بووکی دەریا
لالەی دەریا یان جەلی ماسی (بە ئینگلیزی jellyfish-fish jellies) زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن ساڵە بونیان هەیە[١] لە دایناسۆرەکان کۆنترن،لە سەرانسەری جیهاندا لە تەنکاوەکانی کەنار دەریاوە تا قوڵایی زەریاکان و لە ئاوی سوێر و سازگاریشدا دەژین هەروەها کۆنترین گیانداری فرەئەندامن، ناوی جەلی ماسی لە ساڵی ١٧٩٦ـەوە بەکار دەهێنرێت بەڵام سەرەڕای ناوەکەیان لە ڕاستیدا ماسی نین ئەوان بێبڕبڕەکانن واتە بڕبڕەی پشتیان نییە. پۆلێنکراوە لە پۆلی نایدەریا بە مانای دەزووی پێوەدان دێت، لالەی دەریا (٪٩٥-٩٨)ی لەشی لە ئاو پێکدێت هەروەها دڵ، ئێسک، خوێن،[٢]سییەکان و ناوەندی مێشکییان نییە، [٣]لە جیاتی مێشک کۆمەڵێک دەماری هەیە کە پێی دەوترێت تۆڕی دەماری یان ئەڵقەی دەماری ئەم تۆڕە دەمارییە یارمەتییان دەدات بۆ دۆزینەوەی گۆڕانکاری لەو ژینگەیەی تێیدا دەژین لەوانە پلەی گەرمی، هێزی کێشکردن، سوێری ئاو، چڕبوونەوەی ئۆکسجین، لەرینەوە و تەوژم، ئەم دەمارانە وا دادەنرێت کە ڕێکخەری سەرەکی کردارەکانی جەلی ماسین، هەروەها کۆمەڵێک کۆتایی دەماری هەیە کە پێی دەوترێت ڕۆپالیا دیارترین پێکهاتەی هەستی لالەی دەریایە دەمارەخانە و خانەی کێشکردن و خانەی وەرگری ڕووناکی تێدایە و پێکهاتەی تایبەت بۆ هەستکردن بە ڕووناکی (خاڵی چاو) و جوڵە یان ئاراستە بە گوێرەی هێزی کێشکردن لەخۆدەگرێت. چاوی لالەی دەریا [٤]دەکەونە ڕۆپالیاوە لە دەوری خوارەوەی زەنگەکەی، بەگشتی چوار جۆری جیاواز چاویان هەیە هەر جۆرێک بۆ مەبەستێک بەکاردێت، دوو جۆری چاو توانای دروستکردنی وێنەیان هەیە لە کاتێکدا دوو جۆرەکەی تر یارمەتیدەرن لە مەلەکردن و خۆلادان لە بەربەستەکان و وەڵامدانەوەی ڕووناکی. سەرەتایترین کۆمەڵە تەنها ئاستی ڕووناکی دەدۆزێتەوە، بەڵام کۆمەڵێکی تری چاو ئاڵۆزترن کە دەتوانن ڕەنگ و قەبارەی تەنەکانیش ببینن.
هەندێکیان[٦] بە سادەی خاڵی چاویان هەیە کە تەنیا ڕووناکی دەدۆزێتەوە، بەڵام هەندێکی تر لەوانە جەلی ماسی سندوق سیستەمێکی بینایی ئاڵۆزتریان هەیە کە پڕە لە هاوێنە، تۆڕی چاو و کۆرنیا، دەتوانن وێنەی لێڵ ببینن، چاوە ئاڵۆزەکان نەک تەنها ئامرازێکن بۆ گەڕان بە ژینگەی خۆیاندا بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا ڕێگە بە لالەی دەریا دەدەن هێزی کێشکردن بدۆزنەوە.
لالەی دەریا بەپێی جۆرەکەیان ڕەنگیشیان جیاوازە کە بێ ڕەنگ و شەفافن یان دەتوانن ڕەنگی خۆیان بگۆڕن باوترین ڕەنگیانی زەرد، مۆر، پەمەی، شینە.
قەبارەی بەگشتی زەنگەکە لەوانەیە کەمتر لە ئینجێک یان زیاتر لە پێیەک درێژ بێت تیرەی هەندێک جۆریان دەگاتە حەوت پێ، درێژی قۆچەکانی بەپێی جۆرەکەی جیاوازە هەندێک جەلی ماسی درێژی قۆچەکانی زیاتر لە ١٠٠ پێ دەبێت.
ئەو جەلی ماسیانەی وەک سەری دەرزی بچووکن تەنها دەتوانن پلانکتۆن بخۆن کە بوونەوەری بچووک و سەرئاو کەوتوون، جەلی ماسی گەورەتر سەرچاوەی خۆراکی گەورەتری وەک ماسی و ڕۆبیان و قرژاڵ ڕاو دەکات.
نزیکەی [٧](٪٥٠)ی لالەی دەریا دەتوانن ڕووناکی بەرهەم بهێنن کە لە تاریکیدا دەدرەوشێنەوە ئەم توانا سەرسوڕهێنەرە پێی دەوترێت “بریقەدار” یان “درەوشانەوەی زیندەوەری” لالەی دەریا بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرگری کردن لە ئاژەڵە دڕندەکان بەکاری دەهێنێت بۆ نموونە بۆ ترساندنی ئاژەڵە دڕندەکان و پێدانی کات بۆ هەڵاتن. ئەو ڕووناکییەی زیندەوەران دەتوانن بەرهەمی بهێنن بەهۆی کارلێکێکی کیمیاییەوە دروست دەبێت بۆ ئەوەی ئەم کاردانەوەیە ڕووبدات دەبێت هەڵگری گەردیلەیەک بن کە پێی دەوترێت لوسیفرین لەگەڵ یەکێک لەو دوو ئەنزیمە لوسیفیراز و فۆتۆپرۆتینی.
کاتێک لوسیفرین بە شێوەیەکی کیمیایی لەگەڵ ئۆکسجین کارلێک دەکات وزە لە شێوەی ڕووناکی دەردەدات، [٨]باوترین ڕووناکی بەرهەم هێنان لە زەریادا سەوز و شینە چونکە ئەم درێژی شەپۆلانە زیاتر بەناو ئاودا دەڕۆن، هەندێک ماسی دەتوانن رووناکی سوور دروست بکەن.
پێکهاتەی لەشی
[دەستکاری]جەستەی هاوسەنگی نیوەتیرەیی هەیە، واتە ئەندامەکانی جەستە لە خاڵێکی ناوەڕاستەوە درێژ دەبنەوە، ئەگەر لالەی دەریا بکەیت بە نیوە لەهەر خاڵێکدا هەمیشە نیوەی یەکسان بەدەست دەهێنیت.
