بنبڕکردن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بنبڕکردن (بە ئینگلیزی: Eliminationism) بریتییە لەو بیروڕایەی کە ڕکابەرە سیاسییەکان بە شێرپەنجەی قەوارە و ئەزموونی سیاسی دادەنێت کە دەبێت لەناو ببرێن و دوور بخرێنەوە بە شێوازی جیاکردنەوەیان لە کۆمەڵگە، سانسۆرکردن یان بنبڕکردنی ڕاستەوخۆیانە بەمەبەستی پارێزگاری کردن و ھێشتنەوەی " ڕەسەنایەتی-پاکی" نەتەوە و کۆمەڵەگە.[١]

وشەڕەتناسی[دەستکاری]

زانا و نووسەری سیاسی "دانیاڵ گۆڵدھەیگن - Daniel Goldhagen"ی بە ڕەچەڵەک ئەمریکی دەستەواژەی "بنبڕکردن"ی داڕشتووە لە کتێبەکەی ساڵی ١٩٩٦ دا بە ناونیشانی "پیاوکوژە (جەلادە) ئامادەکانی ھیتلەر - Hitler's Willing Executioners" کە پێی وایە ھاونیشتمانییە ئەڵمانییەکان نەک تەنھا ئاگاداربوون لە ئەنجام دانی ھۆلۆکۆست بەڵکو تەنانەت پاڵپشتیشیان لێ کردووە بەھۆی ھەبوونێکی قوڵ و پتەوی چەمکی "بنبڕکردن و سڕینەوەی سامییەکان" لە ناسنامە و کەسایەتی ئەڵمانی دا کە گەشەی سەندبوو لە سەدەکانی ڕابردوودا.[١]

کاریگەرییەکان[دەستکاری]

لە کتێبی "خراپتر لە جەنگ: کۆمەڵکوژی، بنبڕکردن، و ھێرشە بەردەوامەکانی سەر مرۆڤایەتی" ساڵی ٢٠٠٩، نووسەر دانیاڵ گۆڵدھەیگن پێ دادەگرێت لەسەر ئەوەی کە بیروڕای بنبڕکردن ھۆکاری ڕیشەیی و سەرەکیی ھەموو کۆمەڵکوژییەکانە کە لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمین ئەنجام دراوە، ئەمانەی خوارەوەش بەشێکن لێی:[٢]

  • لاقەکردن لە ماوەی جەنگ دا لە دارفور (٢٠٠٣ – ٢٠١٠)
  • پەلامارە خۆکوژییەکان لەلایەن تیرۆرستە ئیسلامییەکانەوە.
  • کۆمەڵکوژیی ڕواندا (١٩٩٤)
  • سڕینەوەی نەژادی و کۆمەڵکوژی لە ماوەی جەنگی یوگۆسلاڤیا (١٩٩١ – ١٩٩٩)
  • کۆمەلکۆژیی کەمبۆدیا (١٩٧٥ – ١٩٧٩)
  • کردە سەربازییەکانی کۆندۆر لە ئەمریکای لاتینی (١٩٧٣ – ١٩٨٥)
  • کردە کوشتارگەیییەکان لە خێوەتگە زۆرملێیەکانی ئاشویتس (١٩٤٤ – ١٩٤٥)
  • بۆردومانە ئەتۆمییەکانی سەر ھیرۆشیما و ناگاساکی (١٩٤٥)
  • خێوەتگە زۆرملێیەکانی بەڕیتانیا بۆ ڕەچەڵکی ماو ماو دوای ڕاپەڕینەکانیان لە کینیا (١٩٥٢ – ١٩٦٠) و لە ماوەی جەنگی بۆێر (١٨٨٠ – ١٨٨١، ١٨٩٩ – ١٩٠٢)

ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی "دەیڤد نیوێرت - David Neiwert" لە ساڵی ٢٠٠٩ دا گفتووگۆی لەسەر ئەوە دەکرد کە دیاردەی گوتار و لێدوانی بنبڕکردن بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە لە باڵی ڕاستڕەوەکانی ئەمریکادا کە ھاندەری سەرەکی لێدوانە توندڕەوانەکانە لە چاوپێکەوتنە ڕادیۆیی و نووسینەکاندا و، ئەگەرێکی زۆری ھەیە ڕێخۆشکەر بێت لە سەرھەڵدانی تیرۆریسمدا.[٣]

پرۆفیسۆری ئەمریکی لە بواری یاسا، "فیلیس ئــ. بێرنارد - Phyllis E. Bernard" پێی وایە کە دەستتێوەردانەکانی ئەمریکا لە ڕووداوەکانی رواندا و نەیجیریا کە وای دەکرد چارەسەری ململانێ و کێشەکان لەسەر شێوازی ئەمریکی بێت. ئەم جۆرە مامەڵەیە دەکرێت یارمەتیدەر و ڕێ خۆشکەر بێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بتوانێت بابەتەکانی بیروڕای "بنبڕکردن" تاوتوێ بکات و، کاریگەریی ھەوڵی نەھێشتنی لەسەر کۆمەڵگە زیاد بکات.

"سیوەدۆر ن. کۆفمەن – Theodore N. Kaufman "، لە ساڵی ١٩٤١ دا خۆبەخۆیی کتێبی "ئەڵمانیا دەبێت لەناوبچێت! - Germany Must Perish!" لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە. لە کتێبە ١٠٤ پەڕەکەیدا، کۆفمەن بانگەوازی دەکرد بۆ لەناوبردن و بنبڕکردنی ھەموو ئەڵمانییەکان و داگیرکردن و بەشکردنی ھەموو ناوچەکانی ئەڵمانیا. ئەم کتێبە نادیارە گرنگییەکی زۆر کەمی پێ درا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڵام دواتر لەلایەن رژێمی نازییەکانەوە وەک بەڵگە بەکار دەھات لەسەر دەسیسەی (پیلانگێڕی) جوولەکەکان بۆ لەناوبردنی ئەڵمانیا و ئەڵمانییەکان. لە کاتی پروپاگەندەی جەنگدا، نازییەکان ھەڵدەستان بە چاپکردنی چەند دەق و نووسینێک لە کتێبەکە وەک نیشانەیەک بۆ ڕوانینەکانی ھێزی ھاوپەیمانان لەسەر ئەڵمانیا و، ئەمەیش بووە ھۆی پاساو و بەھانەیەک بۆ نازییەکان لە بەردەوامبوونیان لە چەوساندنەوە و لەناوبردنی جوولەکەکان لە ھۆلۆکۆستدا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Bernard, Phyllis E. (June 12, 2009). "Eliminationist Discourse In A Conflicted Society: Lessons For America From Africa?". Retrieved 2009-12-25. {{cite journal}}: Cite journal requires |journal= (help)
  2. ^ Gray, John (4 February 2010). "Worse Than War: Genocide, Eliminationism and the Ongoing Assault on Humanity By Daniel Jonah Goldhagen". Retrieved 2010-03-15. {{cite journal}}: Cite journal requires |journal= (help)
  3. ^ Holland, Joshua (12 June 2009). "The Terrorist Threat: Right-Wing Radicals and the Eliminationist Mindset". Archived from the original on 2009-07-23. Retrieved 2009-07-23. {{cite journal}}: Cite journal requires |journal= (help) ٢٣ی تەممووزی ٢٠٠٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.