌ھا لە‌ سنووری دە‌وڵە‌تی، ئازادە ‌لە‌ لێگە‌ڕان و دۆزینە‌وە‌ و بڵاو کردنە‌وە‌ی ھە‌موو جۆرە‌ زانیاری و بۆچوونێک، بە‌ گوتن، بە‌ نووسین و بە‌ چاپ کردن، بە‌ شێوە‌یە‌کی ھونە‌رکارانە‌ یان ھە‌ر شێوە‌یە‌کی دیکە‌ زارۆکە‌کە‌ لای باشبێت.

٢. پیادە‌ کردنی ئە‌م مافە‌ ‌دە‌شێ سە‌رفرووی چە‌ند سنووربە‌ندییە‌ک بێ، بە‌ڵام تە‌نھا ئە‌وانە‌ی لە‌ دە‌ستووردا نووسراون و پێویستن بۆ:

a. ڕێز گرتن لە‌ ماف و ناوبانگی خە‌ڵکی دیکە‌

b. پاراستنی ئە‌منییە‌تی میللی، شیرازە‌ی گشتی ordre puplic، تە‌ندروستی و نە‌رێتی میللی.


بە‌ندی ١٤

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ڕێز دە‌گر‌ن لە‌ ئازادیی بیروڕا، ویژدان و دینی زارۆک.

٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێت ڕێزیان ھە‌بێت بۆ ماف و ئە‌رکە‌کانی دایکوباوک یان، ئە‌گە‌ر ھە‌بێت، سە‌رپە‌رشت، کە‌ بە‌ شێوە‌یە‌کی گونجاو لە‌گە‌ڵ فراژووتنی بە‌ردە‌وامی زارۆکە‌کە‌، ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی زارۆک بکە‌ن لە‌ پیادە‌ کردنی ئە‌م مافە‌دا.

٣. ئازادیی پە‌یڕە‌وی کردنی دین یان باوە‌ڕی خۆ سە‌رفرووی تە‌نھا ئە‌و جۆرە‌ سنووربە‌ندییە‌ دە‌بن کە‌ قانوون بیان سە‌پێنێ و پێویست بن بۆ پاراستنی ئە‌مان، شیرازە‌، تە‌ندروستیی گشتی و نە‌رێتی میللی یان ماف و ئازادیی کە‌سانی دیکە‌.


بە‌ندی ١٥

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ زارۆک مافی ئازادیی ساز کردنی کۆمە‌ڵە و‌ ئازادیی جڤینی ئاشتییانە‌ی ھە‌یە‌.

2. پیادە‌ کردنی ئە‌و مافانە‌ نابێ سە‌رفرووی ھیچ سنووربە‌ندییە‌کی دیکە‌ بێ جگە‌ لە‌وانە‌ی دە‌ستوور دە‌یان سە‌پێنێ و پێویستن لە‌ کۆمە‌ڵگە‌ی دێمۆکراتدا، بە‌ ڕە‌چاو گرتنی پاراستنی ئە‌منییە‌تی میللی و ئە‌منییە‌تی گشتی، شیرازە‌ی گشتی ordre puplic بۆ پاراستنی تە‌ندروستیی گشتی و نە‌رێتی میللی و ماف و ئازادیی کە‌سانی دیکە‌.


بە‌ندی ١٦

١. نابێت کاروباری ھیچ زارۆکێک دووچاری دە‌ست تێوە‌ردانی ئارە‌زوومە‌ندانە‌ و ناقانوونی بێت، چ بواری شە‌خسی و خێزان بێ، چ ماڵ و پێوە‌ندی بێ، ھە‌روە‌ھا نابێ ھێرشی ناقانوونی بکرێتە‌ سە‌ر شە‌رە‌ف و ناوبانگی.

٢. زارۆک مافی ئە‌وە‌ی ھە‌یە‌ قانوون بیپارێزی لە‌ دە‌ست تێوە‌ردان و ھێرشی لە‌م بابە‌تە‌.


بە‌ندی ١٧

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ ماسمێدیا ئە‌رکێکی گرنگی لە‌ ئە‌ستۆیە‌ و دە‌بنە‌ دە‌ستە‌بە‌ری ڕاگە‌یشتنی زارۆک بە‌ زانیاری و کە‌رە‌ستە‌ لە‌ سە‌رچاوە‌ی ھە‌مە‌جۆری میللی و نێودە‌وڵە‌تییە‌وە‌، بە‌تایبە‌تی ئە‌وە‌ی ڕێ ھە‌موار دە‌کات بۆ گە‌شە‌ی جڤاکی، ڕوحی و ئاکارە‌کی زارۆک و‌ ھە‌روە‌ھا تە‌ندروستیی ھۆشە‌کی و لە‌شە‌کییان. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست بۆ ئە‌م مە‌بە‌ستە‌ دە‌بێ:

a. ماسمێدیا ھان بدە‌ن بۆ بڵاو کردنە‌وە‌ی زانیاری و کە‌رە‌ستە‌ی وە‌ھا کە‌ سوودی جڤاکی و فە‌رھە‌نگییان بۆ زارۆک ھە‌بێ و بگونجێن لە‌گە‌ڵ پە‌یامی بە‌ندی 29.

b. ببنە‌ ھاندە‌ری ھاکاریی نێودە‌وڵە‌تی لە‌ بواری بە‌رھە‌م ھێنان، گۆڕینە‌وە‌ و بڵاو کردنە‌وە‌ی زانیاری و کە‌رە‌ستە‌ی لە‌و بابە‌تە‌، لە‌ سە‌رچاوە‌ی فە‌رھە‌نگیی ھە‌مە‌جۆری میللی و نێودە‌وڵە‌تییە‌وە‌.

c. ببنە‌ ھاندە‌ری بڵاو کردنە‌وە‌ی کتێبی زارۆکان.

d. ماسمێدیا ھان بدە‌ن بە‌تایبە‌تی ڕە‌چاوی پێداویستیی زمان بکە‌ن لای زارۆکی گە‌لانی کە‌مایە‌تی و بە‌رایی ناوچە‌کە‌.

e. ببنە‌ ھاندە‌ری پێشخستنی ڕینوێنی بۆ پاراستنی زارۆک لە‌ زانیاری و کە‌رە‌ستە‌ی وە‌ھا کە‌ زیان بە‌خش بێ بۆ خۆشگوزە‌رانیی ئە‌و زارۆ‌کە‌، ئە‌مە‌ش بە‌ ڕە‌چاو گرتنی بڕیارە‌کانی بە‌ندی ١٣ و 18.

بە‌ندی ١٨

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ئە‌وپە‌ڕی ھە‌وڵ دە‌دە‌ن بۆ دە‌ستە‌بە‌ر کردنی سە‌لماندنی پرنسیپی ئە‌وە‌ی ھە‌م دایک و ھە‌م باوک ھاوبە‌ش بە‌رپرسن لە‌ بواری بار ھێنان و گە‌شە‌ کردنی زارۆکدا. دایکوباوک، یان گە‌ر ھە‌بوو سە‌رپە‌رشت، بە‌رپرسایە‌تی یە‌کە‌می ھە‌یە‌ لە‌ بواری بار ھێنان و گە‌شە‌ کردنی زارۆکدا. دە‌بێ بە‌رژە‌وە‌ندی زارۆک، لای ئە‌وان، پلە‌ی یە‌کە‌می ھە‌بێ.


٢. بە‌ مە‌بە‌ستی ڕە‌خساندنی دە‌رفە‌ت بۆ مافە‌کانی ئە‌م مافنامە‌یە‌ و مسۆگە‌ر کردنیان دە‌بێ دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھاریکارییە‌کی گونجاوی دایکوباوک و سە‌رپە‌رشت بکە‌ن لە‌وە‌دا کە‌ بە‌رپرسایە‌تی خۆیان لە‌ بواری بار ھێنان و گە‌شە‌ کردنی زارۆکدا جێبە‌جێ بکە‌ن. ھە‌روە‌ھا ‌دە‌بێ ببنە‌ دە‌ستە‌بە‌ری پێشخستنی بنگە‌، دامودە‌زگە‌ و خزمە‌تگوزاریی بواری چاودێری زارۆک.

٣. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ئە‌وپە‌ڕی ھە‌وڵ دە‌دە‌ن بۆ دە‌ستە‌بە‌ر کردنی مافی سوودمە‌ند بوون لە‌ بنگە‌ و خزمە‌تگوزاریی چاودێریی زارۆکان – بۆ ئە‌و زارۆکانە‌ی مافیان لێ ھە‌بێ و دایکوباوکیان ڕۆژانە‌ لە‌ کاربن.


بە‌ندی ١٩

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھە‌موو کارێکی گونجاوی دە‌ستووری، ڕێبە‌ری، جڤاکی و فێرکاری دە‌کە‌ن بۆ پاراستنی زارۆک، کاتێک زارۆک لای دایکوباوکییە‌تی یان لای یە‌کێکیانە‌ یان لای سە‌رپە‌رشتە‌ یان لای ھە‌ر کە‌سێکی دیکە‌یە‌، لە‌ ھە‌موو جۆرە‌ پە‌لاماردانی دە‌روونی و لە‌شی، دە‌ست درێژی و بریندار کرد، فە‌رامۆشی و خە‌مساردی، بە‌دکاری و بە‌دڕە‌فتاری، بە‌ پە‌لاماردانی سێکسیشە‌وە‌.


٢. ئە‌م ھە‌نگاوانە‌ی پاراستن دە‌بێ، بە‌ شێوە‌یە‌کی گونجاو، ئە‌وە‌ش بگرێتە‌وە‌ کە‌ ھە‌م ڕێبازی کاریگە‌ر ھە‌بێ بۆ داڕشتنی بە‌رنامە‌ی جڤاکیی ئە‌وتۆ یارمە‌تیی پێویست بدات بە‌ زارۆکە‌کە‌ و کە‌سانی سە‌رپە‌رشتی زارۆکە‌کە، ھە‌م شێوە‌ی تازە‌ داڕێژێ بۆ پێش پێ گرتن، دیاری کردن، ڕاپۆرتاندن، ئاڕاستە‌ کردن، لێکۆڵینە‌وە‌، چارە‌ کردن و بە‌دوادا چوونی دۆخی بە‌دکاری بە‌رانبە‌ر زارۆک لە‌و بابە‌تانە‌ی لە‌ سە‌رە‌وە‌ باس کران و گە‌ر پێویستیش بکات، دە‌ست تێوە‌ردانی قانوونیش.

