فایۆلیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
(Henri Fayol (1841-1925

فایۆلیزم / «کارگێڕیی فەرمانبەرانە» Fayolism / Administrative Management ڕوانگەیەکی تایبەتە لە سازمانناسیدا لە لایەن ئەندازیار و نووسەری فرانسی: هەنری فایۆل (Henri Fayol (1841-1925 ـەوە داهێنراوە.

فایۆل بەشی هەرە زۆری ژیانی خۆی وەک ئەندازیار و سەرۆک کۆمپانیای کانزا بردە سەر و بۆچوونەکانی زادەی ئەو ئەزموونەن. لە بەرهەمی (Administration Industrielle et Générale (General and Industrial Management) (1916 - دا فایۆل جەخت دەکات لەسەر ئەوەی هەر کارمەندێک دەبێ تەنها یەک «سەرکار» ی هەبێ و هەموو سەرۆکێک بەرپرسی یەک بەشی دیاریکراو بێت و دەبێ لە بواری خۆیدا ئەوەندەی دەسەڵات هەبێ فەرمانڕەوایی بکات[١].


کارکردی کارگێڕی Functions of Management[دەستکاری]

فایۆلزم شەش جۆر کارکردی کارگێڕی Functions of Management دیاری دەکات[٢]‌:

1- بواری تەکنیکی - دەکاتەوە بواری کاروبار و بەرهەمهێنان

2- بواری ئابووری - پەیدا کردنی سەرمایە و بەکارهێنانی بە باشترین شێوە

3- بواری وردبینی - بەسەر کردنەوەی هەموو کاروبارێکی سازمان. چاودێریی ئابووری و ئامار

4- بواری بازرگانی - بۆ ڕێکخستنی کڕین و فرۆشیاری

5- ئاسایشی سازمان - کە دەکاتەوە ئاسایشی گشت کاروباری سازمان

6- بواری بەڕێوەبردن - واتە بواری پلانڕێژی، سازمانگەری، فەرمانداری، هاوئاهەنگی و کۆنترۆڵ


بواری بەڕێوەبردن[دەستکاری]

فایۆل ئەم «بواری بەڕێوەبردن» ـە لە پێنج جۆر پرۆسەی کاردا جودا دەکاتەوە[٣]:

1- پلانڕێژی Planning - بریتییە لە پێشبینی هەلومەرجی ئایەندە، دیاری کردنی ئامانج و ئەوجا داڕشتنی ڕێسا و ڕێچکە بۆ پێکانی ئامانج.

2- سازمانگەری Organizing - بریتییە لە داڕشتنی «ڕێنامە» [«پۆڵیسی» Policy] ، چالاکی و پەیوەندی، دامەزراندن، هەڵسەنگاندن و هەروەها فێر کردن و ڕاهێنانی هاوکاران لە نێو سازماندا.

3- فەرمانداری Commanding - بریتییە لەوەی سەرکار فەرمانی بەڕێوەبردنی هاوکارانی خۆی بگرێتە ئەستۆ و هانیان بدات ڕووەو پێکانی ئامانجی هاوکۆ. ‌ 4- هاوئاهەنگی Coordinating - بریتییە لە کۆک کردنی چالاکیی جیاوازی نێو سازمان لەگەڵ یەکدیدا.

5- کۆنترۆڵ Controlling - بۆ دڵنیابوونە لەوەی کاروباری سازمان لە چێوەی پلان و ڕێساگەلی سازماندان و گەر جیاوازیی و سنووربەزێنی هەبێ چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.


چواردە شاڕێی بەڕێوەبەرایەتی[دەستکاری]

فایۆلیزم بە وردی ئەرکە جیاوازەکانی فەرمانبەری ڕوون دەکاتەوە. باس لە چۆنیەتیی داڕشتنی ساختاری سازمان، لە پلانڕێژی و ژمێرکاری دەکات. ئەو پێنج پرۆسەی کارەی سەرەوە بە وردی شی دەکاتەوە و چواردە شاڕێییان بۆ دیاری دەکات[٤]:

1- تایبەتکاری و دابەشینی کار Division of Work - هەر بەشێکی نێو سازمان دەبێ تایبەتکاری خۆی هەبێت. ئەوجا ئەرکی نێو سازمان دەبێ هەتا دەکرێ دابەش بکرێت‌

2- سالاری و بەرپرسایەتی Authority and Responsibility - فەرمانڕەوایی - کە دەکاتەوە فەرمانداریی کەسێک و فەرمانبەریی ئەوانەی دیکە - لە نێو سازماندا دەبێت بە ڕوونی دیاری بکرێت.

3- ڕێسابەندی Discipline - ڕێکوپێکی و ڕێسابەندی دەبێت چەسپاو بێت. ڕێسابەندی و ڕێبەستن لە سنووربەزێنی و بێسەروبەری ئەرکی هەرە گرینگە. جۆر و شێوازی ئەم ئەرکە لە بوارێکەوە بۆ بوارێک جیاوازە.

4- یەک فەرماندە Unity of Command - تەنها یەک کەس بەرپرسە لە یەک ئەرکی دیاریکراو. فرەکوێخایەتی دەبێتە مایەی بێسەروبەری.

5- یەک ئاڕاستە Unity of Direction - ڕەوتی کار، شێواز و نێوەڕۆکی پرۆسەی بەرهەمهێنان دەبێت یەک جۆری دیاریکراو بێت بۆ هەموان.

