زۆڵەکەی ئەستەمبوڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە زۆڵەکەی ئیستانبووڵەوە ڕەوانە کراوە)
نووسەرئەلیف شەفەق
وڵاتتورکیا
زمانئینگلیزی
چەشندراما
بڵاوکەرەوەڤکینگ پرێس
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە
٢٠٠٦
لاپەڕەکان٣٦٨
ژپنک (ISBN)0-670-03834-2

زۆڵەکەی ئیستانبووڵ ڕۆمانێکە لەلایەن نووسەری بە ڕەگەز تورک ئەلیف شەفەقەوە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن دەزگای Viking Adult بڵاوکراوەتەوە. پاشان ھەر لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە مانگی ئازاردا لەلایەن ئاسڵی بیچنەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی تورکی بە ناونیشانی (منداڵە زۆڵەکە) و بووەتە کتێبی پڕفرۆش.

چیڕۆکی ڕۆمانەکە[دەستکاری]

بەسەرھاتی دوو خێزانی تورکی و ئەرمەن دەگێڕێتەوە بە درێژایی مێژوو ھەر لە ساتی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئەرمەنەکانەوە تاوەکو سەردەمی نوێ. ئەلیف ھەوڵی داوە ئەو جەور و ستەمە پیشانبدا کە لەسەر دەستی دەوڵەتی عوسمانی لە ئەرمەنەکان کراوە لە ڕێگەی خانەوادەی چەخماخچیان و ستەمبووڵیانی ئەرمەنی لەلایەک و خانەوادەی کازانچی تورکی لەلایەکی تر، پاشان تێکەڵبوون و درووستبوونی پەیوەندییەکی سەیر بە درێژایی مێژوو لە نێوان ئەم دوو خانەوادەیە. پاڵەوانانی ڕۆمانەکەش بریتین لە ھەریەک لە ئاسیا کازانچی و ئارمەنووش چەخماخچی. دەرکەوتنی پەیوەندییەکان لەوکاتەوە دەستپێدەکەن کەوا ئارمەنووش بە نیازی ناسینی نەتەوەکەی سەردانێکی تورکیا بکا و لەبەر ئەمەش لەلای خانەوادەی زڕباوکەکەی دەمێنێتەوە، کە خانەوادەی کازانچین. ئەلیف وا لە خوێنەر دەکا بە درێژایی خوێندنەوە تامەزرۆ ببێ تا ئەوکاتەی کە ھەموو ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن و خوێنەر تووشی شۆک دەبێ.

وەرگێڕانی کوردی[دەستکاری]

ئەم کتێبە لە ساڵی ٢٠١٦ و لەسەر دەستی بەرھەم ناودەشتییەوە وەرگێردرایە سەر زمانی کوردی لە زمانی ئینگلیزییەوە و خانەی چاپ و پەخشی ڕێنماش چاپ و بڵاویان کردووەتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]