بە‌ندی ٢٠

١. ئە‌و زارۆکە‌ی بە ‌شێوە‌یە‌کی کاتی یان ھە‌میشە‌یی‌ ژینگە‌ی خێزانی خۆی لێ زە‌وت دە‌کرێ، یان لە پێناوی بە‌رژە‌وە‌ندی خۆیدا ڕێی پێ نادرێ لە‌و ژینگە‌یە‌دا بمێنێ، مافی ھە‌یە‌ لە‌لایە‌ن دە‌وڵە‌تە‌وە‌ پاراستنی تایبە‌تی ھە‌بێت و کۆمە‌ک بکرێت.


٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست، ھاوئاھە‌نگ لە‌گە‌ڵ دە‌ستووری میللی خۆیاندا، دە‌بێ سە‌رپە‌رشتییە‌کی بە‌دیل بۆ ئە‌و جۆرە‌ زارۆکانە‌، دابین بکە‌ن.

٣. ئە‌م جۆرە‌ سە‌رپە‌رشتییە‌ دە‌شێ، بۆ نموونە‌، جێنشین کردن بێ لای خێزانی سە‌رپە‌رشت، کە‌فالە‌تی ئیسلامە‌تی بێ، تە‌بە‌ننی بێ، یان جێنشین کردن بێ لە‌ بنگە‌یە‌کی ھە‌موار بۆ‌ سە‌رپە‌رشتیی زارۆک. لە‌ ھە‌ڵسە‌نگاندنی ئە‌م بە‌دیلانە‌دا دە‌بێ مە‌سە‌لە‌ی خواستی بە‌ردە‌وامبوونی بار ھێنان، پاشخانی نە‌تە‌وە‌یی، دینی و فە‌رھە‌نگی و زمانی زارۆک، ڕە‌چاو بگیرێن.


بە‌ندی ٢١

لە‌ ناو دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ستدا، ئە‌وانە‌ی تە‌بە‌ننی دە‌سە‌لمێنن یان ڕێی پێ دە‌دە‌ن، دە‌بێ دە‌ستە‌بە‌ری بکە‌ن کە‌ بە‌ پلە‌ی یە‌کە‌م بە‌رژە‌وە‌ندیی زارۆک ڕە‌چاو بگیرێ و دە‌بێ:

a. دە‌ستە‌بە‌ری بکە‌ن کە‌ تە‌بە‌ننی تە‌نھا لە‌لایە‌ن فە‌رمانگە‌ی پسپۆڕە‌وە‌‌ پە‌سە‌ند دە‌کرێت، کە‌ ھاوئاھە‌نگ لە‌گە‌ڵ قانوونی گونجاو و پرۆسە‌کاریی گونجاو و لە‌سە‌ر بناخە‌ی زانیاریی لە‌بار و باوە‌ڕپێکراو بڕیاری سە‌لماندنی تە‌بە‌ننییە‌کە‌ دە‌دات، ئە‌ویش بە‌ ڕە‌چاو گرتنی پێگە‌ی زارۆکە‌کە‌ بە‌رانبە‌ر دایکوباکی، خزمان و کە‌سانی سە‌رپە‌رشت، ئە‌گە‌ر پێویستیش بێ، ڕە‌زامە‌ندی کە‌سانی پە‌یوە‌ندیدار وە‌ربگیرێ دە‌رباری ئە‌م تە‌بە‌نییە‌ لە‌سە‌ر بناخە‌ی ڕاوێژێکی پێیان کراوە‌.

b. بیسە‌لمێنن کە‌ تە‌بە‌نیی نێودە‌وڵە‌تی دە‌شێ ببێتە‌ شێوە‌یە‌کی دیکە‌ی سە‌رپە‌رشتیی زارۆک ئە‌گە‌ر نە‌کرێت زارۆکە‌کە‌ جێنشین بکرێ لای‌ خێزانێکی سە‌رپە‌رشت یان نە‌کرێت لە‌ ناو وە‌ڵاتە‌کە‌دا تە‌بە‌نیی بکرێ یان بە‌ شێوە‌یە‌کی گونجاو سە‌رپە‌رشتی بکرێ.

c. دە‌ستە‌بە‌ری بکە‌ن کە‌ ئە‌و زارۆکە‌ی دە‌درێتە‌ تە‌بە‌نیی نێودە‌وڵە‌تی ھە‌مان گە‌رە‌نتی و نۆرمی تە‌بە‌نیی میللی دە‌بێت.

d. ھە‌موو کارێک بکرێت بۆ ئە‌وە‌ی لە‌ باری تە‌بە‌نیی نێودە‌وڵە‌تییدا دە‌ستە‌بە‌ر بکرێت کە‌ جێنشین کردنی زارۆکە‌کە‌ نە‌بێتە‌ مایە‌ی سوودێکی ئابووریی ناڕە‌وا بۆ کە‌سانی بە‌شدار لە‌م کارە‌دا.

e. دە‌رفە‌ت بڕە‌خسێنرێ بۆ ئامانجە‌کانی ئە‌م بە‌ندە‌، ئە‌وە‌ندە‌ی بکرێ، بە‌وە‌ی پە‌یمان و ھاریکاریی دوولایە‌نە‌ و فرە‌لایە‌نە‌ ببە‌سترێت بە‌ مە‌بە‌ستی دە‌ستە‌بە‌ر کردنی ئە‌وە‌ی دامە‌زراندنی زارۆک لە‌ وە‌ڵاتێکی دیکە‌ لە‌لایە‌ن بنگە‌ و دامودە‌زگە‌ی پسپۆڕە‌وە‌ بێ.


بە‌ندی ٢٢

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێ کاری گونجاو بکە‌ن بۆ دە‌ستە‌بە‌ر کردنی ئە‌وە‌ی کە‌ زارۆک داوای ستاتووی پە‌نابە‌ری دە‌کات، یان بە‌پێی قانوونی میللی و نێودە‌وڵە‌تیی لە‌بار و پرۆسە‌کاریی لە‌بار، بە‌ پە‌نابە‌ر دادە‌نرێ، چ بە‌ تە‌نھا ھاتبێ چ لە‌تە‌ک دایکوباوکی یان ھە‌رکە‌سێکی دیکە‌، پاراستنی لە‌باری بۆ تە‌رخان بکرێ و کۆمە‌کی مرۆڤدۆستانە‌ بکرێ بە‌ سوودمە‌ندبوون لە‌و مافگە‌لانە‌ی لە‌م مافنامە‌یە‌دا ھاتوون، یان لە‌ بە‌ڵگە‌نامە‌ی نێودە‌وڵە‌تی دیکە‌دا کە‌ دە‌ربارە‌ی مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤدۆستانە بن و‌ دە‌وڵە‌تانی ناوبراو پە‌یڕە‌وی بن.

2. بۆ ئە‌م مە‌بە‌ستە‌ش، دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست، بە‌ شێوە‌یە‌کی لایان باش بێ، ھاوکار دە‌بن لە‌ ھە‌موو چالاکییە‌کی لە‌لایە‌ن سازمانی دە‌وڵە‌تانی‌ یە‌کگرتوو UN، سازمانی دیکە‌ی «نێوان . دە‌وڵە‌تی» یان سازمانی نادە‌وڵە‌تی، کە‌ ھاوکار بێ لە‌گە‌ڵ سازمانی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوودا، بۆ پاراستن و کۆمە‌ک کردنی زارۆکی وە‌ھا و بۆ گە‌ڕان بە‌ دوای دایکوباوک و ئە‌ندامانی دیکە‌ی خێزانی زارۆکی پە‌نابە‌ر بە‌ مە‌بە‌ستی پە‌یدا کردنی زانیاری پێویست بۆ یە‌ک گرتنە‌وە‌ی زارۆکە‌کە‌ و خێزانە‌کە‌ی. لە‌ بارێکدا دایکوباوک و ئە‌ندامانی دیکە‌ی خێزان نە‌دۆزرێنە‌وە‌، زارۆکە‌کە‌، ھاوئاھە‌نگ لە‌گە‌ڵ ئە‌م مافنامە‌یە‌دا، ھە‌مان پاراستنی دە‌درێتێ کە‌ دە‌درێ بە‌ زارۆکێکی دیکە‌ی بە‌ شێوە‌یە‌کی کاتی یان ھە‌میشە‌یی، لە‌بە‌ر ھە‌ر ھۆیە‌ک بێ، ژینگە‌ی خێزانیی خۆی لێ زە‌وت کرابێ.


بە‌ندی ٢٣

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ زارۆکێک ھاندیکاپی لە‌شە‌کی یان ھۆشە‌کی ھە‌بێ دە‌بێ دە‌رفە‌تی ژیانێکی ڕێزدارانە‌ و تە‌واوی بۆ بڕە‌خسێ لە‌ بارودۆخێکدا کە‌ دە‌بێتە‌ دە‌ستە‌بە‌ری ڕێز گرتن و گە‌شە‌ دە‌دات بە‌ باوە‌ڕبە‌خۆبوون و ڕێ خۆش دە‌کات بۆ بە‌شداربوونێکی چالاکانە‌ لە‌ کۆمە‌ڵگە‌دا.

٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ زارۆکی ھاندیکاپ خاوە‌نی مافە‌ لە‌وە‌ی سە‌رپە‌رشتیی تایبە‌تی پێویستە‌ و دە‌بێ، لە‌ چوارچێوە‌ی توانادا، ببێتە‌ ھاندە‌ر و دە‌ستە‌بە‌ری ئە‌وە‌ی زارۆکی مافدار و کە‌سانی بە‌رپرسن لە‌ سە‌رپە‌رشتی کردنی، ئە‌و کۆمە‌کە‌یان پێ بکرێ کە‌ داوایان کردووە‌ و گونجاوە‌ بە‌ ڕە‌چاو گرتنی بارودۆخی زارۆکە‌کە‌ و بارودۆخی دایکوباوک یان کە‌سانی سە‌رپە‌رشتی زارۆک.

٣. بە‌ ڕە‌چاو کردنی پێداویستیی‌ تایبە‌تیی زارۆکی ھاندیکاپ دە‌بێ ئە‌و کۆمە‌کە‌ی خاڵی دووە‌می ئە‌م بە‌ندە‌ باسی دە‌کات، ئە‌گە‌ر بکرێ، بێبە‌رانبە‌ر بێ، بە‌ ڕە‌چاو گرتنی سامانی ئابووریی دایکوباوک یان سامانی ئابووریی کە‌سانی سە‌رپە‌رشتی زارۆک، ئە‌مە‌ش بە‌ مە‌بە‌ستی دە‌ستە‌بە‌ر کردنی سە‌رچاوە‌ی کاریگە‌ر بۆ ڕاگە‌یشتن بە‌ خوێندن و ڕاھێنان، خزمە‌تگوزاریی تە‌ندروستی و بووژاندنە‌وە‌ و ئامادە‌کاریی بۆ کار کردن و دە‌رفە‌تی گە‌شانە‌وە ‌بە‌ مە‌بە‌ستی ڕە‌خساندنی باشترین دە‌رفە‌ت بۆ گونجان لە‌ کۆمە‌ڵگە‌دا و بۆ گە‌شە‌ کردنی کە‌سە‌کی، بە‌ گە‌شە‌ کردنی فە‌رھە‌نگی و ڕوحییە‌وە‌.

٤. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست بە‌ ڕۆحێکی ھاریکاریی نێودە‌وڵە‌تییانە‌ دە‌رفە‌ت خۆش دە‌کە‌ن بۆ گۆڕینە‌وە‌ی زانیاری دە‌ربارە‌ی چارە‌ی پێشپێگیریی تە‌ندروستیانە‌ و دە‌رمانکاری و چارە‌ی دە‌روونی و کارکردە‌کیی زارۆکانی ھاندیکاپ، ھە‌روە‌ھا پە‌یدا کردن و بڵاو کردنە‌وە‌ی زانیاری دە‌ربارە‌ی ڕێبازی بووژاندنە‌وە‌، خوێندن و فێرکاریی پیشە‌یی، بە‌ مە‌بە‌سە‌تی دە‌رفە‌ت دان بە‌ دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست بۆ زیاد کردنی توانا و زانینی خۆیان و فرە‌واندنی شارە‌زاییان لە‌و بوارانە‌دا. لێرە‌شدا پێداویستییە‌کانی وە‌ڵاتانی فراژی بە‌تایبە‌تی ڕە‌چاو دە‌گیرێن.


بە‌ندی ٢٤

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ زارۆک مافی ھە‌یە‌ لە‌ گە‌یشتن بە‌ باشترین ئاستی مومکینی تە‌ندروستی و مافی ھە‌یە‌ سوودمە‌ند بێ لە‌ خزمە‌تگوزاریی نە‌خۆشی و بووژاندنە‌وە‌. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێ ھە‌وڵ بدە‌ن دە‌ستە‌بە‌ری بکە‌ن کە‌ ھیچ زارۆکێک ئە‌م مافی ڕاگە‌یشتنە‌ی بە‌ خزمە‌تگوزاریی نە‌خۆشی و تە‌ندروستییە‌ی لێ زە‌وت نە‌کرێ.

٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێ ھە‌وڵ بدە‌ن کە‌ ئە‌م مافە‌ بە‌ تە‌واوی پیادە‌ بێ و دە‌بێ بە‌تایبە‌تی کاری گونجاو بکە‌ن بۆ:

a. کە‌م کردنە‌وە‌ی مردنی زارۆک و شیرە‌خۆرە.‌

b. دە‌ستە‌بە‌ر کردنی ئە‌وە‌ی ھە‌موو زارۆکێک خزمە‌تگوزاریی نە‌خۆشی و تە‌ندروستیی پێویستی بە‌ر بکە‌وێ و سە‌نگی تایبە‌ت بدرێ بە‌ خزمە‌تگوزاریی تە‌ندروستی سە‌رە‌تایی.

c. بە‌رە‌نگاربوونە‌وە‌ی نە‌خۆشی و کە‌مخۆراکی، لێرە‌شدا جێی ئە‌و کارانە دە‌بێتە‌وە‌ کە دە‌کە‌ونە‌ چوارچێوە‌ی خزمە‌تگوزاریی تە‌ندروستی سە‌رە‌تاییە‌وە‌، ئە‌وە‌ش بۆ نموونە‌ لە‌ ڕێی سوود وە‌رگرتن لە‌ تە‌کنیکی نزیکە‌دە‌ست و ، بە‌ ئە‌ندازە‌ی پێویست، تە‌رخان کردنی خۆراکی سوودبە‌خش و ئاوی خواردنە‌وە‌ی پاک لە‌تە‌ک ڕە‌چاو گرتنی مە‌ترسییە‌کانی تێک دانی ژینگە.

d. دابین کردنی خزمە‌تگوزاریی تە‌ندروستی بۆ دایکان پێش و پاش زان.

e. دە‌ستە‌بە‌ر کردنی زانیاری و دە‌رفە‌تی خوێندن بۆ ھە‌موو پۆلە‌کانی کۆمە‌ڵگە‌، بە‌تایبە‌تی دایکوباوک و زارۆک، دە‌ربارە‌ی خزمە‌تگوزاریی زارۆک و خۆراکناسی، سوودی شیردان، خاوێنی و ژینگە‌ی پاک و پێش گرتن لە‌ پێشھات و‌ ھە‌روە‌ھا ھاریکارییان لە‌ بە‌کار ھێنانی ئە‌م زانیاریانە‌دا.

f. گە‌شە‌ بدرێ بە‌ خزمە‌تگوزاریی تە‌ندروستیی پێشپێگیرانە‌، ئامۆژگاریی دایکوباوکان و ھە‌روە‌ھا دە‌رس دان و ھاریکاریی لە‌ بابە‌تی پلانڕێژی خێزانە‌کیدا.


٣. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێ ھە‌موو کارێکی کاریگە‌ر و گونجاو بکە‌ن بە‌ مە‌بە‌ستی نە‌ھێشتنی دابونە‌رێتی کۆنی ئە‌وتۆ کە‌ زیانی بۆ تە‌ندروستیی زارۆک ھە‌بێ.

٤. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست پە‌یمان دە‌دە‌ن ببنە‌ ھاندە‌ر و دە‌رفە‌تسازی ھاریکاریی نێودە‌وڵە‌تی بە‌و مە‌بە‌ستە‌ی پلە‌پلە‌ بگە‌نە‌ پیادە‌ کردنێکی تە‌واوی مافە‌کانی ئە‌م بە‌ندە‌. لێرە‌شدا پێداویستییە‌کانی وە‌ڵاتانی فراژی بە‌تایبە‌تی ڕە‌چاو دە‌گیرێن.


بە‌ندی ٢٥

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ ئە‌و‌ زارۆکە‌ی لە‌لایە‌ن بنگە‌ی پسپۆڕە‌وە‌ جێنشین دە‌کرێ بە‌ مە‌بە‌ستی سە‌رپە‌رشتی، پاراستن یان چارە‌سە‌ری نە‌خۆشی لە‌شە‌کی و ھۆشە‌کی، مافی ھە‌یە‌ لە‌ بە‌سە‌رکردنە‌وە‌ی ماوە‌ماوە‌ی ھە‌م چارە‌سە‌ر کردنە‌کە‌ و ھە‌م ھە‌موو سە‌روبە‌ندێکی ئە‌و جێنشین کردنە‌.


بە‌ندی ٢٦

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ ھە‌موو زارۆکێک مافی ھە‌یە‌ سوودمە‌ند بێ لە‌ ئە‌مانی جڤاکی، بە‌ بیمە‌ (تە‌ئمین) ی جڤاکیشە‌وە، و ھە‌موو کارێکی پێویستیش دە‌کە‌ن بۆ پیادە‌ کردنی تە‌واوی ئە‌م مافە‌ بە‌ ھاوئاھە‌نگی لە‌تە‌ک دە‌ستووری میللی خۆیان. ٢. زیادە‌سوود، لە‌ باری گونجاودا، دە‌سە‌لمێندرێ بە‌ ڕە‌چاو گرتنی توانای زارۆک و کە‌سانی بە‌رپرس لە‌ سە‌رپە‌رشتیی زارۆک و بارودۆخیان بە‌گشتی و ھە‌روە‌ھا بە‌ ڕە‌چاو گرتنی ھە‌موو پە‌یوە‌ندییە‌کی دیکە‌ی بایە‌خدار لە‌ داوا کردنی ئە‌م زیادە‌سوودە‌ لە‌لایە‌ن زارۆکە‌وە‌‌ یان بۆ زارۆک‌. ‌


بە‌ندی ٢٧

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ ھە‌موو زارۆکێک مافی ھە‌یە‌ لە‌ ئاستێکی گوزە‌رانی وە‌ھادا بژی کە‌ پێویست بێ بۆ فراژووتنی لە‌شە‌کی، ھۆشە‌کی، ڕوحی و ئاکارە‌کی و جڤاکیی زارۆکە‌کە‌.

٢. دایکوباوک یان کە‌سانی بە‌رپرس لە‌ زارۆک‌، لە‌ چوارچێوە‌ی توانا و باری ئابوورییاندا، بە‌رپرسایە‌تی یە‌کە‌میان ھە‌یە‌ لە‌ دابین کردنی ئە‌و مە‌رجانە‌ی گوزە‌ران کە‌ پێویست بن بۆ فراژووتنی زارۆک‌.

٣. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێ، ھاوئاھە‌نگ لە‌گە‌ڵ بارودۆخی میللیدا و لە‌ چوارچێوە‌ی تواناکانی خۆیدا کاری گونجاو بکە‌ن بۆ کۆمە‌کی دایکوباوک یان کە‌سانی بە‌رپرس لە‌‌ زارۆک بۆ پیادە‌ کردنی ئە‌م مافە‌ و گە‌ر پێویست بێ دە‌بێ کۆمە‌کی ماددی و بە‌رنامە‌ی یارمە‌تییان بۆ تە‌رخان بکە‌ن، بە‌تایبە‌تی کە‌ دێتە‌ سە‌ر خۆراک و پۆشاک و ماڵ.

