بیرۆکراسی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

بیرۆکراسی یان کارگێڕیی بیرۆکراتانە / «دیوانسالاری» Bureaucratic Management / Bureaucracy ڕشتەیەکە لە هونەری سازمانگەریدا و بەرهەمی فەیلەسووفی ئەلمانی ماکس ڤێبەر Max Weber ە.


دەسەڵات، ڕەوایەتی و سالاری[دەستکاری]

بە دیدی ڤێبەر پەیوەندیی سێ چەمکێ «دەسەڵات» Power، «ڕەوایەتی» Legitimacy و «سالاری» Authority بەم جۆرە ڕوون دەکاتەوه‌[١]:

- «دەسەڵات» ئەوەیە کەسانی دیکە بکاتە ژێردەستەی خۆی، سەرۆکی دەسەڵاتدار فەرمان دەگرێتە دەست و خەڵکی دیکە ناچاری گوێڕایەڵی دەکات.

- «ڕەوایەتی» - خەڵک دەسەڵاتی کەسانی دیکە بسەلمێنن و ڕەوایەتی پێ ببەخشن.

- «سالاری» ئاوێزان و هەڵکردنی ئەو دوو چەمەکەیە، دەکاتە فەرمانڕەوایی ڕەوا، واتە ڕێبەری سالار ئەوەیە خەڵک بە ویستی خۆیان، سەرداریی لێ بسەلمێنن.


«سالاری»[دەستکاری]

«سالاری» بە دیدی ڤێبەر، سێ جۆر و سەرچاوەی هەیە[٢]:

1- «سالاریی کەسەکی» Charismatic Authority - بۆ نموونە بنەماڵە و دین خەرمانەیەکی گەش لە دەوری کەسێک یان دەستەیەک دەکێشن و دەیانکەنە کەسایەتیی خاوەن کاریزما، دەیانکەنە قارەمان, پیرۆز و دەسەڵاتی پێ دەبەخشن.

2- «سالاریی نەرێتی» Traditional Authority - پەیوەندیی نەرێتی، بۆ نموونە بنەماڵە، شێخایەتی، خێڵایەتی، دەرەبەگایەتی و تیرە. لێرەدا سەرۆکایەتی بە میرات لە باوکەوە بۆ کوڕ و خێزان دەمێنێتەوە. مەرجی دەسەڵات و پێگە بریتییە لە هۆگری (وەلاء) و ملکەچی بۆ سەرۆکی فەرماندە، نەک توانا و ژێهاتی.

3- «سالاریی هۆشەکی - دەستووری» Rational-Legal Authority - سالاریی بیرۆکراسی و ڕەوا، لێرەدا دەستوور و ڕێسا مەرجن نەک خزمایەتی و تیرەگەری. پێگەی سەرکار و بەڕێوەبەر بەپێی ڕێوڕەسمی فەرمی دیاری دەکرێ. پێگە، پێوەر و ڕێسای بیرۆکراتانەی خۆی هەیە، ئارەزوومەندانە و خاترانە نییە.


«سالاریی دەستووری»[دەستکاری]

بە بۆچوونی ڤێبەر، تەنها «سالاریی دەستووری» یە بەکەڵکی سازمانی ئاڵۆزی سەردەم بێ چونکە سیستەمێکی هۆشەکییە، توانا، کارزانی و ڕێسای ڕوون و ئاشکرا بڕیاردەرن نەک پەیوەندیی خێڵ و بنەماڵە. جۆرەکانی دیکە، لەبەر ئەوەی هۆشەکی نین، بەدەم کاتەوە نامێنن. سازمانی بیرۆکراسی دوو لایەنی گرینگی هەیە:

- بڕیار لێرەدا نێوەندگیرە و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێسای ڕوون دەردەچێت

- پیادە کردنی ئەو بڕیارە لەسەر دەستی کارمەندی کارزان و توانا و بێلایەن دەبێت نەک بەرژەوەندی، خواست و ئارەزووی ئەم و ئەو.

بەم جۆرە مرۆڤ دەتوانێ ڕەوایەتی، دادپەروەری و یەکسانیی هەموان لە ئاست دەستووردا دەستەبەر بکات. تاڕادەیەک ڕێ لە بڕیار و پیادەکاریی ئارەزوومەندانە بگرێت. لەم سیستەمەدا هەڵسوکەوتی فەرمانگە لای میللەت ڕوون و ئاشکرایە: دۆخی وێکچوو بە شێوەیەکی هاوجۆر هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت.


