بۆ ناوەڕۆک بازبدە

تیۆریی X و تیۆریی Y

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

تیۆریی X و Y ڕشتەیەکی سازمانناسییە و بەرھەمی دەروونناس و مامۆستای کارگێڕی دۆگلاسمورەی مەکگريگورە (١٩٠٦–١٩٦٤). مەکگريگور لە کتێبی The Human Side of Enterprise (١٩٦٠) دا تیۆری XوY ڕوون دەکاتەوە و دەڵێ زۆربەی سازمان و ڕێساگەلی سازمانگەری پەیوەستە بە «مرۆڤنۆڕی»ی ڕێبەرایەتیی ئەو سازمانەوە. مرۆڤنۆڕیی ڕێبەرە دەبێتە مایەی داڕشتنی کاروباری سازمانەکە. مەکگريگور دەڵێ «مرۆڤنۆڕی»ی ڕێبەر بە گشتی دوو ڕووکاری تەواو جودایان ھەیە. کتێبی Den lärande organisationen (1998) لە شرۆڤەی ئەم باسەدا دەڵێ:[١]

ڕووکاری XوY

[دەستکاری]

ڕووکاری X - خۆسەپێن و ڕەشبینە، دەڵێ

[دەستکاری]

- مرۆڤی ئاسایی ھەر خۆڕسک تەمبەڵە، نە دەتوانێ و نە دەیھەوێ گۆڕانکاری بکات. مرۆڤ مەگەر ناچار بێت، دەنا ھەوڵ و کۆشەشی پێی خۆش نییە

- مرۆڤی ئاسایی ھەر خۆڕسک خامۆشە نایھەوێت بەرپرسایتی بگرێتە ئەستۆ، خواستی بەگشتی کەمە و ھەتا بۆی بلوێ پێی خۆشە ئاسوودە بێ. مرۆڤ پێی خۆشە جڵەوی بکێشیت

- کەواتە گەر بتەوێ مرۆڤ کارێک ئەنجام بدات و بەرھەمێکی ھەبێت، دەبێ جڵەوی بگریت، بەزۆر ناچاری بکەیت، ھانی بدەیت، بە سوودی ماددی سەرنجی ڕاکێشیت

ڕووکاری Y - مرۆڤنۆڕییەکی گەشبینە، بڕوای بە ئایەندەی مرۆڤ و سازمان ھەیە. ئەمیان دەڵێ

[دەستکاری]

- مرۆڤ چالاکە، چۆن پشووی پێخۆشە وەھایش پەرۆشی کار و کۆشەشە

- نە تەنھا بەرپرسایەتی دەگرێتە ئەستۆ، بگرە بەدواشیدا دەگەڕێت و ھەوڵی بۆ دەدات. مرۆڤ پێی خۆشە جڵەوی کاری خۆی بگرێتە دەست و ھەتا پێکانی ئامانج کاری بۆ بکات. سزا و ھاندان تاویان ھەیە بەڵام سنووردارە

- مرۆڤ بوونەوەرێکی ئافراندە (ئافرێنەر، داھێنەر) و خەیاڵبازە. خاوەن ویست و خولیایە. مرۆڤ ڕێچکەشکێنە و پەرۆشی گەشە و پێشکەوتنە. لەبەر ئەوەش دەکرێ ڕاوێژی پێ بکەیت

ڕووکار و بوار

[دەستکاری]

McGregor پێی وایە ھەر یەک لەم دوو ڕووکارە بواری تایبەتی خۆی ھەیە. لەوانەیە ڕوانگەی Y بۆ کارگێڕیی کارگەی فرەبەرھەم ئاسان نەبێت بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی کەسانی پیشەوەر باشتر بێت. بەگشتی McGregor بڕوای بە دیدی دووەم ھەیە و دەڵێ[٢] ھەموو مرۆڤێک توانای فێربوون و گەشە کردنی ھەیە، لەبەر ئەوە ئەرکی ڕێبەرایەتی بریتییە لە ڕەخساندنی دەرفەتی گەشە کردن و ھەڵکشانی کارمەندانی سازمانەکە. ڕێبەرایەتی دەبێ زەمینە بۆ ھاوکاران خۆش بکات بۆ ئەوەی بتوانن ئامانجی کەسەکیی خۆیان لەگەڵ ئامانجی سازماندا بگونجێنن و کار بکەن بۆ پێکانی ئامانجی ھاوکۆ. کەواتە تیۆری X & Y - ی McGregor یش ھەلومەرجی جڤاکی بە ھاندەری یەکەم دەزانن نەک ھۆکاری ئابووری.

ڕێبەری سەربە ڕووکاری X تەنھا خۆسەپاندن دەزانێت، ڕێبەری سەربە ڕووکاری Y جگە لە فەرمانداری، ھونەری دیکەشی ھەیە، بۆ نموونە: ڕێنوێنی، ئامۆژگاری، ڕاوێژ و بەشداری. لە بواری سازمانگەریدا، بە ھەموو جۆرەکانییەوە، چ ئابووری بێ چ فەرھەنگی، چ سیاسی بێ چ ئەرتەشی، ئەم دوو دیدەی X & Y - تێدا بەرچاوە. سەرنج بدە شێوازی فەرمانڕەوایی وەڵاتێک بۆت دەردەکەوێت دەسەڵات دیدی بۆ جڤاتی بەرتاوی خۆی چۆنە. لە سیستەمی دێمۆکراتدا دەسەڵات لە ڕوانگەیەکی گەشەوە دەڕوانێتە میللەتی خۆی و بە ڕێزەوە ھەڵسوکەتی بەرانبەر دەکات. دەسەڵاتی خۆسەپێنی نادێمۆکرات پێی وایە میللەت شایستەی زەبر و زەنگن، بە چاوێکی نزم لێیان دەڕوانێت و ھۆکاری سەرشۆڕیی خۆی دەباتەوە بۆ «نالەباریی میللەت».

پەراوێز

[دەستکاری]
  1. ^ Albinsson, Per. Den lärande organisationen. Brain Books AB (1998): 93.
  2. ^ Eriksson-Zetterquist, Ulla & Kalling, Thomas & Styhre, Alexander. Organisation och organisering. Liber(2006): 136.

سەرچاوە

[دەستکاری]

بەستەری دەرەکی

[دەستکاری]

A diagram of Theory X and Theory Y.