دڕندەی سێکسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دڕندەی سێکسی فیلمێکی ٢٠٠٠ی تاوانکاریی کۆمیدیای ڕەشە لە دەرهێنانی جۆناتان گلەیزەر. ئەمە یەکەم فیلمی گلەیزەرە. لووی مێلیس و دەیڤد کاری نووسینیان بۆ فیلمەکە داڕشتووە. ڕەی وینستۆن، بێن کینگزلی، و ئیەن مکشەین تێیدا ڕۆڵدەگێڕن. فیلمەکە دەربارەی گاری "گاڵ" دۆڤە، گاری تاوانبارێکە کە بۆ چەندین ساڵ دەستی لە کاری کێشاوەتەوە، گاڵ لەلایەن تاوانبارێکەوە سەردان دەکرێ (کینگزڵی ڕۆڵی کەسایەتییەکە دەبینێت) و ئەو داوای لێدەکات کە بەشداری لە تاڵانی بانکێک بکات لە لەندەن.

فیلمەکە پێشوازییەکی باشێ بۆ کرا لەلایەن ڕەخنەگرانەوە. کینگزلی بۆ ئەم فیلمە پاڵێوراوبوو بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشت لە خەڵاتەکەنی ئۆسکار.[١] لە ٢٠٠٤، فیلمەکە وەک ١٥هەمین باشترین فیلمی بەریتانی لەلایەن تۆتەڵفیلمەوە دەستنیشانکرا. کۆتا نواندنی کاڤان کێندەڵ لەو فیلمەدایە، کاڤان ماوەیەکی کورت دوای وێنەگرتنی فیلمەکە بەهۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.[٢]

چیڕۆك[دەستکاری]

گاری "گاڵ" دۆوڤ تاوانبارێکی بەڕیتانییە کە چەند ساڵێکە وازی لە کارەکەی هێناوە. گاری لەگەڵ هاوسەرەکەی (دیدی)، باشترین هاوڕێی (ئەیچ)، و ژنی ئەیچ (جاکی) لە ناوچەی کۆستا دێل سۆڵی ئیسپانیا دەژیێت. دۆن لۆگان، کە هاوکارێکی کۆنی گاڵ بوو، سەردانی ڤیلاکەی دەکات و داوا لە گاڵ دەکات کە بەشداری لە دزینی بانکێک بکات لە لەندەن کە بەسەرپەرشتی تێد بەیس بەڕێوەدەچێت. تێد لەڕێی پەیوەندیێکەوە لەگەڵ بەڕێوبەری بانکەکە (هاری) ئاشنای خەزینەی بانکەکە بوو. گاڵ پێشنیارەکەی ڕەتدەکاتەوە، بەڵام لۆگان فشاری زیاتری دەخاتە سەر و توندتر دەبێت لەگەڵی.

گاڵ بە دۆن دەڵی کە ئەو تەنیا لەبەر بینینی جاکی هاتووە بۆ سەردانیکردن، چونکە دۆن و جاکی پێشووتر پەیوەندییەکی کورتیان پێکەوە هەبوو، دۆن دوای بیستنی ئەو قسەیە تووڕە دەبێت و شوێنەکە بەجێدەهێڵێت. لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ئینگڵتەڕا، دۆن لەبەر نەکوژاندنەوەی جگەرەکەی تووشی دەمەقاڵییەک دەبێت لەگەڵ کارمەندی و خەڵکی نێو فڕۆکەکە. لە سەرئەنجامی ئەو کارە دۆن لە فڕۆکەکە دەردەکرێت. دۆن بە درۆکردن خۆی لە سزا و بەندیخانە دەرباز دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی بە پۆلیس دەڵێت کە کارمەندێکی فڕۆکەکە دەستدرێژی کردبووە سەری. دۆن دەگەڕێتەوە بۆ ڤیلایەکە، دەست بە هاوار دەکات و بە بوتڵێک هێرش دەخاتە سەر گاڵ و برینداری دەکات. دیدی تاپڕەکەی گاڵ دێنێت تەقە لە دۆن دەکات. گرووپەکە بەیەکەوە دەیکووژن و لە مەلەوانگەکە دەینێژن.

لە لەندەن، گاڵ خۆی بۆ تاڵانەکە ئامادە دەکات. تێدی بەیس دەربارەی دیارنەمانی دۆن لەگەڵ گاڵ قسە دەکات و لێی دەپرسێت بەرەو کوێ ڕۆیشتووە. گاڵ پێی دەڵێت کە دۆن گەڕاوەتەوە لەندەن و لە فڕۆکەخانەی هیترۆ پەیوەندی پێکردووە. پڕۆسەی تاڵانکردنەکە پێویستی بە چەند کەلوپەلێکی مەلەکردن هەبوو. خەزینەکەیان کرایە ناو مەلەوانگەیەک، بەم شێوەیە دەنگی کونکردنی نەدەهێشت و سیستەمی چاودێریش لەکاردەکەوت. لەو کاتەی کە دەستەی تێدی سندووقەکانیان بەتاڵ دەکرد، گاڵ جووتێک گوارەی یاقووت و ئەڵماس دەبات بۆ خۆی.

دوای تەواوبوونی کارەکە، تێدی پێداگری دەکات لەوەی گاڵ بباتە ماڵەوە. تێد لە ماڵی هاری دەوەستێت، لەوێ هاری دەکووژێت و بۆ جارێکی تر لەبارەی شوێنی دۆنەوە لە گاڵ دەپرسێت. دۆن لە وەڵامدا دەڵێت، "چیتر نامەوێ لەو کارە بەشداربم". لە کاتی دابەزینی گاڵ لە ئۆتۆمبێلەکە، تێد ئاشکرای دەکات کە دەزانێت گاڵ پەیوەندی بە ونبوونی دۆن هەبووە، و بە گاڵ دەڵێت ئەگەر بۆ کەمێکیش دۆنی لا گرنگ با، ئەوا زۆر بە توندی سزای دەدا.

