چواندنی نادروست

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

چەواشەکاری چواندنی نادروست یان چواندنی ھەڵە یان ئارگیومێنت لە لێکچوونەوە (بە ئینگلیزی: False analogy یان Argument from analogy) کاتێک ڕوودەدات کە کەسێک لە کاتی ئارگومێنت ھێنانەوەدا، لە لێکچوونە دروست دیاریکراوەکانی نێوان دوو شتەوە، دەرەنجامگیری لێکچوونی دیکە بخاتەڕوو. بەڵام چواندنانە ڕاست و ڕوون نین و پێویستیان ببە پشکنین و سەلمادنە.[١] چەواشەکاری چواندن جۆرێکە لە ئارگومێنتی ئیندێکتیڤ. لە ئارگومێنتی ئیندێکتیڤ، بنەماکانی ئارگیومێنتەکە پشتگیری لە ئەنجامەکە دەکەن لە ڕێگەی ئەگەرەوە بە کورتی چواندنی ناڕاست بریتییە لە گشتاندنی حوکمی بابەتێک بۆ بابەتێکی تر بەبێ ئەوەی لێکچوونێکی تەواو لەنێوانیاندا ھەبێت. لە لۆژیکدا بە بەراوردکردن دەوترێت ئەلەنۆگی.

یەکێک لە بەناوبانگترین چەواشەکارییەکان کە لەم بوارەدا ناسراوە بریتییە لە چواندنی کاتژمێرساز کە لە کتێبی لاھووتناسی سروشتی ویلیام پالیدا ھاتووە. ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە ھەروەک چۆن کاتژمێرێکی ئاڵۆز کە بەشێوەیەکی ڕێک و پێک کار دەکات و دروستکەرێکی زیرەکی ھەیە، بەھەمان شێوە ئەم گەردوونە و زیندەوەران کە پێکھاتەی ئاڵۆز و ڕێک و پێکیان ھەیە، ھەر بۆیە دروستکەرێکیان ھەیە. ڕیچارد داوکینز لە کتێبی کاتژمێرسازی کوێر دا قسەکانی ویلیام پالی ڕەتدەکاتەوە.[٢]

پێکھاتەی چەواشەکارییەکە[دەستکاری]

P و Q تایبەتمەندی ھاوبەش و ھاوشێوەیان ھەیە b و a و c.

بە پشتبەستن بە تاقیکردنەوە و چاودێریکردنەکە دیاری دەکرێت کە P تایبەتمەندی x ی ھەیە.

لە ئەنجامدا Q تایبەتمەندی x یشی ھەیە.[٣]

نموونەکان[دەستکاری]

  • «ھەروەک چۆن فڕۆکەیەک بەم ھەموو ئاڵۆزی و سەرسوڕھێنەرییەی کە ھەیەتی، دروستکەرێکی ھەیە، بەھەمان شێوە ئەم گەردوونە ئاڵۆز و نایابەش دروستکەرێکی ھەیە».

کەوایە دروستکەری جیھان مردووە ھەروەک چۆن دروستکەری فڕۆکە مردووە، ھەروەھا چۆن دروستکەری فڕۆکەکە ھەڵەی لە کارەکانیدا کردووە، بەھەمان شێوە دەبێت دروستکەری جیھانیش ھەڵەی کردبێت.

  • "جارێک جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتی: من ھەرگیز لەگەڵ سەرۆک مشتومڕ ناکەم، چونکە نابێت لەگەڵ یاریزانی ھێڵی ھێرشبەری موناقەشە بکەیت". »
لە ڕاستیدا چەواشەکاری چواندنی سەرەوە لەسەر بنەمای بەراوردکردنی دەزگایەکی وەکو حکوومەتە بە تیپێکی تۆپی پێ. لێرەدا جێگری سەرۆک ڕۆڵی سەرۆکی وەک یاریزانێکی ھێڵی ھێرشبەری لەبەرچاو گرتووە. لەو نموونەی سەرەوە لە لێکچوونەکانی نێوان حکوومەت و تیپی تۆپی پێ دەردەکەوێت کە ھەروەک چۆن مشتومڕکردن لەگەڵ یاریزانی ھێڵی ھێرشبەر و گۆڵکاری تیپەکە لە کاتی یارییەکەدا تیپەکە لاواز دەکات و مشتومڕکردن لەگەڵ سەرۆک و ڕەخنەگرتن لە کردەوەکانی تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، چالاکییەکانی حکوومەت لاواز دەکات. ھۆکاری نادروستی ئەو چەواشەکارییەی سەرەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەندامانی حکوومەت بە پێچەوانەی یاریزانانی تیپی تۆپی پێ، دەرفەتی زۆریان ھەیە بۆ بیستنی تێبینی و ڕەخنەکانی خەڵک. ھەرچەندە دەمەقاڵەکردن لەگەڵ ھێڵی ھێرشبەر ڕەنگە زیان بە تیپی تۆپی پێ بگەیەنێت، بەڵام ڕەخنەگرتن لە کارەکانی سەرۆک دەتوانێت ڕۆڵێکی بەسوود بگێڕێت لە گرتنەبەری سیاسەتی باشتر.
  • "حکومەت وەک خێزانێک وایە، ناتوانێت زیاتر لە داھاتەکەی خەرج بکات". »
ئەم چواندنە ڕاست نییە، چونکە حکوومەت زاڵە کۆمترۆڵی تەواوی ھەیە بەسەر سیستەمی ئابووری وڵاتدا بەڵام بنەماڵە نییەتی. حکوومەت دەتوانێت لە سیاسەتێکی دراودا، ڕێژەی سوودی قەرزەکانی بگۆڕێت و دراوی بانکی چاپ بکات.
  • «خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ چاودێری پزیشکی بۆ کەسانی بەساڵاچوو وەک ئەوە وایە پارە بەفیڕۆ بدەیت بۆ ئۆتۆمبێلێکی کۆن». ئۆتۆمبێلێک کە کۆن و لاواز بێت پێویستە فڕێ بدرێت.»
ئەم چواندنە دروست نییە چونکە مرۆڤ بە پێچەوانەی ئۆتۆمبێلەوە ئامراێک نییە کە دوای ئەوەی پەکیکەوت، فڕی بدرێت. ھەروەھا ناتوانرێت ھەمووکات کەمئەندامی جەستەیی بە نەبوونی توانای کارکردن دابنرێرت.
  • لە یەکێک مانگەکانی ھەسارەی موشتەریدا کە پێی دەوترێت یۆرۆپا، ئەگەری ھەیە زیندەوەر بوونی ھەبێت، چونکە لە بەرگەھەوای ئەم مانگەدا وەک زەوی ئۆکسجین ھەیە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]