بەکارھێنەر:Sakar osman

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ماکارینکۆ ...

ئەو کوڕە کرێکارەی بوو بە لێزانێکی مەزنی پەروەرشت لە ڕوسیا

ئەنتۆن سیمیۆنۆڤیچ ماکارینکۆ لە ۱۳ی مارتی ساڵی ۱٨٨٨ لە شاری (بێلەپۆلێ) لە ئۆکرانیا لە دایکێکی هەژار لەدایکبووە ، باوکیشی کرێکارێکی سادەی یەکێک لە کارگەکانی هێڵی شەمەنەفەر بووە . ماکارینکۆ گەلێک ڕەوشت و خوی بەرزی وەک دەست پاکی و پشت بە خۆ بەستن و ڕاگرتنی ئەرکی بەرپرسیارێتی لە دایک و باوکەوە بۆ مابووەوە بۆیە لەسەرەتای ژیانییەوە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست پێ گەیشتووە و لە تەمەنی پێنج ساڵاندا فێری خوێندنەوە و نوسین بووە . ماکارینکۆ لە ساڵی ۱۹۱٤ چووە ئەنیستیتووتی پەروەرشت لە (پۆڵتاڤا) بۆ ئەوەی لەوێ بخوێنێت تا ببێت بە مامۆستای قوتابخانەی ئامادەی بە هۆی فرەزانی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە زۆرەکانییەوە لە مەیدانی گیروگرفتەکانی پەروەرشت هەر بە قوتابییەتی گەلێک وانەی گرنگی لەناو قوتابیاندا بڵاوبووەوە و دەنگی دایەوە ، کاتێکیش خوێندن تەواو دەکات بووە بە مامۆستا لە قوتابخانەی مناڵانی کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەر (کریۆکۆڤ) و لە ساڵی ۱۹۱۷ کرا بە سەرپەرشتیاری یەکێک لە قوتابخانە ئامادەییەکان ، لە هەمان ساڵیشدا ئاگری شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر هەڵگیرسا ئا لەم کاتەشدا ماکارینکۆ کە کاتێکی هەستیار بوو لە مێژووی ڕوسیادا گەلێک جۆر و شێوەی پەروەرشتی داهێنا لە مێژووی ڕوسیادا .

٭٭٭

ئاوایی گۆرکێ

کە بۆ منداڵە دەربەدەرەکان درووست کرا

لە پایزی ساڵی ۱۹۲۰ لەلایەن بەڕێوبەری گشتی خوێندنی ئەو سەردەمە ماکارینکۆ ڕاسپێردرا کە ئاواییەک بۆ منداڵە دەربەدەر و بێلانەکان دروست بکا و ناوی (گۆرکێ) ی لێ نرا ، نزیکەی دوو سەد دۆنم لە نزیک شاری پۆرتاڤا کە چەند خانوویەکی وێرانی تێدا بوو بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکرا ، یەکەم تیپی منداڵانی لە ڕێ لادراو بێ سەرپەرشت لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا گەیشتنە ئەم ئاواییە ، ماکارینکۆ تێگەیشت کە هێنانەوە سەر ڕێی ئەم منداڵە لە ڕێ لادراوانە کە خویان بە سەرپێچی و تاوانەوە گرتووە کارێکی ئاسان نییە و بەڵکو کاتی دەوێت !

وردە وردە دەستی کرد بە کار هەنگاوی یەکەم ئەوەبوو گیانی هاوکاری و هەرەوەزی لە دڵی دانیشتوانی ئاواییەکەدا چاند چاکترینیانی کۆ کردەوە و تیپێکی لێ پێک هێنان کردنی بە چاودێری دارستان تا پارێزگاری لە درەختەکان بکەن لەوانەیکە بە ناهەق درەختەکانی دارستان ئەبڕنەوەو زیان بە ژینگە ئەگەیەنن ، ماکارینکۆ دەرباری ئەمە دەڵێت "پاسەوانێتی دارستانەکانی دەوڵەت هۆیەکی کاریگەر بوو وای لێ کردین هەست بە نرخی خۆمان بکەین ، هەروەها کارێکی خۆش و پڕ چێژ بوو جگە لەوەش قازانجی هەبوو "

