ئەنارکی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

ڕیشەی وشەی ئەنارکی “anarchy“ بۆ زمانی یۆنانی دەگەڕێتەوە. پێشگری(an) یا (a) بە واتای “نا”، “بەبێ”، “نەبوون” لەتەک واژەی archos کە بە واتای “فەرمانڕەوا”، “بەرێوەبەر”، “سەرۆک”، “فەرماندەر” یا “دەسەڵاتدار” دێت، یا بەو جۆرەی کە پیتەر کرۆپۆتکین Peter Kropotkin لە بارەیەوە دەڵێت “ئەنارکی ڕیشەی یۆنانی ھەیە و بە واتای “دژە دەسەلات” دێت.“ [Anarchism، p. ٢٨٤]

لە کاتێکدا کە واژە یۆنانییەکانی anarchos و anarchia بە زۆری بە “نەبوونی میری” یا “بێ دەوڵەتی” لێک دەدرێنەوە، واتای ڕەسەنی ئەنارکیزم تەنیا بە واتای “بەبێ دەوڵەت” نییە. “An-archy” بە واتای ” بەبێ فەرمانڕەوا” و یا بە شێوەیەکی گشتی بە واتای “بێ سەروەری“ە. بۆ نموونە کرۆپۆتکین ئاوا مشتومڕی لەسەر دەکات، کە ئەنارکیزم “ نەک تەنیا ھێڕش دەکاتە سەر سەرمایە، بەڵکو ھێڕش دەکاتە سەر ڕیشەکانی – یاسا، دەسەڵاتی سەرمایە و سەروەری و دەوڵەت- .“ [Op. Cit.، p. ١٥٠] بۆ ئەنارکیستەکان، ئەنارکی بەو جۆرەی کە بەگشتی وێنا دەکرێت، بە واتای بێسەرەوبەرەیی نییە، بەڵام بە واتای نەبوونی دەستوور و فرمانە.“[Benjamin Tucker، Instead of a Book، p. ١٣] لەم ڕووەوە باشترە سەرنجی کورتەیەکی زۆر جوانی داڤید وایک David Weick لەمەڕ ئەنارکیزم بدەین:

“ ئەنارکیزم دەتوانرێت وەک بیرێکی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی دەرک بکرێت، کە دژی ھەموو جۆرە دەسەڵات، فەرمانڕەوایی، زاڵیی و چینبەندییەکی قوچکەییە، ویست و داخوازیگەلێکە بۆ سڕینەی ھەموو ئەوانە…. بەم پێیە ئەنارکیزم شتێکە واوەتر لە دژەدەوڵەتی …. ھەرچەندە ئەگەر میری (دەوڵەت) … بە دیاریکراوی ناوەندی ڕەخنەی ئەنارکیستەکان بێت“ [Reinventing Anarchy، p. ١٣٩]

لەبەر ئەوە، ئەنارکیزم لە بنەڕەتدا لەبری ئەوەی دژەدەوڵەت یا دژەمیری بێت، بزاڤێکە دژی پێکھاتەی قوچکەیی (hierarchy ). بۆچی؟ چونکە “پلەبەندییە قوچکەییەکان” پێکھاتەیەکی ڕێکخراون، کە چێتی بە فەرمانڕەوای دەبەخشن. لەو کاتەوەی کە دەوڵەت باڵاترین جۆری پلەبەندی قوچکەییە، ئەنارکیستەکان، دژە دەوڵەتن، بەڵام ئەمە پێناسەیەکی تەواو نییە بۆ ئەنارکیزم. ئەمە بەو واتایەیە کە ئەنارکیستە کەتوارییەکان نەک تەنیا دژی دوڵەتن، بەڵکو دژی ھەموو جۆرە ڕێکخراوێکی پلەبەندی قوچکەیین. براین مۆریس Brian Morris واتەنی:

“واژەی ئەنارکی ڕیشەیەکی یۆنانی ھەیە و لە بنەڕەتدا بە واتای نەبوونی فەرمانڕەوا دێت. ئەنارکیستەکان کەسانێکن کە ھەموو جۆرە میرییەک و دەسەلاتێکی سەپاو، ھەموو پێکھاتە قوچکەییەکان و دەسەڵاتخوازییەک ڕەت دەکەنەوە. بەم پێیە وەک ئەنارکیستی مەکسیکی فلۆرێس ماگۆن Flores Magon پێی دەڵێت: “ئەنارکیستەکان “دژی سێکوچکەی” - دەوڵەت، سەرمایە و کلیسا-ن. لەم ڕووەوە، ئەنارکیستەکان لەپاڵ دژایەتی سەرمایەداری و دەوڵەتدا، دژی ھەموو جۆرە جۆرە دەسەڵاتە ئایینییەکانن. بەڵام ئەنارکیستەکان لە بەرامبەر ئەوەدا، بە شێوازی جیاواز، ھەوڵی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پێکھاتوو لە ئەنجوومەنە خۆبەشەکانن، لەسەر بنەمای یەکگرتنی ئازادانەی فیدراسیۆنەکان، دوور لە ناوەندێتی و ڕێکخستنە سەروخوارییەکان“ [Anthropology and Anarchism، pp. ٣٥-٤١، Anarchy: A Journal of Desired Armed، no. ٤٥، p. ٣٨]

ئاوڕدانەوە لە واژەی “پلەبەندی قوچکەیی” لەم دەقەدا بۆ گەشەیەکی نوێی چۆنایەتی دەگەڕێتەوە - ئەنارکیستە کلاسیکەکان لەوانە پرۆدۆن ، باکونین و کرۆپۆتکین ئەگەر چی ئەم واژەیان بەکار بردووە، بەڵام زۆر کەم ( ئەوان بەگشتی واژەی “دەسەڵات - authority” کە کورتکراوەی ” لایەنگری دەسەڵاتداری- authoritarian” بووە، بەکار دەبەن.) ھەرچەندە لە نووسینەکانی ئەواندا دەردەکەوێت، فیلۆسۆفییەک بووە دژی پلەبەندی قوچکەیی و دژی نایەکسانی لە دەسەڵات و ھەڵاواردن لەنێوان تاکەکان. باکونین، لەم بارەوە قسەی کرد، کاتێک کە ھێرشی کردە سەر دەسەڵاتە “فەرمی”یەکان و بەرگری لە کارایی سروشت کرد، ھەروەھا وتی:

“ ئایا دەتەوێت ھیچ کەس نەتوانێت زۆر و ستەم لە ھاوجۆری خۆی بکات؟ دەی دڵنیابە لەوەی کە نابێت ھیچ کەس لە ژێڕ ڕکێفی دەسەڵاتی کەسێکی دیکەدا بێت“[The Political Philosophy of Bakunin، p. ٢٧١]

ھەروەک جیف دراوگن Jeff Draughn تێبینی کردووە، “ لەبەر ئەوەی کە ھەردەم بەشێک لە ‘پرۆژەی شۆڕش‘ پەردەپۆشکراوە، تەنیا لەم دواییانەدا چەمکی دژە پێکھاتەی قوچکەیی وردتر واتای خۆی وەرگرت. لەتەک ئەوەشدا، ڕیشەی ئەم ڕاستییە بەرجەستەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڕیشەکانی واژەی ‘ئەنارکی‘ “ [Between Anarchism and Libertarianism: Defining a New Movement] **

