گرووپی نەتەوەیی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە گرووپی ڕەگەزیەوە ڕەوانە کراوە)

گرووپی ڕەگەزی (بە ئینگلیزی: ethnic group) ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک مرۆڤ کە ئەندامانی ئەو کۆمەڵە تایبەتمەندیی خزمایەتی و باب و باپیری یەکسانیان ھەیە. ھەروەھا کۆمەڵە ئەتنیکییەکان خاوەنی ھاوبەشین لە بوارەکانی داب و نەریت، زمان، ھەڵسوکەوت و ئاییندا کە ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ نەوەکانی پێشوویان و یان لەسەر بنەمای ھۆکاری دیکە ھاتبوونە ئاراوە؛ بۆ کۆمەڵەیەکی نەتەوەیی دەتوانێت کۆمەڵگایەکی نەریتی بێت.

نەتەوە لە کۆمەڵگا فیۆدالییەکان و ئەو شوێنانەی کۆیلایەتی تێدا باو بووە ئاماژەیە بۆ جۆرێکی دیکەی ھاوبەشبوونی تاکەکان کە پێکەوە خزمایەتییان ھەیە و زمان و نیشتمان و داب و نەریتی ھاوبەشیان ھەیە بەڵام ئەم ھاوبەشبوونە ھێشتا ئەوەندە پتەو نییە و لە بازنەی نیشتمانیشدا ھێشتا ھاوبەشبوونی ئابووری نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست و تەواو.

جۆرەکانی ئەتنیک و ئەتنیسیتە[دەستکاری]

بە گشتی لە درێژەی مێژووی مرۆڤایەتیدا دوو جۆر ئەتنیستە یان قەومییەت بەدی دەکرێت، یەکەم ھەمان قەوم و دەگەڕێتەوە سەر پێوەندییە بنەماڵەیی و خزمایەتییەکان کە زیاتر عێل و عەشیرەمان دێنێتەوە یاد. لەگەڵ دەسپێکی کۆچکردنی کۆمەڵگا مرۆیییەکان جۆری دووھەمی ئەتنیکەکان ھاتە ئاراوە کە لە ڕاستیدا گوورانی کۆمەڵگاکانی لێکەوتەوە و گرووپە ئەتنیکییەکان کە تایبەتمەندیی ھاوبەشیان ھەبوو پێکەوە نەتەوەکانیان ساز کرد. ھێرشی چەکداری، کۆچ، بازرگانی و ئایینەکان بووەتە ھۆی گووران و پێگەیشتنی ئەتنیکە کۆنەکان. ھەر لەم پێوەندییەشدا جیاوازییە ئەتنیکی و نەوەیییەکان ھێشتا لە نێو ئەو ئەتنیکانەی لە وڵاتێکدا دەژین بەرچاو دەکەوێ.

نەتەوەکان و نەتەوایەتی[دەستکاری]

چەمکەکانی نەتەوە و نەتەوایەتی پێوەندییەکی چڕوپڕیان لەگەڵ چەمکەکانی گرووپی ئەتنیکی و ئەتنیسیتە ھەیە، بەڵام لە کۆمەڵگا سیاسییەکاندا لە باری واتاوە جیاوازییان ھەیە. ئەو خەڵکەی کە دەچنەوە سەر ئەتنیکێک و ڕەگەزی ھاوبەشیان ھەیە ڕەنگە لە وڵاتی جۆراوجۆردا بژین و سەر بە وڵاتێکی دیکە بن. وشەی nation لە وشەی nasciەوە وەرگیراوە کە واتای دەبێتە لەدایکبوون.

سیستەمی دەوڵەتی و دەسەڵاتی سیاسی ھەر وڵاتێک نەتەوەی ئەو وڵاتە دەستنیشان دەکات و زۆربەی وڵاتانی نەتەوەی تایبەتی خۆیان ھەیە؛ بەڵام ھەموو کۆمەڵگاکان یەکسان و ھاوشێوە نین. ھەندێ کۆمەڵگا چەندین ئەتنیک و ڕەگەزی جۆراوجۆریان تێدایە و لەم وڵاتانەدا کەمینەکان ھەوڵی بەدەستھێنانی دەسەڵاتی سیاسی دەکەن (وەک کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، کێبێکی کەنادا، خەڵکی خۆجێی ئەمریکا) و یان تەنانەت داواکاری سەربەخۆیین (وەک یۆگۆسلاڤیا، یان کوردەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) و ئەم بابەتە سەرھەڵدانی خواستی سەربەخۆییخوازانەی لێدەکەوێتەوە.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا[دەستکاری]

کۆمەڵێک لە گرووپە ئەتنیکییە جۆراوجۆرەکان لە ئەمریکا وەک «قەوم» و «ئەتنیک» ئاماژەیان پێدەکرێت. بۆ نموونە لە ئەمریکا گرووپە ئەتنیکییەکانی ئەمریکای لاتین و ئیسپانییەکان وەک «ھیسپانییەکان» بانگ دەکرێن. یان گرووپە جۆراوجۆرە ئاسیایییەکان وەک «ئاسیایییەکان» بانگ دەکرێن و ئەم بابەتە تەنانەت بۆ گرووپە خۆجێیەکانی ئەمریکاش ھەر وایە.

لە زمانی ئینگلیزیدا Ethnicity بازنەیەکی زۆر بەربڵاوتر لە پێوەندیی تاکێک و کۆمەڵگاکەی دەگرێتەوە و زیاتر دەگەڕێتەوە سەر پێوەندیی لەگەڵ ڕابردوویەک و کەلتووری ھاوبەش و ئاشکرا. لە ھەندێ زمانی دیکەدا ئەتنیسیتە و نەتەوە زۆر لێک نزیکن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]