زەکی ئەحمەد ھەناری
زەكي ئەحمەد هەنارى : (١٩٠٩-١٩٦٧) نووسەر، وەرگێڕ و شاعیرێکی کوردی سەدەی بیستەمە. خەڵکی کۆیە بووە و لەوێش ژیاوە. چەند ئیشێکی وەرگێڕانی لێ بەجێ ماوە.
سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]
زەکی کوڕی ئەحمەد کوڕی عوسمان و ناسناوی ھەنارییە، ١٩٠٩ لە کۆیە لەدایکبووە. لای مەلا حەبیبی ئەحمەد شەمامێ دەستی بە خوێندن کردووە. ١٩٢١ چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی و لە پۆلی دووەم وەرگیراوە. ١٩٢٥ پاش بڕینی قۆناغی سەرەتایی، چووەتە بەغدا و لە خانەی مامۆستایان وەرگیراوە، بە پلەی یەکەم دەرچووە و تەواویکردووە.[١][٢]
وەزیفەكانی[دەستکاری]
- ١٠/١١/١٩٢٨ بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە کۆیە دامەزراوە.
- ١٩٣٨ بووە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتاییی دووەمی کۆیە.
- ١/٥/١٩٣٩ بووەتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتاییی شەقڵاوە.
- وەزیفەکەی گۆڕدراوە بۆ کارگێڕی و ٤/٣/١٩٤٤ بووە بە بەڕێوەبەری ناحیەی ھۆرێن شێخان.
- ٢٨/١٠/١٩٥٤ بووەتەوە بە مامۆستا لە قوتابخانەی خالیدییەی ھەولێر، ئەمجا بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتاییی قادرییە لە کۆیە،
- پایزی ١٩٥٨ قوتابخانەی سەرەتاییی ناحیەی تەقتەق، دیسان کۆیە،
- بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتاییی قەندیلی ئێواران. ٢٤/٤/١٩٥٦ گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی گوندی (ماجیداوا) لە دەشتی دزەیییان.
كۆچی دوایی[دەستکاری]
١٩٦٣ بەر ھەڵمەتی گرتن کەوتووە و لە بەندیخانە دوچاری نەخۆشیی شەکرە و دڵ بووە. ١٩٥٨-١٩٦٧ لە کۆیە دانیشتووە و بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتاییی باواجی و پاشان ئەمینی کتێبخانەی گشتیی کۆیە بووە. ڕۆژی ٩/٧/١٩٦٧ کۆچی دواییی کردووە. [١][٢]
ژیانی هاوسەرگیریی[دەستکاری]
خێزاندار بووە، شەش کوڕ و سێ کچی لە پاش بەجێماوە.[١][٢]
بەرهەمەكانی[دەستکاری]
زەکی ھەناری، جگە لەوە کە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی و فارسیی زانیون. شیعریشی نووسیوە و لە "گەلاوێژ" و "ھەتاو"دا لێی بڵاوکردووەتەوە.[١][٢]
ئەم بەرھەمانەیشی لە چاپ دراون:[١][٢]
- دواڕۆژەکانی دەئاکی زۆردار، چاپخانەی المعارف- بةغدا، ١٩٦٠ (دکتۆر فەخری دەبباغی خەڵکی مووسڵ کردوویە بە عەرەبی)،
- گوڵستانی سەعدی، چاپخانەی سلمان الأعظمي- بةغدا، ١٩٦٨ (لە فارسییەوە وەریگێڕاوە)،
- لە پێناوی ئەویندا (شانۆنامە)، چاپخانەی ڕاپەڕین- سلێمانی، ١٩٧٤،
- چەند چیرۆک و شیعرێک بۆ منداڵان،
- بووکی نەورۆزی خۆشناو،
- فەرھەنگێکی ئینگلیزی- کوردیی بە دەستنووسی ماوەتەوە .
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ ئ ا ب پ ت عەبدولخالق عەلائەدین، کۆیە .. ناودارانی، چاپخانەی منارە- ھەولێر، ل٢٩١-٢٩٤؛ کەریم شارەزا، زەکی ھەناری ١٩٠٩-١٩٦٧، ئینسکلۆپیدیای ھەولێر، بەرگی ٨، ل٣٣٣١؛ کەمال مستەفا مەعروف، لە شیعرە بڵاونەکراوەکانی زەکی ئەحمەد ھەناری، ڕۆژنامەی "ھاوکاری"، بەغدا، ژمارەی ڕۆژی ١١/١٢/١٩٧٨، ل٦؛ لاپەڕەیەکی ژیاننامەکەی، ئامادەکراوی بنەماڵەکەی.
- ^ ئ ا ب پ ت گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8081 - 8082 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .