سەعید ناکام

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سەعید ناکام :(١٩١٧-٢٠١١) نووسەر و چالاكی سیاسی

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

سەعيد ناكام

محەمەد سەعید حەسەن ناکام، ١٩١٧ لە دێی (دەوەشار)ی سابڵاخ لەدایک‌بووە. منداڵ بووە کە بابی مردووە. دەرسی ئەلفوبێی لای مەلا ساڵحی ساردەکۆسانی خوێندووە.[١][٢]

سێ ساڵ لە حوجرەی مزگەوتان درێژەی بە خوێندن داوە. پاشان چووەتە مزگەوتی حاجی ئەحمەد لای مەلا ڕەحمان، ئەمجا دێی لاچین کە دایکی لێ نانکەری ماڵی ئاغا بووە.[١][٢]

گەڕاوەتەوە بۆ سابڵاخ و چووەتە مەدرەسەی پەھلەوی. خوێندنی پێ تەواونەکراوە و لەبەر باری خێزانی ڕووی‌کردووەتە لاچین، دواتر ھەمزاوا، کەرێزە و شاوەڵێ. بەھاری ١٩٣٣ ھاتووەتە ڕایات و ڕەواندز.[١][٢]

پایزی ئەو ساڵە لەتەک حوسێن حوزنی موکریانی ھاتووەتە سلێمانی و ماوەتەوە، لە چاپخانەی ڕۆژنامەی "ژیان" کاری‌کردووە. پاشتر بووە بە پۆلیس و لەبەر زیرەکی بووە بە نائیبی عەریف.[١][٢]

چووەتە دائیرەی ئیشغال و لەسەر ڕێی (میرزا ڕۆستەم) دانراوە بۆ ناونووسی کرێکاران. ئەمجا بە کاتب لە دائیرەی مەساحەی بەغدا دامەزراوە مانگی بە پێنج دینار.[١][٢]

١٩٣٥ لە چاپخانەی کوردی- مەریوانی کاری‌کردووە. بە ئیشی ڕووپێوان نێردراوەتە ناوچەی ھەولێر. لە تەموینی سلێمانی دانراوە و بووە بە بەرپرسی تەموینی شارباژێڕ. ئەمجا ھێنراوەتە موتەسەڕیفییەتی سلێمانی بە موتەرجیم.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی[دەستکاری]

١٩٣٨ ژنی ھێناوە..[١][٢]

ڕۆژنامەی " کوردستان"[دەستکاری]

لە سەردەمی موتەسەڕیفیی مەعرووف جیاووک‌دا گیراوە. کە بەربووە، چووەتە مالییەی لیوای ھەولێر لای سەعید قەزاز کە موتەسەڕیف بووە. بە جێگریی ژمێریاریش چووەتە لقی بانقی کشتوکاڵ و پیشەسازی. بە نامەی برایم ئەحمەد چووەتە مەھاباد و لە چاپخانە دانراوە و بووە بە سەرۆکی نووسینی ڕۆژنامەی "کوردستان". پاش ڕووخانی حکوومەتی میللیی کوردستان، لێی‌قەوماوە و چەند ساڵێک لە دێھاتی دەوروبەری مەھاباد و بۆکان ماوەتەوە.[١][٢]

حیزبی شیوعیی عیراق[دەستکاری]

ھاوینی ١٩٥١ ھاتووەتەوە بۆ دیوی کوردستانی گەرمێن، گیراوە و بەریش‌دراوە. دەستی‌داوەتە عەرزوحاڵنووسی و چوار ساڵ خەریکی بووە. ١٩٥٤ مۆڵەتی موعەقیبی تاپۆی وەرگرتووە. مارتی ١٩٥٥ گیراوە. کە ئازادکراوە، بووەتە ئەندامی حیزبی شیوعیی عیراق. ١٩/٥/١٩٥٥ گیراوە و براوەتە بەندیخانەی سلێمانی، بەغدا، کەرکووک و باقووبە، پاشان ئازادکراوە. ھەشت مانگی‌تر گیراوەتەوە و بە خێزانەوە ئاودیوی ئێران کراوە.[١][٢]

بڵاوکراوەی "ئازادیی کوردستان"[دەستکاری]

نێردراوەتەوە بۆ عیراق و دیسان بانە و دواجار سلێمانی. چووەتە کەرکووک سەرپەررشتیی بڵاوکراوەی "ئازادیی کوردستان"ی حیزبی شیوعیی کردووە. جارێکی‌تر گیراوەتەوە و بەردراوە.[١][٢]

کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار[دەستکاری]

٤/٦/١٩٥٨ لە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار دامەزراوە. پاش ١٤ی تەمووز خەریکی کاری نەقابی بووە و بووەتە سەرۆکی نەقابەی کرێکارانی کارگەی سەرچنار. دیسان گیراوە و براوەتە خانەقین و ٦/٨/١٩٦٠ نێردراوەتە ئێران، براوەتە قەسری شیرین و کرماشان و مەھاباد. ٢٧/٦/١٩٦٠ نێردراوەتەوە بۆ حاجی ئۆمەران. ٩/١١/١٩٦٠ دوورخراوەتەوە بۆ ناسرییە.[١][٢]