دووبارە پێی لەسەر ئەوە دادەگرینەوە، کە دژایەتی لەتەک پلەبەندی قوچکەیی، بۆ ئەنارکیستەکان، تەنیا بە میری و دەوڵەت بەرتەسک نابێتەوە. ئەم دژایەتییە تەواوی دەسەڵاتدارییە ئابووریییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایتییەکان، ھەروەھا ڕامیارییەکانیش، بەتایبەت ئەو پەیوەندییانەی کە بە خاوەندارێتی سەرمایەداری و کرێکاری کرێگرتەوە، وابەستەن. دەتوانین ئەمە لە بەڵگەنامەکانی پرۆدۆن دا وەھا ھەڵسەنگێنین “سەرمایە … لە زەمینەی ڕامیاریدا ھاوشێوەی میرییە … بۆچوونگەلی ئابوورییانەی سەرمایەداری، ڕامیاری میری و دەسەڵاتداران و بۆچوونگەلی خوداناسانەی کلیسا، ھاوشێوەی یەکترن و بە ڕێگەی جۆراوجۆر بەیەکترەوە بەستراون. ھێڕش بۆ سەر یەکێکیان، ھاوتای ھێڕشە بۆ سەر ھەموویان… ئەوەی کە سەرمایە بە کرێکار و دەوڵەت بە ئازادی ڕەوای دەبینێت، ھەمان شتە کە ئایین بە گیانی ڕەوا دەبینێت. ئەم سێکوچکە سەرکوتگەرانە بە ھەمان ڕادەی کە لە فیلۆسۆفیدا ژەھراوییە، لە کەتواریشدا ژەھراوییە. کاراترین ڕێگەی ستەمکردنە لە خەڵک، کە ھاوکات جەستە و ویست و ژیرییان کۆیلە دەکات.“ [quoted by Max Nettlau، A Short History of Anarchism، pp. ٤٣-٤٤] سەرەنجام بەوە دەگەین کە ئێما گۆڵدمان دژی سەرمایەداری پێیگەییشت “ مرۆڤ دەبێت کاری بفرۆشێت، لەبەر ئەوە، حەز و داوەرییەکانی ملکەچی ویستی خاوەنکار دەبن.“ [[Red Emma Speaks، p. ٥٠] چڵ ساڵ لەوەوپێشتر باکونین ئەم خاڵەی دەستنیشان کرد، کە لە سایەی سیستمی ھەنووکەیدا “ کرێکار کەسێتی و ئازادی خۆی لەبەرمبەر کرێدا بە سەرمایەدار دەفرۆشێت. “ [Op. Cit.، p. ١٨٧]

بەم پێیە، “ئەنارکی” واوەتر لە نەبوونی میریی، دەگەیێنێت. ئەنارکی بە واتای دژایەتی لەتەک ھەموو جۆرەکانی ڕێکخراوە دەسەڵاتخوازەکان و پلەبەندییە قوچکەییەکان دێت. کرۆپۆکین واتەنی “ ڕیشەی بنیاتنانی کۆمەڵگەی ئەنارکیستی … لە ڕەخنە گرتن لە پێکھاتەی قوچکەیی دامودەزگەکان و چەمکەکانی کۆمەڵگەی دەسەڵاتخوازی و شیکردنەوەی ئەو ئاراستانەدایە کە لە بزاڤە پێشکەوتنخوازەکاندا خۆیان دەردەبڕن.“ [Op. Cit.، p. ١٥٨] ئەنارکیزم، لای ئێریکۆ مالاتێستا “لە یاخیبوونی مۆراڵی لە دژی ستەمی کۆمەڵایەتیدا لەدایک بوو.“ ئەوەی کە “ لەبەر ھۆکاری دیاریکراوی نەھامەتییە کۆمەڵایەتییەکانە” کە توانرا لە خاوەندارێتی سەرمایەداری و دەوڵەتدا پەیان پێ ببرێت.“ کاتێک کە مرۆڤی ستەمدیدە “ھەوڵی لەناوبردنی دەوڵەت و خاوەندارێتییەکەی دا، ئەو کاتە بوو، کە ئەنارکیزم لە دایک بوو.“ [Errico Malatesta: His Life and Ideas، p. ١٩]

