بەکارھێنەر:Dara Abdulla/راپۆرتی ته‌له‌فزیۆنی له‌ نیوان په‌یامنێر و وێنه‌گر و مۆنتێردا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

راپۆرتی تەلەفزیۆنی لە نێوان پەیامنێر و وێنەگر و مۆنتێردا ژانری راپۆرت بەھۆی ئەو کاریگەریە گەورەیەیەی ھەیەتی لەسەرجەماوەر، بوەتە بڵاوترین جۆری ژانر کە لە دەزگاکاندا گرنگی پێدەدرێت، وەک و ژانرێکی ھاوبەش سەیری دەکرێت، زۆرترین ھەواڵ و رووداوە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیریەکان، بەھۆی راپۆرتی تەلەفزیۆنیەوە لەرێگەی ئەم ئامرازەوە دەگەیەنرێتە وەرگر، ئەم خەسڵەتە گرنکەی راپۆرت فاکتەرێکە بۆئەوەی ھەموو دەزگاکان بەجدی کار لەسەر ئەم جۆرە ژانرە بکەن.

گرنگیەکی تری راپۆرتی تەلەفزیۆنی ئەوەیە دەتوانێت وردەکاری و ئامار و زانیارییەکان لە ماوەیەکی کەمدا کە زۆرجار لە سێ دەقیقە کەمترە بگەیەنێتە وەرگرلە رێگەی تەلەفزیۆنەوە کە تایبەتمەندی و جیاوازیەکی زۆری ھەیە لەگەڵ تەواوی ئامرازەکانی تری وەک رادیۆ و رۆژنامەو گۆڤار. ھەربۆیە بە گرنگم زانی بە شێوەیەکی ئەکادیمی باسێک لەم ژانرە تایبەتە بکەم و چۆنیەتی ئامادەکردنی و بەرھەمھێنانی لەلایەن پەیامنێر و وێنەگر و مۆنتێرەوە، گرنگی پەیوەندی نیوان ئەم سێ کارەکتەرەدا شیبکەمەوە، وە پێموایە دەتوانم لەم نوسینەمدا لەسەر ئەم بابەتە سودێک بە رۆژنامەنووسان بگەیەنم. زۆر ھەوڵمدا سەرتای دروست بوونی راپۆرتی تەلەفزیۆنی پەیدا بکەم زۆر سەرچاوە گەرام کە باس لە دامەزراندنی ئەم جۆرە ژانرە بکەن بەڵام ھەوڵەکەم بێسود بوو لەوانەیە لە سەرچاوە ئەوروپی و ئەمریکیەکاندا ئیشارەتی پێکرابێت، بەداخەوە بەدەست من نەکەوت، بەڵام پێم وایە ئەم ژانرە چونکە لە ئامرازەکانی تری وەک رۆژنامەو رادیۆ پیشتر بوونی ھەبووە لە تیڤیشدا لەسەرەتایی دروست بوونیەوە ئیشی لەسەر کراوە. ئەگەر بەکورتی باسی سەرەتای دروست بوونی تەلەفزیۆن بکەین، دەگەرێتەوە بۆساڵی ١٩٢٥لەلایەنJohn LogieBarid سکۆتلاندی نیو ئەنەلۆک بۆ جاری یەکەم داھێنراو توانرا بەرنامەی تەلەفزیۆن لەسەر شاشە نیشان بدرێ. دوای ئەو دۆزینەوەیە Philo Taylor Farnsworthی ئەمریکی لە پایزی ١٩٢٧ توانی بەسیستمی ئەلیکترۆنی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن لە ساڵی ١٩٢٧ بەرنامە پەخش بکات. لەساڵی ١٩٢٨ لەلایەن John LogieBarid بۆیەکەم جار توانرا بەھۆی سیستمی میکانیکی یەکەم دەنگ و فلیمی تەلەفزیۆنی بۆ یەکەم جارلە جیھاندا پەخش بکرێت، ئەو توانی شەپۆلی کورت و ناوەند بۆپەخشی یەکەمی بەکاربھێنێت. دوای دۆزینەوە لەوانی دیکەو پێشتریش زۆر پێشکەوتوتر بوو، وەبووە بناغە بۆ دۆزینەوەی تەلەفزیۆن. لەتەواەی مێژووی