ماکس ڤێبەر چەمکی «بیرۆکراسی» Bureaucracy دەبەستێیەوە بە ڕەوتی گەشە و پێشڤەچوونی جڤاکیی ڕۆژاواوە. هەم بیرۆکراسی و هەم سیستەمی سەرمایەدارەتی (کاپیتالیزم) Capitalism ڕوانگەی هۆشەکی دەکەنە بنەما، نەک نەرێت و شکۆمەندی.

تۆژینەوەی (Byråkratins tidsålder (2006 دەڵێ بنەما و ڕێساکانی «سازمانی بیرۆکراسی»[٣] بە دیدی ڤێبەر بریتین لە‌:

1- ڕێسای ڕوون و ئاشکرا دەربارەی دابەشین و پیادە کردنی دەسەڵات، کۆنترۆڵ و بەرپرسایەتی، ڕێسا و ڕۆتینی ئاشکرا و گشتی بۆ ڕزگاربوون لە پینە کردن و لە دۆزینەوەی چارەسەری تایبەت بۆ کێشەی تایبەت. بڕیار دەبێ قانوون و ڕێسای ڕوونی لە پشت بێت، فەرمانگەی جێبەجێکار دەبێ دەستووربەند بێت، دیاری کردنی کارمەند دەبێ بە پێوەری کارزانی و توانا بێ، ئەوجا تێکبەستنی ئەو سێ لایەنە: پیادە کردنی بڕیاری دەستووری، لە فەرمانگەی دەستووریدا لە لایەن کارمەندی تواناوە، دەبێتە دەستەبەری کاری ڕەوا.

2- سازمان دەبێ «هەرەمکار» بێت - سنووری نێوان پێگەی جیاواز دەبێ ڕوون بن. دەسەڵات لە دوندنی هەرەمەوە بەرەژێر دەبێتەوە و پلەبەپلە کەم دەبێتەوە، لە دەسەڵاتی هەرەمکاردا، بەرپرسایەتی ڕوونە، دابەشینی کار دیاریکراوە و هەروەها هەلومەرجیان ئاشکرایە.

3- پەیوەندی لە نێو سازماندا دەبێ «فەرمی» بێت نەک «کەسەکی». پەیوەندیی نافەرمی، دۆستایەتی، سەربە فڵانە کەس و لایەن، ڕەوا نییە. کارمەند نابێ پێگەی خۆی بۆ دەسەڵاتبازی بەکار بێنێ. سەرکار دەسەڵاتی لێپرسینەوەی هەیە بەرانبەر ڕێساشکێنی و سنووربەزێنیی هاوکاران.

4- کار پێویستی بە فێربوون و خوێندن هەیە، پێویستی بە فێرگە و زانکۆ هەیە. پێگەی کارمەند هەتا بەرزتر بێ، مەرجی زانینی بەرزتر دەبێتەوە. لە جڤات و سازمانی هاوچەرخدا پیشەوەری سەنگی هەیە. نابێت مەرجی زانین لە وەرگرتنی پێگەدا پێشێل بکرێت و پێگە بدرێتە کەسی ناشایەستە لەبەر ئەوەی کەس و دۆستی بابای دەسەڵاتدارە. پێوەرشکێنی و سنووربەزێنی دەبێتە مایەی داڕمانی پێگە و پووکانەوەی کەسایەتیی خاوەن پێگە.

5- ئەرکی کارمەندایەتی پێویستی بە کاتە. هەتا جڤات و سازمان هەڵکشاوتر بێت، تەرخان کردنی کاتی کاری ڕۆژانە بەرچاوترە. کارمەند لە جڤاتی هاوچەرخدا ڕۆژانە کاتی تەواو کار دەکات. لە جڤات و سازمانی بێسەروبەری دواکەوتوودا کاتی کار بێسەنگە، مرۆڤی کارمەند تەنها بۆ مووچە وەرگرتن ڕۆژانە چەند کاژێرێک بێپەروا خۆی خەریک دەکات، گەر بۆیشی بلوێت ئەوا دەبێتە کارمەندی «بندیوار» - واتە کارمەندی مووچەخۆری نەکردە.

6- هەموو بڕیارێک دەبێ نووسراو بێ - لێکدانەوە و پیادە کردنی ڕێسا و بڕیارگەلی نێو سازمان پێویستی بە دۆکیومێنتی نووسراو هەیە، بە گفتوگۆی زارەکی چێ نابێ. پرۆتۆکۆل و ئاواڵەیی دروستە نەک پسکەپسکی لابەلا و ژێربەژێر. دیاردەی چرپەچرپی داپۆشراو باشتر لەتەک ستەمکار و بەدکاریدا یەکانگیرە کە پێویستی بە درۆ و فریودانە‌، لەگەڵ سازمانگەریی ئاواڵەی دەستووربەنددا ڕێک ناکەوێت.