ناو و فرمانەکانیان:
زەنگ-bell: بەشی سەرەوەی لەشی لەشێوەی زەنگی شێوە چەتردایە زەنگەکە دەتوانێت جوڵە دابین بکات لە ئاوی کراوەدا، لالەی دەریای پێگەیشتوو جەستەیەکی خڕ یان چوارگۆشەی هەیە کە قۆچەکانی پێوەدەلکێن.
سەرەوەی زەنگە شێوە چەترەکەی پێی دەوترێت ئێکسەمبرێلا، ژێر ڕووی زەنگەکەشی بە سەبەمبرێلا ناونراوە.
لاپت-Lappet: لێواری زەنگەکە زۆرجار دابەش دەبێت بۆ لۆبی بازنەیی پێی دەوترێت لاپت کە ڕێگە بە زەنگەکە دەدات بچەمێتەوە.
چینی دەرەوە، ڕووی پێست-epidermis: ئەو شانە تەنکەیە کە چینی دەرەوەی ڕووی جەستە پێکدەهێنێت، ئەرکی سەرەکی پاراستنی ئەندامەکانی ناوەوەیە، ئۆکسجین هەڵدەمژێت و لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەوە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەکەن.
چینی ناوەڕاست-mesoglea: ماددەیەکی جەلاتینی ئەستور و لاستیکییە پێکهاتوە لە ئاو لەگەڵ پرۆتینی ڕیشاڵی و کۆلاجین، وەک ئێسکە پەیکەرێکی ناوەکی خزمەت دەکات و پاڵپشتی جەستە دەکات، تایبەتمەندی لاستیکی یارمەتیدەرە بۆ گەڕاندنەوەی شێوەی جەستە پاش ئەوەی گرژبوونی ماسولکەکان ڕوودەدات.
چینی ناوەوە، گەدە و پێست-gastrodermis: پەردەی ناوپۆشی کۆئەندامی خۆراکی بێبڕبڕەکانە وەک پەردەی ناوپۆشی بۆشایی گەدە خزمەت دەکات بەشداری لە هەرس کردن و هەڵمژین دەکات، یارمەتی ئاڵوگۆڕی گازەکان دەدات.
کەلێنی گەدە-gastric cavity: وەک گەدە و ڕیخۆڵە کاردەکات، شوێنی سەرەکی هەرسکردنی خۆراک و هەڵمژینی خۆراکەکانە، ئەو خۆراکانەی دەچنە ناو گەدە بەهۆی ئەنزیمەکانی هەرسەوە کە لەلایەن خانەکانی ناوەوەی لەشەوە بەرهەم دەهێنرێت تێکدەشکێن، لالەی دەریا سیستمێکی هەرسکردنی تەواوی هەیە.
ئەندامی زاوزێ-Gonad: دەکەوێتە تەنیشت گەدە، ڕژێنی زاوزێیە کە سپێرم لە نێرە و هێلکە لە مێینەدا بەرهەم دەهێنێت، هێلکەکان وسپێرمەکان بەناو گەدەدا دەڕۆن و دەچنە دەرەوە.
جۆگەی نیوەتیرەیی-radial canal: ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی سەرئاو کەوتن و ئاسانکردنی[٩] جوڵە.
دەم-Mouth: لە ناوەڕاستی لەشیدا کونێک هەیە لە ڕێگەیەوە خواردن دەخوات و پیسایی دەکات، واتە وەکو کۆم و دەمیش کاردەکات.
مانوبریەم-Manubrium: پێکهاتەیەکی ناوەندی جەستەی لالەی دەریایە شێوە قەدی و لولەی درێژی هەڵواسراوە لە ناوەڕاستەوە بەرەو خوارەوەی زەنگەکە بە کەلێنی گەدەوە دەبەسترێتەوە، لە خوارەوەی کۆتاییەکەیدا کۆم/دەم لەخۆدەگرێت و بە زەنگەکەوە دەیبەستێتەوە.
جۆگەی بازنەیی-Circular canal: کیسەکان یان جۆگەکان ڕێگە دەدەن خۆراک لە کەلێنی گەدەدا لە دەوری زەنگەکە بۆ قۆچەکان و بۆباڵەکانی دەمی دابەش بکرێت.
ڤێلێریەم-ڤیلم: پەردەیەکی شانەی تەنکە لە دەوری پەراوێزی زەنگەکە، لە کۆمەڵەی هایدرۆزۆوا پێی دەوترێت ڤیلم، لە کۆمەڵەی کوبۆزۆوا پێی دەوترێت ڤێلێریەم، بە گشتی یارمەتی جوڵە و سوڕانەوەی لالەی دەریا دەدات.
کاتێک لالەی دەریا لە کاتی مەلەکردندا گرژ دەبێت پاڵنەری زیاتر دروست دەبێت چونکە ڤێلێریەم کونی خوارەوەی زەنگەکە تەسک دەکاتەوە، هەروەها ڤێلێریەم لە جەلی ماسی سندوقیدا بۆ سێ شێوەی جیاواز دەگۆڕێت لەکاتی گرژبوون و مەلەکردندا.
ڤیلم لە هایدرۆزۆنەکاندا یارمەتی جوڵە دەدات بە گرژبوون و شل کردنەوەی ڕیشاڵی ماسولکەکان، بەشداری لە خواردن پێدان دەکات وەک ڕەفەیەکی ماسولکە کار دەکات کە درێژ دەبێتەوە بۆ ناو کەلێنی زەنگەکە یارمەتیدەر دەبێت لەڕاکێشانی نێچیرەکان و پاڵپێوەنانی بەرەو دەم هەروەها ئەرکی پاراستنی سوڕانەوەی ئاوە لە ناو کەلێنی لەشدا بە گرژبوونی یارمەتیسوڕانەوەی ئاو دەدات و دڵنیایی دەدات لە لێشاوی بەردەوامی ئۆکسجین و خۆراک و لابردنی پاشماوەکان.
قۆچەکان-Tentacles: لە بەشی خوارەوەی لەشی قۆچی هەیە، ٨هێشووی قۆچی کە هەر هێشوویەک لەوانەیە زیاتر لە ١٥٠ قۆچی هەبێت وەک بەرگری و چەکێکی بەهێز بۆ گرتنی نێچیر کاردەکەن.
