تیۆریی X و تیۆریی Y

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

تیۆریی X & Y - ڕشتەیەکی سازمانناسییە و بەرهەمی دەروونناس و مامۆستای کارگێڕی (Douglas Murray McGregor (1906–1964 یە.

McGregor لە کتێبی (The Human Side of Enterprise (1960 دا تیۆری X & Y ڕوون دەکاتەوە و دەڵێ زۆربەی سازمان و ڕێساگەلی سازمانگەری پەیوەستە بە «مرۆڤنۆڕی»‌‌ی ڕێبەرایەتیی ئەو سازمانەوە.

مرۆڤنۆڕیی ڕێبەرە دەبێتە مایەی داڕشتنی کاروباری سازمانەکە. McGregor دەڵێ «مرۆڤنۆڕی»‌ی ڕێبەر بە گشتی دوو ڕووکاری تەواو جودایان هەیه. کتێبی Den lärande organisationen (1998) لە شرۆڤەی ئەم باسەدا دەڵێ [١]:


ڕووکاری X&Y[دەستکاری]

ڕووکاری X - خۆسەپێن و ڕەشبینە، دەڵێ:[دەستکاری]

- مرۆڤی ئاسایی هەر خۆڕسک تەمبەڵە، نە دەتوانێ و نە دەیهەوێ گۆڕانکاری بکات. مرۆڤ مەگەر ناچار بێت، دەنا هەوڵ و کۆشەشی پێی خۆش نییە

- مرۆڤی ئاسایی هەر خۆڕسک خامۆشە نایهەوێت بەرپرسایتی بگرێتە ئەستۆ، خواستی بەگشتی کەمە و هەتا بۆی بلوێ پێی خۆشە ئاسوودە بێ. مرۆڤ پێی خۆشە جڵەوی بکێشیت

- کەواتە گەر بتەوێ مرۆڤ کارێک ئەنجام بدات و بەرهەمێکی هەبێت، دەبێ جڵەوی بگریت، بەزۆر ناچاری بکەیت، هانی بدەیت، بە سوودی ماددی سەرنجی ڕاکێشیت


ڕووکاری Y - مرۆڤنۆڕییەکی گەشبینە، بڕوای بە ئایەندەی مرۆڤ و سازمان هەیە. ئەمیان دەڵێ:[دەستکاری]

- مرۆڤ چالاکە، چۆن پشووی پێخۆشە وەهایش پەرۆشی کار و کۆشەشە

- نە تەنها بەرپرسایەتی دەگرێتە ئەستۆ، بگرە بەدواشیدا دەگەڕێت و هەوڵی بۆ دەدات. مرۆڤ پێی خۆشە جڵەوی کاری خۆی بگرێتە دەست و هەتا پێکانی ئامانج کاری بۆ بکات. سزا و هاندان تاویان هەیە بەڵام سنووردارە

- مرۆڤ بوونەوەرێکی ئافراندە (ئافرێنەر، داهێنەر) و خەیاڵبازە. خاوەن ویست و خولیایە. مرۆڤ ڕێچکەشکێنە و پەرۆشی گەشە و پێشکەوتنە. لەبەر ئەوەش دەکرێ ڕاوێژی پێ بکەیت


ڕووکار و بوار[دەستکاری]

McGregor پێی وایە هەر یەک لەم دوو ڕووکارە بواری تایبەتی خۆی هەیە. لەوانەیە ڕوانگەی Y بۆ کارگێڕیی کارگەی فرەبەرهەم ئاسان نەبێت بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی کەسانی پیشەوەر باشتر بێت. بەگشتی McGregor بڕوای بە دیدی دووەم هەیە و دەڵێ[٢] هەموو مرۆڤێک توانای فێربوون و گەشە کردنی هەیە، لەبەر ئەوە ئەرکی ڕێبەرایەتی بریتییە لە ڕەخساندنی دەرفەتی گەشە کردن و هەڵکشانی کارمەندانی سازمانەکە. ڕێبەرایەتی دەبێ زەمینە بۆ هاوکاران خۆش بکات بۆ ئەوەی بتوانن ئامانجی کەسەکیی خۆیان لەگەڵ ئامانجی سازماندا بگونجێنن و کار بکەن بۆ پێکانی ئامانجی هاوکۆ. کەواتە تیۆری X & Y - ی McGregor یش هەلومەرجی جڤاکی بە هاندەری یەکەم دەزانن نەک هۆکاری ئابووری.

ڕێبەری سەربە ڕووکاری X تەنها خۆسەپاندن دەزانێت، ڕێبەری سەربە ڕووکاری Y جگە لە فەرمانداری، هونەری دیکەشی هەیە، بۆ نموونە: ڕێنوێنی، ئامۆژگاری، ڕاوێژ و بەشداری. لە بواری سازمانگەریدا، بە هەموو جۆرەکانییەوە، چ ئابووری بێ چ فەرهەنگی، چ سیاسی بێ چ ئەرتەشی، ئەم دوو دیدەی X & Y - تێدا بەرچاوە. سەرنج بدە شێوازی فەرمانڕەوایی وەڵاتێک بۆت دەردەکەوێت دەسەڵات دیدی بۆ جڤاتی بەرتاوی خۆی چۆنە. لە سیستەمی دێمۆکراتدا دەسەڵات لە ڕوانگەیەکی گەشەوە دەڕوانێتە میللەتی خۆی و بە ڕێزەوە هەڵسوکەتی بەرانبەر دەکات. دەسەڵاتی خۆسەپێنی نادێمۆکرات پێی وایە میللەت شایستەی زەبر و زەنگن، بە چاوێکی نزم لێیان دەڕوانێت و هۆکاری سەرشۆڕیی خۆی دەباتەوە بۆ «نالەباریی میللەت».


سەرچاوە[دەستکاری]

سازمانگەری، ئاسۆس شەفیق - کوردستان ٢٠١١


پەراوێز[دەستکاری]

  1. Albinsson, Per. Den lärande organisationen. Brain Books AB (1998): 93.
  2. Eriksson-Zetterquist, Ulla & Kalling, Thomas & Styhre, Alexander. Organisation och organisering. Liber(2006): 136.


به‌سته‌ری ده‌ره‌کی‌[دەستکاری]

A diagram of Theory X and Theory Y.