ڕۆژنامەی "الثورة"[دەستکاری]

پاشان ھاتووەتە بەغدا و وەک نووسەر لە ڕۆژنامەی "الثورة"دا کاری دراوەتێ. ١٩٦٣ گیراوە و براوەتە (خلف السدة) و گرتووخانەی گشتی و باقووبە و خانەقین و قەسری شیرین. کە دراوەتەوە بەم‌دیو، چووەتە لای شێخ لەتیفی حەفید، ھاوکاریی‌کردووە لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی‌دا. پاشان چووەتە ڕادیۆی دەنگی عیراق. ١٩٦٧ لە سلێمانی گیراوە، براوەتە نوگرە سەلمان و بەردراوە.[١][٢]

چاپخانەی خەبات[دەستکاری]

چووەتە ناو شۆڕش و کراوە بە بەرپرسی چاپخانەی خەبات. لە ٢٠/٣/١٩٦٨- تشرینی دووەمی ١٩٦٩ دوازدە ژمارەی گۆڤاری "دەنگی پێشمەرگە"ی دەرکردووە و لێی‌دابڕاوە. ٢٤/٦/١٩٧٠ بەشداری دامەزاراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە. پاشان گۆڤاری "برایەتی"ی دەرکردووە و پاش ٣ ژمارە لەبەر کێشەی لەگەڵ جەرجیس فەتحوڵڵای سەرۆکی نووسینی "التآخی"، وازی‌ھێناوە.

گۆڤاری "نووسەری کورد"[دەستکاری]

بەشی کوردیی گۆڤاری "ڕۆژی کوردستان"ی زمانی‌حاڵی (کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی)ی بەڕێوەبردووە تا ژمارە ٨. لە دووەم کۆنگرەی یەکێتیی نووسەرانی کورددا ١٨/٤/١٩٧٤ بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن ھەڵبژێردراوە و بە سەرۆکی نووسینی گۆڤاری "نووسەری کورد" دانراوە.[١][٢]

سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی لقی ھەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد[دەستکاری]

تشرینی یەکەمی ١٩٧٥، پاش شکستی شۆڕشی ئەیلوول، گەڕاوەتەوە بۆ عیراق و دوورخراوەتەوە بۆ دیوانییە، دواتر بۆ ناحیەی سۆمەر. ١٨ مانگی لێ‌ماوەتەوە و بەھاری ١٩٧٧ ڕێی‌دراوە بگەڕێتەوە بۆ ھەولێر. ١٩٧٨ خانەنشینیی نەقابەی ڕۆژنامەنووسانی عیراقی پێ‌دراوە. ئەیلوولی ١٩٧٨ بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی لقی ھەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد ھەڵبژێردراوە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی ١/٢/٢٠١١ کۆچی دواییی کردووە.[١][٢]

بەرهەمەكانی[دەستکاری]

بەرھەمەکانی، جگە لە نووسینی ناو گۆڤار و ڕۆژنامەی ئاشکرای وەک (ڕووناکی، گەلاوێژ، ڕۆژی کوردستان، برایەتی، کادر)،[١][٢]

ئەمانەن:.[١][٢]

  1. ئاگری بن کا (چیرۆک)،
  2. ئەوەی بۆ بڵاوکردنەوە ناشێ، چ اللواء- بەغداد، ١٩٥٨،
  3. ھۆنراوەی نوێ، چ کامەران- سلێمانی، ١٩٥٩،
  4. سیاحەتنامەی ئەولیا چەلەبی، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد- بەغدا، ١٩٧٩.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ س ش ع عەبدولڕەحمان مەعروف، بیۆگرافیای نووسەرانی ھەولێر، ئینسکلۆپیدیای ھەولێر، ب٨، ل٣٤٦٨-٣٤٦٩؛ بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام، دەزگای ئاراس- ھەولێر، ٢٠٠٣، ل٧-٨، ٩، ١٢، ١٣، ١٥، ١٦، ١٧، ٢١، ٣٤، ٣٧، ٤٢، ٤٣، ٤٤، ٤٥، ٥٠، ٥١، ٥٣، ٥٤، ٥٨، ٦٣، ٧٥، ٧٦، ٧٧، ٨٠، ٨١، ٨٢، ٨٣-٨٤، ٨٦، ٨٧، ٩٠، ٩١، ٩٢، ٩٥، ٩٨، ١٠٢، ١٠٣، ١٠٦، ١٠٨، ١٠٧، ١١٩، ١٢١، ١٢٢، ١٢٦، ١٢٨، ١٣٨، ١٣٩، ١٤٢، ١٤٣، ١٤٥، ١٥٢، ١٥٥، ١٥٦، ١٥٧، ١٥٩، ١٦٤، ١٧٥، ١٧٨، ١٧٩، ١٨٢، ١٨٩، ١٩١؛ مستەفا نەریمان، فەرھەنگی ئەدیب و نووسەرانی کورد، ل١٢٧
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ س ش ع گۆڤاری گەلاوێژ، بەرگی یازدەهەم/ بەشی یەكەم- ژیاننامە و پێڕست، ئامادەكردنی سدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح، عبدوڵڵا زەنگەنە، لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٦، ل8085-8087