نایەکسانیی پەروەردەیی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

نایەکسانی پەروەردەیی بریتییە لە نایەکسانی دابەشکبوونی سەرچاوە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکانی وەک (ئابوونەی قوتابخانەکان، مامۆستای شیاو و ئەزمووندار، کتێب و تەکنەلۆژیا) بۆ کۆمەڵگا دوورەدەست و تەریبەکان، ئەم کۆمەڵگایانە لەڕووی مێژوویییەوە ڕووبەڕووی کەموکوڕی و ستەم بوونەتەوە کە زۆرجار ئەندامانی ئەم کۆمەڵگە کەنارخراوان و گۆشەگیرخراوانە دووچاری دەستنەگەیشتن بە قوتابخانە و کەمی سەرچاوەکان بوونەتەوە. نایەکسانی ھۆکارە لە ھاتنەکایەی جیاوازی گەورە لە سەرکەوتووی پەروەردەیی یان ڕادەی چووستی ئەو تاکەکەسانە و دەبێتە ھۆی کپکردنەوە و کەمکردنەوەی توانای باشترکردنی باری کۆمەڵایەتی و ئابووری.[١]

پێوانەکردنی ڕادەی چوستی و کاریگەریی پەروەردەیی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و تەنانەت لە نێوان دوو ویلایەت/پارێزگاش دا جیاوازە. بەشێوەیەکی گشتی بنەماکانی (نمرە، تێکڕای نمرە GPA، نمرەی تاقیکردنەوە گشتییەکان، ڕێژەکانی وازھێنان، ئامارەکانی چوونە زانکۆ و ڕێژەکانی دەرچوون لە زانکۆ) بەکاردێت لە پێوانەکردنی چوستی و کاریگەریی پەروەردەیی. ھەموو ئەم پێوەرانە بە پێوەری دیاریکردنی توانا و کارامەیی پەروەردەیی تاکەکەس دادەنرێت بەڵام بۆ دیاریکردنی ڕێژەی سەرکەوتویی کەسێکی دیارکراو ئەوا چەندین کەسی شارەزا و ئەکادیمی پێشنیار دەکەن کە پێوەرەکانی (تێکرای نمرە GPA، نمرەی تاقیکردنەوە و پێوەرەکانی دیکەی کارامەیی) تاکە کەرەستەی سوودبەخش نین لە دیارکردنی چوستی دا. لەگەڵ ئەم پێوەرانەی سەرەوەدا پێویستە بنەماکانی (بەدەستھێنانی ئامانجەکانی فێربوون، وەرگرتنی کارامەیییە خوازراوەکان، لێھاتوویی، ڕەزامەندێتی، بەردەوامی و سووربوون لەگەڵ کارامەیی دوای دەرچوون لە زانکۆ) بپێورێن و بەھەندوەبگیرێن بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ڕادەی سەرکەوتوویی ئاستی پەروەردەیی تاکەکەسەکان.[٢]

ھۆکاری زۆرینەی دیاردەکانی نایەکسانی پەروەردەیی دەگەرێتەوە بۆ ئەو جیاوازییە ئابوورییانەی بەھۆی جۆر و ژمارەی نەژاد و ڕەگەزە جیاوازەکانەوە دروست بوون و زۆربەی گفتووگۆ و مشتوومڕە نوێیەکان دەربارەی یەکسانی پەروەردەیی دەگەرێتەوە سەر تێکەڵکردن و پەیوەستبوونی دوو چەمکەکە پێکەوە (پەروەردە لەگەڵ ئابووری) کە پیشانی دەدات چەندێک ئەو دوو چەمکە جیاناکرێنەوە لە شوێنی ژیان و زمان. ھەتا ڕۆژگاری ئەمرۆمان بابەتی نایەکسانی پەروەردەیی لەنێوان قوتابییە سپی پێستەکان و قوتابییە کەمینەکانی دیکەدا بەردەوامە لە دروستبوون و ئاسانکاریی کردن لە سەرھەڵدانی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری.[٣]

لە تەواوی جیھان دا بە بەردەوامی ھەوڵی ھەبووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە ھەموو ئاستەکانی پەروەردەدا بەڵام بەھۆی ئەوەی ھۆکارە جیاوازەکانی ئەم بابەتە بە قوڵی پەیوەستن بە مێژوو، کۆمەڵگە و کلتوورەوە وایکردووە لەناوبردنی ئەو نایەکسانییە کارێکی یەکجار سەخت بێت. سەرەڕای سەختی چارەسەرەکە بەڵام پەروەردە پاڵنەرێکی بنچینەیی کۆمەڵگایە بۆ پێشکەوتن و گەشەکردن و پەروەردە ھەڵدەستێت بە ھاندانی «ھاوڵاتی بوون، ناسنامە، یەکسانی دەرفەت، بەژداربوون لە کۆمەڵگە، پێکەوژیانی کۆمەڵایەتی، گەشەی ئابووری و بەکارخستن» و بەھۆی ئەم ھۆکارانەوە یەکسانی پەروەردەیی لە تەواوی جیھان دا پاڵپشتی دەکرێت.