٤. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێ ھە‌موو کارێکی گونجاو بکە‌ن بۆ دە‌ستە‌بە‌ر کردنی سە‌ندنی مە‌سرە‌فی سە‌رپە‌رشتیی زارۆک، «نە‌فە‌قە‌ی منداڵ‌»، لە‌ دایکوباوک یان کە‌سانێک بە‌رپرسایە‌تی ئابوورییان بە‌رانبە‌ر زارۆکە‌کە‌ ھە‌یە‌، بۆ زارۆکە‌کە‌، چ لە‌ ناو وە‌ڵات بێ و چ لە‌ ھە‌ندە‌ران. بە‌تایبە‌تی، لە‌ بارێکدا کە ‌زارۆک و ئە‌و کە‌سە‌ی بە‌رپرسایە‌تیی ئابووریی ھە‌یە‌ بە‌رانبە‌ر زارۆک لە‌ ھە‌مان وە‌ڵات نە‌ژین‌، دە‌بێ دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌رفە‌ت خۆش بکە‌ن ھە‌م بۆ چوونە‌ ڕیز و سە‌لماندنی پە‌یمانی نێودە‌وڵە‌تییە‌وە و ھە‌م بۆ پێک ھێنانی کۆڕ و چالاکی دیکە‌ی لە‌بار.


بە‌ندی ٢٨

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ زارۆک مافی خوێندنی ھە‌یە و بۆ ئە‌وە‌ی پلە‌پلە‌ بگە‌ن بە‌ پیادە‌ کردنی ئە‌م مافە‌ و لە‌سە‌ر بنە‌مای دە‌رفە‌تی یە‌کسان، دە‌بێ بە‌تایبە‌تی:

a. خوێندنی سە‌رە‌تایی ناچاری بێ و بێبە‌رانبە‌ر بۆ ھە‌موان دابین بکرێ.

b. گە‌شە‌ کردنی فۆرمی ھە‌مە‌جۆری خوێندنی پلە‌ی پاش سە‌رە‌تایی ھان بدرێ، ھە‌م خوێندنی گشتی و ھە‌م فێرکاریی پیشە‌یی، بۆ ھە‌موو زارۆکێک دابین و ڕە‌خساو بێ، ھە‌روە‌ھا، گە‌ر پێویست بکات، ھە‌نگاوی لە‌باریش بنرێ، وە‌ک فێرکاریی بێبە‌رانبە‌ر و کۆمە‌کی ئابووری.

c. خوێندنی بە‌رزتر، بە‌ ھە‌موو شێوە‌یە‌کی گونجاو، لە‌سە‌ر بنە‌مای توانا، دابین بکرێ بۆ ھە‌موان.

d. زانیاری و ڕێنوێنی، دە‌ربارە‌ی خوێندن و پیشە‌، دابین و ڕە‌خساو بێ بۆ ھە‌موو زارۆکێک.

e. کار بکرێ بۆ ھاندانی ئامادە‌بوونی بە‌ردە‌وام لە‌ خوێندنگە‌دا و کە‌م کردنە‌وە‌ی ڕێژە‌ی دابڕان لە‌ خوێندن‌.


٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھە‌موو ھە‌نگاوێکی لە‌بار ھە‌ڵ دە‌نێن بۆ دە‌ربە‌ست کردنی ئە‌وە‌ی دیسپلینی خوێندنگە‌ بە‌ شێوە‌یە‌ک ڕابگیرێ ھاوئاھە‌نگ بێ لە‌گە‌ڵ سە‌روە‌ریی مرۆڤایانە‌ی زارۆک و ھاوئاھە‌نگیش بێ لە‌تە‌ک ئە‌م مافنامە‌یە‌دا.‌

٣. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ڕێ خۆش دە‌کە‌ن و دە‌بنە‌ ھاندە‌ری ھاریکاریی نێودە‌وڵە‌تی لە‌ بواری فێرکاریدا، بە‌تایبە‌تە‌ی بۆ مە‌بە‌ستی بنە‌بڕ کردنی نە‌زانین و بێسە‌وادی لە‌ ھە‌موو جیھاندا و ببێتە‌ ھۆی ئاسان بوونی ڕاگە‌یشتن بە‌ زانیاری تە‌کنیکی و زانستانە‌ و ڕێبازی ھاوچە‌رخی فێرکاری. لێرە‌شدا پێداویستییە‌کانی وە‌ڵاتانی فراژی بە‌تایبە‌تی ڕە‌چاو دە‌گیرێن.


بە‌ندی ٢٩

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ڕێکن لە‌سە‌ر ئە‌وە‌ی ئامانجی خوێندنی زارۆک:

a. گە‌شە‌ کردنی ھە‌موو دە‌رفە‌تە‌کانی زارۆکە‌ لە‌ بواری کە‌سایە‌تی، بە‌ھرە‌مە‌ندی و توانای لە‌شە‌کی و ھۆشە‌کی.

b. گە‌شە‌ کردنی ڕێز نانە‌ لە‌ مافگە‌لی مرۆڤ و ئازادییە‌ بنە‌ڕە‌تییە‌کانی ھە‌روە‌ھا بۆ ئە‌و پرنسیپانە‌ی لە‌ «بە‌یاننامە‌ی دە‌وڵە‌تانی‌ یە‌کگرتوو» دا ھاتوون.

c. گە‌شە‌ کردنی ڕێز نانە‌ لە‌ دایکوباوکی زارۆک، لە‌ ناسنامە‌ی فە‌رھە‌نگیی زارۆکە‌کە‌، زمان و بە‌ھاکانی خۆی، لە‌ بە‌ھاکانی وە‌ڵاتی زارۆکە‌کە‌ و ئە‌و وە‌ڵاتە‌ی لێی دە‌ژی و ڕێز لە‌ فە‌رھە‌نگی دیکە‌ی جودا لە‌ فە‌رھە‌نگی زارۆکە‌کە‌ خۆی.

d. ئامادە‌ کردنی زارۆکە بۆ ژیانێکی بە‌رپرسانە‌ لە‌ جڤاتێکی ئازاددا بە‌ ڕۆحێکی: پڕ لە‌ دە‌رک کردن‌، ئاشتیخوازانە‌، سنگفرە‌وانی‌، یە‌کسانیی زایە‌ند (ژن و پیاو) و دۆستایە‌تیی نێوان ھە‌موو گە‌لان، گروپی میللی، نە‌تە‌وە‌یی و دینی و کە‌سانی سە‌ربە‌ گروپی گە‌لانی بە‌رایی.

e. گە‌شە‌ کردنی ڕێز نانە‌ لە‌ ژینگە‌ی سروشتی.


٢. ھیچ بە‌شێکی ئە‌م بە‌ندە‌ و بە‌ندی ٢٨ نابێ بە‌ شێوە‌یە‌ک ڕاڤە‌ بکرێ کە‌ ببێتە‌ ھۆی داشکان لە‌ مافی دامە‌زراندن و بە‌ڕێوە‌ بردنی بنگە‌ی فێرکاری لە‌لایە‌ن تاکە‌کە‌س و سازمانە‌وە‌ بە‌و مە‌رجە‌ی پرنسیپە‌کانی خاڵی یە‌کە‌می ئە‌م بە‌ندە‌ ڕە‌چاو بگیرێن و بە‌و مە‌رجە‌ی خوێندن لە‌و بنگە‌یانە‌دا لایە‌نی ھە‌رە‌ژێری ستانداردی خوێندن، کە‌ دە‌وڵە‌ت بڕیاری داوە‌، پڕ بکاتە‌وە‌.


بە‌ندی ٣٠

لە‌ دە‌وڵە‌تانی خاوە‌ن کە‌مایە‌تیی میللی، دینی، زمانە‌کی یان کە‌سانی سە‌ربە‌ گروپی گە‌لانی بە‌رایی نابێ مافی زارۆکی ئە‌و کە‌مایە‌تی و گە‌لە‌ بە‌راییانە‌ پێشێل بکرێ لە‌وە‌دا کە‌ لە‌تە‌ک ئە‌ندامانی دیکە‌ی گروپە‌کە‌ی خۆیدا گوزە‌رانی فە‌رھە‌نگی خۆی ھە‌بێت، دینی خۆی ڕابگە‌یە‌نێت و پە‌یڕە‌وی بکات و زمانی خۆی بە‌کار بھێنێت.


بە‌ندی ٣١

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ زارۆک مافی کاتی پشوو و پشووی ھە‌یە‌، مافی گە‌مە‌ و گە‌شانە‌وە‌ی ئە‌وتۆی ھە‌یە گونجاو بێ لە‌گە‌ڵ تە‌مە‌نیدا و ھە‌روە‌ھا مافی ھە‌یە‌ ئازادانە‌ بە‌شداری دنیای فە‌رھە‌نگ و ھونە‌ر بێ.

٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھە‌م ڕێز دە‌نێن لە،‌ ھە‌م دە‌رفە‌ت خۆش دە‌کە‌ن بۆ، بە‌شداربوونی زارۆک لە‌ دنیای فە‌رھە‌نگی و ھونە‌ریدا و دە‌بنە‌ ھاندە‌ری پە‌یدابوونی دە‌رفە‌تی لە‌بار و یە‌کسان بۆ چالاکی فە‌رھە‌نگی و ھونە‌ری و ھە‌روە‌ھا بۆ چالاکی گە‌شانە‌وە‌ و کاتی پشوو.


بە‌ندی ٣٢

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ زارۆک مافی پاراستنی ھە‌یە‌ لە‌ چە‌وساندنە‌وە‌ی ئابووری و لە‌ کار کردنێکی زیانبە‌خش بێ یان ڕێگری خوێندنی بێ، یان مە‌ترسی ھە‌بێ بۆ تە‌ندروستی زارۆکە‌کە‌ یان بۆ فراژووتنی لە‌شە‌کی، ھۆشە‌کی، ڕوحی، ئاکارە‌کی یان جڤاکیی زارۆکە‌کە‌.

٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھە‌نگاوی قانوونی، ڕێبە‌ری و جڤاکی و فێرکارییانە‌‌ دە‌نێن بۆ دە‌ستە‌بە‌ری پیادە‌ کردنی ئە‌م بە‌ندە‌. بۆ ئە‌م ئامانجە‌ و بە‌ ڕە‌چاو گرتنی ڕێساگە‌لی لە‌باری ناو ئامرازە‌کانی دیکە‌ی نێودە‌وڵە‌تی دە‌بێ دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست، بە‌تایبە‌تی:

a. یە‌ک یان چە‌ندین تە‌مە‌نی ھە‌رە‌ژێری کار کردن دیاری بکە‌ن.

b. ڕێسای لە‌بار داڕێژن بۆ ماوە‌ و ھە‌لومە‌رجی کار کردن.

c. سزا و ھە‌نگاوی دیکە‌ داڕێژرێ بۆ دە‌ستە‌بە‌ری پیادە‌ کردنێکی کاریگە‌رانە‌ی ئە‌م بە‌ندە‌.