لە ناوەوەی قۆچەکاندا هەزاران خانەی پێوەدان هەن بە نایدسایت ناسراون هەر یەکێکیان پێکهاتەیەکی تایبەتی تێدایە پێی دەوترێت کیسەی نێمەتسست [١٠]بەمانای “کیسەی دەزوو” دێت نزیکەی ٣٠ جۆری جیاوازن هەروەها بە [١١]کەپسولەکانی پێوەدان ناسراون کە وەسفی پێکهاتەکەی دەکات: بڕبڕەی تیژ بە لوولەیەکی درێژەوە بەستراوەتەوە لە کیسەیەکدا لەسەر ڕووی ئاژەڵەکە هەڵگیراوە، خانەی بچووکی پێوەدانن لە چەقۆی بچووک دەچن، چەکێکی خانەیی بەرچاون بۆ ڕاوکردن و بەرگری و هەندێ جار بۆ جوڵە بەکاردەهێنرێن. کیسەکان لە کەپسولێکی پەستانی پێک هاتوون کە دەزووێکی پێچراوەی وەک چەقۆ لەخۆ دەگرێت، کاتێک لالەی دەریا بە ئاماژەی کیمیایی یان میکانیکی هاندەدرێت واتە کاتێک هەست بە تێکچوونێکی جەستەیی یان کیمیایی دەکات پێکهاتەیەکی وەک سەرپۆش لەسەر ڕووی کەپسولەکە دەردەکەوێت کەپسولەکە بە تەقینەوە دەردەچێت و دەزووی پێچراوە دەردەهێنێت کە ئامانجەکە کون دەکات پاشان ژەهرەکە بەناو دەزووەکەدا تێدەپەڕێت و شانەکانی قوربانی ئیفلیج دەکات، بە خێرایی درێژ دەبێتەوە بە سوڕانەوەی ناوەوە بۆ دەرەوە لە پرۆسەیەک کە پێی دەوترێت هەڵگەڕانەوە دواتر دەزووەکە لە کیسەکە جیادەبێتەوە، دەزووی هەندێک لە کیسەکانی نێمەتسست نێچیری بچووک دەگرن بە پێچانەوەیان.
دەرچوونی کیسی نێمەتسست [١٢]بە یەکێک لە خێراترین پرۆسەکانی زیندەوەرزانی و میکانیکی سروشت ناسراوە کە لە ماوەی ٣ میللی چرکەدا ڕوودەدات.
ژەهری لالەی دەریا پێکهاتووە لە پۆرینەکانی پرۆتینی بەهێز (ژەهری پەردەی خانە)، پێپتیدەکانی ژەهراوی دەمار، چەوری چالاک و گەردیلە بچووکەکانی تر، هەموو ژەهرەکانی جەلی ماسی “پۆرین”ی تێدایە ([١٣]پۆرینەکان گەردیلەی پرۆتینن کە لە بنەڕەتدا لە پەردەی دەرەوەی بەکتریای گرام نێگەتیڤ دۆزراونەتەوە) هێرش دەکاتە سەر خانەکانی ئەو کەسەی پێوەی دەدات، بەگوێرەی بڕ و ڕێژەی پۆرینەکان پێوەدانەکان دەبنە هۆی سوربوونەوە و هەڵئاوسان و نیشانەی جیاواز هەروەها [١٤]ژەهری لالەی دەریا کاریگەری لەسەر سیستەمە جۆراوجۆرەکانی جەستە هەیە وەک دڵ و کۆئەندامی هەناسەدان و لە هەندێک حاڵەتدا لەوانەیە ببێتە هۆی مردن.
•زۆربەی جۆرەکانی لالەی دەریا قۆچیان هەیە، بەڵام هەموویان کیسەی دەزووی بەهێزیان نییە.
قۆچەکانی پەراوێز-margin tentacles: قۆچەکانی پەراوێز تەنها بەشێکن لە پرۆسەی گرتنی خۆراک و ڕاوکردن، دەکەونە بەشی خوارەوەی زەنگەکە، کورتن لە نزیکەوە فراوانن لە تیغ دەچن بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەرەو لوتکەی دوور تەسک دەبنەوە، هەندێک جار لەسەر ڕووی ژێرەوە هەن.
قۆڵی دەمی-Oral arm: هەندێک لالەی دەریا بەشێکیان هەیە پێی دەوترێت قۆڵی دەمی ئەم پاشکۆ درێژانە نێچیری گیراو دەگوازنەوە بۆ دەم، دەکەونە ناوەڕاستی بەشی خوارەوە و دەوروبەری دەم و ژمارەیان نزیکەی چوار دانەیە، [١٥]کیسەی دەزووی تێدایە بەمەش توانای پێوەدانیان هەیە، لە هەندێک جۆری لالەی دەریای زەبەلاحدا ئەم قۆڵی دەمیانە گەورەن لەوانەیە تا ٤٠ مەتر درێژببنەوە.
•هەندێک جار جیاوازی کردن لە نێوان قۆڵی دەمی و قۆچەکان قورسە زۆربەی خەڵکی پێیان وایە لەیەک دەچن، گەورەترین جیاوازی نێوانیان ئەوەیە کە قۆڵەکانی دەمی دەوری دەم/کۆمی لالەی دەریا دەدەن لە کاتێکدا قۆچەکان باریکترن و بەشی دەرەوەی دەوروبەری زەنگەکە پێکدەهێنن و بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ ڕاوکردن بەکاردێن.
سوڕی ژیانی
[دەستکاری]لالەی دەریا بەوە ناسراوە سوڕی ژیانی ئاڵۆزە
بەدرێژای سوڕی ژیانیان دوو شێوەی جیاوازی جەستە وەردەگرن: مێدیوسا و پۆلیپ، مێدیوسا (بەپیتاندنی هێلکەکان) سپێرم و هێلکە بەرهەم دەهێنێنن بۆ زاوزێ، پۆلیپ (بە لەبەرگرتنەوەی خۆیان) بە ناڕەگەزخوازی زاوزێ دەکەن، لالەی دەریا زۆر باشن لە دیاریکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ زاوزێ.
قۆناغی یەکەم-هێلکە و سپێرم: مێدیوسای پێگەشتوو مێیە و نێرە بە کۆمەڵی گەورە کۆدەبنەوە بۆ جوتبوون [١٦]ڕۆژانە دەتوانن نزیکەی ٤٥٠٠٠ هێلکە دابنێن.
کرداری پیتاندن بە دەرەکی یان ناوەکی ڕوودەدات:
•پیتاندی ناوەکی: لە هەندێک جۆرە وەکو لالەی دەریای مانگ مێیە سپێرم لە ڕێگەی دەمەوە وەردەگرێت هێلکەکانی لە ناوەوە دەپیتێن، هەروەها جۆری [١٧]سندوقی لالەی دەریاش مێیە هێلکەکانی لەناو دەمی داناوە، نێرەکە مێینەکە نزیک دەکاتەوە بە قۆچەکانی پاشان سپێرمەکانی دەگوازێتەوە بۆ گەدەی مێیە، سپێرمەکە بە ئەندامی زاوزێی مێینەوە دەلکێنرێت و خانەکانی سپێرم بەشێکی هەرس دەکرێن و ناوکەکانیان دەردەچن دواتر لە لایەن ئەندامی زاوزێی مێینەوە وەردەگیرێن کرداری پیتاندن ڕودەدات، هێلکە پیتێنراوەکان[١٨] لە قۆڵی دەمی مێینەدا گەشە دەکەن و دەپارێزرێن تاکو ئامادە دەبن بۆ قۆناغی داهاتوو لە کۆتاییدا بەجێی دەهێڵن.
