سیستەمی زانیاریی جوگرافی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە سیستەمی زانیاریی جوگرافیاییەوە)
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

جی ئای ئێس (کورتەی Geographic Information System -ە) یا سیستەمی زانیاریی جوگرافی سیستەمێکە داڕێژراوە بۆ گرتن، کۆگاکردن، یاریپێکردن، شیکردنەوە، بەڕێوەبردن و نواندنی ھەموو جۆرە دراوەیەکی جێی ئاماژە لە جوگرافیا. بە زمانی سادەتر، جی. ئای. ئێس ئاوێتەیەکە لە نەخشەنڤیسی، شیکاریی ئاماری، و تەکنۆلۆژیای بنکەدراوە.

جی. ئای. ئێس ئەتوانرێ وەکوو سیستەمێک بیری لێ بکرێتەوە کە بۆ دروستکردن و دەستکاریکردنی زانیارییە مەکانییەکان بەکار دێ. ھەر GIS -ێک بۆ نیاز و مەبەستێکی تایبەت پەرەی پێ دراوە. کەوایە، لەوانەیە دوو GIS نەتوانن پێکەوە کار بکەن یا نەتوانن کار لە یەکتر قەبووڵ بکەن. بەگشتی، زاراوەکە ئاماژە دەکا بە ھەر چەشنە سیستەمێکی زانیاری کە بتوانێ زانیاریگەلی جوگرافی لە خۆیدا ھەڵبگرێ، دەستکارییان بکا، ڕێکیان بخا، شیتەڵیان بکا و لە شێوەی دڵخوازدا نیشانیان بدا.

تەکنۆلۆژیای GIS بۆ ئەم کارانە بەسوودە: توێژینەوەگەلی زانستی کە لە ڕووی زەوی ئەکۆڵنەوە، بەڕێوەبردنی کەرستەکان، بەڕێوەبردنی دارایییەکان، کەوناراناسی، ھەڵسەنگاندنی شوێنکارە ژینگەیییەکان، پلاندانانی شاری، تاوانناسی، نەخشەنڤیسی، لۆجیستیک، پلاندانانی تەندروستیی گشتی، پلاندانانی سەربازی، شیکاریی ئەندازیاری، خستنەبازاڕی کەلوپەل و، گەلەک بواری تر.

سیستەمی زانیاریی جوگرافی(GIS) چییە؟[دەستکاری]

سیستەمی زانیاریی جوگرافیی، کۆمەڵێکی ھاوبەش لە سەخت ئامێر، نەرم ئامێر و زانیاری بۆ تۆمار کردن، مانا کردنەوە، شی کردنەوە و نیشان دانی ھەموو جۆرەکانی زانیاری کۆوەکراو بە شێوەی جوگرافییە. GIS یارمەتیمان دەدا تا داتاکان بە شێوەی جۆراوجۆر ببینین و دەرک و شرۆڤەیان بکەین، بە جۆرێ کە پەیوەندییەکان، مۆدێل و پڕۆسەکان لە چوارچێوەی نەخشە و ڕاپۆرت و ھێڵکارییەکان پیشان بدەین. GIS یارمەتیمان دەدا بە پێی ئەو داتایانەی ھەمانن بە خێرایی خاڵی لاواز و کێشەکان لە سیستەمێکدا دەرک بکەین و وڵامی پرسیارەکان بدەینەوە و کێشەکان چارەسەر بکەین.

کورتە باسێک لە مێژووی GIS[دەستکاری]

مێژووی GIS بۆ زەمەنێکی دوور ناگەڕێتەوە و زاراوەی (GIS) Geography Information System لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠ زایینی و بە تێکۆشانی تاقمێک لە پێشەنگانی شارەزای چەند بەشێکی زانستی ھاتە ئاراوە. ھەر بەشێک تامەزرۆی ئەوەی بوو کە تێکنۆلۆژی کۆمپیوتەری سەردەمی خۆی لە پەیوەندی لە گەڵ داتا جوگرافیەکان و بڕێک جار لە بەڕێوبەرایەتی ژینگە و پلان دانان بەکار بێنێ. تەلارسازانی دیمەن لە ساڵی ١٩٦٠ یەکەم دەستەی زانایانی ژینگە بوون کە لە شێوەی تێک ئاڵانی لایە کانی نەخشەیی بۆ ھەڵبژاردنی باشترین دیمەنی جوان بۆ دامەزراوە ۆ پرۆژە ئەندازیارییەکان کەڵکیان وەرگرت. سیستەمی زانیارییە جوگرافییەکانی کەنەدا(CGIS) یەکەم سیستەمی چالاکی تەواو بوو و کانەدا یەکەم وڵاتە کە لە ناوی ئابووری GIS کەڵکی وەرگرت. سەرەتا CGIS لە کانەدا تاقی کراوە و لە پرۆژەکانی ئامادە کردنی نەخشەی بەکارھێنانی زەوی لە پەیوەندی لە گەڵ پەرەی مەزراکانی کەنار چالاکی نواند، بەڵام بە تێپەڕ بوونی کات کارکردەکانی GIS بەرز بووەوە و لە بەشە جیاوازەکاندا، جێگە و پێگەیەکی تایبەت بە نەرم ئامێرێکی بەھێزی بۆ خۆی تۆمار کرد.