بە‌ندی ٣٣

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھە‌موو ھە‌نگاوێکی لە‌بار دە‌نێن، بە‌ ھە‌نگاوی قانوونی، ڕێبە‌ری و جڤاکی و فێرکارییە‌وە‌ بۆ پاراستنی زارۆک لە‌ بە‌کارھێنانی ناقانوونیی نارکۆتیکا و ماددە‌گە‌لی ھۆشگۆڕ کە‌ لە‌ بە‌یاننامە‌ نێودە‌وڵە‌تییە‌کاندا ھاتوونە‌تە‌ ناساندن و ھە‌روە‌ھا بۆ پاراستنی زارۆک لە‌وە‌ی بە‌کار بھێنرێ لە‌ دروست کردن و لە‌ بازرگانیی ماددە‌ی وە‌ھادا.


بە‌ندی ٣٤

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست پە‌یمان دە‌دە‌ن زارۆک لە‌ ھە‌موو جۆرە‌ بە‌کارھێنان و پە‌لاماردانێکی سێکسی بپارێزن. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست، بە‌ تایبە‌تی بۆ ئە‌م ئامانجە، ھە‌موو ھە‌نگاوێکی لە‌باری میللی و دولایە‌نە‌ و فرە‌لایە‌نە‌ دە‌نێن بۆ ڕێگرتن لە‌:

a. ھان دان و ناچار کردنی زارۆک بۆ کاری سێکسیی ناقانوونی.

b. بە‌کار ھێنانی زارۆک بۆ لە‌شفرۆشی و کاری دیکە‌ی سێکسیی ناقانوونیی.

c. بە‌کار ھێنانی زارۆک لە‌ نواندن و بابە‌تی پۆرنۆگرافیدا.


بە‌ندی ٣٥

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھە‌موو ھە‌نگاوێکی لە‌باری میللی و دولایە‌نە‌ و فرە‌لایە‌نە‌ دە‌نێن بۆ ڕێ گرتن لە فڕاندن و فرۆشتنی زارۆک یان بازرگانی کردن بە‌ زارۆکە‌وە‌ بە‌ ھە‌ر مە‌بە‌ستێک بێ و بە‌ ھە‌ر شێوە‌یە‌ک بێ.


بە‌ندی ٣٦

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێ زارۆک بپارێزن لە‌ ھە‌موو جۆرە‌ بە‌کارھێنانێکی دیکە‌ی بە‌ ھە‌ر بارێک زیانی بۆ زارۆکە‌کە‌ ھە‌بێ.


بە‌ندی ٣٧

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بنە‌ دە‌ستە‌بە‌ری ئە‌وە‌ی:

a. ھیچ زارۆکێک دووچاری‌ ئە‌شکە‌نجە و سزا و ڕە‌فتاری دڕ و نامرۆڤانە‌ و ڕێزشکێنی نە‌بێ. تاوانی مرۆڤی تە‌مە‌ن ژێر ھە‌ژدە‌ ساڵ نابێ حوکمی مە‌رگ، یان زیندانیی ھە‌تا مە‌رگی، بێ دە‌رفە‌تی ئازادبوون، بێ.

b. نابێ ھیچ زارۆکێک ناقانوونیانە‌ یان ئارە‌زوومە‌ندانە‌ ئازادیی لێ زە‌وت بکرێ. گرتن، دە‌ستبە‌سە‌ری، گل دانە‌وە‌، زیندانی یان ھە‌ر شێوە‌یە‌کی دیکە‌ی زە‌وت کردنی ئازادیی زارۆک دە‌بێ بە‌ پە‌یڕە‌وی کردنی قانوون بێ و تە‌نھا وە‌ک دوا چارە‌ پە‌نای بۆ ببرێت و ھە‌تا بکرێ ماوە‌ی کورت بێ.

c. ھە‌موو زارۆکێکی ئازادیی زە‌وتکراو دە‌بێ بە‌ شێوە‌یە‌کی مرۆڤدۆستانە‌ ڕە‌فتاری بە‌رانبە‌ر بکرێ، بە‌ ڕێز گرتنی سە‌روە‌ریی ڕە‌سە‌نی مرۆڤ و بە‌ ڕە‌چاو گرتنی پێداویستییە‌کانی مرۆڤ لە‌و تە‌مە‌نە‌دا. بە‌تایبە‌تی، زارۆکی ئازادیی زە‌وتکراو دە‌بێ لە‌ تە‌مە‌نگە‌ورە‌ جودا بکرێتە‌وە‌ مە‌گە‌ر نە‌کردنی ئە‌م کارە‌ لە ‌بە‌رژە‌وە‌ندی زارۆکە‌کە‌دا بێ و، مە‌گە‌ر بارودۆخی ڕیزپە‌ڕ بێ دە‌نا، دە‌بێ زارۆکە‌کە‌ مافی ھە‌بێ، بە‌ نامە‌ و بە‌ سە‌ردان، پە‌یوە‌ندی لە‌گە‌ڵ خێزانە‌کە‌ی خۆی ھە‌بێ.

d. ھە‌موو زارۆکێکی ئازادیی زە‌وتکراو دە‌بێ مافی ھە‌بێ، بە‌ زووترین کات، ڕابگات بە‌ ھە‌م یاریدە‌ری قانوونی و ھە‌م یارمە‌تیی دیکە‌ی لە‌باری وە‌ک ئە‌وە‌ی داوا بکات ڕە‌وایە‌تیی زە‌وت کردنی ئازادییە‌کە‌ی لە‌لایە‌ن دادگە‌، یان فە‌رمانگە‌یە‌کی دیکە‌ی پسپۆڕی، ئازادی، بێلایە‌نە‌وە‌ ئە‌زموون بکرێ ھە‌روە‌ھا مافی ھە‌بێ دۆزە‌کە‌ی بڕیارێکی خێرای تێدا بدرێ.


بە‌ندی ٣٨

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست پە‌یمان دە‌دە‌ن ھە‌م ڕێزگیر بن لە‌ ڕێساگە‌لی ناو قانوونی مرۆڤدۆستانە‌ی نێودە‌وڵە‌تی کە‌ دە‌ربارە‌ی ناکۆکیی چە‌کدارین و زارۆک دە‌گرنە‌وە‌ و ھە‌م دە‌ستە‌بە‌ری ڕێزگرتن بن لە‌و ڕێساگە‌لە‌.

٢. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھە‌موو ھە‌نگاوێکی مومکین دە‌نێن بۆ دە‌ستە‌بە‌ر کردنی ڕێگرتن لە‌ بە‌شداریی ڕاستە‌وخۆی مرۆڤی ژێر پازدە‌ ساڵ لە‌ دوژمنکاریدا.

٣. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست، مرۆڤی ژێر پازدە‌ ساڵ، لە‌ ھێزی چە‌کداری خۆدا وە‌رناگرن. ئە‌گە‌ر مرۆڤی ژوور پازدە‌ و ژێر ھە‌ژدە‌ ساڵ وە‌رگیران ئە‌وا دە‌بێ ھە‌وڵ بدرێ لە‌ پێشدا گە‌ورە‌کان وە‌رگیرێن.

٤. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست، ھاوئاھە‌نگ لە‌گە‌ڵ پە‌یمانە‌کانی خۆیان دە‌ربارە‌ی پاراستن و سە‌رپە‌رشتی کردنی خە‌ڵکی مە‌دە‌نی کە‌ بە‌شێکە‌ لە‌ قانوونی مرۆڤدۆستانە‌ی نێودە‌وڵە‌تی، ھە‌موو ھە‌نگاوێکی مومکین دە‌نێن بۆ دە‌ستە‌بە‌ر کردنی پاراستن و سە‌رپە‌رشتی کردنی ئە‌و زارۆکانە‌ی دووچاری‌ ناکۆکیی چە‌کداری دە‌بن.‌


بە‌ندی ٣٩

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھە‌موو ھە‌نگاوێکی مومکین دە‌نێن بۆ دە‌رفە‌ت خۆش کردنی بووژاندنە‌وە‌ی لە‌شە‌کی و دە‌روونی و ھە‌روە‌ھا گونجاندنە‌وە‌ی جڤاکیی زارۆکێک کە‌ دووچاری ھە‌ر شێوە‌ بە‌دکاری، دە‌ستدرێژی یان پە‌لاماردان بووبێ، دووچاری ئە‌شکە‌نجە یان ھە‌ر سزایە‌ک و ڕە‌فتارێکی دڕ و نامرۆڤانە‌ و ڕێزشکێن بووبێ، دووچاری ناکۆکیی چە‌کداری بووبێ. بووژاندنە‌وە‌ و گونجاندنە‌وە‌ی وە‌ھا دە‌بێ لە‌ ژینگە‌یە‌کدا بێ تە‌ندروستی و کە‌رامە‌ت و سە‌روە‌ریی زارۆکی تێدا گە‌شە‌ بکات.


بە‌ندی ٤٠

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌یسە‌لمێنن کە‌ ھە‌موو زارۆکێکی گومانلێکراو، تاوان ئاڕاستە‌ کراو یان بە‌ تاوانبار دانراو مافی ھە‌یە‌ بە‌ شێوە‌یە‌ک ڕە‌فتاری لە‌گە‌ڵ بکرێ: کە‌ دە‌رکی زارۆکە‌کە‌ بۆ‌ بە‌ھا و کە‌رامە‌ت زیاد بکات، کە‌ ڕێزی زارۆکە‌کە‌ بۆ مافگە‌لی مرۆڤانە و ئازادیی بنە‌ڕە‌تیی کە‌سانی دیکە‌ زیاد بکات، تە‌مە‌نی زارۆکە‌کە‌ ڕە‌چاو بگیرێ، تە‌مای گونجاندنە‌وە‌ی زارۆکە‌کە‌ ڕە‌چاو بگیرێ بۆ ئە‌وە‌ی لە‌ کۆمە‌ڵگە‌دا ڕۆڵێکی بنیاتنە‌رانە‌ بگرێتە‌ ئە‌ستۆ.