مرۆڤایەتی ھیچ ئامێرێک ھێندەی تەلەفزیۆن نەیتوانیوە ئەوەندە کاربکاتە سەر ژیانمان و نەتوانین بێ ئەو ئامێرە بژین، لەبەر ئەم تایبەتمەندیە گەورەیەی تەلەفزیۆن، فراوانبونیشی بەخێراییەکی زۆر پەرەی سەند، لەدونیای ئەمرۆدا ئەوەندە گەشەی کردووە، دەتوانین بڵێین کەناڵە لۆکاڵی و ئاسمانیەکان ژمارەیان لە ھەزارەھا تێپەریوە، زۆربەی ئەو دەزگایانەی بونیان ھەیە رۆژانە بە چڕی بەرھەمەکانیان لە چوارچێوەی ژانرە رۆژنامەوانیەکانەوە پیشکەش بە وەرگردەکەن. یەک لەو ژانرانە ژانری (راپۆرتە ھەواڵ) ە کە بەردەوام رۆژانە لە ھەموو دەزگاکان بەتایبەتی لە تەلەفزیۆن بینەر پێی ئاشنا دەبێت. گرنگە رۆژنامەنووس زانیاری تەواوی ھەبێت لەسەر ئەم جۆرە ژانرە سەرەکیە، وەبزانێت چۆن و بەچ شێوەیەک سەرکەوت و دەبێت لە ئامادەکردنیدا. ئامانجەکەی من باسکردنە لە ئامادەکردنی راپۆرتی تەلەفزیۆنی لەلایەن پەیامنێر و وینەگر و مۆنتێر، ھەروەھا دەرخستنی ئەو کێشەو گرفتانەی لە نێوان ئەم سێلایەندا لە کاتی بەرھەمھێناندا دروست دەبێت وە چۆنیەتی چارەسەرکردنی بخەمە روو تا رۆژنامەنوسان لێی سودمەند بن.

پەیامنێر و وێنەگر ھەروەک سەرەتا ئاماژەم پێکرد راپۆرت یەکێکە لەو ژانرە بنەرەتی جومگەییانەی کە لەئامرازی تیڤی یەوە بە گرنگیەکی زۆرەوە ئیشی لەسەر دەکرێت، لە ھەموو دەزگاکاندا پەیامنێری تایبەت ھەیە بۆ بەرھەمھێنانی راپۆرت، لەزۆربەی دەزگاکاندا زیاد لە پەیامنێرێک بوونی ھەیە، ھەندێک لە دەزگاکانی وەک بی بی سی و سی ئێن ئێن وجەزیرە و چەند کەنالێکی تر، لە زۆربەی ووڵاتانی دونیا پەیامنێریان ھەیە بۆ گواستنەوەی ھەواڵ و زانیاری رووداوەکان، من لێرەدا نامەوێت پێناسەی راپۆرت بکەم، ئەوە ھەڵدەگرم بۆ بابەتێکی تر. جەوھەری باسەکەی من، لەسەر ئامادەکردنی ژانری راپۆرتە ھەواڵە، لەلایەن ئەو کەسانەی کەئامادەی دەکەن. کاتێک پەیامنێر ئایدیاکەی پێشکەشی دەزگاکەی دەکات دەینێرێت بۆکەسی ئیدیتۆر (محرر) لە (Assignment Desk)(NewsRoom)ژووری ھەواڵ، ئەوانیش دوای ئەوەی رەزامەند دەبن لەسەر دروست کردنی راپۆرتەکە، یەکەم کار کە پەیامنێر پێی ھەڵدەستیت وێنەگرتنی ئەو دیمەنانەیە کە پەیوەستن بە بابەتی راپۆرتەکەوە، بۆ ئەم کارەش پێویستی وێنەگرێکە، بە تەواوی پێداویستەکانەوە، واتا پێکەوە پەیامنێر و وێنەگر دەست دەکەن بە ئەنجامدانی کارەکەیان. بابەتی راپۆرتەکە ھەرچی بێت پەیامنێر وێنەگرەکەی لێ ئاگادر دەکاتەوە، بۆئەوەی ئەو گرتەو دیمەنانەی کە پێویستن وێنەگر وێنەیان بگرێت، پێویست ناکات بۆ گرتنی ھەر گرتەیەک، پەیامنێر دەست بخاتە کاری وێنەگرەکەوە یان خۆی لەکارەکانی ھەڵقورتێنێت، پێویستە رێ بە وێنەگر بدرێت ھونەر و سەلیقەی