•پیتاندی دەرەکی: زۆربەی جەلی ماسی ڕاستەوخۆ سپێرم یان هێلکەکان دەخەنە ناو ئاوەوە جێدەهێڵرێن بۆ ئەوەی بە ئازادی لە تەوژمی زەریاکاندا بسوڕێنەوە بۆ ماوەی چەند خولەکێک بۆ چەند کاتژمێرێک لەناو ئاودا دەڕۆن تا دەتوانن بپیتێن.
قۆناغی دووەم-کرمۆکەی پلانولا: ئەم هێلکە پیتێنراوانە گەشە دەکەن و دەبنە [١٩]سپۆرێکی پلانکتۆنی پێی دەوترێت کرمۆکەی پلانولا کە دەتوانێت بە ئازادی مەلە بکات لە کرمێکی تەخت دەچێت بە مووی بچوک داپۆشراوە لە ڕێگەیانەوە دەتوانێت مەلە بکات، پلانولا بەردەوامە لەگەشەکردن و کاتێک گەورە بوو هەوڵ دەدات ڕووکەشێکی ڕەقی گونجاو بدۆزێتەوە تا پێوەی بنوسێت وەکو سەدەف یان بەرد لە هەندێک حاڵەتدا لەوانەیە خۆیان بە ئاژەڵەکانی ترەوە ببەستنەوە بەتایبەتی جەستەی جەلی ماسی پێگەیشتوو.
قۆناغی سێیەم-پۆلیپ: کاتێک شوێنێکی گونجاوی دۆزیەوە پلانولا دەگۆڕێت بۆ پۆلیپ (ناسراوە بە سیفیستۆما)، ئاژەڵێکی قەدی بچوکە پێکهاتەیەکی لولەکی هەیە سەرێکی لەسەر زەوی جێگیرە و لە بەشی سەرەوەشی دەمی و قۆچەکانی دەوروبەری هەن، لەم [٢٠]قۆناغەدا سیستمێکی هەرسکردنی تەواو گەشەسەندوی هەیە و قۆچەکانی دەتوانێت نێچیر بگرێت زۆربەی کاتەکانی بەخواردن بەسەردەبات، کاتێک بارودۆخەکە خراپ بێت بۆنمونە پلەی گەرمی بەرز یان خواردنی کەم، سیفیستۆما بچوک دەبێتەوە بۆ کیسەیەکی شێوە گومەز ئەم کیسانە زۆر بەهێزن، لەوانەیە قۆناغی پۆلیپ لە ڕۆژێکەوە بۆ ساڵێک یان دەیان ساڵ بخایەنێت تاوەکو بارودۆخی وەک پلەی گەرمی و خۆراک باشتر دەبێت، کاتێک ژینگە دووبارە گونجاو بوو کیسەکە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شێوەی پۆلیپی خۆی و بەردەوام بێت لە گەشەکردن.
•لە کاتێکدا لە قۆناغی سیفیستۆمادایە، لەوانەیە پۆلیپ بە ناڕەگەزخوازی زاوزێ بکات بە لەبەرگرتنەوەی خۆی، درێژ دەبێتەوە و چەند پارچەیەک پێکدەهێنێت کە لە کۆتاییدا گەشە دەکەن و ئاژەڵی سەربەخۆ یان پۆلیپی زیاتر دروست دەکەن.
قۆناغی چوارەم-سترۆبایلا: لە ژینگەی گونجاودا کاتێک ئاو گەرم دەبێت پۆلیپەکان دەست دەکەن بە گەشەکردن و قۆچەکانی نامێنێت پێی دەوترێت خونچەی پۆلیپ پاشان دابەش دەبێت بۆ پارچەی وەک پلێت کە لەسەر یەک ڕیزکراون دەبێتە سترۆبایلا.
قۆناغی شەشەم-ئێفیرا: لە پڕۆسەیەکدا پێی دەوترێت سترۆبیلەیشن پارچەیەک لە سترۆبایلا جیادەبێتەوە و دەبێتە ئێفیرا زیندەوەرێکی ئازادە بە مێدیوسای پێنەگەشتوو ناسراوە، پانییەکەی لە چەند ملیمەترێک زیاتر نییە بەڵام کاتێک مەلە دەکات خۆراک دەخوات و گەشەدەکات لەگەڵ گەورەبوونی ئێفیرا بە خێرایی دەست دەکەن بە خواردنی پلانکتۆنەکانی تر و بەردەوام دەبن لە گەشەکردن زەنگەکەی شێوەی تایبەتی وەردەگرێت و قۆچەکان و قۆڵی دەمی گەشە دەکەن بۆ شێوە تایبەتەکانی ڕەگەزەکەی، لە کۆتاییدا ئەم شێوە پێگەیشتووانە پێیان دەوترێت مێدیوسا.
قۆناغی لالەی دەریای پێگەیشتوو واتە مێدیوسا ئەو قۆناغەیە کە زۆربەی خەڵک پێی دەڵێن “لالەی دەریا” لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە تەنها بەشێکی زۆر بچوکی سوڕی ژیانی لالەی دەریایە.
جۆرەکانی
[دەستکاری]زانایان ٢٠٠٠ جۆریان لە سەرانسەری جیهاندا دەستنیشان کردووە و لەو باوەڕەدان کە بەلایەنی کەمەوە ١٠٠٠ جۆری تر هێشتا نەدۆزراونەتەوە.
١-جەلی ماسی شێر-lion's mane jellyfish: گەورەترین و درێژترین جۆری جەلی ماسییە، گەورەترین نموونەی ناسراو درێژی ١٢٠ پێ (٣٦.٥مەترە) لە سەرەوە تا خوارەوەی قۆچەکانی،[٢١]کە نزیکەی ٢٣ پێ درێژترە لە درێژترین نەهەنگی شین، بەمەش درێژترین ئاژەڵە کە تا ئێستا تۆمارکراوە، [٢٢]جەلی ماسی شێر لە ناوچە ساردەکان دەژی لە باکووری ئۆقیانوسی ئارام هەروەها لە جەمسەری باکوور، زەریای ئەتڵەسی و کەناراوەکانی ئەوروپا، پلانکتۆن و ماسی و توێکڵی بچووک و تەنانەت جەلی ماسی تر دەخوات، چاوی نییە بۆیە پشت بە خانەکانی دەمار دەبەستێت بۆ هەستکردن و کاردانەوەی بەرامبەر مەترسی، پێوەدانی لەوانەیە ئازاربەخش بێت بەڵام بە دەگمەن کوشندەیە.