٢. بۆ ئە‌م مە‌بە‌ستە‌ و بە‌ ڕە‌چاو گرتنی ڕێساگە‌لی لە‌باری ناو ئامرازگە‌لی نێودە‌وڵە‌تی، دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست، بە‌تایبە‌تی دە‌بنە‌ دە‌ستە‌بە‌ری:

a. نابێ ھیچ زارۆکێک بە‌ ھۆی کردارێکی یان ھە‌ڵە‌یە‌کی، بە‌ قانوونی میللی یان نێودە‌وڵە‌تی ئە‌و دە‌مە‌ی ڕووداوە‌کە‌ قە‌دە‌غە‌ نە‌بووبێ، بە‌ گومانلێکراو، تاوان ئاڕاستە‌کراو یان تاوانبار دابنرێ.

b. ھە‌ر زارۆکێکی گومانی تاوانێکی لێ بکرێ یان تاوانێکی ئاڕاستە‌ بکرێ لایە‌نی کە‌م ئە‌م دە‌ستە‌بە‌رانە‌ی دە‌بێ:

i. بە‌ بێگوناھـ دابنرێ ھە‌تا گوناھی زارۆکە‌کە‌ بە‌پێی قانوون دە‌سە‌لمێندرێ.

ii. دە‌ستبە‌جێ و ڕاستە‌وخۆ ئاگادار بکرێ لە‌و داوایە‌ی لە‌سە‌ریە‌تی، و ئە‌گە‌ر گونجاو بێ، لە‌ ڕێی دایکوباوک یان سە‌رپە‌رشتییە‌وە‌، و ھە‌روە‌ھا یاریدە‌ری قانوونی یان یارمە‌تیی دیکە‌ی لە‌باری ھە‌بێ کاتی ئامادە‌ کردن و ڕە‌پێش خستنی داکۆکینامە‌ی خۆی.

iii. دۆزە‌کە‌ی بێوە‌خران یە‌کلا بکرێتە‌وە لە‌لایە‌ن فە‌رمانگە‌یە‌کی پسپۆڕی، ئازادی، بێلایە‌نە‌وە‌ یان لە‌لایە‌ن بنگە‌یە‌کی دادپرسە‌وە‌ لە‌ پرۆسە‌یە‌کی بێلایە‌ندا بە‌پێی قانوون و بە‌ ئامادە‌بوونی یاریدە‌ری قانوونی یان ھی دیکە‌ی لە‌بار و ھە‌روە‌ھا دایکوباوک یان سە‌رپە‌رشتی زارۆکە‌کە‌، بە‌ مە‌رجێک ئە‌مە‌یان دژ بە‌ بە‌رژە‌وە‌ندی زارۆکە‌کە‌ نە‌بێ، بە‌تایبە‌تی بە‌ ڕە‌چاو گرتنی تە‌مە‌ن و بارودۆخی زارۆکە‌کە‌.

iv. زۆری لێ نە‌کرێت بۆ گە‌واھی یان بۆ سە‌لماندنی تاوانباریی خۆی، گە‌واھی دژ بە‌ زارۆکە‌کە‌ لێی بپرسرێتە‌وە‌ یان بدرێ بە‌ لێپرسینە‌وە‌ و ھە‌روە‌ھا و بە‌ھە‌مان ھە‌لومە‌رج داوای گە‌واھی بۆ زارۆکە‌کە‌ بکرێ و بدرێنە‌ لێپرسینە‌وە‌.

v. ئە‌گە‌ر زارۆکە‌کە‌ بە‌ تاوانبار دانرا، ئە‌م بڕیارە‌ و بڕیاری ‌ھە‌ڵسوکە‌وتێک، کە‌ دە‌بێتە‌ دە‌رئە‌نجامی ئە‌میان، بدرێنە‌ فە‌رمانگە‌یە‌کی بە‌رزتری، پسپۆڕی، ئازاد و بێلایە‌ن یان بنگە‌یە‌کی دادپرسی بە‌ پێی قانوون بۆ ئە‌زموون کردنە‌وە‌.

vi. بێ ئە‌وە‌ی لە‌سە‌ر زارۆکە‌کە‌ بکە‌وێت، سوود لە‌ تە‌رجومان وە‌ربگیرێت ئە‌گە‌ر زارۆکە‌کە‌ لە‌و زمانە‌ی بە‌کار دە‌ھێنرێ تێنە‌گات و نە‌زانێ قسە‌ی پێ بکات.

vii. لە‌ سە‌رلە‌بە‌ری پرۆسە‌کە‌دا ڕێزی تە‌واو لە‌ ژیانی کە‌سە‌کی زارۆکە‌کە‌ بگیرێت.


٣. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ھە‌وڵ دە‌دە‌ن دە‌رفە‌ت خۆش بکە‌ن بۆ دانانی قانوون و پرۆسە‌، و بۆ دامە‌زراندنی فە‌رمانگە‌ و دە‌زگە‌ی وە‌ھا کە‌ تایبە‌ت گونجاوی ئە‌و زارۆکانە‌ بێ کە‌ گومانیان لێ دە‌کرێ، تاوانیان ئاڕاستە‌ دە‌کرێ یان تاوانبار دە‌کرێن، و بە‌تایبە‌تی:

a. سنووری ھە‌رە‌ژێری سزا دیاری بکرێ،

b. گە‌ر لە‌بار و بە‌پێویست زانرا، کار بکرێ بۆ چارە‌سە‌ر کردنی ئە‌وانە‌ی منداڵترن لە‌و تە‌مە‌نە‌، بێ ئە‌وە‌ی پرۆسە‌ی دادگە‌ بە‌کار بھێنرێ، بە‌و مە‌رجە‌ی مافگە‌لی مرۆڤ و پاراستنی دە‌ستووریی تە‌واو ڕێزگیراو بێ.


٤. ھە‌نگاوی ھە‌مە‌جۆر . وە‌ک سە‌رپە‌رشتی، ڕێنوێنی و ڕێساگە‌لی ئامۆژگاری و چاودێری، سە‌رپە‌رشتیی ناو خێزانی سە‌رپە‌رشت، دابین کردنی بە‌رنامە‌ بۆ خوێندنی گشتیی و فێرکاریی پیشە‌یی و بە‌دیلی دیکە‌ بۆ سیستە‌می سە‌رپە‌رشتیی زارۆک لە‌ مە‌ڵبە‌ندی تایبە‌تدا‌ . بنرێ بۆ دە‌ستە‌بە‌ر کردنی ڕە‌فتارێکی وە‌ھا بە‌رانبە‌ر زارۆک گونجاو بێ بۆ خۆشگوزە‌رانیان و لە‌بار بێ لە‌گە‌ڵ ڕە‌چاو گرتنی ھە‌م بارودۆخی کە‌سە‌کیی زارۆکە‌کە‌ و ھە‌م تاوانە‌کە‌.


بە‌ندی ٤١

ھیچ بە‌شێکی ئە‌م مافنامە‌یە‌ کار ناکاتە‌ سە‌ر بڕیارگە‌لێکی زیاتر بڕۆن لە‌ بواری ڕاستاندنی مافگە‌لی زارۆک، و لە‌مانە‌دا ھاتبن:

a. دە‌ستووری دە‌وڵە‌تی پە‌یمانبە‌ست، یان

b. دە‌ستوورێکی نێودە‌وڵە‌تی کە‌ ئە‌و دە‌وڵە‌تە‌ بگرێتە‌وە‌.  

بە‌شی دووە‌م[دەستکاری]

بە‌ندی ٤٢

دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست پە‌یمان دە‌دە‌ن لە‌ ڕێی ھە‌نگاوی گونجاو و چالاکە‌وە‌ بڕیار و پرنسیپە‌کانی ئە‌م بە‌یاننامە‌یە‌ بە‌ناو ھە‌م زارۆک و ھە‌م گە‌ورە‌تە‌مە‌ندا بڵاو بکە‌نە‌وە‌.


بە‌ندی ٤٣

١. بۆ ئە‌زموون کردنی بە‌رە‌و پێش چوونی دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست لە‌ بواری ڕاستاندنی بە‌رپرسایە‌تییان بە‌پێی ئە‌م مافنامە‌یە‌ دە‌بێ کۆمیتە‌یە‌ک بۆ مافگە‌لی زارۆکان بێتە‌ دامە‌زراندن بۆ جێبە‌جێ کردنی ئە‌م خاڵانە‌ی خوارە‌وە‌،

٢. کۆمیتە‌کە‌ دە‌بێ پێک ھاتبێ لە‌ دە‌ پسپۆڕی ناسراو بە‌ ئاکاربە‌رزیی و لێسە‌لمێندراو لە‌و بوارانە‌ی ئە‌م مافنامە‌یە‌ دە‌یان گرێتە‌وە‌. ئە‌ندامانی کۆمیتە‌کە‌ لە‌لایە‌ن دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ستە‌وە، لە‌ناو ھاوزێدانی خۆیدا، دێنە‌ ھە‌ڵبژاردن و ئە‌م ئە‌ندامانە‌ بە‌ توانای خۆیان کار دە‌کە‌ن و لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ش دە‌بێ ھە‌م یە‌کسانیی دابە‌شینی جۆگرافی و ھە‌م سیستە‌می بنە‌ما دە‌ستوورییە‌کان ڕە‌چاو بگیرێن.

٣. ئە‌ندامانی کۆمیتە‌کە‌ بە‌ دە‌نگ دانی نھێنی دێنە‌ ھە‌ڵبژاردن لە‌ لیستە‌یە‌کی دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست ناوزە‌دیان دە‌کە‌ن. ھە‌ر دە‌وڵە‌تێکی پە‌یمانبە‌ست بۆی ھە‌یە‌ یە‌ک ئە‌ندامی خۆی ناوزە‌د بکات.

٤. یە‌کە‌م ھە‌ڵبژاردنی ئە‌م کۆمیتە‌یە دە‌بێ ئە‌وپە‌ڕی شە‌ش مانگ پاش ڕۆژی پیادە‌ کردنی ئە‌م مافنامە‌یە‌، بکرێت. ‌پاش ئە‌وە‌ش بە‌ دوو ساڵ جارێک. لایە‌نی کە‌م چوار مانگ بە‌ر لە‌ ڕۆژی ھە‌ر ھە‌ڵبژاردنێک دە‌بێ سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو بە‌ نووسین داوا لە‌ دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست بکات کە‌ لە‌ ماوە‌ی دوو مانگدا پێشنیازی خۆیان ڕە‌پێش بخە‌ن. پاشان، سکرتێری گشتی، لیستە‌ی ھە‌ر ھە‌موو کە‌سانی پێشنیاز کراو بە‌ پێی ڕیزبە‌ندی ئە‌لفوبێ لە‌تە‌ک ناوی ئە‌و دە‌وڵە‌تە‌ پە‌یمانبە‌ستە‌ی پێشنیازی کردوون، ساز دە‌کات و دە‌یخاتە‌ بە‌ر دە‌ستی دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست.