سەرەنجام، ھەر جۆرە ھەوڵێک بۆ نیشاندانی ئەنارکی تەنیا وەک دژەدەوڵەت، ھەڵەیەکە لە لێکدانەوەی واژەکە و ڕێگەیەک کە بزاڤی ئەنارکیستی گرتوویەتییە بەر. بەو جۆرەی کە براین مۆریس دەستنیسانی دەکات “ کاتێک کە کەسێک نووسراوەی ئەنارکیستە کلاسیکەکان ھەڵدەداتەوە … وێرای سروشتی بزاڤی ئەنارکیستی … دەردەکەویت کە ئەنارکی ھیچ کات [تەنیا بە دژەدەوڵەت] بەرتەسک نەبووەتەوە. ئەنارکی ھەمیشە دژی ھەموو جۆرە دەسەڵات و بەھرەکێشی خەباتی کردووە و بە ھەمان شێوەیەش ڕەخنەی لە سەرمایەداری، ئایین و دەوڵەت ھەبووە.“ [Op. Cit.، p. ٤٠]

ھەروەھا بۆ راستکردنەوە و فراوانکردنی دەربڕینەکە، ئەنارکی (anarchy) بە واتای بێسەرەوبەرەیی (chaos) نییە و ھیچ کات ئەنارکیستەکان ھەوڵی ئافەراندنی بارێک لە بێسەرەوبەرەیی و ئاژاوەگیڕی نادەن. لەبەرامبەر ئەوەدا، ئێمە خۆزگە بە ئافەراندنی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای ئازادی تاک و ھەرەوەزی خۆبەخشانە، دەخوازین. بە واتایەکی تر، ڕێکخستن لە خوارەوەڕا بۆ سەرەوە، نەک لەسەر بنەمای بێسەرەبەرەیی لە سەرەوەڕا بۆ خوارەوە و ڕێکخراو لەلایەن دەسەڵاتدارانی باڵاوە. کۆمەڵگەیەکی وەھا، کۆمەڵگەیەکی ئەنارکی راستەقینەی بێ سەروەر دەبێت.

لە کاتیکدا کە ئێمە لە بەشی یەکەمدا لەمەڕ واتای ئەنارکی دەکۆڵێنەوە، نائوم چامسکی Noam Chomsky ھەندێک لە لایەنە سەرەکییەکانی بەم جۆرە کورت دەکاتەوە، کاتێک کە لەبارەی کۆمەڵگەی ئازادی راستینەوە دەدوێت “ھەر جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان مرۆڤەکاندا کە واوەتر لە پەیوەندییەکی تایبەتیی بێت – بەو واتایەی کە شێوەیەکی دەزگەیی یا جۆریکی تر بەخۆوە بگرێت – لە کۆمەڵگەدا یا لە شوێنی کار، لە خێزاندا، لە کۆمەڵگەی گەورەتردا یا ھەر شتیکی تر، دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆی بەشداراندا دەبێت. بەم جۆرە واتە کرێکاران لە ئەنجومەنە پیشەسازییەکاندا، لە دیموکراتی گەلیی لە کۆمونیتییەکاندا، لە کارلێککردنی نێوانیاندا، کۆمەڵە ئازادەکان لە کۆمەڵگە گەورەکاندا، تا دەگاتە ڕێکخستنی کۆمەڵگەی نیونەتەوەیی. “ [Anarchism Interview] کۆمەڵگە بە ھیچ شێوەیەک بەسەر پێکھاتەیەکی سەرەوخواری وەک خاوەنکار و کرێکار یا میری و فەرمانبەراندا دابەش نابێت. لە بەرامبەر ئەوەدا، کۆمەڵگەیەکی ئەنارکیستی لەسەر بنەمای پەیوەندی ئازادانە لە بەشداری لە ڕێکخراوە ھەرەوەزییەکاندا پشتئەستوور دەبێت و لە خوارەوەڕا بۆ سەرەوە بەڕێوە دەبرێت. شایانی باسە، کە ئەنارکیستەکان لە ھەوڵی ئەوەدان تا ئەو ئاستەی بۆیان دەلوێت، ئەوڕۆکە وەھا کۆمەڵگەگەلێک، لە ڕێکخراوەکانیاندا، لە خەباتیاندا و لە چالاکییاندا، بەو رادەی کە دەتوانن، بئافرێنن.