شێرپەنجەی پرۆستات

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شوێنی پرۆستات لە مرۆڤدا

شێرپەنجەی پرۆستات (بە ئینگلیزی: Prostate cancer) پرۆستات ڕژێنێکە کە دەکەوێتە ژێر میزڵدان و پێشەوەی "ڕاستە"، و دەورەی بۆری میز دەدات (ئەو بۆریەی کە میز لە میزڵدان دەگوازێتەوە بۆ دەرەوەی لەش).

ڕژێنی پرۆستات شلەیەک دروست دەکات کە بەشێک لە شلەی (تۆواو) پێک دەھێنێت.

شێپرنجەی پرۆستات کاتێک ڕوو دەدات کە خانە سروشتییەکانی ئەو ڕژێنە دەگۆڕێن بۆ خانەی شێرپەنجەیی و بەشێوەیەکی ناتەندروست گەشە دەکەن و زۆر دەبن. ئەو شێرپەنجەیە زۆربەی جار لەو پیاوانە دروست دەبێت کە تەمەنیان لە سەرووی ٥٠ ساڵە. لەگەڵ ئەوەی شێرپەنجەی پرۆستات زۆرە لە پیاوان، کەم پیاوی تووشبوو بەو شێرپەنجەیە دەمرن، چونکە ئەو شێرپەنجەیە زۆر جار بە شێوەیەکی لەسەرەخۆ گەشە ئەکات.

نیشانەکانی لە سەرەتای نەخۆشیەکە، زۆر جار شێرپەنجەی پرۆستات ھیچ نیشانەیەک دروست ناکات، بەڵام ئەگەر بیکات لەوانەیە ھەر ئەو نیشانانە دروست بکات کە بەھۆی گەورەبوون و ئەستووربوونی پرۆستات دروست ئەبن (کە حالەتێکی حەمیدەیە).

ئەو نیشانانەش بریتین لە: زیاتر میز کردن لە سروشتی کەسەکە، و کەمبوونەوەی ھێزی دەرچوونی میز لە لاشە. بۆیە ئەگەر پیاوێک ئەو نیشانانەی لێ دەرکەوتن پێویستە سەردانی دکتۆر بکات.

جاری وا ھەیە شێرپەنجەی پرۆستات پێش ئەوەی ئەو نیشانانەی سەرەوە دروست بکات، ئەگوازرێتەوە بۆ ئێسکەکانی لەش و ئازار لە ئێسکەکان دروست ئەکات، بۆ نموونە ئێسکەکانی حەوز یان پشت. بێگومان ژانی زۆری ئێسک پێویستی بە پشکنین ھەیە.

پشکنینی پێشوەختەیی (سکرینینگ)[دەستکاری]

پشکنینی پێشوەختەیی بۆ شێرپەنجەی پڕۆستات ڕێگایەکە بە ھۆیەوە دکتۆرەکان ئەو پیاوانە ئەپشکنن کە ھیچ نیشانەیەکی شێپرنجەی پڕۆستاتیان نیە، بەڵام ئەیانپشکنن بۆ ئەوەی ئەگەر ئەو نەخۆشیەیان ھەبێت لە قۆناغێکی سەرەتایی دەستنیشانی بکەن، بۆ ئەوەی زوو چارەسەر بکرێت (ئەگەر پێویست بکات) و ڕێگە لە گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی بگیرێت.

گرنگترین پشکنین بۆ ئەو مەبەستە پشکنینی خوێنە کە پێی ئەڵێن PSA) Prostate Specific Antigen). بەڵام ھەندێک جار دکتۆرەکان بە پەنجە پڕۆستات ئەپشکنن (Digital Rectal Examination).

ھەتا ئێستا توێژینەوەکان ئەوەیان یەک لا نەکردۆتەوە ئایا ئەو پشکنینیە پێویستە بکرێت یان نا، وە ئەگەر پێویستە بکرێت لە کێ بکرێت. ئەوەش لەبەر ئەوەیە چونکە زۆربەی حالەتەکانی شێرپەنجەی پڕۆستات لەسەرەخۆ گەشە ئەکەن و نابنە ھۆی مردنی نەخۆشەکە. بەڵام لە ڕاستیدا، ژمارەیەکی کەم لە حالەتەکانی ئەو شێرپەنجەیە زۆر عەنیف ھەڵسوکەوت ئەکەن و کوشندەن. ھاتا ئێستاش زانست نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتواندرێت ئەو کەسانە دەستنیشان بکرێن کە ئەگەر تووشی شێرپەنجەی پڕۆستات ببن شێرپەنجەکەیان کوشندە ئەبێت.