جڤات و سازمان زۆرن نەرێتی دیکە دەیانچەرخێنی بە پێچەوانەی ئەم شەش خاڵەی سەرەوە، ئەنجامەکەشی دیارە. جڤاتێک لە بری بڕیاری ڕوون، بنگەی دەستووری و کارمەندی زانا، لە بری پێوەری پیشەوەرانە و مەرجی زانستی، لە بری تەرخان کردنی کات و دیاری کردنی ئەرک، لە بری فەرمیبوون و تۆماری نووسراو، جڵەوی خۆی بداتە دەست:

- سەرۆکایەتیی دەستووربەزێن و ئارەزووکار

- پاوان کردنی پێگە و دامودەزگە بۆ خزمان

- هەڵبژاردنی کارمەندی ملکەچ و دەستەمۆ

- هۆگریی بۆ ئەموئەو بکرێتە پێوەر، حیزبایەتی لەبری کارامەیی

- فرەکوێخایەتی لەبری ساختاری ڕوون

- پێگە و فەرمانگەی بێ ناوەڕۆک، فەرمانڕەوایی ساختە و... هتد

جڤات و سازمانی وەها تەنها پاشاگەردانیی لێ بەرهەم دێت.


ڕەخنە[دەستکاری]

بەدەم کاتەوە «سازمانی بیرۆکراسی» و دەرئەنجامەکانی کاری ئەو جۆرە سازمانە سەرنجی تۆژەر و زانایانی ڕاکێشا. دید و ڕوانگەی جیاواز لەم بوارەدا گەشەیان کرد. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە گۆڕانکاریی جڤاکی و زانستی ئەوەندە تیژڕەو هاتە کایەوە، سازمانی بیرۆکراسی لە هەموو بارێکدا تەواو دەروەست نەدەهات. وردە وردە سازمانگەریش کەوتە گەڕان بەدوای فۆرم و شێوازی کاریگەرتردا بۆ وەڵامدانەوەی ڕکابەری و هەڵکردن لەگەڵ دەوروبەردا.

لەم ڕوانگەیەوە تۆژەران چەند لایەن و خاڵی نایەتییان لە سازمانی بیرۆکراتانەدا دیاری کرد، بۆ نموونە[٤]:

- تایبەتکاریی لەڕادەبەدەر - تایبەتکاری گەر لە سنووری خۆی دەرچێت دەگاتە ئاستێک کارمەند تەنها کاری خۆی دەزانێت و سەردەری لە کاروباری گشتیی سازمان ناکات

_ ناوچەگەری - ناکۆکی لە نێوان بەشەسازمان و بەشەکاری جیاوازدا زیاد دەکات

- هەڵکشانی ناکۆکی بەرەو سەرۆکایەتیی سازمان - کێشە و ناکۆکیی نێوخۆی بەش و فەرمانگەکانی نێو سازمان ناتوانن چارەی کێشەی خۆیان بکەن، ڕوو لە سەرۆکایەتی دەنێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر

- دەستاوێژ دەبێتە ئامانج - ڕێسا و کارنامە ئەوەندە گرینگ دەبن و بەهەند دەگیرێن، جێگەی ئامانج دەگرنەوە

- مرۆڤ دەبێتە ماشین - ‌ئەمەش دژی سروشتی مرۆڤە. لەبەر ئەوە بەدەم کاتەوە دەگاتە ڕادەی نەخۆشی و نامۆبوون و مانگرتن

- کۆنەوارەتیی پشتەو گۆڕان - ساختاری ڕەق و شێوەبەستوو دەبێتە هۆی کۆنەوارەتی Conservatism. سازمانی وەها دەروەستی گۆڕانکاریی تیژڕەو نایەت. تووشی داوەستان Stagnation دەبێت.

بە ڕەچاو گرتنی کەماسی و کێشەی لەم بابەتە، تۆژینەوە و شرۆڤەکاریی لە بواری سازمانناسیدا بەردوام بوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پێشخستنی هونەری سازمانگەری.


سەرچاوە[دەستکاری]

سازمانگەری، ئاسۆس شەفیق - کوردستان ٢٠١١


پەراوێز[دەستکاری]

  1. Andersson, Curt. Organisationsteori. Studentlitteratur, 1994.
  2. Weber, Max. Vetenskap och politik. Översättning: Aino och Sten Andersson. Korpen 1977.: 42
  3. Lundgren, Edvard. Byråkratins tidsålder - Byråkratisering och fredsprocesser i den westfaliska världsordningen. Luleå tekniska universitet.2006: 19-20.
  4. Bruzelius, Lars H. & Skärvad, Per-Hugo. Integrerad organisationslära. Studentlitteratur 2011: 52.

به‌سته‌ری ده‌ره‌کی‌[دەستکاری]

Bureaucratic Form According to Max Weber