٥. ھە‌ڵبژاردن لە‌ جڤینی دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ستدا دە‌بێ، کە‌ سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو داوایان دە‌کات و لە‌ بارە‌گای دە‌وڵە‌تانی‌ یە‌کگرتوو دە‌گیرێن. لە‌م جڤینانە‌دا، کە‌ بە‌ ئامادە‌بوونی دوو لە‌ سێی ژمارە‌ی دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بنە‌ بڕیاردە‌ر، ئە‌و کە‌سانە‌ی‌ زیاترین ژمارە‌ی دە‌نگ و زۆرینە‌ی ڕە‌ھای دە‌نگی دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ستی ئامادە‌ و دە‌نگدە‌ر دە‌ھێنن، بۆ کۆمیتە‌کە‌ دێنە‌ ھە‌ڵبژاردن.

٦. ئە‌ندامی کۆمیتە‌ بۆ ماوە‌ی چوار ساڵ دێنە‌ ھە‌ڵبژاردن. دە‌شێ بێنە‌وە‌ ھە‌ڵبژاردن ئە‌گە‌ر دیسان ناوزە‌د بکرێنە‌وە‌. دوو ساڵ پاش ھە‌ڵبژاردنی یە‌کە‌م، کاتی مانداتی پێنج ئە‌ندام کۆتا دە‌بێ. دە‌ستبە‌جێ پاش یە‌کە‌م ھە‌ڵبژاردن ناوی ئە‌و پێنج ئە‌ندامە‌، بە‌ ناو ڕاکێشان، لە‌لایە‌ن دە‌مڕاستی جڤینە‌کە‌وە‌ دیاری دە‌کرێ.

٧. ئە‌گە‌ر ئە‌ندامێکی کۆمیتە‌کە‌ بمرێت، یان دە‌ست لە‌ کارە‌کە‌ی خۆی ھە‌ڵ بگرێت یان ئاشکرای بکات کە‌ لە‌بە‌ر ھە‌ر ھۆیە‌ک بێت ناتوانێ کارە‌کە‌ی خۆی لە‌ کۆمیتە‌کە‌دا جێبە‌جێ بکات، ئە‌وا دە‌بێ ئە‌و دە‌وڵە‌تە‌ پە‌یمانبە‌ستە‌ی ئە‌م ئە‌ندامە‌ی ناوزە‌د کردبوو، بە‌ مە‌رجی سە‌لماندنی کۆمیتە‌کە‌، پسپۆڕێکی دیکە‌ لە‌ ناو ھاوزێدانی خۆیدا ناوزە‌د بکات بۆ گرتنە‌ ئە‌ستۆی ئە‌و ئە‌رکە‌ بۆ ئە‌و ماوە‌ مە‌نداتە‌ی ماوە.

٨. کۆمیتە‌کە‌ خۆی شیرازە‌ی کاری خۆی دیاری دە‌کات.

٩. کۆمیتە‌کە‌ سە‌رۆکایە‌تییە‌ک، بۆ ماوە‌ی دوو ساڵ، بۆ خۆی ھە‌ڵ دە‌بژێرێ.

١٠. جڤینە‌کانی کۆمیتە‌کە‌ لە‌ بارە‌گای دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو، یان لە‌ جێیە‌کی دیکە‌ی لە‌بار کە‌ کۆمیتە‌کە‌ بڕیاری دە‌دات، دە‌گیرێن. لە‌ باری ئاساییدا کۆمیتە‌کە‌ ساڵانە‌ کۆ دە‌بنە‌وە‌. ماوە‌ی جڤینە‌کانی کۆمیتە‌کە‌ بە‌ ڕێک کە‌وتن لە‌گە‌ڵ دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ستدا‌ دیاری دە‌کرێ و، گە‌ر پێویستی کرد، دە‌ستکاری دە‌کرێ، ئە‌ویش بە‌ سە‌لماندنی ئە‌نجومە‌نی گشتی.

١١. سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو دە‌بێ کارمە‌ند و دە‌زگە‌ی پێویست تە‌رخان بکات بۆ ئە‌وە‌ی کۆمیتە‌کە‌ بتوانێ ئە‌رکی خۆی بە‌پێی ئە‌م مافنامە‌یە‌ بە‌ شێوە‌یە‌کی کاریگە‌ر جێبە‌جێ بکات.

١٢. ئە‌ندامانی ئە‌م کۆمیتە‌یە‌ی بە‌پێی ئە‌م مافنامە‌یە‌ دامە‌زراوە‌، دە‌بێ بە‌ سە‌لماندنی ئە‌نجومە‌نی گشتی مووچە‌ وە‌ربگرن بە‌و مە‌رجانە‌ی ئە‌نجومە‌نی گشتی دایدە‌نێ.


بە‌ندی ٤٤

١. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست پە‌یمان دە‌دە‌ن لە‌ ڕێی سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتووە‌وە‌ ڕاپۆرت بدە‌ن بە‌ کۆمیتە‌کە‌ دە‌ربارە‌ی ئە‌و کارانە‌ی کردوویانە‌ بۆ پیادە‌ کردنی ئە‌و مافانە‌ی لە‌م مافنامە‌یە‌دا ھاتوون و پێشکە‌وتنێکی وە‌دە‌ست ھاتبێ لە‌ سوودمە‌ندبوون لە‌م مافانە‌:

a. لە‌ ماوە‌ی دوو ساڵی پاش ئە‌وە‌ی ئە‌م مافنامە‌یە‌ دە‌وڵە‌تی پە‌یمانبە‌ست دە‌گرێتە‌وە‌،

b. پاش ئە‌وە‌ بە‌ پێنج ساڵ جارێک.


٢. ڕاپۆرتە‌کانی سە‌ر بە‌م بە‌ندە‌ دە‌بێ ھە‌لومە‌رج و کێشە‌، گە‌ر ھە‌بێ، دیاری بکات و چۆن کاری کردۆتە‌ سە‌ر جێبە‌جێ کردنی پە‌یمانە‌کانی ئە‌م مافنامە‌یە‌. ڕاپۆرتە‌کان دە‌بێ ئاگاداریی تە‌واویان تێدا بێ بۆ ئە‌وە‌ی کۆمیتە‌کە‌ وێنە‌یە‌کی تە‌واوی ھە‌بێت دە‌ربارە‌ی پیادە‌ کردنی بڕیارە‌کانی ئە‌م مافنامە‌یە‌ لە‌و دە‌وڵە‌تە‌ی جێی باسە‌.

3. دە‌وڵە‌تێکی پە‌یمانبە‌ست کە‌ لە‌ یە‌کە‌م ڕاپۆرتدا ئاگاداریی تە‌واوی داوە‌ بە‌ کۆمیتە‌کە‌ پێویست ناکات لە‌ ڕاپۆرتە‌کانی پاش ئە‌ویاندا، کە‌ لە‌ بە‌شی b ی یە‌کە‌م خاڵدا باس کراون‌، ھە‌مان ئاگاداریی بنە‌ڕە‌تی دووپات بکاتە‌وە‌.

٤. کۆمیتە‌کە‌ دە‌توانی داوای ئاگاداریی زیاتر بکات لە‌ دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌ربارە‌ی جێبە‌جێ کردنی بڕیارە‌کانی ئە‌م مافنامە‌یە‌.

٥. کۆمیتە‌کە‌ بە‌ دوو ساڵ جارێک، لە‌ ڕێی کۆڕی ئابوورە‌کی و جڤاکییە‌وە‌، ڕاپۆرت‌ دە‌ربارە‌ی کارە‌کانی خۆی دە‌خاتە‌ بە‌ردە‌م ئە‌نجومە‌نی گشتییە‌وە.

٦. دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌بێ ڕاپۆرتە‌کانی خۆیان لە‌ وە‌ڵاتە‌کانی خۆیاندا بۆ گە‌ل ئاشکرا بکە‌ن.


بە‌ندی ٤٥

بە‌ مە‌بە‌ستی رێ خۆش کردن بۆ جێبە‌جێ کردنێکی کاریگە‌رانە‌ی بڕیارە‌کانی ئە‌م مافنامە‌یە‌ و بۆ ھاریکاریی نێودە‌وڵە‌تی لە‌و بوارانە‌ی مافنامە‌کە‌ دە‌یان گرێتە‌وە‌، دە‌بێ:

a. بنگە‌ی تایبە‌تکار، «فە‌ندی زارۆکانی سە‌ربە‌ دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو» و بنگە‌ی دیکە‌ی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو مافیان ھە‌بێ‌ بە‌شدار بن لە چاودێریی جێبە‌جێ کردنی ئە‌و بڕیارانە‌ی ئە‌م مافنامە‌یە‌ کە‌ دە‌کە‌ونە‌ چوارچێوە‌ی مانداتی ئە‌وانە‌وە‌. کۆمیتە‌کە‌ بۆی ھە‌یە‌ داوای ئامۆژگاری پسپۆڕانە‌ بکات لە‌ بنگە‌ و سازمانی پسپۆر، کە‌ کۆمیتە‌کە‌ بە‌ لە‌باری بزانێت، دە‌ربارە‌ی جێبە‌جێ کردنی ئە‌و بڕیارانە‌ی ئە‌م مافنامە‌یە‌ کە‌ دە‌کە‌ونە‌ چوارچێوە‌ی چالاکی ئە‌وانە‌وە‌. کۆمیتە‌کە‌ بۆی ھە‌یە‌ داوای ڕاپۆرت بکات لە‌ بنگە‌ی تایبە‌تکار، «فە‌ندی زارۆکانی سە‌ربە‌ دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو» و لە‌ بنگە‌ی دیکە‌ی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو دە‌ربارە‌ی پیادە‌ کردنی ئە‌م مافنامە‌یە‌ لە‌ بوارێکی بکە‌وێتە‌ چوارچێوە‌ی چالاکیی خۆیانە‌وە‌.