6- دامەزرانی بەرپرسایەتی Subordination of Individual Interest to the General Interest - لە سازماندا دوو جۆر بەرژەوەندی هەیە، یەکەم کەسەکییە، هەر کارمەندێک بەرژەوەندیی کەسەکیی خۆی هەیە. دووەم بەرژەوەندیی گشتییە، ئەمیان بەرژەوەندیی سەرلەبەری سازمانەکەیە و دەبێت باڵادەست بێ.

7- مووچەی گونجاو Fair Remuneration - بۆ ڕاگرتنی کارمەندی توانا و دەستەبەر کردنی بەرهەمی باش، گرینگە سازمان مووچەی دروستی گونجاو بداتە کارمەندان.

8- تەراز ڕاگرتنی نێوەندگیری Centralisation - ڕادە و پلەی نێوەندگیریی بەندە بە پلە و ڕادەی دەستڕۆیی کارمەندانەوە. نێوەندگیریی توند دەکاتەوە گردبوونەوەی دەسەڵات و پرۆسەی بڕیاردان لای چەند کەسێک و بێسەنگ کردنی ئاپۆرەی کارمەندان. نێوەندپەرتی Decentralisation دەبێتە مایەی بەشداربوونی کارمەندان لە پرۆسەی بڕیارداندا. لە سازماندا تەراز ڕاگرتنی ئەم دیاردەیە گرینگە، هەم کار خۆشڕەوت و سەرکەوتوو بێت، هەم کارمەند خاوەن دەنگ و سەنگ.

9- تایبەتکاری و دابەشینی کار Adoption of a Scalar Chain - چەمکی Scalar Chain واتە «زنجیرەی فەرمان». پەیوەندی لە سەرۆکەوە بۆ کارمەندان لەم زنجیرەی فەرمانەدا دیاری دەکرێت. لە کاروباری سازماندا زنجیرەی فەرمان دەبێ ڕەچاو بگیرێت، نابێ ئەم سەرکار لە لاوە فەرمان بداتە کارمەندی ئەو بەشەی دیکە. پەیوەندیی نێوان کارمەندان دەبێت بەپێی زنجیرەی فەرمان بێت.

10- «شیرازەبەندی» A sense of Order and Purpose - «شیرازەی کەرەستە» و «شیرازەی جڤاکی» دەبێ دیار و سەلمێنراو بن. شیرازەی کەرەستە واتە: هەر بابەتێک لە جێگەی خۆی و جێگەش هەبێت بۆ هەموو بابەتێک. شیرازەی جڤاکی دەڵێ: مرۆڤی شیاو بۆ پێگەی شیاو. بەزاندنی هەر یەک لەم دوو شیرازەیە دەبێتە مایەی خەمەرە (زیان) و بێسەروبەری.

11- دادپەروەری Equity and Fairness - سەرۆک دەبێت هەمیشە ئاگای لە ڕاگرتنی یەکسانی و دادپەروەری بێت، بە میهرەوە ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی خۆی بکات. ڕاگرتنی هەم دیسیپلین و هەم داد و یەکسانی هونەرێکی گرینگە لە سازمانگەریدا. یەکسانی و دادپەروەرییە بناخەی هۆگری.

12- فەرمانبەریی دامەزراو‌ Stability of Tenure - کارمەند پێویستی بە کاتە هەتا بە باشی شارەزای ئەرکی خۆی دەبێت. لەبەر ئەوە گرینگە دەرفەت و کار بدرێتە کارمەند و پەلەی لێ نەکرێت. ئەوجا کە کارمەند دەگاتە پلەی شارەزایی و کارزانی ئەوسا دەبێت پێگەی خۆی بۆ دەستەبەر بکرێت. لەدەستدانی کارمەندی شارەزا دەبێتە بەفیڕۆدانی توانا و دەرامەد.

13- دەستپێشخەری Individual Initiative - ڕەخساندنی زەمینەی دەستپێشخەری بۆ کارمەندان دەبێتە مایەی هاندان و سەرخستنی توانا و ئەویش دەبێتە هۆکاری پێشکەوتن و جۆراندن (سەرخستنی جۆر) ی بەرهەم.

14- «گیانی دەستەگەری» Esprit de Corps - هاندانی گیانی یەکبوون و گرووپبەندی دەبێتە مایەی پتەو کردنی پەیوەندی و گەشەی هاوئاهەنگی لە نێوان کارمەنداندا.


فایۆلیزم گەرچی لایەنی کۆنباو و داوەستاوی لە باسی ساختاری سازماندا هەیە بەڵام دیدێکی جڤاکیی مرۆڤدۆستانەی هێنایە بواری سازمانناسییەوە. ئەو پێنج پرۆسەیەی سازمانگەری ئەوەندە فرەوانن ئێستاش لە زۆر بواردا کاران.


پەراوێز[دەستکاری]

  1. ^ Nationalencyklopedin http://www.ne.se/henri-fayol
  2. ^ Andersson, Curt. Organisationsteori. Studentlitteratur (1994): 25.
  3. ^ Eriksson-Zetterquist, Ulla & Kalling, Thomas & Styhre, Alexander. Organisation och organisering (2006): 50.
  4. ^ Bruzelius, Lars H. & Skärvad, Per-Hugo. Integrerad organisationslära. Studentlitteratur (2011): 47.


سەرچاوە[دەستکاری]

Nationalencyklopedin

«سازمانگەری»