٢-جەلی ماسی مانگ-Moon jelly: بەربڵاوترین و باوترین جۆرە کە واناونراوە بەهۆی شێوەکەیەوە بە ئاسانی دەناسرێتەوە زەنگێکی شەفافی هەیە گرنگترین بەشی جەلی مانگ پێکهاتەی شێوە ناڵی ئەسپە لە ناوەڕاستی زەنگەکەیدایە ئەندامەکانی زاوزێن ڕەنگییان پەمەیی یان پرتەقاڵییە هەروەها قۆچەکانی کورتن، [٢٣]جەلی ماسی مانگ ٨ رۆپالیای هەیە کە هەریەکەیان دوو چاوی سادەی هەیە، مەترسییەکی کەمی لەسەر مۆرڤ هەیە پێوەدانیان ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت پێستی مرۆڤ ببڕێت بۆیە دەستیان لێدەدرێت و سەلامەتن بەڵام ژەهریان هەیە وە توانای پێوەدانیشیان هەیە، کاتێک خۆراک سنوردار و کەم بێت لالەی دەریای مانگ دەتوانێ بچووک ببێتەوە بۆ دەیەکی قەبارەکەی بۆ پاشەکەوت کردنی وزە، ناوی زانستی ئۆرێلیا ئۆریتا یە “Aurelia aurita”.
٣-جەلی ماسی سندوق-Box jellyfish: کوشندەترین جەلی ماسییە ناسراوە بە [٢٤]“زەردەواڵەی دەریایی”، بەهۆی شێوەی لەشیانەوە ناونراون لە زەنگێکی شێوە سندوق دەچێت لەگەڵ کۆمەڵە قۆچەکان لە هەر سوچێکی زەنگەکەوە [٢٥]دەردەکەون هەروەها لە [٢٦]هەندێک جۆری کۆمەڵەی کوبۆزۆوا وەک لالەی دەریای سندوقی پێدلیا هەیە کە پێکهاتەی ماسولکەی سەوڵ لێدەرە دەکەوێتە سوچەکانی بنکەی زەنگەکەی، یەک قۆچ یان زیاتر لە قۆچێکی پێوە بەستراوە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە جوڵە و ڕاوکردنی نێچیر، زیان گەیاندن بە پێدالیادەبێتە هۆی لاوازکردنی توانای ڕاوکردن و گەڕان، لالەی دەریای سندوقی ٤ رۆپالیای هەیە کە هەریەکەیان ٦ چاوی هەیە دوو چاوی هاوێنە و چوار چاوی سادە بە کۆی گشتی ٢٤ چاوی هەیە هەندێک لەو چاوانە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئاڵۆزن و هاوێنەیان هەیە، لە هەندێک [٢٧]جۆری کۆمەڵەی کوبۆزۆوا وەک لالەی دەریای سندوقی پێدلیا هەیە کە پێکهاتەی ماسولکەی سەوڵ لێدەرە دەکەوێتە سوچەکانی بنکەی زەنگەکەی، یەک قۆچ یان زیات، لە کاتێکدا جەلی ماسی لە ئاوی کەناری گەرم لە سەرانسەری جیهاندا دەژین بەڵام جۆرە کوشندەکان بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەی هیندۆ پاسیفیک و باکووری ئوسترالیا دەژین ئەمەش جەلی ماسی سندوقی ئوسترالی دەگرێتەوە، ژەهری سندوقی جەلی ماسی یەکێکە لە کوشندەترین ژەهرەکان لە جیهاندا، ژەهری تێدایە کە هێرش دەکاتە سەر دڵ، کۆئەندامی دەمار و خانەکانی پێست. [٢٨]ژەهری ئەوەندە هەڵدەگرێت کە زیاتر لە ٦٠ مرۆڤ بکوژێت لەوانەیە تووشی ئیفلیجی و جەڵدەی دڵیان بکات، نیشانەکانی پێوەدان بریتین لە ئازاری وەكو سووتان و قامچی لەسەر پێست هەروەها بە لایەنی کەمەوە ١٤ جۆری جەلی ماسی سندوق پێوەدانیان دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی ئیرەکانجی[٢٩].
• جەلی ماسی سندوقی ئوسترالی-Chironex fleckeri: گەورەترین جەلی ماسی سندوقییە کە قەبارەی لەشی دەگاتە یەک پێ و قۆچەکانی ئەستوورە و درێژییەکەی دەگاتە ١٠ پێ، بە ژەهراوی ترین ئاژەڵی دەریای دادەنرێت.
• جەلی ماسی ئیرەکانجی- Irukandji jellyfish: جۆرێکی جەلی ماسی سندوقە و بچوکترین لالەی دەریایە لە جیهاندا، ناوی زانستی کروکیا بارنێسی یە “Carukia barnesi “.
زەنگەکەی قەبارەی بچوکە و ڕەنگی شەفافە زۆر قورسە لە ئاودا ببینرێت، زۆرجار شێوەی لاکێشەییان هەیە، تیرەی زەنگەکەی ١-٣ سانتیمەترە و درێژی قۆچەکانی لە چەند سانتیمەترێکەوە تا زیاتر لە یەک مەتر دەبێت، بە قەبارەی بچووک و پێوەدانی ژەهراوی ناسراوە. بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئاوی گەرمدا دەژین بە درێژایی کەناراوەکانی باکووری ئوسترالیا بەتایبەتی لە دەریای مەرجان بە درێژایی کوینزلاند لەگەڵ بەشێک لە خولگەیی ئەتڵەسی و هیندی و زەریای هێمن. یەکێکە لە هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشی ئیرەکانجی [٣٠]نیشانەکانی بریتین لە ئازاری زۆر، گرژبوونی ماسولکەکان، ڕشانەوە و بەرزی پەستانی خوێن.
٤- جەلی ماسی تۆپ-Cannonball Jellyfish: بەهۆی شێوەی زەنگەکەی ناونراوە کە قەبارە مامناوەندە لە گوللەی تۆپ دەچێت وەک گومەز هەروەها ناسراوە بە جەلی ماسی سەری کەلەرم[٣١] ناوە زانستییەکەی”Stomolophus meleagris“.