ماکارینکۆ لە سەرەتادا مەینەتییەکی زۆری توش بوو دانیشتوانی ئاواییەکە کە هێشتا کەلەڕەق و خۆپەرست بوون زۆر جار ئەو کارەی پێیان ئەسپێردرا نەیان ئەکرد یان دڵیان پڕ لە بەدخووی و سەرەڕۆی بوو ، ماکارینکۆ کۆڵی نەدا و لەسەر کارەکەی بەردەوام بوو تا لە ماوەی سێ ساڵدا توانی ئاواییەکە بەڕاستی بکاتە ئەنیستیتووتێکی نمونەی کۆمەڵەیەکی پەیوەندیدار و ئیشکەر وو بەرهەمهێنی پێکهێنا و کە خێزان بە باشترین شێوە تیایدا ڕێکخرابوو ئاواییەکە بوو بە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو نیشتیمان پەروەر ، منداڵەکان پێک هاتبوون لە هەردوو ڕەگەز لە تەمەنی جیا جیا و بە دەستەو گروپی جیاواز ئەرکیان پێ سپێردرابوو ، هەروەها ماکارینکۆ ئەنجومەنێکی گشتی پێک هێنابوو کە خۆی سەرپەرشتی دەکرد و لە کاتی پاداشت و سزاشدا خۆی کارەکەی جێ بە جێ دەکرد .

مەکسیم گۆرکێ لە وتارێکیدا لە ساڵی ۱۹۲۹ دا بەناونیشانی " ئەوە کێیە کە دەتوانێت سەدان منداڵی کێوی و شێواو کە ژیانیان زەلیل کردووە پەروەردە بکاتەوە ؟ ، ئەوە ماکارینکۆیە کە پەروەردەکارێکی خاوەن بەهرەیە " لە ساڵی ۱۹۲٨ ئەنتۆن ماکارینکۆ بوو بە بەڕێوبەری دەزگای کاری (دزرژنسکی) کە دەزگایەک بوو بۆ داڵدەدانی ئەو منداڵ و لاوانەی ڕێ و شوێنی مانەوەیان نەبوو ، زۆری پێ نەچوو ماکارینکۆ بۆ ئەم دەزگایەش بەرنامەیەکی ڕێک و پێکی دانا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و کاری دەستی و چنین و پێڵاو دوورین و دارتاشی و چەند پیشەیەکی وردی وەک دروستکردنی مایکرۆسکۆب و دووربین و شت و مەکی کارەبای ئەمانە قازانجێکی ئابووری گەورەشیان هەبوو سەرەڕای لایەنە پەروەردەییەکەی.

٭٭٭

ڕێبازە پەروەرشتییەکانی ماکارینکۆ

ماکارینکۆ باوەڕێکی پتەوی بە کاری هەرەوەزی بە کۆمەڵ هەبووە و لای وابووە بنەڕەتێکی سەرەکی پەروەرشتە (پەروەرشت لە ڕێگای کاری هەرەوەزی بە کۆمەڵ ، پەروەرشت لە پێناوی کاری هەرەوەزی بە کۆمەڵ ) ئەمە بوو ڕێبازی ماکارینکۆ ، لاشی وابوو یەکێک لە پڕ بایەخترین ئەرکەکانی پەروەردە ئەوەیە بڵێسە بە گیانی هاوکاری و ڕێزگرتن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و وریای دەروون و ڕاستگۆی لە گیانی قوتابی سەرلێشێواودا بدات و هەوڵبدات بۆ گۆڕانکاری تیایاندا ، کتێبێکی بۆ باوکان داناوە دەربارەی پەروەردەکردن لە ناو ماڵ و خێزان و یەکێک لە کارە پڕ بایەخەکانیشی دانراوی (ڕێگای ژیان) کە باس لە ئەزموونی خۆی دەکات لە پەروەردەکردندا ، ئەم پیاوە پەیامی پیرۆزی خۆی لە بواری پەروەردەدا گەیاندە گەلێک لە چین و توێژەکانی گۆمەڵگا و تا ئێستاش پرەنسیپ و بەرنامەکانی لە گەلێک ناوەند و کۆمەڵەدا پەیڕەو دەکرێت ...

لە کتێبی داغستانی من ,

نوسینی ڕەسوڵ حەمزاتۆف ...

لە بڵاوکراوەکانی یەکێتی نوسەرانی کورد

چاپی ساڵی ۱۹٨۰ ی وەرگێرانی عەزیز گەردی

ڕۆژی ۳۱ ی ئازاری ۲۰۲۰ بابەتەکە وەرگیراوە و بڵاوکراوەتەوە ...