کردنی ئەو پشکنینە (PSA) پەیوەستە بە دوو کێشەی سەرەکی، کە پێویستە دکتۆر و نەخۆشەکەش لێی ئاگادار بن:

یەکەم: لەوانەیە PSA بەرز دەربچێت بەبێ ئەوەی نەخۆشەکە شێرپەنجەی پڕۆستاتی ھەبێت (چونکە PSA لە ھەندێک حالاتی حەمیدەش بەرز ئەبێتەوە)، کە ئەوەش ئەبێتە ھۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێیەکی دەروونی زۆر یان کردنی پشکنینی زیاتر (بە دەرزی پارچە وەرگرتن لە پڕۆستات، Biopsy) بەبێ ئەوەی پیاوەکە شێرپەنجەی بێت.

دووەم: لەوانەیە ئەو پشکنینە ببێتە ھۆی دەستنیشان کردنی شێرپەنجەیەک کە زۆر لەسەرەخۆ گەشە ئەکات، وە ئەگەر دەستنیشان نەکرابا لەوانەیە بەدرێژایی ژیانی پیاوەکە قەت ھیچ کێشەیەکی بۆدروست نەکردبا.

چارەسەرکردن[دەستکاری]

شێڕپەنجەی پرۆستات بە چەند شێوازێک چارەسەر ئەکرێت:

  • چاودێری نزیک: ئەگەر شێرپەنجەکە بەھێز نەبێت و سەرەتایی بێت، ئەکرێت چارەسەر نەکرێت بەڵکو بە وردی چاودێری بکرێت. ھەر کاتێک ھەست کرا شێرپەنجەکە خەریکە بە خێرایی گەشە ئەکات ئینجا چارەسەر دەست پێ دەکرێت.
  • نەشتەرگەری: ئەوەش بۆ لابردنی ڕژێنی پرۆستات و ھەندێک جار لابردنی گرێ لیمفاویەکانی دەوروبەری.
  • چارەسەری تیشکی: تیشک خانە شێرپەنجەییەکان دەکوژێت و نایەڵێت دابەش ببن. چارەسەری تیشکی بە دوو شێواز ئەدرێت: یان بە ئامێرێک کە بە دەوری لاشە دەسووڕێتەوە، یان بە دانانی پارچە تەنێکی بچووک لە ناو پرۆستات کە دەبێتە سەرچاوەیەکی تیشک و تیشکی لێ دەردەچێت.
  • چارەسەری ھۆڕمۆنی: ھۆڕمۆنەکانی نێرینە (کە لە گون دروست دەبن) وادەکەن شێرپەنجەی پڕۆستات گەشە بکات. چارەسەری ھۆڕمۆنی ڕێژەی ئەو ھۆڕمۆنانە لە لەش کەم دەکاتەوە و وا دەکات گرێ شێرپەنجەییەکان بپووکێنەوە. چارەسەری ھۆڕمۆنیش بە دوو شێواز دەکرێت: یان گونەکان لێ ئەکرێنەوە، یان دەرمانێک ئەدرێتە نەخۆش کە دەردان یان کارکردنی ئەو ھۆڕمۆنانە ڕابگرێت.
  • چارەسەری کیمیاوی: کیمیاوی ئەو دەرمانانەن کە خانە شێرپەنجەییەکان ئەکوژن یان وایان لێئەکەن لە گەشە بوەستن.
  • ھەندێک جار چارەسەری کیمیاوی و ھۆڕمۆنی بەیەکەوە ئەدرێن.

ھۆکارەکانی[دەستکاری]

ھەرچەندە ھۆکارەکانی ئەم نەخۆشییە بە تەواوەتی ڕوون نین تا ئێستا، بەڵام پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شێرپەنجەی پرۆستات کاتێک دروست دەبێت کە ھەندێک خانە لە پرۆستات دەبنە خانەی نائاسایی، بازدان و گۆڕان لە DNA خانە نائاساییەکان ڕوودەدات دەبێتە ھۆی ئەوەی خانەکان زۆر خێراتر گەشە بکەن و دابەش ببن لەچاو خانە ئاساییەکاندا، کۆبوونەوەی ئەم خانانەش، دەبێتە ھۆی دروستبوونی لوو، کە گەشە دەکات و دەچێت بۆ شانەکانی نزیکی، ھەندێک خانە نائاساییەکان دەپچڕێن و بڵاودەبنەوە بۆ بەشەکانی تری لەش

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]