بە زەبەلاحی نەرم و نیان لە جیهانی جەلی ماسی ناونراوە، لە هاوتاکانی خۆی جیا دەکاتەوە بە زەنگێکی پتەو، نەرم و بەهێز کە پانییەکەی ٧-١٠ ئینجە و بەرزییەکەی نزیکەی ٥ ئینج دەبێت، ڕەنگی زەنگەکە بە گشتی سپییە لێوارەکەی زۆرجار ڕەنگی قاوەیی سوورباوە، جەلی ماسی تۆپ لە زەریای هێمن ڕەنگیان شینە [٣٢]. قۆچی درێژی نییە لەجیاتی ئەوە کۆمەڵێک باڵی دەمی هەیە کە بە دەوری دەمیدا درێژ دەبنەوە کاردەکەن بۆ جوڵاندنی و یارمەتیدانی بۆ گرتنی نێچیر. گۆشتخۆرێکە هێلکەی ماسی و کرمۆکەی ماسی و کرمۆکەی پلانکتۆنی نەرم و هێلکە شەیتانۆکەکان دەخوات هەروەها بە مژین ئاو دەخواتەوە کاتێک زەنگەکەی گرژ دەبێت.
لەکاتێکدا زۆربەی جۆرەکانی لالەی دەریا پشت بە شەپۆلەکان و بـا دەبەستن بۆ جوڵە، بەڵام جەلی ماسی تۆپ قۆڵی دەمی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ مەلەکردن وە دەتوانێت هەست بە ڕووناکی، هێزی کێشکردن و بەرکەوتن بکات.
لالەی دەریای تۆپ لە جۆگەکان و بەدرێژایی کەناراوەکانی کەنداوی مەکسیک، ئۆقیانووسی ئەتڵەسی و ئۆقیانووسی ئارام، ڕۆژئاوای ئەتڵەسی، لە نیو ئینگلاند تا بەرازیل، لە ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن لە کالیفۆرنیاوە تا ئیکوادۆر و لە ڕۆژئاوای زەریای هێمن لە دەریای ژاپۆنەوە تا دەریای باشووری چین دەژین، لە ئاوی سوێری خولگەیی بۆ نیمچە خولگەیی گەشە دەکات لەگەڵ پلەی گەرمی لە دەوروبەری ٧٤ پلەی فەهرنهایت.
بە وشککراوی وەک خۆراکی پڕ پرۆتین و دەرمانی تەقلیدی لە ئاسیادا خواستی لەسەرە، لە کاتێکدا جەلی ماسی تۆپ دەتوانێت ژەهر دەربکات هەرچەندە پێوەدانەکەی بە شێوەیەکی ئاسایی مەترسی کەمە بەڵام هێشتا ئامۆژگاری دەکرێت ئاگادار بیت لە حاڵەتە دەگمەنەکانی پێوەدانی ئەو ژەهرەی لێوەی دەردەچێت دەبێتە هۆی کێشەی دڵ لە مرۆڤ و ئاژەڵدا.
٥- جەلی ماسی شین-Blue jellyfish: بە ئاگری شین ناسراوە بەزۆری لە دەوروبەری ئاوەکانی بەریتانیا دەژی لە بەشەکانی دیکەی ئەوروپا و لە کەناراوەکانی ئیرلەندا، دەریای باکور و بەدرێژایی کەناری ڕۆژئاوای سکۆتلەندا لە هاوین و پایزدا دەبینرێن، تەمەنیان نزیکەی یەک ساڵە، ناوی زانستی “Cyanea Lamarckii” یە.
زەنگێکی شێوە گومەزی هەیە، [٣٣]قۆچەکانی چزوودارن و چوار قۆڵی دەمی گەورە کە چرچی و شەپۆلی زۆریان هەیە، ڕەنگی زەنگەکەی بەپێی تەمەن و پێگەشتنی دەگۆڕێت لە سەرەتاکانی تەمەنی بێ ڕەنگە و شەفافە بە تایبەت دەوروبەری لێوارەکانی زەنگەکەی، کاتێک پێدەگات لە تەمەنی گەورەیدا ڕەنگی باوی شینە ڕەنگەکانی تری وەکو مۆر، زەرد، پرتەقاڵی، وەنەوشەیی یان سپی، ئەوانەی ڕەنگیان زەردترە (گەنجترن) بە ئاسانی تێکەڵ دەبن لەگەڵ جەلی ماسی شێر بەڵام بچووکترن و زەنگێکی شینیان هەیە کە هێڵی نیوەتیرەیی لە ڕێگەیەوە دەبینرێت.
خۆراکی جەلی ماسی شین وەکو زۆربەی جۆرەکانی تری لالەی دەریا فیتۆپلانکتۆن و [٣٤]زۆپلانکتۆن و هێلکە و کرمۆکی ئاژەڵە ئاوییەکانی تری وەک ماسییە هەروەها قۆچەکانیان بەکاردەهێنن کە کیسەکانی نێمەتسستی تێدایە نەک تەنها بۆ گرتنی نێچیرەکانیان بەڵکو بۆ خۆپاراستن لە ئاژەڵە دڕندەکانیش، توانای پێوەدانی هەیە بۆیە دەست لێدانی سەلامەت نییە، پێوەدانی دەبێتە هۆی ئازاری زۆری ماسولکەکان، سکچون، پشت ئێشە، ئازاری گەدە و لە هەندێ حاڵەتدا دەبنە هۆی مردن.
نیشانەکانی پێوەدان و چارەسەر
[دەستکاری]نیشانەکانی پێوەدانی:
نیشانەکانی پێوەدانی بەندە بە جۆری ئەو جەلی ماسیەی کە بەرکەوتنت لەگەڵدا کردووە، ئەگەر پێوەدانێکی بچووکی جەلی ماسی هەبێت لەوانەیە هەست بە ئازارێکی سووک، خوران وسوتان بکەیت لەسەر پێستت هەروەها پەڵەی وەک لیر و پەڵەی سوور، مۆر یان قاوەیی دەربکەوێت.
پێوەدانی جەلی ماسی مەترسیدارتر زیانی گەورەتر دەبێت، پێویستە دەستبەجێ داوای یارمەتی پزیشکی بکەی ئەگەر ئەم نیشانانە دەرکەوتن:
•سەختی هەناسەدان
•ئازاری سنگ
•گرژبوونی ماسولکەکان
•سڕبوون
•ڕشانەوە
•قورسی قوتدان
•ئارەقکردنی زۆر
چارەسەرەکان:
چارەسەری پێوەدانی لالەی دەریا [٣٥]بریتییە لە چارەسەری سەرەتایی و چارەسەری پزیشکی.
چاودێری فریاگوزاری سەرەتایی لە ماڵەوە زۆربەی پێوەدانی جەلی ماسی بەم شێوەیە چارەسەر دەکرێت:
١- بە موکێشێک قۆچەکانی بە وریاییەوە لێبکەرەوە.