دۆن دەگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا، دیدی گوارەکان دەکاتە گوێکانی و ژیان بەرەو ئاسایی دەگەڕێتەوە. داڵ هێشتا گوێی لە دەنگی دۆن دەبێت لە مێشکیدا. چەند جارێک بە خۆی دەڵێت کە دۆن مردووە بۆ ئەوەی خۆی ئارام بکاتەوە.

کاست[دەستکاری]

  • ڕەی وینستۆن وەک گاری "گاڵ" دۆڤ، تاوانبارێکە کە دەستی لە کار کێشاوەتەوە و (دیدی)ی مارە کردووە. گاڵ لە ئیسپانیایە بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ
  • بێن کینگزڵی وەک دۆن لۆگان، تاوانبارێکی شێتانەیە
  • ئیەن مکشەین وەک تێدی بەیس، تاوانبارێکە لە لەندەن
  • ئەماندا رێدمان وەک دیدی دۆوڤ، ژنی گاڵە و لە پێشوودا ئەکتەری فیلمی پۆڕن بووە
  • جەیمز فۆخ وەک هاری، لە بانک کار دەکات و خەزینەی بانکەکە پیشانی تێدی بەیس دەدات
  • کاڤان کێندەڵ وەک ئەیچ، باشترین هاوڕێی دیدییە
  • جولیان وایت وەک جاکی، ژنی ئەیچە، بۆ ماوەیەک پەیوەندی لەگەڵ دۆن لۆگان هەبوو
  • ئەلڤارۆ مۆنهێ وەک ئێنریکێ، خزمەتکارێکی ئیسپانییە لە ماڵی گاڵ کار دەکات

بەرهەمهێنان[دەستکاری]

لە هاوینی ١٩٩٩، وێنەگرتن لە لەندەن و ئیسپانیا دەستیپێکرد. ڕەی وینستۆن دوو هەفتە بەر لە دەستپێکردنی وێنەگرتنەکە گەیشتە ئیسپانیا، بە مەبەستی ئەوەی باشتر تێکەڵی کەشی فیلمەکە بێت و کەسایەتیی گاڵ باشتر بەرجەستەبکات. ڕەی لەو ماوەیەدا خواردنێکی زۆری دەخوارد بۆ ئەوەی وەک کەسایەتیی فیلمەکە قەڵەو دەرکەوێت. ڕەی ئەم دوو هەفتەیە بە باشترین پرۆڤەکردنی ژیانی ناودەبات.[٣] بەر لەوەی ڕەی لە شوێنیی گاڵ دابنرێت، ئەو و ئەنتۆنی هۆپکینس ئەگەری ئەوەیان هەبوو ڕۆڵی کەسایەتیی دۆن بگێڕن.[٤]

جێرێمی تۆماسی بەرهەمهێنەری فیلمەکە دەربارەی فیلمەکە دەدوێت:[٥]

"دڕندەی سێکسی دەستپێکێکی نوێ بوو بۆ من. جۆناتان گلەیزەر لەوکاتەدا لە بەریتانیا دەرهێنەری بانگەشەی تەلەڤیزیۆنی بوو. ئەو زۆر لێهاتوو بوو. سیناریۆی فیلمەکە بەخشرایە ئێمە و ئەو فیلمە مەزنەمان هێنایە دی. ئێمە زۆر سەرسام بووین بە دیالۆگە بێ وێنە و سەرنجڕاکێشەکەی، هەرچەندە ئەمە یەکەم کاری گلەیزەر بوو. هەرگیز لە ژیانم سیناریۆیەکی لەو جۆرەم نەبینیبوو، و بۆ من پێویست بوو کە ئەم فیلمە بەرهەمبهێنین. لە کاتی وەرگرتنی مۆڵەت کێشەی زۆرمان بۆ درووستبوو.. کاتێک ستودیۆ ئەمریکییەکە فیلمەکەیان کڕییەوە، بەشی یاسایی کۆمپانیایەکە دەیانگووت: "ناکرێ ئەو فیلمە درووستبکرێت. بۆ نزیکەی ٣٠٠ جار وشەی "گەواد"ی تێدایە و ٤٠٠ جار "نەفرەت"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان بەرهەمیبهێنین."

شێوازی تەکنیکی دیمەنی تاڵانکردنەکە زۆرجار لەگەڵ فیلمی "دزییە گەورەکەی بانکی ریڤیێرا" بەراورد دەکرێت. ئیەن مکشەین ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمەکە دەگێڕێت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Sir Ben's Sexy honour". BBC News. 31 December 2001. Retrieved 4 February 2008.
  2. ^ Anastasia, George; Macnow, Glen (27 September 2011). The Ultimate Book of Gangster Movies: Featuring the 100 Greatest Gangster Films of All Time. Running Press. ISBN 9780762443703 – via Google Books.
  3. ^ "IMDB Sexy Beast facts". IMDb. Retrieved 30 November 2022.
  4. ^ "100 Greatest Gangers Films Sexy Beat". 9 November 2021. Retrieved 8 December 2022.
  5. ^ "Jeremy Thomas - And I'm still a fan". Berlinale Talents. 29 تشرینی یەکەم 2010. Archived from the original on 4 June 2014. Retrieved 18 March 2014. ٤ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.