ویکیپیدیا:ھۆکارەکانی جیابوونەوەی ویکیپیدیای کوردیی ناوەندی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

بۆ ماوەیەکی درێژ وتارە سۆرانییەکان لە ماڵپەڕی ku.wikipedia.org دەنوسران. ئەم ھۆکارانەی خوارەوە بوون بەھۆی ئەوە کە داوای پرۆژەیەکی زمانیی نوێ بکرێ بۆ شێوەزاری سۆرانی.

زمانناسی[دەستکاری]

زۆربەی زمانناسەکان، کوردی بە macro language دەزانن کە لە چەند شێوەزار یان ژێرزمان پێکھاتووە. تێگەشتن و بەتایبەت قسەکردن و نووسین بە شێوەزارەکانی تر زۆر سەختە و فێرکاری و ڕاھێنانی دەوێت. بڕێک دەڵێن کە دەبێ زمانێکی دەستکردی کوردی (سۆرمانجی) بە تێکەڵکردنی شێوەزارەکان دروست بکەین کە زۆر کەس دژ بەم بڕیارەن. ھەڵبژاردنی شێوەزارێک و نافەرمی کردنی شێوەزارەکانی تریش دوژمنی زۆری ھەیە. ئەم حاڵەتە بۆ چەند زمانی دیکەش ھەیە وەک چینی و نرویژی کە زمانەکەیان ئێستا چەند ستاندارییە. ئەو زمانانەش بۆ ھەر شێوەزارێکیان ویکیپیدیایەکیان داناوە.

دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین کە مەبەست لە دروستکردنی ماڵپەڕی ویکیپیدیا چی بووە؟ ویکیپیدیا زانستنامەیەکی ئازادە کە دەیەوێت بە یارمەتیی ھەموو مرۆڤێک ھەموو زانیارییەکانی لەبەردەستی مرۆڤایەتی، کۆ بکاتەوە و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە خۆڕایی و بە ھەر زمانێک کە بەکارھێنەر دەزانێت پێشکەشی بکات. ویکیپیدیا شوێنی نیشاندانی باشتر بوونی زمانێک یان کێبەرکێی زمانەکان نییە. ویکیپیدیا شوێنی تاقیکردنەوەی بیرۆکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش نییە و بە باشی زانیاری گەیاندن بە بەکارھێنەران ئامانجییەتی.

ئەلفوبێ[دەستکاری]

سۆرانییەکان لە دوو وڵاتی ئێران و عێراق دەژین. لەم دوو وڵاتەدا لە مێژەوە ئەلفوبێی ئارامی بە کار دێت و کوردەکانیش ئەلفوبێی کوردییان لە ئەلفوبێی ئارامی وەرگرتووە. نووسەرە سۆرانییەکان، نووسراوەکانیان بە ئەلفوبێی ئارامی بڵاو دەکەنەوە. کتێبەکانی قوتابخانە لە ھەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەکان، گۆڤارەکان و ماڵپەڕە سۆرانییەکان بە ئەلفوبێی ئارامی دەنووسرێن. خوێندن و نووسین بەم ئەلفوبێ بووە بە عادەت و خوێندن و نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی لاتینی بۆ زۆربەی سۆرانییەکان سەختە. بە تایبەت ئەگەر دەقێکی درێژ بێت. بەھۆی ئەم مەبەستانەوە بڕیارمان دانا لە ویکیپیدیا بۆ زۆرتر کردنی بەشداری و نزیکتر کردنەوەی بەکارھێنەران وتارە سۆرانییەکان بە ئەلفوبێی سۆرانی بنووسین.

چەپ بۆ ڕاست بوونی ڕووکاری بنەڕەت لە ku.wikipedia.org کێشەیەکی گەورە بوو بۆ نووسین بە ئەلفوبێی سۆرانی. ئەم کێشەیە بە دروستکردنی دوو قاڵبی RTL و /RTL تا ڕادەیەک چارەسەر کرا بەڵام کاتێک بەکارھێنەر زمانی ڕووکاری دەکرد بە سۆرانی، ئەم جارە وتارە کورمانجییەکان دەشێوان. ئەم جارە نەدەکرا بۆ ھەموو وتارە کورمانجییەکان (١٢٠٠٠ وتار) قاڵبی LTR دابنێین.