لە ویلایەتە یەلگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیھان دا ئەنجامی نایەکسانی پەروەردەیی بەھەمان شێوە دەگەرێتەوە بۆ چەند ھۆکارێک وەک (بنەچەی خێزان، ڕەگەز، ئاستی کۆمەڵایەتی، ڕادەی سەرکەوتویی، داھاتی تاکەکەس، بارودۆخی تەندروستی و لایەنگری سیاسیی)[٤]

ھۆکاریی ڕەگەزیی[دەستکاری]

لە سەرتاسەری جیھان دا ڕێژەی سەرکەوتوویی پەروەردەیی بەپێی ڕەگەزی کەسەکە دەگۆرێت و پەیوەندی نێوان سەرکەوتوویی پەروەردەیی و ڕەگەز لە نەتەوە، وڵات و کلتوورێکەوە بۆ دانەیەکی دیکە جیاوازە. بەربەستەکانی ڕێگرن لەوەی ڕەگەزە مێیییەنەکان ڕێژەیەکی باشی سەرکەوتوویی پەروەردەییان ھەبێت دەگەڕێتەوە بۆ پاڵنەرە باوەکانی وەک (ئەرکە ڕەگەزییەکان، ھەژاری، دابڕانی و دوورەدەستی جوگرافیی، توندوتیژی دژی ژن، ھاوسەرگیری پێشوەختە و دووگیانبوون). لە جیھان دا پێشبینی دەکرێت ٧ ملیۆن کچ لە خوێندنگە نەبن بە بەراورد بە کوڕ و ئەم بۆشایییە لە ژمارەی کەمیی کچ لە خوێندگەکان دا لە چەند وڵاتێک کەڵەکەبووە، وەک ئەم وڵاتەنە: سۆماڵیا، ئەفغانستان، تۆگۆ، کۆماری ئەفریقای ناوەندی و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ. لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆدا ئامارەکان ئاماژە دەکەن کە ژمارەی کچەکان لە خوێندنگەکان دا نیوەی ژمارەی کوڕەکانەوە. زیاتر لە ١٥ وڵات دا کچەکانی دەچن بۆ قوتابخانە مەترسی ھێرش و توندوتیژیان لەسەرە، ئەم ھێرشانە لەو وڵاتانەدا ڕوودەدەن کە ھاوڵاتییەکانیان باوەڕیان پێ نییە کە مێیییەنەکان پێویستیان بە وەرگرتنی پەروەردە و فێرکردن ھەبێت. ھێرشەکان کردەکانی (ڕفاندن، بۆردومان، ئەشکنەجە، لاقەکردن و کوشتن) لەخۆدەگرێت. لە وڵاتی سۆماڵیا کچەکان دووچاری ڕفاندن بوونەتەوە و ھەروەھا لە وڵاتەکانی کۆلۆمبیا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و لیبیا تۆمار ھەیە کە خوێندکارە کچەکان ڕووبەڕوی دەستدرێژی سێکسی و لاقەکردن بوونەتەوە. لە پەکستان و ئەفغانستانیش خوێندنگە و ئۆتۆمبێلی سەرنشینھەڵگری خوێندگە کچانەکان بۆردومان و گازرێژن کراون.[٥][٦]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ York, Rankin, & Gibson, Travis T. , Susan & Charles (2015). "Defining and Measuring Academic Success". Practical Assessment, Research & Evaluation. 20 (5, March 2015).{{cite journal}}: CS1 maint: multiple names: پێرستی نووسەران (link)
  2. ^ Williams, Belinda, ed. Closing the Achievement Gap: A Vision for Changing Beliefs and Practices. 2nd ed. Alexandria, VA: Association for Supervision and Curriculum Development, 2003.
  3. ^ Shrivastava, Meenal; Shrivastava, Sanjiv (June 2014). "Political economy of higher education: comparing South Africa to trends in the world". Higher Education. 67 (6): 809–822. doi:10.1007/s10734-013-9709-6. S2CID 143772365.
  4. ^ Ferreira, Francisco; Gignoux, Jeremie (2014). "The Measurement of Educational Inequality: Achievement and Opportunity". World Bank Economic Review. 28 (2): 210–246. doi:10.1093/wber/lht004. hdl:10986/23539. S2CID 9797693.
  5. ^ Farkas, George (2006). "How Educational Inequality Develops". National Poverty Center. Working Paper Series: 1–50.
  6. ^ Farkas, George (2006). "How Educational Inequality Develops". National Poverty Center. Working Paper Series: 1–50.