b. کۆمیتە‌کە، بە‌ شێوە‌یە‌کی خۆی بە‌ لە‌باری بزانێ، دە‌بێ ئە‌و ڕاپۆرتانە‌ی دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست بدات بە‌ بنگە‌ی تایبە‌تکار، فە‌ندی زارۆکانی سە‌ربە‌ دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو، بنگە‌ و سازمانی دیکە‌ی پسپۆڕ، کە‌ دە‌ربارە‌ی داواکاری یان پێداویستی ئامۆژگاریی تە‌کنیکی یان کۆمە‌کی تە‌کنیکین، وێڕای دید و بۆچوونی کۆمیتە‌کە‌ خۆی و پێشنیازە‌کانی دە‌ربارە‌ی ئە‌و داواکاری یان پێداویستییانە‌.

c. کۆمیتە‌کە‌ بۆی ھە‌یە‌ ڕاسپاردە‌ بداتە‌ ئە‌نجومە‌نی گشتی بۆ داوا کردن لە‌ سکرتێری گشتی کە‌، بۆ سوودی ئە‌م کۆمیتە‌یە،‌ بڕیاری تۆژینە‌وە‌ بدرێ دە‌ربارە‌ی دۆزی تایبە‌ت بە‌ مافگە‌لی زارۆک.

d. کۆمیتە‌کە‌ بۆی ھە‌یە‌ پێشنیاز و ڕاسپاردە‌ی گشتی بدات لە‌سە‌ر بنە‌مای ئاگادارییە‌کانی بە‌ندی ٤٤ و ٤٥ ی ئە‌م مافنامە‌یە‌. ئە‌و پێشنیاز و ڕاسپاردە‌ گشتییانە‌ دە‌درێنە‌ ھە‌موو دە‌وڵە‌تێکی پە‌یمانبە‌ستی پە‌یوە‌ندیدار و ھە‌روە‌ھا دە‌درێنە‌ ئە‌نجومە‌نی گشتی لە‌گە‌ڵ تێبینیە‌کانی دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست، گە‌ر ھە‌بن.


بە‌شی سێیە‌م[دەستکاری]

بە‌ندی ٤٦

ڕێ کراوە‌یە‌ بۆ ھە‌موو دە‌وڵە‌تان ئە‌م مافنامە‌یە‌ مۆر بکە‌ن.


بە‌ندی ٤٧

ئە‌م مافنامە‌یە‌ دە‌بێ بسە‌لمێندرێ و ئامرازی سە‌لماندنە‌کە‌شی دە‌سپێردرێ بە‌ سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو.


بە‌ندی ٤٨

ئە‌م مافنامە‌یە‌ ھە‌ر بە‌ کراوە‌یی دە‌مێنێتە‌وە‌ بۆ ھە‌ر دە‌وڵە‌تێکی ئامادە‌ بێ پێبە‌ندی بێ. ئامرازی پێبە‌ندبوونە‌کە‌ دە‌سپێردرێ بە‌ سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو.


بە‌ندی ٤٩

١. ئە‌م مافنامە‌یە‌ دە‌بێتە‌ بڕیاردە‌ر پاش سێھە‌مین ڕۆژی پاش ڕۆژی سپاردنی بیستە‌مین ئامرازی سە‌لماندن، یان پێبە‌ندبوون، بە‌ سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو.

٢. لە‌ پە‌یوە‌ندیدا لە‌گە‌ڵ ھە‌ر دە‌وڵە‌تێکی سە‌لمێنە‌ری یان پێبە‌ندی ئە‌م مافنامە‌یە‌، پاش سپاردنی بیستە‌مین ئامرازی سە‌لماندن، یان پێبە‌ندبوون، ئە‌م مافنامە‌یە‌ دە‌بێتە‌ بڕیاردە‌ر پاش سی ڕۆژ لە‌وە‌ی ئە‌و دە‌وڵە‌تە‌ ئامرازی سە‌لماندن، یان پێبە‌ندبوونی، دە‌سپێرێ.


بە‌ندی ٥٠

١. دە‌وڵە‌تێکی پە‌یمانبە‌ست بۆی ھە‌یە‌ پێشنیازی گۆڕانکارییە‌ک بکات لە‌م مافنامە‌یە‌دا و پێشنیازە‌کە‌ی بنێرێت بۆ سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو. پاشان سکرتێری گشتی پێشنیازی گۆڕانکارییە‌کان‌ دە‌نێرێت بۆ دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست لە‌گە‌ڵ داوای وە‌ڵام لە‌سە‌ر ئە‌وە‌ی ئایە‌ ئە‌و دە‌وڵە‌تانە‌ لایان باشە‌ کۆنفرانسێک بۆ دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست بگیرێت بە‌ مە‌بە‌ستی باس کردنی پێشنیازە‌کان و دە‌نگ دان لە‌سە‌ریان یان نا. ئە‌گە‌ر لایە‌نی کە‌م یە‌ک لە‌ سێی حکوومە‌تە‌کان لە‌ ماوە‌ی چوار مانگی پاش ناردنی پێشنیازە‌کان کۆنفرانسێکی ئە‌وتۆ بسلە‌مێنن ئە‌وا سکرتێری گشتی بانگی کۆنفرانسێک‌ دە‌دا لە‌ چوارچێوە‌ی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوودا. پێشنیازێکی گۆڕانکاری کە‌ زۆربە‌ی دە‌نگی دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ستی ئامادە‌ و دە‌نگدە‌ری کۆنفرانسە‌کە‌ بھێنێت دە‌خرێتە‌ بە‌ردە‌م ئە‌نجومە‌نی گشتییە‌وە‌ بۆ سە‌لماندن.

٢. گۆڕانکارییە‌کی لە‌ بابە‌تی خاڵی یە‌کە‌می ئە‌م بە‌ندە‌ کە‌ لە‌لایە‌ن ئە‌نجومە‌نی گشتییە‌وە‌ سە‌لمێندرا و دوو لە‌ سێی دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست دە‌نگیان بۆ دا، کارایە‌.

٣. کە‌ گۆڕانکارییە‌ک بە‌ کارا دانرا، ئە‌وا ئە‌و دە‌وڵە‌تانە‌ دە‌گرێتە‌وە‌ کە‌ گۆڕانکارییە‌کە‌یان سە‌لماندووە‌. دە‌وڵە‌تە‌کانی دیکە‌ی پە‌یمانبە‌ست ھێشتا ھە‌ر گرێدراوی ئە‌م مافنامە‌یە‌ن و، گە‌ر ھە‌بێ، گۆرانکارییە‌کانی پێشتری.


بە‌ندی ٥١

١. سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو دە‌بێ تێکستی پە‌رواگە‌ریی دە‌وڵە‌تانی پە‌یمانبە‌ست، کە‌ دە‌می سە‌لماندن یان پێبە‌ندبوونیان دایان ڕشتووە‌، وە‌ربگرێ و بنێرێت بۆ ھە‌موو دە‌وڵە‌تان.

٢. پە‌رواگە‌رییە‌ک دژ بە‌ مە‌بە‌ست و ئامانجی ئە‌م مافنامە‌یە‌ بێ ناسە‌لمێندرێ.

٣. دە‌کرێ پە‌رواگە‌ری لە‌ ھە‌ر کاتێکدا بێ بکێشرێتە‌وە‌، وە‌ھا باشە‌ بە‌ تێبینییە‌ک ئاڕاستە‌ی سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو بکرێ. پاشان ئە‌ویش ھە‌موو دە‌وڵە‌تان ئاگادار دە‌کاتە‌وە‌. تێبینییە‌کە‌ لە‌ ڕۆژی وە‌رگرتنییە‌وە‌ لە‌لایە‌ن سکرتێری گشتیە‌وە‌ کارایە‌.


بە‌ندی ٥٢

دە‌وڵە‌تێکی پە‌یمانبە‌ست دە‌توانێ پاشە‌کشە‌ لە‌م پە‌یمانە‌ بکات بە‌ نووسینی تێبینییە‌ک بۆ سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو. پاشە‌کشە‌کە‌ یە‌ک ساڵ پاش وە‌رگرتنی تێبینییە‌کە‌ لە‌لایە‌ن سکرتێری گشتیە‌وە‌، کارایە‌.


بە‌ندی ٥٣

سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو بە‌ ئە‌مینداری ئە‌م مافنامە‌یە‌ دادە‌نرێ.


بە‌ندی ٥٤

تێکستی ڕە‌سە‌نی ئە‌م مافنامە‌یە‌، کە‌ تێکستە‌ عارە‌بی، ئینگلیزی، فرانسی، چینی، ڕووسی و سپانییە‌کە‌ی وە‌ک یە‌ک ڕە‌وان، دە‌بێ بسپێرێن بە‌ سکرتێری گشتیی دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو. بۆ سە‌لماندن لێرە‌دا نوێنە‌رانی واژوودار، کە‌ ھە‌ر یە‌کە‌ی لە‌لایە‌ن حکوومە‌تی خۆیە‌وە‌ مافی مۆری دراوە‌تێ، ئە‌م مافنامە‌یە‌یان مۆر کردووە‌.

.............................

ڕوون کردنە‌وە‌ی چە‌ند وشە‌یە‌ک[دەستکاری]

. بە‌یاننامە‌ی دە‌وڵە‌تانی‌ یە‌کگرتوو The Charter of the UNited Nations

. بووژاندنە‌وە‌ Rehabilitation

. پە‌رواگە‌ری Reservation ‌تحفظ

. پە‌یماننامە‌ی نێودە‌وڵە‌تی دە‌ربارە‌ی مافی مرۆڤ International Covenants on Human Rights

. پێشپێگیری Preventive بۆ پێش گرتن لە‌ ڕووداوێک

. پێشھات Accident

. تە‌بە‌ننی Adoption

. «مافنامە‌ی مرۆڤ» . جاڕی گە‌ردوونیی مافی مرۆڤ The UNiversal Declaration of Human Rights

. جێنشین Placement

. ناسنامە‌ Identity

. دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو United Nations UN

. ڕاستاندن Realization ‌تحقیق

. ڕێساگە‌لی پرۆسە‌کاری Procedural Rules

. فە‌ندی زارۆکانی سە‌ربە‌ دە‌وڵە‌تانی یە‌کگرتوو UNited Nations Children's Fund

. ماوە‌ماوە‌ Periodic

. کاتی پشوو Leisure

. گە‌شانە‌وە‌ Recreation

. نێوان دە‌وڵە‌تی Intergovernmental

. نێودە‌وڵە‌تی International

.وە‌ڵاتانیفراژیDevelopingCountries