خۆی بەکاربھێنێت، دەنا ئەم جۆرە دەستوەردانە وێنەگر تورە و نیگەران دەکات، بەڵام پێویستە لەسەر وێنەگر ھەرچی ئەو دیمەنانەی پەیامنێر پیویستیەتی بۆی وێنە بگرێت، ھەندێک جار پەیامنێر چەند جۆرە گرتەیەکی تایبەتی پێویستە وێنەگر ھەستی پێناکات ئەگەر ئاگادار نەکرێتەوە لەلایەن پەیامنێرەکەیەوە. بەکورتی کاری وێنە گرتنی راپۆرت پێویستی بە ھەماھەنگیەک ھەیە لە نیوان وێنەگر و پەیامنێردا، چونکە خاڵی بەھێزی بەرھەمھێنانی راپۆرتێکی جوان و سەرکەوت و تەبا بوونی ئەم دوو کەسایەتیەیە (پەیامنێر و وێنەگر) دەبێت ئەم دوو کەسە ھاوکار و یارمەتیدەری یەکتر بن، تا بتوانن جوانترین دیمەن بۆ راپۆرتەکەیان تۆمار بکەن، زۆرجار لووت بەرزی و خۆسەپاندنی پەیامنێر ھۆکارە بۆ تورە بوونی وێنەگر، لەئەنجامدا ئەو گرتە و دیمەنە جوانانەی کە دەبێت دەستمان بکەوێت لەدەستی دەدەین، بۆئەوەی توشی وەھا ئەنجامێک نەبین پێویستە لەسەر پەیامنێر وەک ھاورێ سەیری وێنەگرەکەی بکات بەچاوی کەمتر لە خۆی تەماشای نەکات، خۆی فەرز نەکات بەسەریەوە، چونکە وێنەگر جومگەولایەنی سەرەکی کارەکەیە، دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی کارەکەی راپەرێنیت و چی پێخۆش بێت ئەوە بکات، زۆرجار ئەو گرتانەی کە تۆماری کردووە لەتوانایدا ھەیە زۆر لەوە جوانتر وێنە بگرێت بەڵام کاتێک دەبینێت ھاوکارەکەی کە پەیامنیرە ھەڵسوکەوتی شیاو نیە لەگەڵی ئەویش ھیچ کات ئامادە نیە خۆی بۆ ماندوو بکات. بەھۆی بچوک بونەوەی کامێراو پیشکەوتنی ئامێرەکانەوە، کێشی ئامێرەکانیش ئەو قورسیەی جارانی نەماوە، ھەرئەمەش وایکردووە ئێستا لە زۆربەی دەزگاکان یاریدەدەری وێنەگر بە پێویست نازانرێت، ئەمەش فاکتەری مانەوەی وێنەگرە بەتەنھاو بێ یاریدەدەر، لەم حاڵەتەدا پێویستە پەیامنێرھەندێک جارھاوکار بێت لە ھەڵگرتنی کەل و پەلەکانی وەک (ستاند جانتا مایک...)لەکاتێکدا ئەکەر یاریدەدەری وێنەگر نەبوو. زۆرجار بینیومە وێنەگرێکی باش زاویەکەی ھەڵەیە کادێری رێک نیە گرتەکەی جوان نیە! کاتێک لێم پرسیوە بۆ وا وینەدەگریت؟ لەوەڵامدا دەڵێت وازی لێبھێنە ئەم برادەرە (پەیامنێر) ھەر ئەوەی قابیلە. چونکە کەسێکی زۆر لوت بەرزە ھەڵسوکەوتی لەگەڵم جوان نیە ئەمرم بەسەردا دەکات منیش خۆ نۆکەری نیم! کاتێک وینەگرئەمە ھەڵوێستیەتی، بەم جۆرە وێنە دەگرێت! لەوانەیە پەیامنێرھەستیشیپێنەکات، یاخود لەدەستدانی گرتەیەکی جوان کە وێنەگرەکە دەزانێت جوانە، بەڵام بە قابیلی نازانێت بۆ وەھا پەیامنێرێک ئەم دیمەنانە وێنە بگرێت. لێرەدا کێ زەرەری کرد؟ بەدڵنیاییەوە پەیامنیر و خودی دەزگاکە، خۆ پەیامنێر ئاگاشی لێ نیە تەنانەت بەرپرسانی دەزگاکەش پیی نازانن کە وێنەگر دیمەنی جوانتر ھەبووەو نەیگرتووە! ھۆکارەکەشی تەنھا ئەوە بووە، لەبەر نەشیاوی رەفتاری پەیامنێرەکەی حەزی بەچارەی نەبووە و نیە. ئەم جۆرە رەفتارەی وێنەگرو پەیامنێرلەگەڵ یەکتری، ھیچ پەیوەندی نیە بە رێژەی موچەو وکەم و زیادی موچەوە، زۆرجار ئەم حاڵەتانە لە کەناڵە دیار و بەناوبانگەکانیش بوونی ھەیە، ئەوانەی کە رێژەی موچەشیان بەرزە، بەڵکو پەیوەندی بە سایکۆلۆژیەت و لایەنی دەرونییەوە ھەیە. ھەر بۆیە ئامۆژگاریم بۆ برایانی پەیامنێر ئەوەیە ئەگەر ئەیانەوێت جوانترین دیمەن لە راپۆرتەکانیاندا ھەبێت یاخود کەمترین کێشە لە دەرچون و ئۆردەرەکانیاندا ھەبێت یان ھەر کاتێک ویستیان دەربچن بۆ وێنەگرتن (لە گەرمای نیوەرۆدا، بەدرەنگانی شەو، بەیانیان زوو، رۆژانی پشوو) ئەوا پێویستە ببنە ھاورێی گیانی بەگیانی لەگەڵ وێنەگردا، لەزۆر لە دەزگاکاندا دەبینین یەکێک لە پەیامنێرەکان ھەموو وێنەگرەکان ئامادەن ھەمیشە لەگەڵیدا دەربچن بۆ وێنەگرتن، ئەمە مانای وایە ئەو پەیامنێرە خۆی گونجاندووە لەگەڵ تەواوی وێنەگرەکاندا، ئەم جۆرە خۆگونجاندنە نیشانەی سەرکەوتنی پەیامنێری باشە. وێنەگر و مۆنتێر دوای ئەوی وێنەگر کارەکانی بەتەواوەتی ئەنجام دەدات، ھەموو ئەو ماددە خامەی کە وێنەی گرتووە، ئەگەر بە کاسێت بێت یان میمۆری دەبێت بیداتە دەست مۆنتێر، مۆنتێریش ھەڵدەستێت بە مۆنتاژ کردنی راپۆرتەکە. گلەیی و کێشەی ھەمیشەی وێنەگرەکان لە مۆنتێرئەوەیە کە ھیچ کات سود لە تەواوی ئەو ماددە ڤیدیۆییە وەرناگرن کە وێنەیان گرتووە، پێیان وایە مۆنتێرەکان زۆرجار دەیانەوێت زوو کارەکە لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە، بەوەی چەند گرتەیەکی سەرەتای کاسێتەکە یان میمۆریەکە وەردەگرن ئیتر سود لە باقی گرتەکانی تر وەرناگرن، یاخود ھەر سەیری تەواوی پارچە ڤیدیۆییەکانی تر ناکەن، ئەمە بە واقیعی لە زۆربەی کەناڵەکاندا بەم جۆرەیە، بەتایبەتی ئەو کەناڵانەی کە نووسینگەیان لە شوێنەکانی تردا ھەیە چونکە زۆرتر ئەم حاڵەتە لە نووسینگەکاندا روودەدەن زیاتر لەبەر ئەوەیە چاودێری کەمتریان لەسەرە. چارەسەر بۆ ئەم ئاریشە بە دوورێگا دەکرێت. یەکەم / بۆبەرھەمھێنانی راپۆرتێکی جوان و ناوازە و بێکەم کوری بەتایبەت لە بواری کوالیتی وجوانی وینە و مۆنتاژی سەرکەوتوو، دەکرێت وێنەگر خۆی مۆنتاژی ماددەکەی خۆی بکات، ئەمە لە زۆر کەناڵدا بەم جۆرەیەو سەرکەوتوش بووە، چونکە وێنەگر کاتێک خۆی مۆنتاجی کارەکەی خۆی دەکات دەزانێت چۆن وێنەبگرێت و چی پێویستەو چۆن مۆنتاژ دەکات، لەم حاڵەتەدا دەبێت وێنەگرەکە شارەزایی لە مۆنتاژدا ھەبێت. دووەم / وێنەگر کاتێک وێنە دەگرێت پێویستە بزانێت بۆ چ جۆرە ژانرێک