شوو (کارتی قومار)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شوو (پێڵاو) کەرستەیەکە بۆ یاریکردن بە تایبەت لە کازینۆکاندا و بە مەبەستی ڕاگرتنی چەند دەستە کارتی یاری (کارتی قومار). شوو یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ڕەوتی یاریکردن بە کارتەکان خێراتر بێ و هەروەها ئەگەری فێڵ و گزیی دابەشکاری کارتەکان تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆر کەم بێتەوە و ڕێگای فێڵکردنی لێ دابخرێ. لە هەندێ یاریی وەک بلەکجەک (کە دەکرێ کارتەکان بژمێردرێن)، کەڵک وەرگرتن لە چەند دەستە کارت ئەتوانێ ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی سوودکردنی کازینۆ.

مێژوو[دەستکاری]

پێش ساڵی 1961 لە کازینۆکانی لاس ڤێگاسدا، بلەکجەک بە یەک دەستە کارتی یاری ئەکرا. جۆن سکارنی پێشنیارێکی ئاراستەی لیژنەی کۆنتڕۆڵکردنی یارییەکانی ویلایەتی نێڤادا کرد و گوتی یاسایەک دەرکەن تا کەرستەی شوو (کە داهێنانی خۆی بوو) بۆ یارییەکان کەڵکی لێ وەربگیردرێ. ئەگەرچی ئەو یاسایە پەسند نەکرا بەڵام ئێستا زۆرینەی کازینۆکانی نێڤادا شوو دەکار دەهێنن. سکارنی وەک ڕاوێژکاری یارییەکانی هاڤانا هیلتۆن، هەروەها ئەم داهێنانەی پێشنیار کردە وڵاتانی پۆرتۆڕیکۆ و کووبا. هۆکاری ناولێنانی ئەو کەرستەیە وەک شوو (پێڵاو) دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە لە سەرەتادا زۆر لێکچوونی لەگەڵ قۆندەرەو پێڵاوی ژنانە هەبوو و ڕەنگەکانیشی شین و ڕەش بوون.

کەڵک و سوودی شوو[دەستکاری]

شووەکان قەبارە و ڕەنگی جۆراوجۆریان هەیە، بەپێی ژمارەی دەستەی کارتەکان شووەکان ڕێگای هەڵگرتنی دوو، چوار، شەش و یان هەشت دەستە کارتیان هەیە.

ئەو کاتەی کارتەکان دەخرێنە نێو شوو، دابەشکار کارتێکی ڕەشی بریقەداری لاستیکین دەخاتە نێو کارتەکان و کارتەکان دەبنە دوو بەش. ئەو کاتەی دەگاتە ئەو کارتە ڕەشە (کاتینگ کارت) بۆ یاری نوێ پێویستە کارتەکان بگۆڕدرێن و کارتی نوێ و شووی نوێ دەکار بهێنرێن. ئەمە بۆ یاریکەر خەسارە و دەبێتە هۆی ئەوەیکە نەتوانێ کارتەکان تەواو بژمێرێت، چونکە سەدا لانی کەم 25ی کارتەکان دەکەونە پشت کاتینگ کارتەوە و قەت قەت یارییان پێ ناکرێ.