کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی پەروەردەی مێینە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی پەروەردەکردنی مێینە لایەنێكی گەورە و سەرەکی لێكۆڵێنەوەکان پێكدەهێنێت لە گەشەسەندنە نێودەوڵيتییەکان دا. بەرزبوونەوە و زیادبوونی ڕێژەی وەرگرتنی پەروەردە لەلایەن کچان و ژنانەوە لە ناوچەکەدا پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی بەرچاوەی گەشە و بەرەوپێشچوون کە هەندێك لە بەرەوپێشچوونەکان پەیوەستن بە گەشەی ئابوورییەوە. پەروەردەکردنی کچان دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی کچان و گەشەی (تێکرای بەرهەمی ناوخۆیی - Gross domestic product - GDP ) وە هەروەها سوودی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی کچان و ئافرەتان.

وڵاتان و تاکەکەسان سوودبەخش دەبن لە پەروەردەی کچان. ئەو کەسانەی پارە و کات لە خوێندن و پەروەردەدا خەرج دەکەن لە بەرامبەردا بەشێوەیەکی تێکرایی داهاتێكی زیاتریان دەست دەکەوێت بە درێژایی ژیانیان. بەپێی ئابووریناسانی بانکی جیهانی سوودی پەروەردە لەسەر ئاستەکانی تاکەکەسی سوودێكی حاشاهەڵنەگر، جیهانی و گەردوونییە، بەتایبەتی بۆ کچان. بۆ نموونە دابینکردنی ساڵێكی زیادە بۆ کچان لە ئەنجام دا دەبێتە هۆی زیادکردنی داهات و مووچەکەیان بەڕێژەی ٪١٠-٢٠  بەڵام لە بەرامبەردا دابینکردنی سالێکی خوێندن بۆ کوڕان دەبێتە هۆی زیادکردنی داهات بە ڕێژەی لە ٪٥.[١]

پەروەردەکردنی کچان دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونێکی کۆمەڵایەتی بەرچاو. دیاردترین سوودە کۆمەڵایەتییەکان بریتییە لە کەمبوونەوەی ڕێژەکانی دووگیانیی، گیانلەدەستدانی کۆرپەلە و گیانلەدەستدانی دایکانی دووگیان. کەم کردنەوەی مەودای ڕەگەزیی لە پەروەردەدا ئاسانکاری دەکات بۆ یەکسانی ڕەگەزیی  کە دەبێتە هۆی خستنەوەی دەرفەتی یەکسان بۆ هاونیشتمانیان بەبێ گوێدانە ڕەگەز. پەروەردە سوودی هۆشداری و زیرەکی بەدەستهاتوویشی هەیە بۆ نموونە ڕاستییەکی زانراوە کە کچ و ژنانی پەروەردەکراو توانایەکی باشتریان هەیە لە کردەی بڕیاردان بۆ خۆیان و منداڵەکانیان لەو هەڵبژاردانەی پەیوەندی بەسەر لایەنی تەندروستییەوە هەیە. ئەم جۆرە زیرەکییە بەهەمان شێوە هانی ئافرەتان دەدات بەشێوەیەکی زیاتر بەژداری سیاسیی بکەن. چەند نموونەیەكی جۆراوجۆر هەیە کە ئافرەتانی خوێندەوار و پەروەردەکراو لە وڵاتانی پێشکەوتوودا توانویانە لەڕێگەی جوڵانە و چالاکی سیاسییەوە چەند پێگە و سوودێك بۆ خۆیان بگۆزنەوە. بەڵگەکان پیشانی دەدەن کە کۆمەڵگەیەکی خاوەن ئافرەتی باش پەروەردەکراو ئەگەرێكی زیاتری هەیە حکومەت و دەسەڵاتێكی دیکموکراتیانە هەڵبژێرن.[٢][٣]