زمانی ڕووکار[دەستکاری]

لە حاڵەتی بنەڕەت دا (Default) زمانی ڕووکاری (interface) لە ku.wikipedia.org دا کورمانجییە. بۆ بە سۆرانی کردنی دەبێ ئەندامی ویکیپیدیا بیت و لە پەڕەی ھەڵبژاردەکانت دا زمانەکەی بکەیت بە ku-arab. کێشکانی ئەمە بوو کە بەکارھێنەرە تۆمار نەکراوەکان کە بەشێکی زۆری بەشدارییەکانی ھەموو ویکپیدیایەک دەکەن، نەیاندەتوانی بە ئاسانی لە ڕووکاری سۆرانی کەڵک وەرگرن و و یارمەتییان بدات. زۆر جاریش تازەکارەکان تا پەڕەیەکیان دەدی، وایان دەزانی کە ئەم ماڵپەڕە ھەمووی کورمانجییە.

وتارە دوو زاراوەیییەکان[دەستکاری]

کاتێک کە وتارێک بە ھەر دوو زاراوە دەنووسرا، ئەبوا بە شێوەیەک ئەم دووانە پێوەندی بدرێن بە یەکەوە. بۆ ئەم مەبەستە دوو داڕێژە دروست کرا کە بە شێوەی پەیامێک لە نێو دەقی وتارەکە، کە بەکارھێنەری ئاگادار دەکردەوە کە ئەم وتارە بە زاراوەی دیکەش لە بەر دەست دایە و بەستەرەکەی ئەمەیە. کێشە لەسەر شوێنی ئەم پەیامە بوو. ئەگەر لە سەرەتای وتارەکەدا دەبوو کە شێوازی ستانداری وتارەکانی ویکیپیدیا دەشێوا (لە ویکیپیدیا تەنھا بۆ کێشە گرینگەکانی وتارەکە لە سەرەتای وتار پەیام دادەنن). ئەگەر لە ئاخری وتارەکە دائەنرا (وەک ویکیپیدیای ئازەربایجانی) لە بەرچاو دا نەبوو و دێر ئەدۆزرایەوە. لە ئاکام دا، پێش لە دەستپێکردنی دەقی وتارەکە و لە لای ناوی وتارەکە دامان نا کە ئەمەش لە بڕێک لە وێبگەڕەکاندا بە جووانی دەرنەدەکەوت و کاتێک بەکارھێنەر ستایلی ویکیپیدیای دەگۆڕی ئەم پەیام دەکەوتە شوێنێکی نەخوازراو.

زمانەکانی تری ویکیپیدیا[دەستکاری]

لە گەورەترین چاکییەکانی ویکیپیدیا ئەوەیە کە زۆر بە ئاسانی دەتوانی زمانەکانی تری ھەموو وتارێک ببینی. کێشەیەک کە لە ku.wikipedia.org بوو ئەوە بوو کە زمانەکانی تر بەستەر بۆ وتارە کورمانجییەکان دابنێن یان سۆرانییەکان. ئەگەر بۆ کورمانجیمان دادەنا (بەھۆی زۆرتر بوونی وتارەکان) کەسێک کە وتاری سۆرانی دەویست ئەبووا سەردانی وتارە کورمانجییەکەی بکردبایێ و ئەگەر داڕێژەی «بەسۆرانی» بووبایێت ئەوا وتارە سۆرانییەکەی دەدۆزییەوە، ئەگەرنا ھیچ. کە ئەمە بە خۆڕایی کاتی بەکارھێنەری دەگرت.

ناوی مانگەکان[دەستکاری]

ناوی مانگەکان بە شێوەیەکی ھاوبەش بە لاتینی بوو و لە کاتی واژوونووسین دەقە سۆرانییەکانی ناڕێک دەکرد.