وێنە دەگرێت، ئایا بۆ راپۆرتە، بۆ رێپۆرتاژە یان بۆ بەرنامەیە.. ھتد. کاتێک بۆ راپۆرت وێنە دەگرێت دەبێت ئەوە بزانێت راپۆرت ماوەکەی لە سێ دەقیقە زیاتر نیە لەبەر ئەوە نابێت ماددە خامەکەی کە وێنەی دەگرێت لە ١٠ دەقیقە زیاتر بێت، بەڵام دەبێت لە ھەموو زاویەکانەوە (چاوی باڵندە، سەروئاستی بینین، ئاستی بینین، ژێرئاستی بینین) وێنەبگیرێت. بەھەمان شێوە تەواوی گرتە جیاوازەکان بەکاربھێنێت وەک (گرتەی کلۆز، بی کلۆز، میدێم، پان، دوونەفەری، سێ نەفەری، گرتەی گشتی، تێڵت ئەپ و تێڵت داون) ئەمانە ھەمووی پێویستە لەو چەند دەقیقەیەی وێنەی گرتووە ھەبێت، واتا دەبێت جوانترین دیمەن تۆمار بکات. ھیچ پێویست ناکات بۆ راپۆرتێکی سێ دەقیقەیی زیاتر لە ١٠ دەقیقە بگریت، زۆرجار وێنەگرەکان سەعات دوو سەعات وێنە دەگرن! ئەمە پێویست نیەو ھەڵەیە. ئەگەر دەزگاکە پێویستی بە وێنەی زیاتر بوو دەتوانێت زیاد لە وێنەگرێک بنێرێت بۆ ئەو جێگایەی کە وێنەی لێ دەگیرێت ئیتر کارەساتی لە ناکاوە، دانیشتنی پەرلەمانە، کۆنگرەی رۆژنامەوانیە، ھەرچیەک بێت، لەم حاڵەتەدا وێنەگری دووەم دەتوانێت بە ئارەزو و ویستی دەزگاکەی وێنە بگرێت. بەم شێوەیە مۆنتێریش ماندوو ناکەیت و بەخێراییەکی زۆر راپۆرتەکەش ئامادە دەبێت، لە کێشەی نێوان وێنەگر و مۆنـێر دەربازت دەبێت. مۆنتێر (ئاوێتەکاری وێنەکان) و پەیامنێر Picture editor

لەزۆربەی ووڵاتەکانی ناوچەکەماندا بە پرۆسەی ئاوێتەکردنی وێنەکان دەوترێت (مۆنتاژ).. ئەمە لە واژەی فەرەنسەیی (Montage)ەوە وەرگیراوە.. لەبەرامبەریشدا زۆر بەکەمی زاراوەی مۆنتێر (Monteur) بۆخاوەنی پیشەکە -ئاوێتەکاری وێنەکان – بەکاردەھێنرێت.. بۆ ئینگلیزیەکەشی (Picture Editor) ھەروایە.. لەگەڵ ئەمەشدا پێشنیاری زاراوە ئینگلیزیەکە (ئاوێتەکاری وێنەکان) دەکەین.. نەک وەرگێرانە حەرفیەکەی کە جۆرێکە لە (وێنەسازی) یان (وێنەچێکردن) دەبەخشێت. وێرای ئەوەی پرۆسەی ئاوێتەکردنی وێنەکان کارێکی ھونەری پوخت و پەتیە، ھەردەبێت دەستنیشانی خاوەنی دوا ووشە (Final Say) و، بڕیاردەر لەمەڕ ھەڵبژاردنی گرتەکان و درێژیان لە نێوان نووسەر ومۆنتێردا بکەین.. جالەبەر ئەوەی نووسەر و پەیامنێر وێنەکان ھەڵدەبژێرن و لەسەر بنەمای (بۆ وێنە نووسین)Wirting to picture نوسیویانە.. چارنیەو دەبێت رێی ھەڵبژاردنی گرتە و دیمەنەکانیان پێ بدرێت، بەمەرجێک لێگەرێین مۆنتێر مامەڵەی ھونەریانەی خۆی لەتەک وێنەکاندا بکات، بەشێوەیەکی گشتی دوا ووتە بۆ ھەواڵساز یان پەیامنێرە.. چونکە راپۆرتە ھەواڵی تەلەفزیۆنی خۆی لە پێکھاتەیەکی لێک دانەبڕاوی نیوان ووشەو وێنە دروست بووە ناکرێت لێکدی جیا بکرێنەوە واتا ناکرێت وێنە بدرێتە