پەروەردەکردنی ئافرەتان چەند سوودێکی دیکەی هەیە لە ناو ماڵ دا. ئافرەتانی پەروەردکراو چ خاوەنی کار بێت یان بێ کار بێت کەمتر پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی خێزانی و ناوخۆیی. ئافرەتانی پەروەردەکراو زیاتر بەژدارن لە کردەی بڕیاردان لە خێزانەکەیان دا. لە ماڵێك دا کە دایکەکە پەروەردەکراو و خوێندەوارە ئەوا ئەگەرێكی زیاتر هەیە کە منداڵەکانی و بەتایبەتی منداڵە کچەکانی بچنە بەر خوێندن و قوتابخانە. لەو ماڵانەی کە دایکەکە پەروەردەکراو نییە و خوێندەواری نییە ئەوا بەرنامەکانی خوێندن بۆ پێگەیشتووان دەکرێت بەناراستەوخۆ دایکان فێری نرخی پەروەردە بکات و هانیان بدات کە منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندن.

سەرەڕای هەموو ئەم سوودانە هەندێك بارودۆخ هەیە کە پەروەردەکردنی ئافرەتان کاریگەرییەکی کەمتری هەیە لەسە گەشە و بەرەوپێشچوون. لەڕووی ئابوورییەوە لەو ناوچانەی خاوەنی هەژارییەکی زۆر بەرزن سوودەکانی وەبەرهێنان کردن لە ئافرەتان دا زۆر کەمە. لە چەند بارێكیش دا ئەو پەروەردەیەی ئافرەتان وەریدەگرن لەڕووی ئاست و چۆنییەتییەوە زۆر کەمتر و نزمترە بە بەراورد بەوەی کوڕان وەریدەگرن کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گرنگی و کاریگەریی خوێندنەکە. ئەم دیاردەیە دەکرێت بە "بەرنامەی خوێندنی نادیار" ناوبنرێت کە تێیدا پاڵپشتی هەندێك بەها و کردەوە دەکرێت بۆ نموونە جەخت کردنەوە لەسەر باڵادەستیی و باشتربونی کوڕان کە لە ئەنجام دا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کچان قایل بن بەو دەرفەتە کارە باوانەی داهاتەکانیان کەمە و بۆ ئافرەتە زیاتر. کە هەندێك دیاردەی تردا بەرنامەی خوێندن بە تەواوی جیاوازە بۆ کچان و کوڕان. بۆ نموونە لە وڵاتی سعودییەی عەرەبی، بەپێی سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکە بەرنامەی خوێندن جیاوازە بۆ دوو ڕەگەزەکە و هەر ڕەگەزێك بواری پێدراوە لە چەند بوارێكی دیاریکراودا بخوێنن. لە قوتابخانە سەرەتاییەکان دا، قوتابییە کچەکان دوورینی جلوبەرگ، زانستی خێزانی و پەروەردەی منداڵ دەخوێنن و کوڕان دارتاشی و ئاسنگەریی دەخوێنن. دواتر لە قوتابخانە ناوەندییەکان دا خوێندکارە کوڕەکان دەرفەتی مەشقی پیشەیی و کردارییان پێ دەدرێت لە بەرامبەردا کچان ئەو جۆرە دەرفەتەیان نییە. [٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ UN. "United Nations Millennium Development Goals." UN News Center. http://www.un.org/millenniumgoals/gender.shtml (accessed November 24, 2013).
  2. ^ Patrinos, Harry. "Returns to Education: The Gender Perspective." In Girls' Education in the 21st Century: gender equality, empowerment, and economic growth. Washington DC: World Bank, 2008. 53-66.
  3. ^ Patrinos, Harry. "Returns to Education: The Gender Perspective." In Girls' Education in the 21st Century: gender equality, empowerment, and economic growth. Washington DC: World Bank, 2008. 53-66.
  4. ^ Hanushek, Eric. "Schooling, Gender Equity, and Economic Outcomes." In Girls' education in the 21st century: gender equality, empowerment, and economic growth. Washington DC: World Bank, 2008. 23-40