٢- شوێنی پێوەدانەکە بە سرکە بۆ ماوەی ٣٠ چرکە بشۆ، سرکە سەلامەت و کاریگەرە بۆ هەموو جۆرەکانی پێوەدانی لالەی دەریا، بە خێرایی هەزاران خانەی بچووکی پێوە نەگیراو ڕادەگرێت کە لەسەر ڕووی پێست بەجێماون پاش بەرکەوتنی قۆچەکان.(ئەگەر سرکە بەردەست نەبوو، دەتوانرێت شوێنی پێوەدانەکە بە ئاوی زەریا بشۆرێت).
ئاگاداربە: ئاوی سازگار و کهول بەکارمەهێنە بۆ شوێنی پێوەدانەکە.
٢- پێویستە شوێنی پێوەدانەکە لە ئاوی گەرمدا تەڕ بکەیت بۆ ماوەی (٢٠-٤٥ خولەک)، پلەی گەرمی ئاوەکە دەبێت نزیکەی (٤٢-٤٥ پلەی سەدیی) بێت.
٣- مەیخشێنە لە لمدا، هیچ پەستانێک مەخەرە سەری و مەیڕوشێنە.
٤- پاش خوساندنی لە ئاوی گەرمدا، دژە هیستامین یان کرێمی ستیرۆید وەک کرێمی کۆرتیزۆن بەکار بهێنە، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئازار و خوران هەروەها دەتوانیت پاکەتی سەهۆڵ یان ئاوی گەرم بەکاربهێنیت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و هەڵئاوسان.
چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانە:
هەندێک [٣٦]پشکنین ئەنجام دەدەن لەوانە پشکنینی میز، خوێن و تیشکی سنگ هەروەها پێوانی ڕێژەی لێدانی دڵ، هەناسەدان، پلەی گەرمی و پەستانی خوێن دەکەن لە ئەگەری هەبونی هەر کێشەیەک چارەسەر دەکرێن.
ئەو دەرمانانەی پزیشک بەکاری دەهێنێت ئەمانە لەخۆ دەگرێت:
•ئازارشکێنەکان: یارمەتیدەر دەبن بۆ کەمکردنەوەی ئازار.
•دژە ڤێنین: دژە ڤێنین یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێچەوانەکردنەوەی کاریگەری ژەهر.
دژە ژەهری سندوقی جەلی ماسی بەو کەسانە دەدرێت کە نەخۆش دەکەون دوای پێوەدانیان لەلایەن سندوقی جەلی ماسی هەروەها بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە ئازاری زۆریان هەیە و بە دەرمانی ئازارشکێن کۆنتڕۆڵ ناکرێت.
•دژە هیستامین: دژە هیستامینەکان یارمەتیدەر دەبن لە کەمکردنەوەی خوران و لیر.
زۆربەی پێوەدانی لالەی دەریا لە دوای چەند کاتژمێرێک کەسەکە چاک دەبێتەوە، بەڵام هەندێک پێوەدان دەبێتە هۆی وروژاندنی پێست یان لیر کە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، پێوەدانی جۆرە مەترسیدارەکان لە ماوەی ٤-٤٨ کاتژمێردا دەبێتە هۆی مردن، هەندێک پێوەدانی سندوقی جەلی ماسی دەتوانێت مرۆڤ لە ماوەی چەند خولەکێکدا بکوژێت.
خۆپاراستن:
١- مەلە مەکە لە ناو ئاوێکدا کە لەوانەیە جەلی ماسی تێدابێت و لۆشنی پارێزەر بەکاربهێنە.
٢- جلی پارێزەر بپۆشە.
٣- هەرگیز دەست لە جەلی ماسی مەدە، تەنانەت ئەگەر مردبێت هێشتا دەتوانێ پێوەت بدات چونکە پێکهاتەی خانەکانی کیسەکانی نێمەتسست بۆ ماوەیەکی درێژ پاش مردنی لالەی دەریا هەر دەمێننەوە.
سودەکانی
[دەستکاری]سەرچاوەی خۆراکی:
لە هەزاران جۆر لالەی دەریا لە سەرانسەری جیهاندان تەنها ١١ جۆر دۆزراونەتەوە کە شیاون بۆ خواردن بۆنمونە جەلی ماسی مانگ، وەک پێکهاتەیەک لە خواردنە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردەهێنرێن، لە وڵاتانی ڤێتنام، ژاپۆن، چین و کۆریا دەخورێن، چەندین جۆری خواردن دەتوانرێت بە جەلی ماسی ئامادە بکرێت لەوانە زەڵاتە و سوشی بەگشتی لە هەندێک وڵاتی ئاسیا بە خواردنێکی خۆش دادەنرێت.
تایبەتمەندی خۆراکی زۆر باشی هەیە، کابۆهیدرات و کالۆری کەمە بەمەش دەبێتە هەڵبژاردەیەکی پەسەند بۆ دابەزاندنی کێش، سەرچاوەیەکی باشی توخمە سەرەکیەکان، دژە ئۆکسیدەکان، کانزاکان و خۆراکە گرنگەکانی دیکەیە.
سەرەڕای ئەوەش، سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ پرۆتین کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستی ماسولکەکان لەکاتی ڕێجیمدا هەروەها دەوڵەمەندە بە ترشە ئەمینی کە بەشێکی دانەبڕاوەیە لە گەشەکردن و چاککردنەوەی خانەکان، تایبەتمەندی دژە ئۆکسیدیان زۆرە کە ڕێگە لە زیانی خانەکان دەگرێت و فشاری ئۆکسجین کەم دەکاتەوە و مەترسی نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەم دەکاتەوە ئەم دژە ئۆکسیدە بەهێزانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەهێزکردنی تەندروستی گشتی لە ڕێگەی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و کەمکردنەوەی هەوکردن، بوونی ترشە چەوری “ئۆمیگا ٣” وایان لێدەکات خۆراکی تەندروستتر بن چونکە ترشە چەورییەکانی “ئۆمیگا ٣” ڕێگری لە چەوری دەکەن بە درێژایی دیواری خوێنبەرەکان و یارمەتیدەرن بۆ ڕێگرتن لە نەخۆشییەکانی دڵ.
[٣٨]یەک کوپ (٥٨گرام) جەلی ماسی وشک پێکهاتووە لە:
کالۆری: ٢١
پرۆتین: ٣ گرام
چەوری: ١ گرام
سیلینیۆم: ٪٤٥ ی بەهای ڕۆژانە
کۆلین: ٪١٠ی DV
ئاسن: ٪٧ی DV
سەرچاوەی دەرمان:
دەوڵەمەندە بە کۆلاجین کە پرۆتینێکی گرنگە پاڵپشتی نەرمی پێست، تەندروستی جومگەکان، چاککردنەوەی شانەکان دەکات و پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی پێست و یارمەتیدەرە بۆ چاکبوونەوەی برینەکان.