دەست مۆنتێر و ووشەش بۆ نووسەر. وە ئەو کاتەی مۆنتێر تەواوی دیمەنەکانی (capture)تۆمارکردووە یان ئامادەی کردووە بۆ مۆنتاژ، پێویستە لەسەر پەیامنێریان ھەواڵساز لەگەڵیدا قۆناغ بە قۆناغ ئامادەبێت تا تەواو بوونی راپۆرتەکە لەبەر چەند ھۆکارێک. یەکەم / دیاری کردنی ئەو گرتەو دیمەنانەی کە پەیامنێر پێویستیەتی لەسەر (voice) پارچە دەنگیەکەی دایبنێت، نابێت مۆنتێر بەویستی خۆی چی بوێت دایبنێت (تەنھا ئەوەی کە ھونەری خۆی بەکاربھێنێت وەک لە پێشتر باسمان کرد) چونکە زۆر جار مۆنتێرەکان گرنگی نادەن بە گونجاندنی وێنە لەسەر نوسین بۆخاتری ئەوەی زوو تەواو ببن ھەرچیەک بەدەستیانەوە ھات دایدەنێن. ئەمەش دەبێتە ھۆی لادان لە ئیتیک و ئەخلاقیاتی کاری رۆژنامەوانی. بۆنمونە "جارێک لە یەکێک لەو راپۆرتانەی کە خۆم سەرپەرشتی مۆنتاژیم دەکرد، سەبارەت بەو شوێنانە بوو کە بە نایاسایی لەشفرۆشی تێدا دەکرا، وێنەگرەکە لە جێگایەک وێنەی چەند ئافرەتێکی نیمچە رووتی گرتبوو، ئێمەش بەشیاومان زانی لەسەر (voice) دەنگی پەیامنێرەکە داماننا بەتایبەت ئەو جێگایەی باسی لەشفرۆشی دەکرد، ئەمە کاتێک روویدا پەیامنێر لەکاتی مۆنتاژدا ئامادەنەبوو، کاتێک راپۆرتمان نارد بۆ (News Rom) ژووری ھەواڵ دوای کەمیک تەلە فۆنیان بۆ کردین، پرسیاریان لەو دیمەنانە کرد کە دامانابوون، ئەو چەند ئافرەتەی وێنەیان گیرابوو بە جوانی دیار بوون و دەناسران، گوتیان: ئایا ئەمانە ھەر ئەو ئافرەتانەن کە بەراستی لەشفرۆشن؟ ئێمەش پێمان راگەیاندن نەخێر ئەوان لەشفرۆش نین بەڵام لەبەر ئەوەی گرتەکە گونجاو بوو ئێمەش بەباشمان زانی و دامانا لە راپۆرتەکەدا، ئیدیتۆر کەزانی وایە یەکسەر راپۆرتەکەی گەراندەوە دەستوری دا دەبێت یان دەموچاوەکان بشارینەوە بە (مۆزایک) یاخود تەواوی ئەو گرتانە بگۆرین". ئەمە ئەگەر لە ژووری ھەواڵ نەیانگەراندایەتەوە لەوانەیە کارەساتیکی ڵیبکەوتایەتەوە دواجار کەناڵەکە تووشی کیشەی یاسایی دەبووەوە، ھەموو ئەمانە لەبەر ئامادەنەبوونی کاکی پەیامنیر بوو! دووەم / پەیامنێر دەبێت خۆی (Sound Bite)چاوپێکەوتنەکان و ماوەکەی دیاری بکات نەک مۆنتیر، ھەندێک جار راپۆرت (Sound Up) بەرز کردنەوەی دەنگی پێویستە، ئەمەش دەبێت پەیامنێر دیاری بکات سێیەم / پێویستە پەیامنێر ئاگاداری ماوەی راپۆرتەکەی بێت نەھێڵێت لە سێ دەقیقە زیاتر بێت چونکە ئێستا لە زۆربەی کەناڵە پرۆفیشناڵ و پیشکەوتووەکاندا راپۆرت لە دوو دەقەو نیو ناکرێت زیاتر بێت، ئەمەش پێویستە پەیامنێر خۆی دیاری بکات. کاتێک پەیامنێر خۆی وینەگر و مۆنـتێرە لە زۆربەی ئەو خول و سیمینارانەی تایبەت بوون بە میدیای بینراو ھەمیشە جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە پەیامنێران شارەزاییان لە وێنەگرتن و مۆنتاژیشدا ھەبێت، بەپێی ئەزموونی خۆشم ئەوەم بۆ روون بۆتەوە کە پێویستە پەیامنیر لەو دوو بوارەدا (کامێرا و مۆنتاژ) شارەزابێت، بەتایبەتی لەو کاتانەی کە کارەساتی لەناکاو روودەدەن یان ئەو شوێنانەی کە جەنگی تێدایە، لەوانەیە بەردەوام وێنەگر و مۆنتێر لەبەردەستدا نەبێت یان وێنەگر گیانی خۆی نەخاتە مەترسیەوە، لەم حاڵەتەدا ئەگەر پەیامنیر شارەزایی نەبێت لە وێنەگرتن و مۆنتاژدا دەست و پێسوتاو دەبێت و ھیچی پێناکرێت. سودێکی تری ئەوەیە لەو کاتانەی پەیامنێر لە ناو جەنگدایە یاخود کارەساتێکی کتوپر روویداوە پێویستی بەوە ھەیە بە خێراییەکی زۆر راپۆرتەکەی ئامادە بکات، ھەر بۆ وێنە "جارێک بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر کۆچی کوردانی ڕۆژاوا چومە سەر سنوور لەوێ چەند رۆژنامەنووسێکی بیانیم ناسی، لە نیویاندا(RomasDabrukas) پەیامنێری وەکالەی (Ruptly)ئەڵمانی ھەبوو، ئەویش ھاتبوو بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر ھەمان بابەت، ماوەیەکی کەم پێکەوە بوین پێم وابوو لە نیو کاتژمێر زیاتر نەبوو راپۆرتیکی ئامادەکرد و ناردی بۆ دەزگاکەی، سەیرم کرد خۆی بەتەنھا وینەی دەگرت زۆر بەخێرایی و بە جوانیش وە ھەر خۆشی تێکستی خوێندەوە و (PTC) ستاندێکی بۆ کردوو بە خیرایی مۆنتاژەکەشی کردوو ناردی". من زۆر دەستخۆشیم لێ کرد چونکە بەراستی کاری (ھەواڵیی) پێویستی بەو خێراییە ھەیە، لەھەمان کاتیشدا دەزگاکەش سودمەند دەبێت کاتێک راپۆرتێکی بەو خێراییە پێ دەگات. لەبەر ئەمەیە پێویستە رۆژنامەنووس یاخود پەیامنێران شارەزابن لە بەکارھێنانی کامێراو مۆنتاژکردنی راپۆردا. لەکۆتایدا ئامادەکردنی راپۆرتێکی تەلەفزیۆنی بەم جۆرەی ئاماژەمان پێی کردووە سەرکەوتوترە لە بەرھەمھێنانی راپۆرتێک کە رەچاوی ئەو خاڵانە نەکرێت کە بەروونی شیکراونەتەوە. ئەمە سەرەتایەکی کەمە بۆ باس کردن لە ئامادەکردنی راپۆرت، ئەگەر بتەوێت بە شێوەیەکی ئەکادیمی و پرۆفیشناڵی لەسەر ئامادەکردنی راپۆرت بزانی ئەوە پێویستمان بە خولێکی چەند رۆژەو نووسینی کتێبێک ھەیە لەسەری، ئەگەر تەمەن باقی بێت لە داھاتوودا دەمەوێت بە کتێبێکی نایاب و پڕ لە زانیاری لەسەر بابەتە ئەکادیمیەکانی میدیای بینراو سود بە خوێنەر بگەیەنم.

نوسینی / دارا عه‌بدوڵڵا

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ئەوانەی رۆژنامەنووس پێویستە بیانزانێت – دکتۆر مغدید سەپان
  2. الصحافة التلفزیونیة والمراسل التلفزیونی – سعید الشولی
  3. کیفیةاعدادالتقریرالتلفزیونی– ریاض معسعس
  4. الکتابە للصورە ٣ دکتور اسماعیل الامین