پێنج سودی سەرەکی GIS[دەستکاری]

GIS بۆ ھەموو دامودەزگا و لە زۆربەی بەشەکانی پیشەسازی بە سودە و ھەنووکە ئاستی زانیاری سەبارەت بە بەھای ئابووری و ستراتیژیکی ئەم نەرم ئامێرە تا دێت پەرە دەستێنیت. بە گشتی سوود و قازانجەکانی GIS بە سەر ئە م پێنج بەشە سەرەکییە دابەش دەکریت:

١- کەم کردنەوەی نرخی تێچوونی کار و بەرزکردنەوەی دەسکەوتەکان ٢- بڕیاردانی چاکتر ٣- باشترکردنی پەیوەندی ٤- تۆمارکردن وپارێزگاری چاکتر ٥- بەڕێوبەرایەتی جوگرافی

نەرم ئامێریGIS بۆ چ دەبێ؟[دەستکاری]

GIS شێوازێکی نوێ بۆ بینینی جیھانی دەور و بەرمانە، ئێوە بە ھۆی نەرم ئامێری GIS وە دەتوانن:

١- نەخشەی شوێنی شتەکان ھەڵگرنەوە ٢- چەندیەتی و ژمارەکان و چڕی شوێن و دانشتووان بە شێوەی نەخشە و ھێڵکاری نیشان بدەن ٣- چ لە ناو و ناوەڕۆکی شتێک دایە بیدۆزنەوە ٤- چ لە نزیک و ئاقاری بابەتەکەتان دایە بیدۆزنەوە ٥- نەخشەی گۆڕانکارییەکان ھەڵگرنەوە.

ڕوانگەی جوگرافی[دەستکاری]

جوگرافیا زانستی زەوی و جیھانی ئێمەیە. ھاوڕێ لە گەڵGIS، جوگرافیا یارمەتیدەری ئێمەیە لە باشترناسینی جیھانی دەور و بەرمان و دەتوانین زانستی جوگرافی بۆ کۆمەڵێک لە چالاکییە مرۆییەکان بە کار بێنین. ئاکامی ئەم بابەتە، بەدی ھاتنی ڕوانگەی جوگرافییە. شێوازێکی نوی لە بیر کردنەوە و چارەسەری کێشەکان بە کەلک وەرگرتن لە زانیارییە جوگرافییەکان، بۆ ئەوەی ئێمە چۆن گۆی زەوی بناسین و لە ئاکامدا باشتر بەڕێوەی ببەین. ئەم ڕوانگەیە ئەم ھەلەمان بۆ دەڕخسێبنێ تاکوو بە ھۆی ئەندازەگرتنی زەوی، ڕێکخستنی داتاکان و شی کردنەوە و مودێلسازی پڕۆسە جیاوازەکان و پەیوەندییان پێکەوە، زانستی جوگرافی وەدی بێنین. ئەم ڕوانگە جوگرافییە یارمەتیدەرمانە تا ئەم زانستە لە بۆ دیزاین، پلان دانان و گۆڕانی جیھانی خۆمان وەکار بێنین.

بەکارھێنەرانی GIS کێن؟[دەستکاری]

بە کارھێنانی GIS بە پێی پیداویستییەکانی ھەر ھەرێم و وڵاتێک لە بەشی جیاوازدا گەشەی کردووە. بۆ وینە لە ئەوروپا سەرەتا لەم سیستەمە بۆ پێگەکانی تۆماری زانیاری بەڵگە و خانووبەرەکان، ژینگە، پارێزگاری کردن لە نەخشەکانی تۆپۆگرافی، لە کانەدا لە پلان دانانی دارستان، بارستایی درەختەکان، دۆزینەوەی رێگای دەست پێ ڕاگەیشتن بۆ ناو دارستانەکان، لە چین و ژاپون بۆ چاودێری و مودێلینگی گۆڕانکارییەکانی ژینگە و لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەشە جیاوازەکان بە تایبەت لە پلان دانانی شار و شارەوانییەکان لەم سیستەمە کەڵک وەرگیراوە و بە تێپەڕ بوونی کات و گەشەی سیستەمەکان، کەڵک وەرگرتن لە GIS بۆ ناو گشت بەشەکانی پەیوەندیدار بە زەوییەوە شۆڕ بووتەوە. بە کارھێنانی ئەم سیستەمە لە ھەموو ئەو بەشانەی کە بە جۆرێک لە گەڵ زەوی، نەخشە و بە گشتی لەگەڵ زانیارییەکانی جوگرافی شوێنی و شی کردنەوەی فەزایی پەیوەندییان ھەیە، دەکرێ.

سەیری ئەمانەش بکە[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]