ژەهری لالەی دەریا بە سەرچاوەیەکی سەرنجڕاکێش دادەنرێت لە پەرەپێدانی دەرمانی نوێ بۆ چارەسەری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان.
لەکاتی ڕاماڵین بەناو ئاودا لالەی دەریا پەناگە و پاراستن بۆ هەندێک جۆری ماسی دابین دەکات و وایان لێدەکات خۆیان لە ئاژەڵە دڕندەکان بشارنەوە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە بووکی دەریا تێدایە. |
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ «Five jaw-dropping facts about jellyfish». One Earth (بە ئینگلیزی). لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «What is a jellyfish?». www.nhm.ac.uk (بە ئینگلیزی). لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «nervous system in jellyfish - گهڕانی Google». www.google.com. لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ UCL. «Question of the Week: Why do box jellyfish have eyes? | UCL Researchers in Museums». blogs.ucl.ac.uk (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ ourworldunderthewaves، Author (2017-10-31). «Box Jellyfish- For your eyes only». Our world under the waves (بە ئینگلیزی). لە 2024-10-30 ھێنراوە.
{{cite web}}
:|first=
has generic name (یارمەتی) - ^ «6 things you may not know about jellyfish». PBS News (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١٧. لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «Did you know some jellyfish glow?». www.curioustem.org. لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «Bioluminescence: light in the dark». www.nhm.ac.uk (بە ئینگلیزی). لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «Radial canals - (General Biology I) - Vocab, Definition, Explanations | Fiveable». library.fiveable.me. لە 2024-11-30 ھێنراوە.
- ^ Spencer، Erin (٢٦ی نیسانی ٢٠٢١). «How Do Jellyfish Sting?». Ocean Conservancy (بە ئینگلیزی). لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «nematocysts other name - گهڕانی Google». www.google.com. لە 2024-11-30 ھێنراوە.
- ^ Beckmann، Anna (2012). «The nematocyst: a molecular map of the cnidarian stinging organelle». The International Journal of Developmental Biology. 56 (6–8): 577–582. doi:10.1387/ijdb.113472ab. ISSN 1696-3547. PMID 22689365.
- ^ «Porins - MeSH - NCBI». www.ncbi.nlm.nih.gov. لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ olivia.congdon@science.org.au (٢٧ی ئازاری ٢٠١٩). «All about jellyfish stings». Curious (بە ئینگلیزی). لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «Species in the Spotlight: Jellyfish». Dive Buddies 4 Life (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). 2018-08-30. لە 2024-11-30 ھێنراوە.
- ^ Willingham، Brent (2019-09-18). «10 Things You Didn't Know About Jellyfish - Custom Printed Dive Logs | Branded Diving Logs». Custom Printed Dive Logs | Branded Diving Logs (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە 2024-11-09 ھێنراوە.
- ^ «Stinging cells help jellyfish to mate». Nature (بە ئینگلیزی). 524 (7566): 390–390. 2015-08. doi:10.1038/524390c. ISSN 1476-4687.
{{cite journal}}
: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|date=
(یارمەتی) - ^ study.com https://study.com/academy/lesson/moon-jellyfish-habitat-reproduction.html#:~:text=Jellyfish%20typically%20release%20sperm%20and,her%20eggs%20are%20fertilized%20internally. لە 2024-11-09 ھێنراوە.
{{cite web}}
: پارامەتری|title=
ونە یانیش واڵایە (یارمەتی) - ^ «The life cycle of a jellyfish: Spawning, cloning and immortality». Two Oceans Aquarium (بە ئینگلیزی). 2022-01-17. لە 2024-11-09 ھێنراوە.
- ^ «Jellyfish Life Cycle: Introduction, Life Cycle, FAQs». BYJUS (بە ئینگلیزی). لە 2024-11-09 ھێنراوە.
- ^ «Lion's Mane Jellyfish». Oceana Canada (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە 2024-11-06 ھێنراوە.
- ^ «Freaky Facts About the Lion's Mane Jellyfish». ThoughtCo (بە ئینگلیزی). لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ Ecology، Journal of Animal (٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١). «How and what do jellyfish see?». Animal Ecology in Focus (بە ئینگلیزی). لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «Box Jellyfish | National Geographic». Animals (بە ئینگلیزی). ١٠ی ئەیلوولی ٢٠١٠. لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ US Department of Commerce، National Oceanic and Atmospheric Administration. «What is the most venomous marine animal?». oceanservice.noaa.gov (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «Pedalia - (General Biology I) - Vocab, Definition, Explanations | Fiveable». library.fiveable.me. لە 2024-11-27 ھێنراوە.
- ^ «Pedalia - (General Biology I) - Vocab, Definition, Explanations | Fiveable». library.fiveable.me. لە 2024-11-25 ھێنراوە.
- ^ «Pain researchers find antidote to deadly box jellyfish sting». The University of Sydney (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «box jellyfish cause of irukandji syndrome - گهڕانی Google». www.google.com. لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ Kong، Erwin L. (2024)، «Irukandji Syndrome»، StatPearls، Treasure Island (FL): StatPearls Publishing، PMID 32965935، لە 2024-10-03 ھێنراوە
- ^ «Cool Cannonball Jellyfish Facts». ThoughtCo (بە ئینگلیزی). لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/17451000.2021.1887495#:~:text=The%20cannonball%20jellyfish%20Stomolophus%20meleagris,patterns%20on%20the%20umbrella%20surface.
{{cite web}}
: پارامەتری|title=
ونە یانیش واڵایە (یارمەتی)ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «Blue jellyfish | The Wildlife Trusts». www.wildlifetrusts.org (بە ئینگلیزی). لە 2024-10-30 ھێنراوە.
- ^ «Blue Jelly (Cyanea lamarckii)». iNaturalist (بە ئینگلیزی). لە 2024-10-30 ھێنراوە.
- ^ «Jellyfish stings - Diagnosis and treatment - Mayo Clinic». www.mayoclinic.org. لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «Jellyfish stings Information | Mount Sinai - New York». Mount Sinai Health System (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «Chuka Kurage Which Popular for Japanese People of Different Material Seasoned Jellyfish with Sesame Oil Suppliers - Quotation - Yangqi». m.sushiseafood.com (بە ئینگلیزی). لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «Jellyfish: Benefits, Nutritional Value, Side Effects & Recipes». HealthifyMe. ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢. لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.